بایدن و ترامپ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن چەندیان خەرج کردوە؟ ئا: حەمەڕەسووڵ کەریمی

هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئەمریکا هەمیشە لە یەکەم سێ‌شەممەی حەوتووی یەکەمی مانگی نوامبر دەست پێ دەکا و، ئەمساڵ کەوتە ٣ی نوامبر. بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتەکان، سیستەمی سیاسی ئەمریکا لە ژێر هێژموونی و دەسەڵاتی دوو حیزب‌دایە، هەر بۆیەش سەرۆک کۆماری بە بەژن و باڵای یەک لەو دوو حیزبە براوە.

کۆماریخوازەکان لە ئەمریکا بە حیزبێکی سیاسیی کۆنەپارێز دەناسرێن کە نوینەرەکەیان لەم دەورەیەدا دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئێستایە. ناوبراو هەموو هەوڵی خۆی دەدا کە بۆ جارێکی دیکەش لە کۆشکی سپی‌دا بمێنێتەوە.

دێموکراتەکانیش لە ئەمریکا بە حیزبێکی سیاسیی لیبراڵ دەناسرێن و نوێنەرەکەیان جۆ بایدن، یەکێک لە سیاسەتمەدارە کۆنەکارەکانی ئەو حیزبەیە و پێشتریش بۆ ماوەی ٨ ساڵ لە دەفتەری باراک ئۆباما کاری کردوە.

هەر دوو بەربژێرەکان تەمەنیان بەرەو ٨٠ ساڵ دەروا، تڕامپ تەمەنی ٧٤ ساڵە و جو بایدن ٧٨ ساڵ. لە ئەگەری هەڵبژێرانی جوبایدن بە سەرۆک کۆمار، ناوبراو لە مێژووی ئامریکادا دەبێتە بەتەمەن‌ترین سەرۆک کۆمار.

 

خەرجی و بانگەشەی هەڵبژاردنەکان

بانگەشە و ڕیکلام و بە تایبەتی بانگەشەی تەلەڤیزیۆنی یەکێک لە گەورەترین و زۆرترین خەرجییەکانی هەڵبژاردنە.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکە چاوەدێرییەکانی تایبەت بە خەرجیی هەڵبژاردنەکان، تیمی جۆ بایدن تاکوو ئێستا زیاتر لە ٦٣٨ میلیۆن دۆلاری بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان خەرج کردووە و زۆرترین خەرجی ئەو بانگەشەیە، خەرجی تەلەڤیزیۆنەکان بووە.

لە لایەکی‌تریشەوە دۆنالد ترامپ بۆ ڕیکلام و بانگەشە تاکوو ئێستا ٤٧٢ میلیۆن دۆلاری خەرج کردوە.

ئەو ئەژمار و ئامارە لە لایەن ناوەندی کنتار، سی‌ئێم ئای‌جی کە بە دواداچوون بۆ خەرجییەکانی هەڵبژاردن دەکا بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو خەرجییانە تا بەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٣ی نوامبر بووە.

ئەو ناوەندە باس لەوە دەکا و دەڵێ: شیمانەی ئەوە دەکرێ دوناڵد ترامپ ٤٣ میلیۆن دۆلاری دیکەش خەرجی بانگەشەی دیجیتاڵی لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بکا، چونکە حەوتووی ڕابردوو جۆ بایدن زۆر چالاکانە لە ڕیگای فەیسبووکەوە بانگەشەی کردوە.

بە پێێ هەواڵی ئەو ناوەندە جۆ بایدن لە چەندین ئەیالات کە لە هەڵبژاردنەکانی نێوان کۆماریخواز و دێموکراتەکان‌دا یەکلاکەرەوەن، دوو هێندەی دوناڵد ترامپ خەرجی کردوە، بۆ نموونە لە ئەیالەتەکانی ئاریزونا، پنسیلوانیا و میشینگان.

بە گشتی چاوەدێرانی ئەو بەشە دەڵێن: هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ گرانترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی ئەمریکایە کە نزیک ١٤ میلیارد دۆلاری تێدا خەرج کراوە.

هەڵبەت نیوەی ئەو بڕە پووڵە تێچووی ریکلام و بانگەشەی هەڵبژاردنی کۆنگرێس بووە کە ئەمساڵ ٣٥ کورسیی سەنا و هەموو ٤٣٥ کورسییەکەی مەجلیسی نوێنەران دەخرینە بەر دەنگدانەوە.