گیارەنگ و ١٤ ساڵ خزمەت بە ڕۆژنامەگەری کوردی لە ڕێگای ئینترنێتەوە.

بە بۆنەی هەڵکردنی مۆمی ١٤ ساڵەی دەست پێکردنی کاری ماڵپەری گیارەنگ و کاری ڕۆژنامەگەری لە ڕیگای ئینترنێتەوە، ڕازاوەترین پیرۆزبایی ئاراستەی تێکرای ئەو کەسانە دەکەین کە بۆ زانیاری وەرگرتن ڕوویان لە ماڵپەری گیارەنگ کردووە و هەر لە ڕێگای ئەم کورتە نووسینەش را ڕێز لە کارو ماندوویی‌نەناسی هەموو ئەو بەریزانە دەگرین کە بۆ دەوڵەمەندتر کردنی ماڵپەری گیارەنگ بە ناردنی نووسینی جۆراوجۆر لە هەموو بوارەکاندا هاوکار و پشتیوانی ماڵپەری گیارەنگ بوون.
جێگای خۆیەتی سوپاسی بەرێوەبەرانی ماڵپەری گیارەنگ و هاوکات بەرێزان کاک مەریوان نستانی و کاک ئیبراهیم عەزیزی بکەین کە بەردەوام هەوڵیان داوە بە نوێ کردنەوەی ماڵپەر و دیزانی گیارەنگ و لەگەڵ ئەوەشدا بە کاری بەردەوامیان کەم و کوڕی و گیروگرفتە تیکنیکی‌یەکانی ماڵپەری گیارەنگیان بە دڵ ئاواڵایەوە بۆ کەم کردووینەوە و نەیان هێشتووە کە ماڵپەرەکە تووشی گرفتی چارەسەر نەکراو ببێ.
هاوکات سوپاسی هەموو ئەو بەرێزانە دەکەین کە لە ڕێگای نووسین و تەلەفوون و ئێمێلەوە، بۆچوون و تێ‌بینی و پێشنیار و ڕەخنەی خۆیان بۆ باشتر کردنی گیارەنگ بۆ ڕەوانە کردووین و لە سەر یەک هاوکارمان بوون بۆ بەردەوام بوونی زیاتری وەشانی ماڵپەرەکەمان. بێ‌شک هاوکاری خوێنەران و نووسەران بۆتە پشتیوانێکی مەعنەوی بۆ بەرێوەبردن و بۆ چالاکتر کردنی گیارەنگ.
ڕەساڵەت و مێژووی کاری گیارەنگ هیممەت و ئیرادەی کۆمەڵێک نووسەر و خوێنەرە کە جێگای ڕێز و پێزانینی بەرێوەبەری گیارەنگن.
لە ڕۆژی دەست بەکار بوون و تاقیکاری یەکەم ڕۆژی وەشانی ماڵپەری گیارەنگ دا چاومان لە ڕۆژ و مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی بوو، لە ڕیگای ئەم نووسینەوە جوانترین پیرۆزبایی لە نووسەران و ئەدیبان و وەرگێر و شاعیران و چیرۆکنووسان و هەموو خوێنەرانی بەرێزی ماڵپەری گیارەنگ دەکەین و هاوکاتیش ڕێز لە ماندوویینەناسی خامە و پێنووس و قەڵەم بەدەستانی کورد دەکەین کە بەردەوام کار بۆ دۆزی ڕەوای کورد دەکەن و لە ڕێگای نووسین و وەرگێر و بەرهەمەکانیانەوە کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر دەکەن.
جێگای ئاماژەیە کە هەم ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی کە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی‌یە و هەم ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ی زائینی کە ڕۆژی بۆردوومانی شاری قەڵادزێی باشووری کوردستانە، هەر کامیان بە شێوەیەک مێژووی دیاری گەلەکەمانن.
ئەگەر ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی بۆتە چرای ڕووناکی کاری ڕۆژنامەگەری کوردی، ئەوە ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ ی قەڵادزێش بۆتە مەشخەڵی هەڵکراوەی خەبات و شۆرش بۆ ڕزگاری کوردستان، هەر بۆیە گیارەنگ خۆی بە بەختەوەر دەزانێ کە وەشانی خۆی لەم دوو رۆژ و حەوتووەدا دەست پێکردووە و بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین کە ئەم دوو ڕۆژە بکەینە ڕۆژی لە دایکبوونی ماڵپەری گیارەنگ و بەرێوەبەرانی گیارەنگ ڕێز لە هەر دوو مێژووەکان دەگرێ.
سڵاو لە بنەماڵەی بەدرخانی‌یەکان سەر قافڵەی کاری ڕۆژنامەگەری کوردی
سڵاو لە خۆڕاگری قەڵادزێی دووجار شەهید و سڵاو لە شەهیدان و خەباتکارانی ئەم دەڤەرە ڕەنگینە.
بەرێوەبەری گیارەنگ حەمەرەسووڵ کەریمی