گرنگی و سوودەکانی پێکەنین بۆ منداڵان … رەزا شوان

بایــرۆن دەڵـێ : ” تا دەتــوانیت پێبـکەنە … ئەمـە دەرمـــانێکی هـــەرزانە … ” هەر هەموومان وێڵی دوای هێنانەدیی خۆشی و شادین و کامەرانین .. هەوڵەکانیشمان بە زۆری بەم ئاراستەیەدان ..

لە ئەمڕۆدا، رۆژانە لە هەموو لایەکی جیهاندا بە هەزاران دۆلار بۆ کڕینی دەرمان، بۆ چارەسەری نەخۆشییە جەستەیییەکان و دەروونییەکان خەرجدەکرێن .. بەڵام زۆربەمان ئەو دەرمانە سروشتییەمان، ئەو هۆیە ماکییەمان لە یاد نییە کە لە ناخی دەروونمان دایە .. لە لەشی مرۆڤدا کارگەیەک هەیە کە دەتوانێت باشترین دەرمان بە بەرهەم بهێنێت .. ئەم کارگەیەش لە مێشکمان دایە و، دەرمانەش ( پێکەنین ) ە .. کە کارتێکردنێکی یەکسەری و .. لە ئایندەشدا دەبێت .

پێکەنین دیاردەیەکە، لە ناخی مرۆڤەوە دێتە دەرەوە .. شێوەیەکە لە شێوە راستییەکانی گوزارشتکردن لە خۆشی و لە شادی .. چەقی پێکەنین لە مێشکی مرۆڤدایە و، مێشک رێکی دەخات .. پيکەنین شێوازە رەوشتێکی مرۆڤایەتییە .. گرنگترینی ئەو هۆکارانەیە کە باری دەروونی مرۆڤ ئاسوودە و باشتر دەکات .
لەوانەشە پێکەنین دیاردەیەکی تەشەنەکراوبێت .. هەروەکو چۆن پەتای ئەنفلونزا، کەسێک لە کەسێکی ترەوە دەیگرێت .. بەم شێوەیەش کەسێک کە پێدەکەنێت، کەسانی دەوروبوریشی دێنە پێکەنین .. پێکەنین هۆیەکی گرنگە لە هۆیەکانی پاکردنەوەی هۆشی مرۆڤ، لە هەموو بیر و لیکدانەوە و خەیاڵێکی بەد و نیازێکی خراپ، کە دەشێ مرۆڤ پێش ئەوەی تێبکەوێت، لێیان پەشیمان ببێتەوە .
پێکەنین، تەنها تایبەت نییە بە مرۆڤەوە، بەڵکو بەشێکی زۆری ئاژەڵان و باڵندەکانیش شێوازی پێکەنین و گوزارشتکردنیان لە خۆشی و شادی خۆیان هەیە .. لەوانەش :
مەیمونی شەمپازی، گۆرێلا،، دۆلفین، سەگ، فیل، تووتی، لەقلەق، مشک، … هتد .. پێکەنین و گوزارشتی ئەوان جیوازن، لەگەڵ پێکەنین و گوزارشتی ئێمەی مرۆڤدا .
پیکەنین هۆیەکی گوزارشتکردنە لە نیازپاکی مرۆڤ .. نیشانەیەکی ئەرێنیی رازیبوون و قبوڵکردن و، لەیەک نزیکبوونەوە و، تێکەڵبوونێکی دروستی کۆمەڵایەتییە لەگەڵ کەسانی تردا .. گوزارشتە لە هاوسۆزی و هاوتێگەیشتن لە نێوان ئادەمیزادا .
هۆکارەکانی پێکەنین :
هۆکارەکانی پێکەنین زۆرن و هەمەجۆرەن .. وا باس دەکرێت، کە پێکەنین کاردناوەیەکی فسیۆلۆژییە، لە ئەنجامی تتێپەڕبوونی شارەزاییەک، وەک بیستنی نوکتتەیەک، بینیننی دیمەن و بابەتێک، هەڵوێستێکی کۆمیدی،، یان کەسێکی تر ختووکەی شوێنێکی هەستیاری جەستەی بدرێت، یا هەر شتێکی تر، کە مرۆڤ هەستی پێ بکات و، ببێتە مایەی خۆشی و پێکەنین بە لایەوە .
ليکۆڵینەوە و تۆژینەوە دەربارەی پێکەنین و، کارتێکردنی سایکۆلۆژی و فسیۆلۆژی لەسەر جەستە و دەروونی مرۆڤ، بە زانیاری ( گیـلۆتـۆلـۆگی ) ناودەبرێت .
پێکەنین رەگێکی مێژوویی هەیە و، لە جۆرەکانی ئەدەب و لە جۆرەکانی هونەر و لە فۆلکلۆری گەلان و لە پەند و لە وتەکانی ناودارانی جیهاندا رەنگدانەوەی هەیە .. ئەدەبی گاڵتەجاری ( هۆنراوە، پەخشان، شانۆگەریی بابەت کۆمیدی مەبەستدار، وێنەی کاریکاتێری، رۆژنامە و گۆڤاری تایبەت بە پێکەنین ) کە مەبەستیان ئەوەبووە، خۆشی و شادی بخەنە دەروونی مرۆڤەوە .. خەندە و پێکەنین بخەنە سەر لێوەکانی خوێنەر و بیستەر و، بینەر .. یا ئەو دراما کۆمیدییانەی، کە تەنها بۆ مەبەستی خۆشی و پێکەنین پێشکەش دەکرێن، واتە ( پێکەنین بۆ پێکەنین ) ئەمەش خۆی لە خۆیدا هونەرێکە و فەلسەفە نییە .
نموونە ئەدەبی گاڵتەجاڕی و توانج و پلاری کوردی، و کتێب و، گۆڤار و، کەسانی قسەخۆش و نوکتەزان و قۆشمەچی و خۆشمەشرەبمان زۆرن، لەوانەش : هۆنراوە خۆشەکانی تونجەکانی شاعیری گەورەی گەلەکەمان ( شێخ رەزای تاڵەبانی )، نوکتە کوردەوارییەکانی ( پێنج بەرگی کتێبی رشتەی مرواری ـ مامۆستا عەلائەدین سەجادی ) سەرگوزشتەکانی ( مەلای مەزبوورە ) ، گۆڤاری کومیدی ( سوخرمە ) ، چیرۆکەکانی ئەحەی کۆڕنوو، نوکتە و قسەخۆشەکانی خاڵە رەجەب، نوکتەکانی ئەحۆل، تا دەگاتە بەزم و جوڵانەوە سەیر و خۆشەکانی عیرفانی وەستا محەمەد کە بە ( حـەمە دەمـبڵ ) ناسراوە .. لە جیهانییەکان و عەرەبییەکانیش، کورتە فیلمە کۆمیدییەکانی هونەرمەندان : چاڕلی چاپلن، میستەر بین، ئیسماعیل یاسین، عادیل ئیمام … هتد .
لە فۆلکلۆری کوردیشدا، بۆ مەبەستی توانج و وپلار و پێکەنین خۆشی و شادی بە دەیان دێڕە هۆنراوەمان هەیە .. بۆ نموونە :
قوربانی باڵات بم، باڵا خەرتەلە
هیچ عەیبت نییە، دانێکت کەلە
خاڵێک هاوەبان گۆنای یارەوە
دەڵێی پشــــقلە بە دیــــوارەوە
هەموو کەسێک دەتوانێت پێبکەنێت .. پێکەنین لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازی هەیە .. لە بزە و زەردەخەنەوە .. بۆ قاقالێدان و بەکوڵ پێکەنین .. بەندە بە رادەی هەستکردنی ئەو کەسە بە خۆشی .. کەسانێک هەن بە سروشتی رووخۆش و لیو بەخەندە و دەم بە پێکەنینن .. زیاتر لە کەسانی تر پێدەکەنن .. دەشێ ئەمە بۆ کاریگەری هۆیە جینییەکان بگەڕێتەوە .. بەهرەیەکی ماکی بێت لەو کەسانەدا .. لە نێوان پێکەنینی ئافرەتان و پیاونیشدا جیاوازی هەیە .. پێکەنینی ژنان بە کوڵە و ئاوازێکی نەرم و شیرینی تێدایە .. بەڵام پێکەنینی پیاوان تا رادەیەک گڕ و ناڕێکە .
( رۆجر فریتس) دەڵێ : ” ئەو کەسەی کە بڕوای بە خۆی هەیە پێکەنینەکەی لەگەڵ پێکەنینی کەسانێکی تردا جیاوازە، تەنانەت هەناسەدان و جوڵەکانیشی شێوەیەکی جیاوازیان هەیە ”
( کـانت ) یش دەڵێ : ” سێ شت یارمەتیی خۆڕاگرتن دەدەن، لە بەردەم سەختیەکانی ژیاندا : هيــوا و نووســتن و پێـــکەنین ”
( چـاڕلی چـاپلن ) دەڵێ : ” رۆژێکی بێ پێکەنین .. رۆژێکی ناخۆشە ”
( ئابراهــام لینکۆڵن ) دەڵێ : ” ترسەکان گەورە مەکەنەوە .. پێیان پێکەنن .. پێکەنین باشترین چارەیە ”
( عـەزیـز نەســین ) دەڵێ : ” زاناکانی سەدەی بیستەم، نەیان توانی لە بەرد زێڕ دروست بکەن .. بەڵام من توانیم، لە فرمێسکەکانی خۆم پێکەنین دروست بکەم .. ”
( بن دی جۆنسۆن ) دەڵێ : ” گــەورەم .. پێـــبکەنە و .. قەڵـــەوبە ”
( جاکسۆن براون ) دەڵێ : ” لە هەر بارودۆخێکدا بووی .. دەم بە پێکەنین بە .. بە ئەرێنی بیربکەرەوە .. هیواداریش بە .. ”
هەندێ لە پزیشکەکان، بۆ تەمەندرێژیمان، بەم شێوەیە ئامۆژگاریمان دەکەن :
” نیوەی ئەوە بخۆ، کە لەسەری راهاتووی بیخۆی .. دوو بەقەی ئەوە بنوو، کە لەسەری راهاتووی بنووی .. سێ بەقەی ئەوە بخۆرەوە، کە لەسەری راهاتووی بیخۆیتەوە .. چوار بەقەی ئەوە پێبکەنە، کە لەسەری راهاتووی کە پێبکەنی .. ”
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، دان بە ( زانیاری دەروونی پێکەنین ) دا، نرا .
لەبەر گرنگی پێکەنین لە ژیانی مرۆڤدا، وڵاتە پێشکەوتووەکان بایەخێکی زۆریان بە پێکەنین داوە .. لە ساڵی (٢٠٠٠) دا چوارەمین کۆ نگرەی جیهانی بۆ پێکەنین سازکرا .. لە ساڵی ( ٢٠٠٢) دا، بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی ئەوروپادا، لە ئەڵمانیادا، یەکەمین پەیمانگا بۆ راهێنانی قوتابیانی ئارەزوومەند لەسەر پێکەنین کرایەوە .. وەکو هۆیەکی سروشتی بۆ چارەسەری نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکان مرۆڤ، کە لەم روانگەیەوە لە پێکەنین دەڕوانن ( جەستەی تەندروست .. لە پێکەنینی دروست ) دایە . قوتابییە دەرچووەکانی ئەم پەیمانگایە .. بۆیان هەیە وەکو ( مامۆستای راهێنەری پێکەنین ) لەهەر پەیمانگایەک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت، ئەم مادە بڵێنەوە .
لە ئەمڕۆشدا لە جیهاندا، چەندین یانە هەن، بۆ فێرکردن و راهێنانی ئەندامەکانیان لەسەر پێکەنین و زەردەخەنە و رووخۆشی و رووگەشی .. بۆ نموونە، لە ئەمریکادا (١٨٠) یانە هەیە، لە هیندستان دا (١٥٠) یانە هەیە، لە وڵاتانی ئەوروپاشدا، زیاتر لە (٥٠٠) یانە هەیە بۆ راهێنانی ئەندامەکانیان لەسەر پێکەنین .
ناوە بە ناوەش لەژێر ناوی ( تەنهـا بۆ پێـکەنین ) ئاهەنگی شیاو و خۆش سازدەکەن .
بۆ ئەوەی زیاتر لە سەرناوی باسەکەمان دوور نەکەوینەوە، زۆر بە کورتی و بە چڕی، باس لە گرنگی و لە سوودەکانی پێکەنین بۆ منداڵان دەکەین .
( رووبــارد کیلـنک ) دەڵێ : ” جوانترین دیمەن لەژێر ئاسماندا .. دیمەنی منداڵێکە کە پێدەکەنێ .. ”
( نیلسون مانـدێلا ) ش دەڵێ : ” خۆشەویستی و پێکەنین و ئاشتی بە منداڵ بدەن .. نەک ئایدز .. ”
بێگومان هەموومان حەزدەکەین کە هەمیشە جگەرگۆشەکانمان لێو بە خەندە و پێکەنین و .. لە خۆشی و شادی و کامەرانیدا بیان بینین .. بە خۆشنوودیان ئئێمەش دڵخۆش دەبین .. بە کزی و مات و مەلوولیان .. ئێمەش دڵتەنگ و خەمبار دەبین .. چ دیمەنێک هەیە .. چ خۆشییەک هەیە .. کە لە ( دارە دارە ) ی منداڵان جوانتربێت .. ؟ لە ( زاق و زیق و ) لە ( تریقە تریق ) ی پێکەنینی جگەرگۆشەکانمان خۆشتربێت ..؟ گەر خەم بەقەی کێوی قەندیل لامان باربێت .. بە پێکەنین و بە گۆزان گۆزانی جگەرگۆشەکانمان ئەو کێوە خەمە لەبن دێت .. زەردەخەنە و پێکەنینی منداڵەکانمان ئەفسوونێکی گەورەیە و دڵی هەموومان خۆش و شاد دەکەن .. کە زەردەخەنە و پێکەنین لەسەر لێوە ئاڵەکانی منداڵەکانمان دەبینین .. وا هەست دەکەین کە دنیا و، هەموو سامانی هی ئێمەیە .
گەلێ لێکۆڵینەوە و بەڵگە هەن، ئەوەیان سەلماندوون، کە منداڵان لەدایک دەبن ئارەزوویەکی مـاکی (غـەریزی ) ناوەوەی بەرنامە داڕێژراوی سروشتییان هەیە، بۆ ئەوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ کەسانی دەوروبەریاندا بکەن .. پێش ئەوەی زەردەخەنە و پێکەنین بکەن، بە چاوەکانیان و بە جووڵەی دەست و پێیە قنجەکانیان گوزارشت لە خۆشی و شادییان دەکەن، بۆ ئەو کەسانەی کە لێیان دەڕوانن و قسەیان بۆ دەکەن .. بەر لە هەموو کەسێکیش بەرانبەر بە دایکیان .
منداڵ دوای (١٧) رۆژ زەردەخەنە دەکات و، دوای (٦) هەفتەش پێدەکەنێت .. منداڵ لە رۆژێیکدا (٤٠٠) جار پێدەکەنێت .. بەڵام گەورە لە رۆژێکدا (١٥) جار پێدەکەنێت .. ئەمەش تێکڕایەکی ناوەندییە .. ئەم ژمارەیەش لە چاو گرنگی و سوودەکانی پێکەنینەوە ، ژمارەیەکی کەمە .. پێویستە زیاتر پێبکەنین .. بە زەردەخەنە و پێکەنین پێشوازی لە رۆژە سەختەکانی ژیانمان بکەین .
لە لێکۆڵینەوەیەکدا، کە لە لایەن زانایەکی ئەڵمانییەوە ئەنجام دراوە .. ئەوەی سەلماندووە کە پێکەنینی منداڵان لە ساڵەکانی یەکەمی تەمەنیدا کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر گەشەکردنی .. بەشێکی زۆری زاناکانیش جەختیان لەسەر ئەوە کردووە، کە بایەخ و گرنگی پێکەنین بۆ منداڵان، لە بایەخی خۆراک کەمتر نییە، بۆ رێکخستنی گەشەکردنی منداڵ .. پێکەنین وا لە منداڵان دەکات، کە زیاتر هاوسەنـگ بن و.. زیاتریش گەشبین ببن و.. زیاتریش هیـوادار ببن و.. بە گوڕتریش بە پیری ژیان و داهاتوویانەوە بچن .
بیرۆکەی پێکەنین واتایەکی گرنگ بە منداڵان دەگەیەنێت، ئەویش هەستکردنە بە ئاسوودەیی و دڵنیایی، ئەم هەستکردنەش کاریگەرییەکی پۆزەتیڤی هەیە لە پێکهێنانی دەروونی و، لە هەڵس و کەوتەکانیدا لەگەڵ خەڵکیدا .. پێکەنین بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کاردەکاتە سەر دەزگای دەماری منداڵ .. چونکە دەزگای دەماری منداڵ لە دوو بەش پێکهاتووە، یەکێکیان تایبەتە بە کارتێکردنی گرژی و هەڵچوون و رارایی و ناڕەحەتی .. ئەوی تریان تایبەتە بە هێمنی و ئاسوودەیی و خاوبوونەوە .. هەر کاتێک یەکێک لەم دوو بەشە کاربکات .. ئەوی تریان لە کارەکانی دەوەستێت .
جاران لە نەخۆشخانەکانی منداڵاندا، بۆ خامۆشکردنی ئيش و ئازارەکانی منداڵە نەخۆشەکان .. ( دامەزراوەی لووت سوورەکان ) ـ کە لاستیکێکی سووریان لە لووتیان دەکرد ـ نمایش و ئاهەنگی کومیدی و گاڵتەئامزیان پێشکەش بە منداڵە نەخۆشەکان دەکرد .. بەڵام لە ئێستا هەندێ لە پزیشکەکان خۆیان ئەم ڕۆڵە دەبینن و جلی سەیر لەبەر دەکەن و نواندن و جووڵانەوەی کۆمیدی و، نوکتە و قسەی خۆش پێشکەش بە نەخۆشەکانیان دەکەن .. یان بانگی قۆشمەچی و گاڵتەجاڕ دەکەن بۆ نمایشی کۆمیدی لە بەردەم منداڵە نەخۆشەکاندا، بۆ ئەوەی بیان هێننە پێکەنین و شادی .. خۆشی بخەنە دڵیانەوە و لە ئازارەکانیان کەمتر بکەنەوە و، هێوای چاکبوونەوەیان پێببەخشن .
گەلێ شێواز و رێبازی تر هەن، بۆ ئەوەی منداڵەکانمان بهێنینە پێکەنین و خۆشی .. وەک : ختووکەدانیان، یاری خۆش لەگەڵیاندا، گێڕانەوەی نوکتەی خۆشی گونجاو بۆیان .. نواندن و جووڵەی کومیدییانە لە بەردەمیاندا .. یا هەر شێواز و جووڵەیەک کە بیان هێننە پێکەنین .. منداڵان خۆشیان بەشدار بکەین و .. لەگەڵیانیشدا پێبکەنین .
سوادەکانی پێکەنین بۆ منداڵان :
سوودی پێکەنین هەر ئەوە نییە کە خۆشی و گەشی دەخاتە رووی منداڵان و، شادی و خۆشی دەخاتە دڵیانەوە .. بەڵکو سوودەکانی پێکەنین زۆر لەوەش زیاترن :
١ـ پێکەنین، منداڵ لە دڵتەنگی و بێزاری و ترس رزگار دەکات .
٢ـ پێکەنین هۆرمۆناتی گەشەکردن زیاد دەکات .. کە یارمەتیدەرە، بۆ ئەوەی منداڵ بە خێرایی و بە سروشتی گەشە بکات .
٣ـ پێکەنین، هێمنی و دڵنیایی و ئاسوودەیی و خاوبوونەوە بە منداڵ دەبەخشێت .
٤ـ پێکەنین بە شێوەیەکی ئەرێنی کاردەکاتە سەر دەزگا دەمارییەکان .. کۆمەڵێک هەستی پۆزەتیف دەبەخشێ .. دەبنە یارمەتیدەر بۆ پێکهێنانی کەسایەتیەکی دروست .
٥ ـ پێکەنین، سوڕی خۆین لە دڵ و لەشدا بەهێز دەکات .. یارمەتی دڵ دەدات و، ئەگەری تووشبوون بە لێدانی دڵ کەمتر دەکاتەوە .
٦ـ پێکەنین، یارمەتیی کۆئەندامی هەرس دەدات .
٧ـ پێکەنین، خۆشی و شادی بە منداڵ دەبەخشی و .. چالاکییەکانی زیاتر دەکات .
٨ ـ پێکەنین، ماسوولکەکان و هەناسەدان و کارەکانی هۆش چالاکتر دەکات .
٩ـ پێکەنین، توانای دەزگای بەرگری زیاتر دەکات .. چونکە دوای چەند پێکەنینێک رێژەی خانە خڕۆکە سپییەکانی لە خوێندا زیاتر دەبێت .
١٠ـ پێکەنین، یارمەتیی ماسولکەکانی دەموچا و سک دەدات .. گەشی دەخاتە دەموچاو.
١١ـ کە منداڵ یا گەورە پێبکەنن (١٧) ماسوولکە لە دەموچاویان و (٨٠) ماسوولکەش لە هەموو لەشیاندا دەبزوێن و، هەناسەدان خێراتر دەکەن .
١٢ـ پێکەنین، هۆیەکە لە هۆیەکان، کە هۆش لە هەموو بیرۆکەیەکی نیاز نێگەتیڤانە پاک دەکاتەوە .
١٣ـ پزیشکەکان پێکەنین، بە چارەسەرێکی باشی ( ئەنفلــۆنزا ) دەزانن .
١٤ـ لێکۆڵینەوەیەکی ئەمریکی لە ( زانکۆی بالتیمور ) ی ئەمریکا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە یەک خولەک پێکەنین بە قەی چل و پێنج خولەکی خاویە .
١٥ـ پێکەنین، هۆکارێکی گرنگە لە پێکهێنانی پەیوەندییەکی دروست لە نێوان دایک و باوک و ئەندامانی تری خێزاندا .
١٦ـ پێکەنین، چارەسەرە بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی .
لە کۆتاییدا، داوا لە دایکان و باوکان دەکەین، کە هەردەم بە روویەکی خۆش و بە زەردەخەنە و پێکەنینەوە پێشوازی لە جگەرگۆشەکانیان بکەن .. تا لەسەر زەردەخەنە و پێکەنین رابێن .. تا ئەوانیش بەزەردەخەنە و پێکەنینەوە وەڵامتان بدەنەوە .. ئەمەش دەبێتە مایەی دڵخۆشی و شادیتان .. ژیان و پەیوەندیی خێزانیتان خۆشتر دەکات .. جا بۆ ئەوەی منداڵەکانتان تەندرووستیان باش بێت .. بۆ ئەوەی کراوە و رووخۆش بن .. بۆ ئەوەی کۆمەڵایەتی بن .. بۆ ئەوەی ئەو سوودانەی سەرەوە بێنەدی .. روژانە تاوێک یا زیاتر .. بەهەر شێوەیەک بێت .. منداڵەکانتان بهێننە پێکەنین .. هەروەکو چۆن خواردن و خواردنەوە و خەو پێویسن بۆ گەشەکردن و درێژەدان .. پێکەنینیش لەم پێویستییانە کەمتر نییە بۆ منداڵان .
با بۆ پێکەنین و خۆشیتان، ئەم دیالۆگەی نێوا ئەم دوو منداڵەتان بۆ بگێڕینەوە :
منداڵی یەکەم : باوکم هێندە دەوڵەمەندە .. دەتوانێت شاری ( مۆسکۆ ) بکڕێت .
منداڵی دووەم : دەسا بە باوکم دەڵێم شاری ( مۆسکۆ ) بە باوکت نەفرۆشێت .