بانگەواز لە پێشوازی نەورۆزی ١٣٩٥دا

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
پێشوازیکەرانی نەوۆزی ژیانەوە و هەستانەوە!
ئەوا ئەمساڵیش نەورۆز، جێژنی نەتەوەیی‌و لە مێژینە، دەگەڕێتەوە بۆ لای هۆگران‌و ئەویندارانی خۆی لە کوردستان.

نەورۆز هەڵگری پەیامی نوێبوونەوە‌و ژیانەوەیە. هێمای زاڵبوون بە سەر سەرما‌و سەخڵەت‌و تەنگانەیە. پەیکی بانگەوازکردنی لاوانی نیشتمان بۆ خۆ گورجکردنەوە‌و خۆڕێکخستنەوەیە.
” نەورۆزی کورد‌و کوردستان، هەر جەژنی پێشوازی لە بەهار‌و ژیانەوەی سروشت نیە. هەر بۆنەیەک نیە بۆ خۆڕازاندنەوە‌و خۆشی نواندنی تاکەکان. نزیکەی سەدەیەکە نەورۆزی کوردستان، هەڵگری بەیداخی ڕاپەڕین‌و جاڕدەری هەستانەوە‌و بەگژداچوونەوەی بندەستی، زۆرداری‌و دیکتاتۆرییە. نەورۆزی کوردستان، مەشخەڵی دەستی لاوانی نەتەوەیەکی وڵات بەشکراو‌و داگیرکراو، لاوکی ڕزگاریخوازیی تیکۆشەرانی دیل‌و بەندی، ئاڵای شەکاوەی دەستی کچان‌و کوڕانی ڕاپەڕیو، هونراوە‌و حەیرانی نێشتمانیی وێژەوانان‌و هونەرمەندانە. گڕ‌و بڵێسەی تاریکی ڕەتێن‌و گەرما‌و تینی سەرمابەزێنە. گیان دەنێتەوە بەر جەستەی ئەویندارانی ژیان‌و، ورە‌و وزە بەسەر پێشمەرگەکانی کوردستان‌دا دەبەشێتەوە.”
لاوانی بە هەست‌و ئازادیخوازو سەرجەم خەڵکی وشیار‌و بە هەڵوێستی کوردستان!
داواتان لێ دەکەین ئەمساڵیش بۆنەکانی چوارشەمەسووری و نەورۆز بکەنەوە بە نوێنگەی یەکڕێزی‌و هەڵوێستی نەتەوەیی‌و نیشتمانیی خۆتان. ئێوە کە بە وشیاری‌و هیممەتی هەموو لایەکتان، ڕۆژهەڵاتی کوردستانتان کردوە بە لانکەی چالاکی‌و تێکۆشانی مەدەنی، لە چوارشەمە سووری‌و نەورۆزیش‌دا وێڕای دووری کردن لە هەر کردەوە‌و چالاکییەک کە زیان بە سڵامەتیی گیانیی خۆتان‌و هاونیشتمانان‌و ژینگەی کوردستان بگەیەنێ، دیسان کارنەڤاڵێکی جەماوەری‌ لە فەرهەنگدۆستی‌و عەزم‌و ئیرادەی خەباتکارانەی خۆتان وەڕێ بخەنەوە.
چاوەڕوانی‌و بانگەوازی ئێمە ئەوەیە، وانە‌و ئەزموون‌و دەسکەوتەکانی بەڕێوەبردنی نەورۆزی نەتەوەیی‌و حەماسیی ساڵانی ڕابردوو بکەن بە هاندەرو ڕێنوێنی یادەکانی ئەمساڵ. پێویستە ناوەرۆک‌و پەیامی نەتەوەیی، ئازادیخوازانەو خەباتکارانەی نەورۆز وەک هەمیشە بپارێزرن‌و نیشانی بدەنەوە. بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بە شێوەیەکی هێمنانە‌و مەدەنی، نابێ ڕێگر بێ لە نیشاندانی ناڕەزایەتییان لە ستەم و بندەستی و بێبەشی. نابێ بێدەنگەکردن بێ لەو هەڵاواردن‌و سەرکوتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە دژی گەلی کورد بەڕێوەی دەبا. ئەرکی یەک یەکی ئێوەیە لەبۆنە‌و ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان‌دا شێلگیربوونی خۆتان لە سەرداواکردنی مافەڕەواکانتان بسەلمێننەوە. داوا وپەیامی ئێمە بۆ ئێوە ئەوەیە با کۆڕ‌و کۆبوونەوە نەورۆزییەکانتان وەک ساڵانی ڕابردوو گشتی‌و جەماوەری، با دەنگی سروود‌و گۆرانیی نەتەوەیی‌و نیشتمانیتان، وەک جاران بەرز و دلیرانە بێ. لەم یادانە دا، شانازی بە زمان‌و کولتوور‌و نەریتە جوانەکانی خۆتانەوە بکەن.
ئێمە هیوادارین لە نەورۆزی ئەمساڵیش‌دا ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەیان حەماسە لە یەکدەنگی‌و یەکهەڵویستی، دەیان دیمەنی پڕشکۆ لە بەرزیی وشیاری سیاسی‌و نەتەوەیی‌و بەفەرهەنگبوونی خۆیان بخوڵقێنن‌. بەم هیوا‌و چاوەڕوانیەشەوە هەر لە ئێستاوە پیرۆزبایی رێوڕەسمەکانی نەورۆزتان لێ دەکەین.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٤
١٤ی مارسی٢٠١٦