کۆچی دوایی کاک عەزیز سولێمان‌پوور لە بنەماڵەی گەورە و بەرێزی مەلا عەزیزی بێوران

بەداخەوە ئەمرۆ دووشەممە ڕێکەوتی ۱۹ ـ ١٠ ـ ٢٠٢٠ کاک عەزیز سولێمان‌پوور کوڕی کاک برایمی مەلا عەزیزی بێوران دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە چاوە گەش و پڕ لە هیواکانی بۆ هەمیشە لە سەریەک دانا و ماڵئاویی یەکجاری لێکردین.

لە پاییزی گەڵاڕێزان دا جارێکی دیکە خەزانی تەمەنی ئازیزێک هەڵوەری و بەدەم شنەی بایەوە لە گۆشەیەک لە زەوی دا مەنزڵی گرت، نەمر عەزیز سولێمانپوور کوڕی بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر و تێکۆشەری دیاری نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە ساڵانێکی دوور و درێژە بەشی زۆری ئەندامانی بنەماڵەکەیان بە دژی دوو حکوومەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن. بنەماڵەی خوالێخۆشبوو مەلا عەزیزی بیوران لە بنەماڵە دیار و ناسراوەکانی ناوچەن وئەو بنەماڵەیە لە باشووری کوردستان و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە بنەماڵە خۆشناو و جێکەوتووەکانی ناوچەی سوێسنایەتی و گەورکایەتی و قەڵادزێ و پشدەر و سەردەشتن.

شەهید حەمەدەمین مەلا عەزیزی لە پارتیزانە بەناوبانگ و چاونەترسەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، ئەو یەکێک لە فەرماندە دەستوەشێن و بوێرەکانی حیزب بوو کە لەگەڵ برا و خزم و پێشمەرگەکانی دێموکرات لە گوندەکانی بێوارنی خوارێ و سەرێ ، گوندی باوێ و نێشکۆڵان و ئاوایەکانی دەوروبەری وەک دەستەی زەربەتی هێزی بە هێزی شەهید موعینی خزمەتی دیار و بەرچاویان بە شۆڕش و حیزبی دێموکرات کرد و دوژمنیان بە چۆک داهێنا بوو.

دوای شەهید بوونی کاک حەمەدەمین مەلا عەزیزی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەشیان وەک پێشمەرگە لە ریزەکانی دێموکرات دا خزمەتیان کرد و لە ئامێزی بنەماڵەی خۆیان دا چەندین گەنج و لاوی شۆرشگێریان پەروەردە کردن.

لەگەڵ ئەوەدا شۆڕش سەخت و دژوار ببوو، بەڵام بنەماڵەی کاک برایمی مەلا عەزیز و براکانی وەک زۆربەی پێشمەرگەکانی کوردستان هەروا لە سەنگەری خەبات و تێکۆشان دا مانەوە و دواتریش لە کۆتاییەکانی دەیەی ٧٠ ی هەتاوی دا بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان پەریوەی هەندەران بوون و لە تاراوگەش وەک کوردستان هەروا دڵگەرم بە شۆڕش و بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات مانەوە.

جوانەمەرگ عەزیز سولێمانپوور کوڕی دایە هەمین و کاک برایم، مرۆڤێکی شەرم بەخۆ و کەسێکی هیدی و هێمن بوو، خزمدۆست و گەلدۆست بوو، بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێک بوو کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو، لە ماوەی نەخۆشی‌یەکەی دا وێرای هەوڵەکانی دوکتور و بەشەکانی تایبەتی بە نەشتەرگەری و چاوەدێری بەداخەوە بە هۆی تەشەنە ساندنی نەخۆشی‌یەکەی بە یەکجاری ماڵئاوایی لە گشت لایەک کرد.

بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک عەزیز لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سۆڕشگێر و بەریزی مەلا عەزیز بە گستی و کاک برایمی فەرماندە و دایە هەمین و هاوسەری ژیانی و خوشک و برا و مام و پوور و یەکەیەکەی ئەندامانی بنەماڵەکەیان و خزمانی بە گشتی دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.

ڕووحی شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.