دوو خۆشکی گۆرانیبێژی لە یادکراوی کوردمان … رەزا شوان
گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان، بەشێکی گرنگن لە فۆلکلۆری هەر گەلێک .. هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی حەز لە هۆنراوە و لە ئاوازەکانیان دەکەن، ناشزانرێت یەکەمین هۆنەر و ئاواز دانەرەکانیان کێ بوونە .. چونکە ئەم گۆرانییانە رەگێکی مێژوویی کۆنیان هەیە .. تا ئەمڕۆش چێژ و خۆشییان کاڵ نەبوونەتەوە و .. کاڵیش نابنەوە .. وەکو بەشێکی رەسەنیش لە کەلەپووری نەتەوایەتی .. هەر نەتەوەیەکیش شانازی بە فۆلکلۆری نەتەوایەتی خۆیەوە دەکات و .. دەیپارێزێت .. چونکە هەر نەتەوەیەک فۆلکلۆری رەسەن و داب و نەریتی تایبەتی خۆی نەبێت .. کەواتە رابردووی نییە .
ئێمەی کورد، گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی لەبنەهاتووی گۆرانی فۆلکلۆریمان هەیە .. کە بۆ سەردەمێکی کۆن دەگەڕێنەوە .. بەڵکو یەکێکین لە نەتەوە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە فۆلکلۆر دا .. لە گۆرانی فۆلکۆری کوردیدا، سروشتی جوان و رەنگینی کوردستان و، زادەی بیر و سۆز و چێژی مرۆڤی کورد و، داب و نەریتی جوانی کوردەواریمان رەنگیان داوەنەتەوە و، مۆرک و خەسڵەتێکی رەسەن و تایبەتییان بە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکان بەخشیون . هێندەش هۆنراوەکانیان و ئاوازەکانیان ناسک و شیرینن .. بە ئاسانی دەچنە دڵەوە و، دەبنە وێردی شیرینی سەر زارمان . تا ئێستاش لە لایەن گەلانی هاوسنووری کوردەوە دەستیان بەسەر چەندین گۆرانی و ئاوازی کوردیدا گرتوون و کردوویانن بە مۆڵکی خۆیان .. بەڵام سەرەڕای شێواندن و دەستکاری کردنیان .. بە زەقی مۆرک و رەسەنایەتی کوردییان پێوە دیارە .. لەمە زیاتر درێژە بە باسکردنی گۆرانی فۆلکلۆری کوردیمان نادەین .. ئەم باسە گرنگە بە هۆنەرمەندان و بە شارەزایانی دڵسۆزی کوردمان لەم بوارەدا دەسپێرین .. هیواداری کە بتوانن لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانیان دەربارەی فۆلکۆری کوردیمان بە ئەرشیف بکەن و .. لە کتێبی چاپکراودا پێشکەشمانی بکەن .. بەمەش خزمەتێکی پیرۆز و باش پێشکەش بە فۆلکلۆر و کەلەپووری گەلەکەمان دەکەن و .. دەیان پارێزن .
وەکو لە ناونیشانەکەی سەرەوەدا نووسیومانە، باسەکەمان دەربارەی دوو خوشکی کوردی گۆرانیبێژن، کە ناوەکانیان ( نـازدار و ئەسمەر فەرهـاد) ن، دەنگیان زۆر ناسک و خۆش و بەجۆشە، هەموو گۆرانییەکانیان فۆلکلۆرین، ئاواز و دەنگەکانیان لە ناخی دڵیانەوە دێن .. هەموو گۆرانییەکانیشیان، بە جووتە پێکەوە وتوویانە .. لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی رابردوودا .. من منداڵ بووم ماڵمان لە شاری کەرکوک بوو .. هەموو رۆژێ تاوێکی باش گوێم لەو گۆرانییە خۆشە کوردییەکان دەگرت .. کە ( بەشی کـوردی ـ لە رادیـۆی بەغـدا ) بڵاوی دەکردنە .. لەو گۆرانییانەی کە تا ئەمڕۆش بەلامەوە خۆشن و چێژیان لە دڵ و هۆشمدا کاڵ نەبوونەتەوە .. ئاوازە رەسەنەکانیان لە گوێیەکانمدا دەزرنگێنەوە .. گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکانن .. بە دەنگە خۆش و رەسەنەکەی هەردوو خوشکی گۆرانیبێژ ( نـازدار و ئەسمەر فەرهـاد ) .. کە زۆر سەرسامی دەنگە ناسک و بەسۆز و خۆشەکەیان بووم .. لە گۆرانییە فۆلکۆرییە تۆمارکراوەکانی ( نــازدار و ئەسمەر فەرهــاد ) کە ( بەشی رادیۆی کوردی ـ بەغدا) بڵاوی دەکردنەوە، ئەوانەی کە ناوەکانیان لە یادم ماون :
١ـ ( دە مەگـری مەگـری چـاوانت دێـشێ …. دایـکت نەمـاوە نـازت بکێـشێ )
٢ـ ( گەردوون من چیبکەم چیم دەسەڵاتـە …. خەتـای من نییە دڵ مفتەلاتـە )
٣ـ ( جـوانین ئێمە جـوانین …. پەری ناو شاخانین …. لە خواوەیە جـوانین )
٤ـ ( بولبــول مـژدە بەهــــارە … هـەور نەمـاوە و رۆژ دیـــارە )
٥ـ ( گـزەی جەرگــانم مـاڵی وێـرانم …. جێـگام بۆ راخــە ئەمـشەو میــوانم )
٦ـ ( هە لاوە لاوە گوڵێ .. شەوقی رووناکی گوڵێ .. پێم بڵێ لەسەر چی تۆراوی)
٧ ـ من لەو باوەڕەدام، کە ئەم دوو خوشکە، بە دووقۆڵی گۆرانی فۆلکلۆریی زیاتریان هەبێت .. کە لە رادیۆدا تۆۆماریان نەکردووبن .
لە وانەشە ( نازدار و ئەسمەر فەرهاد ) ئەو گۆرانییانەی کە لە رادیۆی کوردیدا تۆماریان کردوون .. لە ناوەڕاستی ساڵانی چلەکاندا تۆماریان کردووبن .. هاوکات بوونە لەگەڵ گۆرانیبێژ ( نەسرین شیروان ) و گۆرانیبێژ ( گوڵبەهـار ) دا .. بەڵام ئەمان لە رادیۆدا نەماونەتەوە .. تەنها بۆ تۆمارکردنی گۆرانییەکانیان چوونەتە رادێۆی کوردی لە بەغدا .
ئەوەی بەلای منەوە جێی نیگەرانی و داخـە .. تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی ژیان و دەربارەی گۆرانییەکانی ( نازدار و ئەسمەر فەرهاد) باس نەکراون و .. لەو کتێبە چاپکراوانەش، کە لێکۆڵینەوەیان دەربارەی گۆرانی کوردی کردوون، بەرچاوم نەکەوتووە باسی ئەم دوو خوشکە و گۆرانییەکانیان کردووبن .. لە هیچ دیمانەیەکی هونەریی هۆنەرمەندانیشدا، کە لە تەلەفزیۆنەکانی کوردستاندا باسیان لە هونەری گۆرانی و ئاوازی کوردی کردووبێ، ئاماژەیان بە رۆڵی ئەم دوو خوشکە لە گۆرانی کوردیدا نەکردوون .. ؟ بۆیە ناوی ئەم دوو گۆرانیبێژەی کوردەمان بەلای گەنجانی ئەمڕۆمانەوە نامۆ و نەناسراون .. کەچی هەندێ لە گۆرانیبێژانی ئەمڕۆش هەندێ لە گۆرانییەکانی ئەم دوو خوشکە دەڵێنەوە .. بەڵام نە دەنگ و، نە ئاوازەکانیشیان تام و چێژی دەنگ و ئاوازە رەسەنەکانی ( نازدار و ئەسمەر فەرهـاد) یان هەیە .
ئەوەی تا ئێستا کە من دەربارەی گۆرانيبێژان ( نـازدار و ئەسمەر فەرهـاد ) لە دەمی هاوڕێیەکمەوە بیستم، کە زیاتر لە پەنجا ساڵ پێش ئێستا بوو .. گوایە لە دیمانەیەکدا لە ( رادیۆی کوردی ـ بەغدا ) کە لەگەڵ هونەرمەندی گەورەی کوردمان، مامۆستای نەمرمان ( عەلـی مـەردان ) دا سازکرابوو، مامۆستا وتوویەتی :
” ( نـازدار و ئەسمەر فەرهـاد ) دوو خوشکی کوردی جوولەکە بوون .. دوو کچی جوان و باڵابەرز بوون .. دەنگیان زۆر خوشبوو ” بەڵام من ناتوانم چەخت لەسەر پشت راستکردنەوەی ئەم قسەیەی هاوڕێکەم بکەم .. وەکو وتم تەنها ئەو بۆی گێڕامەوە .. ئایە وایە یان وا نییە .. نازانـم ؟ خۆزگە مامۆستا عەلی مەردان بمایە و راستیی ژیانی ئەم دوو خوشکەی بۆ باس دەکردین .. چونکە مامۆستا عەلی مەردان لە ساڵانی چلەکانەوە لە ئێستگەی رادێۆی کوردی لە بەغدا بوو .. خۆ ئەگەر راست بێ کە ئەم دوو خوشکە گۆرانیبێژە ( نازدار و ئەسمەر فەرهاد) دوو کچە جوولەکەی کورد بوون .. لەوانەیە لە ساڵی ( ١٩٤٨) دا، کە دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزرا، لەگەڵ خێزانەکەیان و جوولەکانی عێراقدا چووبن بۆ ئیسرائیل … تا ئێستاش باسی وام نە گوێ لێبووە و .. نە خوێندوومەتەوەش .. بۆیە پێویستیان بە سەلماندن هەیە .. ناشزانم ئەم دوو خوشکە ماون یا کۆچیان کردووە .. لەو باوەڕدام ئەگەر بمانایە تا ئێستا سەرە داوێکمان دەربارەی ژیان و گۆرانییەکانیان دەست دەکەوت و، ئەم گرێ کوێرەیەمان دەکرایەوە .. ئەگەر لە ژیاندان ئەوپەڕی تەمەندرێژیان بۆ دەخوازین .. ئەگەر کۆچی دوایشیان کردووە .. هەزاران رەحمەتان لێبێ .. لە دڵی ئێمەدا هەر بە نەمری دەمێننەوە .. بە ئەوپەڕی رێزیشەوە ناویان دێنین .
رەنگە شریتی گۆرانییەکانی ( نازدار و ئەسمەر فەرهاد ) و ساڵی تۆمارکردنیان .. لە ئەرشیفی رادیۆی کوردی لە بەغدا مابن .. ئەگەر لەو تاڵانی و دزی وێرانکارییانەی .. کە لە ساڵی ( ٢٠٠٣) دا، لە بەغدا روویان دا .. لە ناونەچووبن .
هیوادارم ئەو کەسانەی کە هەر زانیارییەکی زۆر و کەمیان، دەربارەی ژیانی ئەم دوو خوشکە گۆرانیبێژەی کوردمان ( نازدار و ئەسمەر فەرهاد ) هەیە .. با لە سایت و ماڵپەڕەکاندا بڵاویان بکەنەوە .. بۆ ئەوەی بناسرێن و لەیاد نەچـن .