ڕاگەیەندراو سەبارەت بە سوتاندن و بێرێزی بە ئاڵای کوردستان
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی ئوکتوبری ٢٠٢٠ی زایینی بەرانبەر بە ٢٦ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی هێرشکرایە سەر بارەگای پارتی دێموکڕاتی کوردستان لە بەغدا ولەو هێرشەدا بارەگای پارتی دێموکراتی کوردستان و ئاڵای کوردستان سووتێندران و بێڕیزی بە ئاڵای کوردستان کرا.
عێراقی ئەمڕۆ، لە ڕوانگەی سیاسی و دەستوورییەوە بەرهەمی تەوافوقی هەردوونەتەوەی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی ترە و هێماکانی هەرکام لەو نەتەوانە و دامەزراوەکانی ئەوان هەر لەسەر ئەو بنەمایە پارێزراو و جێگەی ڕێزن.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بێڕیزی بە هێماکانی هەر نەتەوەیەک و هێرش بۆ سەر نوێنەرایەتی هەر لایەنێکی پابەند بە عورفی نێودەوڵەتی بە کارێکی ناشارستانی و بە پێچەوانەی ڕووحی لێک تێگەیشتن و ڕێزی بەرانبەر دەزانێ کە بۆ وڵاتێکی وەک عێراق کە بە هەلومەرجێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ، پێویستەترە و لە هەمانکاتدا سووتاندن و بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان ئەویش لە شوێنێکی وەک پێتەختی وڵات بە کردەوەیەکی ناشارستانی دەزانین.
هەر لەو کاتەدا هیوادارین کە کار و کردەوەی لایەنە توندڕۆکان کار نەکاتە سەر ڕووحی لێک حاڵیبوون و لێک تێگەیشتن و هاوکاریی بەغدا و هەولێر بۆ ئیدارەی هاوبەشی عێراق.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
١٨ ئۆکتۆبێری ٢٠٢٠ی زایینی
٢٧ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی