خالید عەزیزی: جەلال مەلەکشا لە دڵی خەڵکەکەیدا و لە باوەڕی ئەواندا زیندووە

بنەماڵەی بەڕێزی شاعیری کۆچکردوو، جەلال مەلەکشا!

کۆمەڵگەی ئەدەبی و فەرهەنگی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

هەواڵی کۆچی دوایی کاک جەلال مەلەکشا، ئەویش لە وەرزی خەزانی کۆڕۆنادا کە ڕۆژ نییە گوڵی تەمەنی ئازیزێکمان لێ نەژاکێنێ، هەموومانی ماتەمبار کرد. جەلال مەلەکشا قەڵەمەێکی بوێر، نووسەرێکی دەروەست و کەسایەتییەکی شوێندانەر لەسەر بیری نەتەوەیی و نیشتمان‌دۆستی بوو.

کاک جەلال مەلەکشا بە هەڵوێستی جوامێرانەی و بە شێعر و ئەدەبی بەرگری خاوەندارەتی لە وێژە و بیری کوردایەتی کرد، سەربەستیی کورد و ڕزگاریی نەتەوەیی بۆ ئەو تەنیا خەونێکی شاعیرانە نەبوو، بەڵکوو باوەڕێکی مرۆیی بوو کە ئەگەرچی لە پێناو وەدیهێنانی‌دا زۆری چاشت؛ بەڵام ئەوی لە دڵی خەڵکەکەی‌دا هەرمان و هەمیشەیی کرد.

بێگومان کەسایەتییەکی وەک جەلال مەلەکشا کە لە هەر بارودۆخ و هەلومەرجێکدا لەگەڵ خەڵکەکەی مایەوە و پەیڤەکانی چەک و، قەڵەم و شێعرەکانی سەنگەری بەرگری لە خاک و نیشتمان و بەها نەتەوەییەکان بوو؛ نەمرە. بۆیە مەلەکشا لە دڵی خەڵکەکەیدا و لە باوەڕی ئەواندا زیندووە.

مەرگی جەلال مەلەکشا بە خەسارێکی گەورە بۆ کۆمەڵگەی ئەدەبیی کوردی دەزانم و بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە ئەدەبییە شوێندانەرە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و ئازیزانی و هەموو خەڵکی کوردستان، بەتایبەت کۆمەڵگەی ئەدەبیی نیشتمانەکەمان دەکەم.

ڕوحی مەلەکشا شاد و سەنگەری خەبات و تێکۆشانی ئاوەدان.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

خالید عەزیزی

١١ی خەزەڵوەری ١٣٩٩