دەرسەکانی شەوی یەڵدا و ١٧ی خەرمانان. عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده

لە دوو کردەوەی جینایەتکارانە و تێڕۆریستی‌دا کە شەوی یەڵدا، ٣٠ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٥ و ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی (٢٠ی دیسامبری ٢٠١٦ و ٨ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی) کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دژی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە نیزیک شارۆچکەی «کۆیە» بەڕێوەی بردن، ١٩ تێکۆشەری دێموکڕات و دوو خەباتگێڕی ئاسایشی هەرێمی کوردستان شەهید و بەدەیان کەسی دیکەش -لەنێویاندا ژن و منداڵ- بریندار بوون. کارەساتەکان ئەوەندە گەورە بوون و خەسارەکە هێندە دڵتەزێن بوو کە ئێستاش هەموو ساڵێ و هەموو مانگێک و تەنانەت هەموو ڕۆژێ یاد دەکرێنەوە و تا ئێستا بە دەیان و سەدان و بگرە هەزاران پەیام و وتار و شێعر و پەخشانی حەماسی¬یان لەسەر نووسراوە. هێشتا کانیاوی پڕئاوی فرمێسکی ئازیزانی شەهیدەکان وشکی نەکردوە و جێگای ئەو سەرمایە بەنرخانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان پڕ نەبۆتەوە و کەلێنیان لە نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەدا هەر دیارە و هەتا دنیاش دنیایە هەر دیار دەبێ.
ڕەنگە بۆ هەمووان و بەتایبەتی بۆ کەسانێک کە لەنیزیکەوە من دەناسن جێی پرسیار بێ کە چۆنە ئەو ماوە دوورودرێژە بەرامبەر بەو دوو کارەساتە جەرگبڕە بێدەنگ بووم و متەقم لەبەر بڕاوە. بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، -بێ ئەوەی بمەوێ بێدەنگییەکەم پاساو بدەم- پێ لەو ڕاستییە دەنێم کە گێڕانەوەی هەر دوو ڕووداوەکە و بەتایبەتی کارەساتی ١٧ی خەرمانان لە توانای قەڵەم و دەربڕینی من بەدەر بووە و چەند جار کە ویستوومە باسیان بکەم نەمزانیوە چۆن و لە کوێوە دەست پێ‌بکەم و بەناچاری وازم هێناوە و قەڵەمم داناوە. «یا سخن دانستە گو ای مرد عاقل یا خموش».
ئەوەی لەو چەند ساڵەدا لەسەر ئەو دوو ڕووداوە نووسراوە، ئەگەریش بایی خوێنی بەناهەق‌ڕژاوی تاقە یەکێک لەو شەهیدانەش نەبێ -کە نیە-، بەڵام هەم قووڵایی کارەساتەکە و هەم ڕادەی وەحشیگەریی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و هەم لەوانەش زیاتر هەستی برینداری ڕێبوارانی ڕێگای ڕزگاری و بەگشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی بەڕادەی پێویست نیشان داوە و شتێکی بۆ من کە هەر لە سەرەتاوەش تاقەتم پێی نەشکاوە، نەهێشتۆتەوە. بۆیە بە ئیزن¬وەرگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ئەو دوو کارەساتە و دەگەڵ داوای لێبووردن لە هاوسەنگەرە خەباتگێڕەکانیان کە بە لێوەشاوەیی ئەرکەکانی ئەو شەهیدانەیان خستۆتە سەر شانیان و ئاڵاکەیانیان بە شەکاوەیی ڕاگرتوە، دەمەوێ لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە لەو بیرەوەرییە تاڵە بدوێم.
دەربڕینی داخ‌وکەسەر و ڕێز و وەفا بۆ شەهیدان و نیشاندانی سامناکیی کارەساتەکان و دەرخستنی ڕوخساری دزێوی کۆماری ئیسلامی نەک هەر بەجێیە، بەڵکوو پێویست و پیرۆزیشە، بەڵام گرنگتر لەوانە خەسارناسی و پەندوەرگرتن لە دەرسەکانی ئەو جۆرە ڕووداوانەیە. چونکە ئەمەیە کە ئەزموونمان دەداتێ و کۆمەگ دەکا کە لە درێژەی خەباتەکەمان‌دا تێبکۆشین چەندی بکرێ وشیاری پیلانەکانی دوژمن بین و ڕێ لە دووپاتەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە بگرین.
بە ڕاشکاوی دەبێ بڵێین لە هەردووکی ئەو ڕووداوانەدا کەمتەرخەمیی خۆمان نەخشی گەورەی لە سەرگرتنی پلانی دژی ئینسانیی پیاوکوژانی کۆماری ئیسلامیدا هەبووە. شتێکی زۆر سروشتییە دەوڵەتێکی دژی کوردی پیلانی زەبروەشاندن لە هەموو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کە پتر لە چل ساڵە بۆتە چەقڵی چاوی و بەهاوکاریی هەموو هێزە کوردستانییەکان و بەگشتی کۆمەڵانی خەباتگێڕی گەلی کورد نەیهێشتوە دەسەڵاتی دژی گەلیی ئەو ڕێژیمە لە کوردستان هەناسەی ڕەحەت هەڵکێشێ، دابڕێژێ. لەڕاستیدا ئەگەر وا نەبێ جێی سەرسوڕمانە. بەڵام ئێمە بۆ دەبێ دوژمن بەکەم بگرین و بەرامبەر بە نەخشە و پیلانەکانی خەمسارد بین؟
جارێکی دیکەشم ئەو ڕستەیەی گەورەپیاوێکی دنیای سیاسەت هێناوەتەوە کە دەڵێ «ئەوەندە ڕەخنە لە خۆتان بگرن کە دوژمن لە خۆشییان بکەوێتە سەما.» چ نەهامەتییەکی گەورەیە کە بەڕێوەبەری تەقینەوەکەی شەوی یەڵدای ١٣٩٥ بۆمبەکەی دەگەڵ خۆی هێنابوو، له شوێنی به‌رنامه‌بۆداڕێژراوی دانابوو و بۆخۆی بە خەیاڵی ئاسوودە پاڵ بە پاڵی تێکۆشەرانی حیزب تا تەواوبوونی ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی دوکتۆر قاسملوو دانیشتبوو، بێ ئەوەی کەسێک لێی بپرسێ چیت پێیە، چونکە بە گیانی ناخێری لایه‌نگری خۆمانه. ئەوەش لە حاڵێکدا ماوەیەکی زۆر پێش ئەوە لەنێوخۆی وڵاتەوە هۆشدار درابوو کە کەسێکی «لەوحاڵەولەوڕەنگە» که لە فڵانه شوێن دادەنیشێ، بۆتە پیاوی ئیتتیلاعات و پیلانی بەدەستەوەیە. سەیر ئەوەیە ئەو تێڕۆریستە پاش تەقاندنەوەی بۆمبەکەش بە ماشێنی خۆی برینداری بردبوونە نەخۆشخانە و دوایە به‌حورمه‌ته‌وه ماڵئاوایی خواستبوو و کەس نەیگوتبوو بۆ بەو شەوە دەڕۆیەوە. سەیرتر ئەوەیە کابرا بە خۆی و ماشێنێکی ونجڕونجڕەوە بە بەردەم چەند پرسگەی ئاسایش‌دا تێپەڕیبوو کە زۆریشیان خەبەری تەقینەوەکەیان بیستبوو، کەچی لێی وەشک نەکەوتبوون و ڕایان‌نه‌گرتبوو تا ڕوون دەبێتەوە ڕووداوەکە چۆن‌چۆنی بووە.
دەبێ قبووڵ بکەین کە ئه‌گه‌ر له ١٧ی خه‌رمانانیشدا کۆماری ئیسلامی توانی ئه‌و زه‌بره گه‌وره‌یه‌مان لێ بوه‌شێنێ، که‌مته‌رخه‌می و بێ‌موبالاتیی خۆمانیشی تێدا بوو. نیزیک بە ده ساڵ دەبوو کە هەموو کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندی لەو ساڵۆنە و لە هه‌مان رۆژانی هه‌فته‌ پێک‌دەهاتن. ئەو پلینۆمەش کە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ کەوتە بەر پەلاماری مووشەکیی کۆماری ئیسلامی، مانگێک زیاتر بوو بڕیاری بۆ درابوو کە لەو ڕۆژەدا بگیرێ. بەداخەوە نەک هەر ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەڵکوو خەڵکێکی زۆری دیکەش لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان دەیانزانی کە ئەو ڕۆژە پلینۆمە. له‌ حاڵه‌تێکی وادا شتێکی تازه نیه که بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئەو کەلێنە بقۆزنەوە و بۆ ئافەرینێک و پارووەنانێکی سەرشۆڕانە ڕاپۆرت بدەنەوە و لە ئاکام‌دا زەبرێکی هێندە بەژان وەپەیکەری حیزبی دێموکڕات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بکەوێ.
بیرەوەرییەکی تاڵی من لەو ڕووداوە کە قەتم لەبیر ناچێتەوە ئەوەیە کە لە چەند تێکۆشەری حیزبیم بیست دەیانگوت قەت بە بیرم‌دا نەدەهات کۆماری ئیسلامی چەکێکی وا ستڕاتژیک بەدژی حیزبی دێموکڕات بەکار بەرێ. ئەمە لەکاتێک‌دا بوو کە ڕێژیمی ئیسلامی ٣٠ ساڵ پێشتر لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٦٥دا چەکی شیمیایی بەدژی حیزبی دێموکڕات بەکار هێنابوو، ٢٣ ساڵ پێشتر هەر ئەو قەڵای دێموکڕاتەی بۆمباران کردبوو، و ٢٠ ساڵ پێشتریش لە ڕێگای زەمینییەوە بە مەبەستی قەڵاچۆ و ڕیشەکێشکردن، ئەو شوێنەی بە تۆپخانەی قورس و مووشەکی کاتیۆشا لە نزیکەوە بۆردومان کردبوو.
سەیر ئەوەیە ئەو مووشەکبارانە لە حاڵێک‌دا ڕووی دا کە کۆماری غەدر و خەیانەت ماوەیەکی زۆر بوو فریوکارانە بە نهێنی پێشنیاری وتووێژی بە حیزبی دێموکڕات و ئەندامانی دیکەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دابوو. چەند تاڵ و جێگای مخابنە ئەگەر بەشێکی کەمتەرخەمییەکە بگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە پێمان وا بووبێ ڕێژیم لە هەلومەرجێکی وادا پەلاماری بنکە و بارەگاکانی ئۆپۆزیسیۆن نادا و لەبیرمان چووبێ کە ئەو ڕێژیمە ڕاست بەناوی وتووێژ دوکتۆر قاسملووی دەداو خست و تێڕۆری کرد. ئەزموون نیشانی داوە کە گەورەترین هەڵە بۆ هێزێکی سیاسی ئەوەیە باوەڕ بە بزەی دوژمن، بەتایبەت دوژمنێکی وەک کۆماری ئیسلامی بکا، لە غەدر و خەیانەتەکانی غافڵ بێ، یان چاوەڕوانیی بەزەیی و پابەندبوون بە قانوون و ڕێوشوێنە ئینسانییەکانی لێی هەبێ!
بەداخەوە مێژووی کورد بەتایبەتی لە ئێران نموونەی ئەو چەشنە خەسارانەی زۆر تێدان. بەو ئاواتە کە هەموو لایەک پەند لەو ڕووداوانە وەربگرن و کارێک بکەن کارەساتی لەو جۆرە دووپاتە نەبنەوە.
ئێستا کە لە بەرەبەری دووەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی ١٧ی خەرمانان‌داین هەر ئەوەندەم لە دەست دێ کە وێڕای سڵاو لە گیانی نەمری هەموو شەهیدانی کوردستان لە دوورەوە دەستی دایک و باب و هاوسەرانیان و چاوی منداڵە نازلێ¬شێواوەکانیان ماچ بکەم و سەری ڕێزلێنانیان بۆ دانوێنم.
عەبدوڵڵای حەسەن‌زادە
١٦ ی خه‌رمانانی ١٣٩٩ (٦ی سێپتامبری ٢٠٢٠)