کۆماری ئیسلامی شیعەی ئێران ماکە و هۆکاری نائەمنی و تێرۆر و ئەلقاعدە و داعش… حەسەن ئەهوەن

بە گشتیی ئیسلام لە دو قوناغ دا پێناسە دەکرێ. ئەو بیرۆکەیە لە سەرەتا دا کە ئیسلام تازە دارە دارەی دەکرد و بە هێندێک دروشمی مرۆڤ دوستانە بۆ کۆ کردنەوەی جەماوەر لە دەوروبەری ئەو بیر و بۆچوونە نوێ یە، لە بەرامبەر تایفە و عەشیرە بوتپەرستەکانی دەسەڵاتداری ١٤٠٠ساڵ لەمەو بەر، کە زۆربەی هەرە زۆری داهات و ئابووری شێوە دۆڕگەی عەرەبستانیان لە ژێر دەست دابوو و دانیشتووانەکانیشیان بەردە و بەندەی ئەوان بوون، سەری هەڵدا.
تیئۆریسین و خاوەنانی ئەو بیرۆکەیە هەر کەسانێک بووبن، لە “محمد” کە باشترین پێوانە لەو دەورانی بوو ئەو کەسایەتی یان لێ ساز کرد کە دواتر بە پێغەمبەری ئاخر زەمان نێو دێر کرا.
لە قوناغی یەکەم دا، بەر لەوەی ئیسلام لە گەڵاڵە بێتە دەر و وردە وردە ببێتە خاوەنی پێگە و رێکخستن و لە دوایی دا دەسەڵات، بانگەوازی برایەتیی و ئاشتیی و هێمنایەتیی و پێکەوە ژیان و ئازادی مرۆڤەکانی دەکرد و تا ئەو کاتەی بە دەسەڵات گەیشت.
بە دەستەوە گرتنی قودرەت و دەسەڵاتی ئیسلام، وەک قوناغی دووەم تا ئێستاشی دەگەڵ بێ، پڕە لە شەڕ و کێشە و تاڵان و کوشت و بڕین و داگیر کردنی بە زۆر و خۆ سەپاندن…. خەڵکان و نەتەوەکانی دەوروبەر و ئەولاتریش هەموویان بە زۆری شمشیر، ئیسلامیان بە سەر دا سەپا. واتە ئیسلامی دەورانی دارە دارە و ئیسلامی بە قودرەت گەیشتوو جیاوازی دروشم و کردەوەیان یەک و سەت فەرقی کرد و دەیان فتوا و سورە و ئایەتیان بۆ شەرعییەتی حوکومداری ئیسلام تا هەتایە سەپاند…..
بە تێپەر بوونی زەمان و چێژی دەسەڵاتداری و زەوتی سەرزەوێکانی نەتەوەکانی تر، کێ بەر کێی قودرەت لە پاش مردنی محمدی پێغەمبەر، ئیسلام بە دوو شاخەی سوننی و شیعە دابەش کرا. سێ خەلیفەی پاش محمد و عایشەی ژنی بوونە چقڵی چاوی لایەنی شیعە کە “علی”یان بە میراتگری قودرەتی ئەسڵی محمد دەزانی. شەڕی حوسێنی کوڕی علی، بە ٧٢ کەسەوە دەگەڵ سوپایەکی دەیان هەزار کەسی یەزید، کە پێی وابوو بە گەیشتنی بۆ کەربەلایە، هەموو سوپای یەزید بە خاتری ئەوەی کە حوسێن کوڕی علی یە و نەوەی محمدی پێغەمبەرە، بەیعەتی پێدەکەن و بە سوک و هاسانی دەسەڵات و قودرەتی یەزیدی دەکەوێتە دەست، ئاکامەکەی پێچەوانە بوو و بۆ خۆی و هەموو ئەوانەی دەگەڵی بوون تێدا چوون.
بە پەرە گرتنی شارستانییەت دوای چەندین سەدە، ئاڵووگۆڕی زۆر بە سەر کۆمەڵگاکان داهات. دەوڵەت و یاسا و رێسا جێگای شەریعەت و سوننەت وئایە و مایەی پڕ کردەوە. ئایینەکانی یەهوود و مەسیحی کە سەدان ساڵ کەنیسە و کلیساکان حوکومڕانی زۆر تووند و تیژیان کردبوو، لە دوو سەدەی رابردوو ڕا بەرە بەرە خۆیان دەگەڵ راستی یەکانی کۆمەڵگا دا رێکخستوە و قودرەت و یاساکانیان جێگۆڕکێی دەگەڵ یاسا نێو نەتەوەییەکان پێکراوە. ئایینی ئیسلامیش لە کۆی ئەو ئاڵووگۆڕانە نەکرا خۆی دەرباوێ و مەودای سەربزێوی و ئیمپراتۆرێکەی کز کرایەوەو تا رادەیەک نەرم و نیان بۆوە. لە هەموو دەیەی بیستەم دا تەنیا “اخوان المسلمین”ی میسر جم و جوڵێکی تێرۆریستی لە خۆی نیشان دا کە هەر زوو هێور کرایەوە.
بە سەرهەڵدانی نارەزایەتیی لە دەسەڵاتیی پاشایەتی پەهلەوی ئێران دا، سناریوی سەرهەڵدانی ئیسلامی شیعە دێتە کایەوەو بە هۆی ئەوە کە زۆربەی هەرە زۆری حەشیمەتی ئێران پەیرەوی ئایینی شیعەن، “آیت اللە”کان و ئاخوندە تەشکیلاتێکانی شیعە، بە یارمەتیی بەشێک لە وڵاتانی غەرب، “آیت اللە خمینی”یان کە پێشتر لە سەر یاسای بەرێوە بردنی “اصلاحاتی ارضی” ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی شای ئێران، کە بەشێکی زۆر لە زەوی و زاری بنەماڵەی خمینی دابەش کرابوو، بە نێوی دین دژایەتیی و بەرهەڵستی ئەو یاسایەی کردبوو، وەک رێبەری کاریزمایی دینی بە دژی رژیمی پەهلەوی ئامادە و هان درا. مەلا و آیت اللە کانی شیعە کە سەدان ساڵ بوو مێشکی خەڵکیان بە خورافاتی شیعەگەری و دژایەتیی دەگەڵ ئایینی سوننەی بەرانبەریان پڕ کردبوو، بە دانی سەدان پەیمان و بەڵێنی لە مەر ئازادی، کار، مەسکەن، ئاسایش، هێمنایەتی، دابینکردنی هەموو پێداویستی یەکانی خۆشگوزەرانی ژیان بۆ هاووڵاتیان، ئازادێکانی تاکی و بە کۆمەڵ و بیر و را و مافی رەوای هەموو نەتەوەکانی ژێر دەستە و چەوساوەی رژیمی شایەتیی و زۆر شتی تر، کە بە نێو و نێوەرۆک هەموویان درۆ و فریو و کەڵەکی ئیسلامی بوون بۆ گەیشتن بە کورسی قودرەت. کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزرا. یەکەم جێژنانەی ئەو کۆمارە سەپاندنی شەڕ و نەورۆزی خوێناوی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. دواتر شەڕی پاوە و نەغەدە و راگەیاندنی “جیهاد” بە دژی نەتەوەی کورد کە سوور و پێداگر بوون لە سەر مافی نەتەوایەتیی…. بە دوای دا پرۆپاگەندەی هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی ئێران بە ئاشکرا و یەک لەوان وڵاتی عێراق. چۆن زۆربەی دانیشتوانی عێراق شیعە مەزەب بوون و هەروەها مەرقەدی حوسێنی کوڕی عەلی و تاقمێک لە ئیمام و ئیمامزادەکانی دوازدە، کە سەرچاوەیەکی باشی ئابووری زیارتن، لەوێ هەڵکەوتوە. رایەڵکەی تێرۆری رێبەرانی ئوپۆزیسیون و کەسایەتی یە کان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، تەقاندنەوەی دامەزراوەی کلتوری جوولەکەکانی ئارژانتین، سەپاندنی شەرێکی هەشت ساڵەی دۆڕاو و بێ ئاکام و سەرەنجام بە فتوایەکی “تقیە” پێکهاتن. کۆماری ئیسلامی شیعەی ئێران، کە بە سەر پاشماوەی داهاتێکی زۆر و زەبەندی رژیمی پەهلەوی دا کەوتبوو و ببوونە خاوەنی هەموو سەروەتەکانی ژێر زەوی و سەرزەوی، کەوتنە بیری پەرە پێدانی ئیلایەت و ویلایەتی شیعە کە هەمان بیری ئیمپراتۆریخوازی شیعەگەری یە. هیلالی شیعەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و چەند حیزب و تاقمی تێرۆریستیان بە ئیمکانات و پووڵ و پارەی خەڵکی ئێران لە لوبنان بە بیانووی وەرگرتنەوەی “بیت المقدس” دروست کرد. دانیشتووانی شیعەی وڵاتانی دوڕگەی عەرەبی یان هان دا و رێکیان خستن و کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی بە خاوەن و قەیومی ئەوان ناوزەد کرد. لە میانەی شەڕی ئەفغانستان و سۆفیەتی ئەو کات، پشتگر و هاندەری شیعەکانی ئەفغان بوون. هەموو ساڵێک بە بیانووی حەجەوە، هێزی بەسیجی ئێرانی بۆ پروپاگەندەی شیعەگەری و ئاڵۆزی دەنێردرێنە “مکە و مدینە”. بۆ ماوەی هەژدە ساڵ بە دزی خەریکی پیتاندنی ئینرژی ناوەکی ئەتۆمی بوون، بە مەبەستی خۆ سەپاندن و داسەپاندنی ئیدۆلۆژی و حوکمی ئیسلامی شیعە بە سەر دونیا و فەرمانرەوایی کردن بە سەر رۆژهەڵاتی نێوەراست دا. بە لێشاو تەرخان کردنی بودجە بۆ داو و دامەزراوەکانی سوپا و بەسیج لە ناوخۆی ئێرانی ئیسلامی و دامەزراندن و پەرەپێدانی رایەڵکەی جاسوسی و تێرۆر و وەحشت لە وڵاتانی غەرب و ناوچە دا، بە مەبەستی پەرەپێدانی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریخوازی شیعە لە پلان و پرۆژەکانی هەرە سەرەکی کۆماری ئیسلامی شیعەی ئێرانن کە تا بە ئێستا بێ پسانەوە درێژەیان هەیە. تاکتیکی یارمەتیدانی تاقمە تووند ئاژۆکانی سوننە وەک “القاعدە” و لایەنەکانی سەربە “القاعدە” لە هەر دوو بواری ماڵی و نیزامێوە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نە بە خاتری هەستی برایانەی ئیسلامی بووە بەڵکوو وەکوو تەکەیەکی وەرەقی قومار و مۆرەی شەترەنج بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە کاریان هێناون. چەندین مۆرەی سەرەکی القاعدە بە بنەماڵەوە ساڵەها لە ئێران پەناو تەعلیم دران و دوایی سەودایان پێکردن… لە میانەی سەرهەڵدانی لە ناکاوی داعش و گرتنی شاری موصل، هەر ئەو کاتەی داعش ملی رێگایەی بۆ گرتنی شاری مەزهەبی سامرای عێراق گرتبوو، سەرێکی هەوساری داعش کە بە دەست ئێرانەوە بوو، بەرەو خاکی کوردستان و هێرش و داگیرکردنی وەحشیانەی شنگالی لێکەوتەوە.
کۆی هەموو ئەو فاکتۆرانە و زۆرەمەلی و تێهەڵقوتاندنانەی کۆماری ئیسلامی شیعەی ئێران بە تایبەتیی لە جەرگەی وڵاتانی ئیسلامی سوننە، و پێکهێنانی چەندین بەرەی دژی دونیای سوننی لە ناوچە دا و دامەزرانی هیلالی شیعە، زەنگی خەتەرێکی جیدی بۆ حوکمرانانی دونیای ئیسلامی سوننی بە تایبەت عەرەبستانی سعودی و باقی وڵاتانی عەرەب و ئیسلامی ناوچە بووە و هەیە. دژکردەوەی دونیای سوننی لە بەرانبەر هەڕەشەکانی داگیر کەرانە و تۆڵە سەندنەوەی شیعە لە سوننە، “القاعدە، النصر، الشباب، زیندوبوونەوەی اخوان المسلمین، بوکوحرام، آک پارتی اردوغان و…. داعش” و رقەبەرایەتیی سیاسی و مەزهەبی لە هەمبەری ئیدۆلۆژی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی شیعەی ئێران لێکەوتەوە….. بە دڵنیاییوە هەتا کۆماری ئیسلامی شیعەی ئێران لە حکومەت کردن بەردەوام بێ و مەیدانی مانۆری پێ بدرێ و هەبێ، نە نەتەوەکانی نێوخۆیی و هەرێمی و نە دونیای غەرب بە گشتیی و نە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراست، بەو زووانە رووی ئازادی و خۆشی و ئارامی و ئاسایش بە خۆیەوە نابینێ…..
حەسەن ئەهوەن