په‌یامی خالید عه‌زیزی بۆ ده‌فته‌ری سیاسیی حدکا

کاک خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌ په‌یامێکدا بۆ ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ده‌ڵێ له‌ هه‌وڵه‌کانمان بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی دوو لایه‌نی دێموکراتدا به‌رده‌وام ده‌بین.

ده‌قی ئه‌و په‌یامه‌ به‌م جۆره‌یه‌:

بەڕێز دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران! وێڕای سڵاوی هاوڕێیانە!
پەیامەکەتان بۆ کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئامادەبوانی کۆنگرە و سەرجەم خوازیارانی یەکبوون و یەکگرتنی ناو ماڵی کورد لە رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، بە تایبەت دڵسۆزان و خەمخۆرانی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموکراتی خۆشحاڵ کرد.
لەم هەلومەرجەدا کە بە سەرنجدان بە رەوتی رووداوەکانی ناوچە، کورد زیاتر لە هەر کات پێویستیی بە رێکخستنی هێزی خۆیەتی، لە دۆخێکدا کە کوردستانی ئێران لە لایەن زیاتر لە یەک لایەنەوە کەوتۆتە بەر تەوژمی پشتگوێ خستن، ئەرکی ئێمەیە کە نەهێڵین له‌ پەڕاوێز بخرێ و پێویسته یارمه‌تی بکه‌ین که‌‌ لە سەر هێڵی دروستی سەرکەوتن، بەرەو به‌ده‌ستهێنانی ئامانجەکانی هه‌نگاو بنێ. بە داخەوە ناکۆکی و لەتبوون و ناتەباییەکانی چەند ساڵی رابردووی حیزبی دێموکرات، وەک حیزبێک کە ٧٠ ساڵە باری قورسی خه‌بات له‌ پێناو گەیشتنی گەلی کورد بە ماف و ئازادیەکانی هەڵگرتوە، زیانی زۆری بە بەرژەوەندیەکانی کورد لەم بەشەی کوردستان گەیاندوە. وەک لە پەیامی ئێوەشدا هاتوە، دوژمنانی کوردو لە سەرووی هەموویانەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاترین قازانجی لەم ناکۆکی و لەتبوونی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموکرات چنیوەتەوە.
بە سەرنجدان بەو راستیانەیە کە گوتاری یەکگرتنخوازی، هه‌رده‌م گوتاری بەردەوامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەموو کۆنگرەکانی خۆیدا و دوا جار لە کۆنگرەی ١٦ش دا جەختی لە سەر پێویستیی یەکگرتنەوەی حیزب کردەوە. یەکگرتنەوەیەک کە هه‌موو لایه‌کمان هه‌ست به‌ براوه‌یی بکه‌ین و لە دوارۆژی یەکگرتنەوەشدا هەموومان حیزبەکە بە هی خۆمان و خۆمان بە خاوەنی ئەم حیزبە بزانین.
لەو راستایە دایە کە ئێمە پەیامەکەی ئێوە بە پەیامێکی ئه‌رێنی دەبینین. پێشمان وایە یارمەتی بە لێک نیزیک بوونەوەی زیاتری دوو لایەن دەکا. کۆنگرەش رێبەریی هەڵبژێراوی کۆنگرەی ١٦ی راسپارده‌وه‌ هەوڵی خۆی بۆ یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات درێژە پێ بدا. وەک چۆن لە پەیامەکەی ئێوەشدا هاتووە، هیوا دەخوازین بە یەکەوە بۆ سەر لە نوێ به‌ ده‌ستهێنانه‌وه‌ی یه‌کیه‌تیی ریزەکانی حیزبی دێموکرات زیاتر له‌ جاران هاوکار و هاوهەنگاو بین.
خالید عه‌زیزی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان