سنوورەکانی دەسکردی داگیرکەر ڕاکەن! جەماڵ عەڵیاڵی

وەکی کورد کوتەنی، گۆمەکە خەریکە قووڵتر دەبێ، واتە هەتا زیاتر کات تێدەپەڕێ، ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین گەشەی زیاتر بەخۆوە دەگرێت. دەمێکە باسی دابەشکردنی نۆێ دەکرێ، دەمێکە باسی ئەوەش دەکرێ کە لەو ناوەدا کورد دەتوانێ دەوری خۆی بگێڕێ. ئەو بەشەی دووایی خەریکە زیاتر ئاشکرا دەبێ و ئەگەر کەسانێک هەبووبن کە متمانەیان بەوە نەبووبێ، ئێستا ئەوانیش بۆیان دەرکەوتووە کە “چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەبێ تێوەگلانی کورد ناکرێ”. هەوڵی نووسەر ئەوەیە کە لەو کوورتە بابەتەدا، خاڵیکی ئاشکرا لە سەر ئەو پرسە، بخاتە بەرچاوی خۆێنەری بەرێز.
چەند ساڵ لەمەوبەر داگیرکەری کوردوستان ڕەشمەی ڕووداوەکانی لە دەست ترازابوو، نووقمی قەیرانەکانی بوو، کەوتبوو خانەی خۆپاراستن. بە هەڵگیرسانی “بەهاری عەرەبی” پشوویەکی دا و وەخۆ هاتەوە و هێدی هێدی خۆی خستەوە خانەی هێرش بردن. مینای ئەو هێرشانە، لە وەپاش خستنی مادەی ١٤٠ لە باشوور، هەڵوەشاندنەوەی وتووێژەکان لە باکوور، هێرش بردنە سەر گەلی کوردمان لە ڕۆژئاوا بەدی دەکرێ. بە تێپەڕبوونی کات، ئەو هێرشانە زیاتر بوون، لە باشوور “مووچە”یان بڕی، سپاسالاری کوردیان وەلا نا، شەرت و مەرجیان بۆ کورد زیاتر کرد، لە ڕۆژئاوا هێرشی ڕاستەوخۆ برایە سەر گەلەکەمان، لە میوانخانیە ناونەتەوییەکاندا ناوی کوردیان هەڵاوارد، لە باکوور هێرشی ڕاستەوخۆ دەستی پێکرد، چاوپێکەوتنەکانیان دەگەڵ عەبدوولا ئۆجەڵان ڕاگرت و پیلانی تێوەگلانی لایەنەکانیتری کوردیان بۆ سەرکووتی پە کە کە دەست پێکرد. درێژەی ئەو پڕۆسەیە لەو دوواییانەدا بوو بە ئینکاری کورد لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی سووریا، هێرشی سەربازی بۆ کوردستان بۆ هەر سێ پارچەی باکوور و ڕۆژئاوا و باشوور لە لایەن تورکیا، ئاشکرابوونی دەست تێوەردانی دەرەکی بۆ هاندانی شەڕی براکووژی لە باشوور.
لە کاتێکدایە کە لە باکوور شەڕی دژواری خۆسەری هەیە، لە ڕۆژئاوا جاڕی فێدرالی لێدراوە، لە باشوور جگە لە هەولێر و سلێمانی، گشت شۆێنێک لە گەمارۆی داگیرکەری فرەرەنگ دایە، هەر لەو کاتەدا عەبادی لە عێراق وەزیرەکانی خۆی هەڵدەبژێرێت. نووسەر، نێوەکانی سەیرکرد، تەقە یەک ناوی کوردی تێدا نیە بەڵام گوایە یەک لە وەزیرەکان کوردە، لە هەمان کاتدا ئۆپۆزیسیۆنی سووری باسی لە زمانی عەرەبی وەک تەنیا زمانی سووریا دەکات، میواندارییەکانی تورک و سووریا درێژەی هەبوو و هەر وەها ئێرانیەکانیش بەرەو تورکیا وەڕێ کەوتن بۆ وتووێژ! ئەرێ، پێویستە تاکی کورد و سازەکانی کوردی بلیمەت بن بۆ ئەوەی تیبگەن کە داگیرکەرانی وڵات هێرشەکانیان چڕ و پڕ کردووە بە ئامانجی پاراستنی کەیانی خۆیان؟
هۆکاری هەڵوێستی ئەو ڕۆژانەی داگیرکەران لە سەرکەوتنی خەباتی رزگاری و دێمۆکراسی لە باکوور و ڕۆژئاوایە، لە دەنگدانەوەی پاراستنی خۆسەریە لە باکوور، لە دەنگدانەوەی جاڕی فیدرالی ڕۆژئاوایە. پێویستە تاک و سازەی کوردی هەڵوێستی لە سەر دۆخەکە هەبێ و خۆی دەگەڵ ویست و داخوازەکانی نەتەوەیی یەک لا بکاتەوە. هەر ئێستا یێکێتی نەتەوەیی لە گشت کاتێکیتر پێویستترە، ئێستا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو سنوورە دەسکردانەی داگیرکەران بسڕینەوە. ئەگەر نەتەوەی کورد ئەو دەرفەتە لە دەست بدات، نێوی وەکوو دۆڕاوێکی گەورە دەچێتە ناو لاپەڕی مێژوو. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا نەتەوەی کورد دۆخەکە بەو شێوازە کە هەیە دەخاتە بەرچاو یاخود بەو شێوازە کە داگیرکەر و نەیارانی دەینەخشێنن؟
جەماڵی عەڵیاڵی