ئاجێندای بایدن: سەرنجدان بە ئێران

ڕیوئێل مارک گەرەشت/ وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور
ئەگەر جۆ بایدن هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئەمریکا بباتەوە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست چ دەقەومێ؟ ئورووپاییەکان هیوادارن سەرکەوتنی دێموکڕاتەکان بە مانای گەڕانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان بێ بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی ٢٠١٥، (بەرجام) لەگەڵ ئێران و، بە هەمان شێوە هەوڵی دڵفراوانە بدەن تا ئێرانییەکانیش بگەڕێننەوە. ئەوان بە هەمان شێوە خوازیاری تێوەگلانی ئەمریکا لە دۆخی ئاڵۆزی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینن. بۆ هەردوو دێموکڕاتەکان و ئورووپاییەکان، ئەوەی بە شێوەی سەرەکی پرسێکی ستراتێژیک بوو (جێبەجێ کردنی گیروگرفتی وڵاتی پیرۆز پێش بە مەترسیی مەزنتر لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەگرێ و پێگەی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئورووپا لە نێو عەڕەبان و موسوڵمانان بەهێزتر دەکا) ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو بۆتە پرسێکی ڕەوشتی (دادپەروەریی بۆ فەلەستینییەکان و پاراستنی لیبراڵ دێموکراسی لە ئیسڕائیل). زۆر جار بۆ لیبڕالەکان، بنەما ڕەوشتییەکان سەرنجڕاکێشترن تا سیاسەتی واقعگەرییانەی کۆنی بێ‌هێز.

بەڕێوەبەرایەتیی بایدن، کە وێدەچێ لە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما زۆرتر جەخت لە سەر ئورووپا بکاتەوە، هەوڵ دەدا پێوەندیی دۆستانەی ئەمبەر و ئەوبەری ئاتلانتیک باشتر بکا، لە سەردەمی ترامپ‌دا وێران کراوە. تەنانەت بەربەرەکانی لەگەڵ پیلانەکانی پوتین لە خۆرهەڵاتی ئورووپا و خۆرهەڵاتی نێوەڕاست وێدەچێ ببێتە گۆڕەپانێک کە بایدن هەوڵ بدا هاوکاریی هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ بکا.

بەڵام بڵێی سەرۆک کۆمار بایدن لە هەر کام لەو پرسانەدا سەرکەوتوو بێ؟ خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە دوای هەرەسهێنانی ڕێژیمی سەددام حوسێن و سەرهەڵدانە مەزنەکەی عەڕەبان -کە بە هەڵە وەک بەهاری عەڕەبی ناوبانگی دەرکردووە، کە حەوت ساڵ دواتر ناوچەی هێنایە هەژان- خەریکی لێک هەڵوەشانە. وڵاتە یەکگرتووەکان لە ٢٠٠٩ بەولاوە دەستی بە کشانەوە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست کردووە. بێگومان ئەوە بە هاتنی بایدن ئاڵوگۆڕی بەسەردا نایە. ئەو هێشتا برینەکانی جەنگی عێراقی پێوە ماون کە سەردەمێک بە گەرمی پشتیوانیی لێ دەکرد. وێدەچێ ئەو بودجەی بەرگریی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، ئەگەرچی هێزی سەربازیی پێداویستییەکی بێ ئەملا و ئەولای ناوچەیە. جگە لە ئێران، ئیسڕائیل و فەلەستینییان، لەوانەیە هاتنی بایدن ئاڵۆگۆڕی دیکە لە سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان لەو ناوچەیە لەگەڵ خۆیدا بێنێ و، ئاخۆ ئەو ئاڵوگۆڕانە بە کردەوە هیچ کاریگەرییەکیان دەبێ؟

لە پێوەندیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، وێدەچێ بایدن هەمان کار لەگەڵ سیاسەتی ترامپ بکا کە ترامپ بەرانبەر بە سیاستی ئۆباما کردی: پێچەوانەی بکا. لێدوانەکانی لە ٢٠١٧ بەولاوە لە لایەن جێگری سەرۆک کۆماری پێشوو و ئەوانی دیکە کە دێنە نێو بەڕێوەبەرایەتییەکەی بێگومان ئەوە نیشان دەدا کە دێموکڕاتەکان هیچ شتێکی باش لەوەی ترامپ کردوونی نابینن. هەموو ددان بەوە دادەنێن کە ئابلۆقە یەکلایەنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ بە شێوەی بەرچاو سەلماندیان کە کاریگەرتر بن لەوەی کاربەدەستانی سیاسەتی دەرەوەی دێموکڕات، هەموو فرە لایەنەکان، پێیان وابوو مومکینە. بەڵام دێموکڕاتەکان لە پێش هەموو شتێکدا دەیانەوێ پارە و بازرگانی بە سنووردار کردنی ڕێژەیی ناوکی بگۆڕنەوە (کاربەدەستانی ئێرانی لە کاتی خۆهەڵنانەوە ئەوەیان وەک پارە بە زۆر ئەستاندن باس کردووە). ئەوان نایانەوێ ئەو بیرۆکەیەی ترامپ پشتڕاست بکەنەوە کە ناچار کردنی ئابووری ئامرازێکی یەکلاکەرەوەی سیاسییە و ئابلۆقەکانی سەپینراو بەسەر ئێران، بە تایبەتی لە سەردەمی کۆڤید، لەوە ناشیرینتر بوون کە زۆربەی دێموکڕاتەکان بتوانن تەحەممولی بکەن. ئەوەی ئێستا دێموکڕاتەکان لەبارەی بەیژینگ دەیهێننە ژێر پرسیار، کە زیاد کردنی ئاستی بازرگانی دەبێتە هۆی میانڕەویی سیاسی و، هێشتا لە بارەی تاران بڕوایان پێیە و، خولیای باشتر کردنی پێوەندییەکانی ئەمبەر و ئەوبەری ئاتڵانتیک لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی بایدن لەوانەیە کۆتایی هێنان بە گەمارۆکان وەک ئامرازێکی گرینگی سیاسەتی دەرەوە لە هەر شوێنێک کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا-ئورووپا یەک بگرنەوە، سەیر بکرێ.

هەژدە مانگ لە کشانەوەی ترامپ لە بەرجام تێپەڕ بووە و دنیا کۆتایی نەهاتووە. پێشوەچوونە ناوکییەکانی ئێران -ئەگەرچی ڕاستەقینەن- سەرسوڕهێنەر نەبوون. شتێکی خۆشە کاتێک بیر لە دژایەتیی نائاشکرای فەڕانسە بەرانبەر بەو بانگەشەیەی بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما کە پەیتا پەیتا دەیگوت یان ئەو ڕێککەوتنە یان شەڕ، کە وەک چەکێک دژی دژبەرانی پەلەی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە دیپلۆماسی و پاشەکشە، کەڵکی لێ وەردەگیرا. هەرچۆنێک بێ، بەڕێوەبەرایەتیی بایدن هەوڵ دەدا وتەی بێن رۆدەز لەبارەی قەیرانی دەستبەجێ بەڕۆژ بکاتەوە تا سیاسەتی وتووێژی دووبارە لەگەڵ ئێران بە جەماوەر بفرۆشێتەوە. ڕەنگبێ ئەمە ئێستا دژوارتر بێ، چونکە ڕێژیمی مەلایان زۆر باش دەزانێ کە بایدن دەیەوێ خێرا دەسکەوتێکی گیر کەوێ، پێش کۆتایی دەورەی سەرکۆماریی حەسەن ڕوحانی لە هاوینی ١٤٠٠دا.

بەڕێوەبەرانی سیاسەتی دەرەوەی دێموكڕاتەکان هێشتا وێدەچی گیرۆدەی ئەفسانەی میانڕەو بوونی ڕوحانی بن. بە لەبەرچاو گرتنی تەمەنی زۆری عەلی خامنەیی و خولیای دەستەبەر کردنی سەرکەوتنی سیاسی بۆ تاقمی خۆی پێش مردن و، بە لەبەرچاو گرتنی کەمیی بەربژێری سەرۆک کۆماریی کە دێموکڕاتەکان پێیان وابێ “میانڕەو”ە، کۆشکی سپی و بایدن وێدەچێ هەموو هەوڵی خۆیان بدەن تا ڕوحانی و خامنەیی دەست بە وتووێژ بکەن لە کاتێکدا پێملی زۆربەی مەرجەکانی بەرجام بن (پرسیاری بێ‌وەڵام لە بارەی چەکدار کردن، کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بەتەواوی پشگوێی نەخستووە، وێدەچێ بایدن پاشگوێی بخا).

نیگەرانییەکان لەبارەی مووشەکی بالیستیکی دوور هەنگێو، شەڕانشۆڕیی ناوچەیی، سەرکوتی نێوخۆیی و، تێرۆریزم دیزەبەدەرخۆنە دەکرێن، هەر وەک سەردەمی ئۆباما؟ تەنیا سیاسەتی گۆڕانی کەش‌وهەوا لەوانەیە ببێتە ڕکەبەری حەزی دێموکڕاتەکان بۆ کۆنتڕۆڵی چەک وەک ئامانجێک. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئاخۆ سەرۆک کۆمار بایدن حازرە چ تێچوویەک قبووڵ بکا تا تۆنی بلینکەن یان جەک ساڵیوان، ڕەنگبی ئەو بەربژێرانە بن کە زۆرتر ڕێی تێدەچێ ببنە بەڕێوەبەری سیاسەتی بایدن بەرانبەر بە ئێران، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران موحەممەد جەواد زەریف دانیشن. وێدەچێ کاتێک داهاتووی سیاسیی ئەمریکا ڕوون بۆوە، ئەو لە پێوەندیی بەردەوام لەگەڵ هەردووکیان دابێ.

ڕێککەوتنێکی نوێ پێویست نییە تا ئێران دەیان میلیارد دۆڵاری بدرێتێ، تەنیا وەک نیشانەی “ویستی باش” و خوازیاریی وتووێژی “جیددی” لە سەر خولیا ناوکییەکانی ڕێژیمی مەلایان. تاران وەک بریندارێکی خاوەن وزە، بیر لەوە دەکاتەوە ئاخۆ دێموكڕاتەکان بوێریی ئەوەیان هەیە بەرەوڕووی هیچ ئاکارێکی ئێران ببنەوە کە ناوکی یا ئاشکرا نییە. زۆر وێدەچێ ئەوان ئەو بوێرییەیان نەبێ.

کاردانەوە ناوچەییەکانی پەنجەی درێژکراوی بایدن بەرەو ئێران، لە عێراق، شوێنێک کە جووڵانەوەیەکی بەهێزی دژی ئێران لەنێو شیعەکاندا دەستی پێ کردووە، گەلێک زیانبار دەبێ. هیچکام لە دێموکڕاتەکان نەیانویستووە بەئاشکرا ددان بەو شتە حاشا هەڵنەگرە دوای بڕیاری سەرۆک کۆمار ترامپ بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس دابنێن. سولەیمانی، سەرۆکی سوپای قودس و دووهەمین پیاوی خاوەن دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیی بوو؛ ئەلموهەندیس قسەکەری سەرەکیی ناوبراو لە عێراق و فەرماندەی میلیشیای توندئاژۆ بوو. کوشتنی ئەو دوو پیاوە ڕێژیمی مەلایانی بەتوندی لەرزۆک کردووە، سیاسەتی عێراقی بە قازانجی ئەو لایەنانە کە دژی تارانن گۆڕی و، ڕێبەری گەورەی بە شێوەیەکی وەها کاریگەر چاوترسێن کرد کە تا ئێستا خۆی لە تێرۆریزمی ڕاستەوخۆ دژی وڵاتە یەکگرتووەکان بواردووە.

هێرشەکانی کە دواتر لە لایەن میلیشیاکانی عێراق دژی دامەزراوە ئەمریکاییەکان ناخۆش بوون و بێ گومان ترامپیان هان داوە، کە هاندانێکی کەمی پێویستە، هێزەکانی لەو وڵاتە کەم بکاتەوە، بەڵام نەبۆتە هۆی گۆڕانی هەڵوێستی دژی ئێران لە نێو عێراقییەکاندا. لە نێو شێعەکاندا ویستێکی جەماوەریی بەرچاو بۆ کشانەوەی ئەمریکا نییە و، سوننی و کوردیش بە هێچ شێوەیەک بە کوژرانی بوونی سولەیمانی و ئەلموهەندیس دڵگران نەبوون.

نەرمکێشیی بایدن بەرانبەر بە ئێران ژێر پێی ئەو کەسانە بنکۆڵ دەکا کە هەوڵیان داوە بەرژەوەندییەکانی ئێڕان و عێراق لێک جیا بکەنەوە. نێوان دووئاوان کلیلەی پلانی ئێران لە ناوچەیە، بە تایبەتی لە سووریە، کە بە نۆرەی خۆی بۆ ساخڵەمیی حیزبوڵڵای لوبنان یەکلاکەرەوەیە. لقی عەڕەبی دڵخوازی ڕێژیمی مەلایان [حیزبوڵڵا] لەرزۆک بووە، ئەوە لە کاتێک‌دایە کە نەزمی سیاسی-ئابووریی لوبنان بە هۆی ناکارامەیی، چاوبرسیەتی و مەزنترین تەقینەوەی ئاسایی لە دوای تەقینەوەی هالیفاکس لە ١٩١٧، تێک ڕماوە. بۆ هاوپەیمانەکانی ئێران واتە عێراق، سووریە و، لوبنان، بایدن دەتوانێ هەوڵی ڕزگار کردنیان بدا یان لانیکەم پێشنیاری کەم کردنەوەی کاتیی ژانەکانیان بدا.

بەڵام لە دەرەوەی عێراق، سەرکەوتنی بایدن لەوانەیە نەبێتە هۆی ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی ناوچەیی. دوژمنایەتی ترامپ بەرانبەر بە مەلاکان نەبووە هۆی ئەو ڕاستییە کە، هەر وەک کەسی پێش خۆی، دەیهەویست بە شێوەی بەرچاو بوونی ئەمریکا و بەرپرسیارییەکانی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست کەم بکاتەوە. ئەوە بەردەوامیی هەرەس‌هێنانی هەژمۆنیی ئەمریکا و، ئیمپێریالیزمی ئاشکراتری کۆماری ئیسلامییە، کە ئیسڕائیل و عەڕەبەکانی کەنداوی لێک نزیک کردەوە. هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیل زەرەری بەرچاوی بە هێزە پیادەکانی ئێران و پلانەکانی لە سووریە گەیاندووە. کەس دوای ئەوە کە هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیل دەستی بە لەبەر یەک هەڵتەکاندنی سپای پاسداران لە سووریە کرد، تێرۆریزمی ئێرانی دیتووە، مووشەک هاویشتنەکانی جار و بار لە غەززەوە نایەنە ئەژمار، کە ئاراستەی دەوڵەتی جوولەکە کرابێ؟) زۆر وێدەچێ، ئورشەلیم هەرگیز چەتری پارێزەری تا خەلیجییەکان بڵاو ناکاتەوە. بەڵام عەڕەبە سوننییەکان پێویستیان بە هاوپەیمان هەیە، تەنانەت جوولەکەش. بە شێوەی بێ ئانقەست، هەژەمۆنی ئەمریکا کەشوهەوای بێ قڕەی بۆ عەڕەبی دژە زایۆنیست و پرسی فەلەستینی دەستەبەر کردبوو. لە کاتێکدا کە دەسەڵاتی ئەمریکا کەم دەبێتەوە، هەموو خەریکی دووبارە هەڵسەنگاندەوەن.

بە ڕاستی ئەوە خامەنەییە کە بڕیار دەدا ئاخۆ بەڕێوەبەرایەتی بایدن هیچ شتێک لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بکا. بێگومان ڕێژیمی مەلایان بەو دێرە بەناوبانگەی راد تیدوێڵ دەست پێ دەکا: “پارەکانم بدەرێ.”