ڕێگایەک کە سەرهەڵدانی کورد دەتوانێ ببێتە هۆی تێکڕمانی تورکیە

نەیشنال ئینتێرێست – مایکل روبین.وەرگێرانی: کەماڵ حەسەن‌پوور
تورکیەی ئەمڕۆ نزیکەی ١٠٠ ساڵ لەوەپێش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئوروپا بۆ دابەشکردنی شێوە دوورگەی ئاناتۆلی سەری هەڵدا. ئەو ڕاستییە پاڵنەری پارانۆیای جەماوریی تورکیە و دژە بیانیبوونیەتی. مۆتەکەی ئەو وڵاتە جیابوونەوەی کوردە. لە کاتێکدا کە پەکەکە و لقەکانی ئەو ڕێکخراوە زۆر دەمێکە ئەو ئاواتەیان بە قازانجی وەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی ناوچەیی وەلا ناوە، حەزی سەرۆک کۆماری تورکیە، ڕەجەب ئەردۆغان، بۆ هەڵایساندنی شەڕ دژی جیرانان و دەوڵەتانی ناوچە لەوانەیە بەو زووانە ترسی تورکیە بکاتە پێشبینییەکی خۆ وەڕاستگێڕ.
گیروگرفتی تورکیە لەگەڵ پرسی کورد تەقریبەن لە تەواوی تەمەنی کۆماری تورکیە لە ئارادا بووە: تەنیا دوو ساڵ دوای دامەزرانی تورکیە لە ١٩٢٣، لە سەرهەڵدانی شێخ سەعید، کورد دژی نەهێشتنی خەلافەت ڕابوون. لە ١٩٢٧، ئیحسان نوری پاشا کۆماری ئاراڕاتی دامەزراند، دەوڵەتێکی بچووکی کورد لە خۆرهەڵاتی ئاناتۆلی و هاوسنووری ئێران و ئەرمەنستان. مستەفا کەمال ئاتاتورک، یەکەم سەرۆک کۆماری تورکیەی مودێرن، بڕیاری تێکشکاندنی ئەو یەکەیەی دەرکرد. هەردوو سوپای تورکیە و ‌هێزی ئاسمانی بێ بەزەییانە بۆ ماوەی سێ ساڵ دژی جەنگان. لە ١٩٣٦، سەرهەڵدانێکی دیکەی کوردان لە دەرسیم و لە دژی بە تورک کردنی زۆرەملی و ڕاگواستن بۆ شێواندنی دێموگرافیای پێناسە غەیرە تورکییەکان دەستی پێکرد. جارێکی دیکە، سوپای تورک سەرهەڵدانەکەی تێکشکاند. لە هەرکام لەو سەرهەڵدانانەدا، کوردەکان ڕەواییان بە سەرهەڵدانەکەیان بە هۆی ناڕەزایەتییەک داوە کە لەوپەڕی پێناسەی نەتەوەیی بووە، بەڵام سەرهەڵدانەکان بوونە هۆی گومانداریی دەوڵەتی تورکیە بەرانبەر بە هەر شێوە دەربڕینی پێناسەی کوردی.
دوای مردنی ئاتاتورک لە ١٩٣٨، دژایەتی دەوڵەتی تورکیە بەرانبەر بە پێناسەی کوردیی بوو بە شتێکی نەگۆڕ. دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئانکاڕا، لە کاتێکدا کە ئابووری تورکیەیان مودێڕن کرد، ناوچە کوردییەکانیان پاشگوێ خست. تورکەکان تەنیا کاتێک کوردیان قبووڵ بوو کە دەست لە پێناسەی نەتەوەیی و کولتوریی خۆیان هەڵگرتبا.
لە دەیان ساڵی ڕابردوودا تورکیە لە ناسەقامگیریی سیاسی بێ بەش نەبووە. بەشێک لە کوردان تێیدا بەشدار بوون [قەیرانی سیاسی] بەڵام زۆربەی کاتەکان ئەو ناسەقامگیرییە لە چوارچێوەی تووندئاژۆیانی چەپ لە بەرانبەر ڕاستەکان دابووە. ئەوە لەو پێوەندییە دابوو کە ئەندامی دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان [خەباتی سیاسی خۆی] دەستپێکرد. ئەو وردە وردە بووە دژی ژێردەستەیی کوردان لە بە ناو خەباتی چینایەتی و پەکەکەی دامەزراند تا ئەو ژێردەستە بوونە ڕاست بکاتەوە. ئۆجەلان بەفەرمی سەرهەڵدانی پەکەکەی لە ١٩٨٤ دەستپێکرد کە زۆر جار نەیارە کوردەکانی خۆی و هەروەها تورکی دەکردە ئامانج.
وڵاتە یەکگرتووەکان کوێرکوێرانە پشتگیری لە تورکیە لە شەڕ دژی پەکەکە کرد. پەکەکە ڕێکخراوێکی مارکسیستی بوو، و لە چوارچێوەی شەڕی سارد، ئەو پرسە یەکلاکەرەوە بوو. لە کاتێکدا کە لەوانەیە پەکەکە و لقەکانی ئەو ڕێکخراوە لە سووریە مێژوویان لەبیر کردبێ بەڵام ئەوانیش لە نێوخۆی تورکیە کاری دڕندانە و تێرۆریان کردووە. ئەوەی جێگای سەرنجە پشتگیریی ئەمریکا بۆ تورکیە دەگەڕێتەوە ١٣ ساڵبەر لە ئێستا و لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی کلینتۆن و بە لەبەر چاو گرتنی فرۆشتنی چەکوچۆڵ بەو وڵاتە بووە و پێش ئەوە بووە کە وەزارەتی کاروباری دەرەوە ئەو ڕێکخراوە وەک یەکەیەکی تێرۆریست پێناسە بکا. ئەوە کردەوەیەکی دڵسارد کەرەوە و ڕەنگبێ تەنانەت نەزۆکیش بووبێ: نە تەنیا کاتەکەی بۆنی ئەوەی لێ دێ کە پاساوەکە شتێکی جیا لە لێکدانەوەیەکی بێلایەنانە لەسەر تێرۆریزم بووبێ، بەڵکو هەرەسهێنانی یەکیەتی سۆڤیەت و کۆتایی شەڕی سارد بە هەمان شێوە پێناسەی ئەو ڕێکخراوەی گۆڕی. لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی تورگوت ئۆزال، دەوڵەتی تورکیە دەستی بە چاکسازیی کرد و چاوەڕوانی مامەڵەیەک بوو. کۆچی دوایی لەناکاوی ئۆزال ئەو هەوڵەی بێ ئاکام کرد، بەڵام گیرانی ئۆجەلان لە ١٩٩٩ ڕێکخراوەکەی ناچار کرد ڕێبازی نوێ بگرێتە بەر. سەرۆک کۆماری تورکیە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆخۆی بڕیاری پێوەندی نهێنی لەگەڵ پەکەکەی لە ٢٠١٢ دا، بەڵام لە کۆتاییدا دوای ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە کوردان لە جیات دەنگدان بە حیزبی ناوبراو واتە حیزبی گەشە و دادوەریی (ئاکەپە) دەنگیان دا بە پارتی دێموکراتیکی گەل (هەدەپە)، کۆتایی بە وتووێژەکان هێنا. پرۆسەی ئاشتی تورکیە-پەکەکە هێندێک سەرکەوتنی هەوڵەکانی وتووێژکەرەکانی نیشان دان: ڕێککەوتنێکی ناوخۆیی لە بارەی دانانی چەک لە لایەن پەکەکە لە ناوخۆی تورکیە و ڕۆیشتنی بەشێکی زۆر لە گەریلاکان بۆ سووریە.
لەو ساڵانەی دوواییدا، وەرسووڕانی ئەو ڕێکخراوە ئاشکرا بووە: ئەو بۆشاییە کە شەڕی ناوخۆی سووریە دروستی کرد دەرفەتی خۆبەڕێوەبەریی بو کوردەکانی سووریە ڕەخساند. ئەوان بە شێوەیەکی سەرسوڕڕهێنەر سەرکەوتوو بوون؛ لە کاتێکدا کە ‌هێندێک ڕەخنەگر لە تینک-تانکەکانی [ناوەندی لێکۆڵینەوە و داڕێژەری ستراتێژی] واشینگتۆن ئەوان وەک مارکسیستی نەگۆڕ دەناسێنن، ئەو زانایانە وا دیارە هەرگیز سەردانی ئەو بەڕێوبەرایەتییەیان نەکردووە کە دژایەتی دەکەن. خۆبەڕێوبەریی کوردی ڕەنگبێ زۆر شت بێ، بەڵام مارکسیست نیە.
کوردەکان بە هەمان شێوە مارانگەز بوون: میلیشیاکانی کە زۆرینەیان کوردن تا ڕاددەیەکی زۆر بە سەر تاقمەکانی سەر بە ئەلقاعیدە لە باکووری سووریە سەرکەوتن و ئەوان لە شەڕ دژی داعشلە مەیدانی شەڕدا یەکلاکەرەوە بوون. کاربەدەستانی تورکیە زۆر جار داعش و لایەنە کوردییەکان وەک یەک حیساب دەکەن بەڵام ئەوە بە دوو هۆ بێ بنەمایە: یەکەم، بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەن کە کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیە، هەواڵگریی تورکیە و ئەندامانی بنەماڵەی خودی ئەردۆغان پشتیوانییان لە داعش کردووە، کەلوپەلیان پێداون یا خود بارگانییان لەگەڵ کردوون. دووهەم، دوای ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیە زەختی خستە سەر هەواڵگریی بەلژیک تا چەند چالاکی کورد بە تاوانی تێرۆریزم بگرن، دادگایەکی بەلژیک بەڵگەی کۆ کردنەوە و دیتی کە خستنی پەکەکە و گروپەکانی پێوەیندیدار بەوانەوە لە ناو لیستەی تێرۆریستی هەڵە بووە، بە پێچەوانە دادگا بۆی ئاشکرا بوو کە پەکەکە تەنیا “حیزبێکە کە تووشی کێشەی سەربازیی غەیرە ناونەتەوەیی بۆتەوە.”
لە کاتێکدا کە ئابووری تورکیە تووشی قەیران بووە، ئەردۆغان هێندەی دیکەش دژی جیرانەکانی شەڕانگێز بووە. بۆمباران کردنی عێراق، بە تایبەتی ناوچەی شنگال کە زۆرینەی خەڵک لەوێ ئیزەدین، بۆتە ڕووداوێکی پەیتا پەیتا. تورکیە شڕکەرانی داعشی بە فڕۆکە گەیاندووەتە لیبی و ئابلۆقەی چەکوچۆڵ دژی لیبی چەند جار پێشێل کردووە. تورکیە بە بیانووی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام باکوور و خۆرهەڵاتی سووریەی داگیر کردووە بەڵام، لە ڕاستیدا، ئەوێ ئێستا بۆتە ناوچەیەکی پاکتاوی ڕەگەزیی دژی کورد.
ئێستا ئەردۆغان هەڕەشە لە یونان دەکا. ئەردۆغان لە ٧ی سێپتامبر گوتی، :کاتێک ساتەوەختی بڕیار دێت، و من ئەوە بە ئاشکرا دەڵێم، ئەوانەی بە نرخی هەڕەشە لە ئاسایش و خۆشبژیویی هاووڵاتیان دژی تورکیەن، تێچوویەکی قورس دەدەن.” مەسعود حەققی جاشین، ڕاوێژکارێکی نزیکی ئەردۆغان، هەڕەشەی کرد کە، “فڕۆکەوانەکانمان بەو زووانە پێنج شەش لەوان [فڕۆکەی یونانی) دەخەنە خوارەوە و ئێمە شەڕ دەست بێدەکەین.” ئەو پێشنیاری کرد کە تورک، فڕۆکەوانەکان بە چەقوو هەنجن هەنجن بکەن.
تورکیە خۆش شانس بووە کە بە دیان ساڵە، تەنیا هێزێکی دەرەکیی کە یارمەتی بەرچاوی بە پەکەکە کردووە سووریە بووە، ڕەنگبێ بە پشتیوانیی یەکیەتی سۆڤیەت بووبێ و دوای هەرەس هێنانی ئەویش، ڕوسیە. هەنووکە کاربەدەستانی سعودی بە ئاشکرا سەردانی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریە دەکەن. لە کاتێکدا کە چەکوچۆڵی ئەمریکایی کە دراوە بە هێزی بەرگریی سووریە بۆ شەڕی ئەو گروپە دژی سەرهەڵدانەکانی داعشە، ئەگەر سعودی یارمەتی کوردان بکا ئەو مەرجە دیاریی ناکا. یارمەتی میسریش بە هەمان شێوە: قاهیرە دڵنیایە کە ئامانجی ئەردۆغان لە پشتیوانیکردنی دەوڵەتی ئیسلامیستی لیبی لە کۆتاییدا ئەوەیە کە یارمەتیدەری ئیخوان ئەلموسلمین بێ ئەوە و هەڕەشە لە ئاسایشی میسر دەکا. یونانیش بەو تاقمە زیاد بکە، و سەرهەڵدانی کوردان لە تورکیە لەوانەیە دەستی بە وەها چەکوچۆڵێک و داراییەک ڕابگا کە پێشووتر تەنیا خەونی پێوە دەدیت.
پەکەکەش پێویست ناکا تاوانبار بێ؛ ئەو ڕێکخراوە بە ڕاستی وێدەچێ لاپەڕەیەکی نوێی لە پێوەندی لەگەڵ ئامانج و ئاکارەکانی پێشووی خۆی هەڵدابێتەوە. بەڵام هەر وەک زۆر لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ڕابردوو، پەکەکەش لاباڵ و تاقمی جیابۆوەی وەک هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان (تاک)ی هەیە کە وەک ئۆجەلان بێدەنگ نەبوون.
نەتەوەپەرستانی تورک لەوانەیە بە بێڕێزیی و هەڕەشە وەڵام بدەنەوە، بەڵام ئەوانیش دەبێ ڕێئالیست بن: ئەردۆغان هەڵەیە و بە شێوەیەکی پەرەئەستێن بێباک. شەڕفرۆشییەک خراپە، بەڵآم چەند شەڕفرۆشیی هاوکات، گەمژەییە: کاتێک وڵاتانی دیکە تەنانەت بە شاراوە یارمەتی سەرهەڵدانی کوردان لە تورکیە بکەن، هیچ ڕێگایەک بۆ گەڕانەوە نامێنێ.هەر تورکێک هەراوهوریا و شەڕانگێزیی ناوچەیی ئەردۆغان قبووڵ بکا، یارمەتی بە مەزنایەتی تورکیە، وەک لایەنگرانی ئەردۆغان بانگەشەی بۆ دەکەن، ناکا بەڵکو یارمەتی بە لێکهەڵوەشانی یەکجارەکی دەکەن.