چەند دڵۆپ فرمێسک بۆ یارە بە وەفاکەی شەهید مەلا ئاوارە بەرێز کاک حەمەرەسووڵ حەسەن‌پوور

به‌داخ‌ و په‌ژاره‌یه‌کی زۆره‌وه‌ ئێوارەی ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ ڕێکه‌وتی ٣١ – ٠٥ – ٢٠١٦ یه‌کێک له‌ سیما خۆشناو و ناسراوه‌کانی شاری سه‌رده‌شت و یەکیک لە کادرە دیار و بەرچاوەکانی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرێز حەمەرەسووڵ حه‌سه‌ن‌پوور دوای ماوەیەک نەخۆشی و ناسازی لە نێو کۆڕی ئەندامانی بنەماڵەی لە ئازادی کۆیە لە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا چاوەگەش و پڕ لە هیواکانی لە سەریەک دانان و کۆچی دوایی کرد.
کاک حەمەرەسووڵ حەسەن‌پور ساڵی ١٣٢١ ی هه‌تاوی له‌ باوه‌شی بنه‌ماڵه‌یه‌کی دیارو ناسراوی شاری سه‌رده‌شت دا له‌ دایک بوو، ئه‌و هه‌ر له‌ منداڵی‌یه‌وه‌ ڕێگای قوتابخانەی گرتۆتەبەر و هەموو قۆناخەکانی خوێندنی بە سەرکەوتوویی بڕیوە و دواتر بۆتە مامۆستا و بەرێوەبەری قوتابخانە و لە ژیانداو ئه‌وه‌ی له‌ توانای دابوو وه‌ک مرۆڤێکی دیارو به‌رچاو بۆ باشتر کردنی بنه‌ماڵه‌ و کۆمه‌ڵگا و قوتابخانە و قوتابی‌یەکان درێغی نه‌کردووە. کاک حەمەرەسووڵ وەک لاوێکی بە هەست و نیشتمان‌پەروەر لە بنەماڵەیەکی تەواو شۆڕشگێر و تێکۆشەردا چاوی بە دونیا نابەرابەری و ستەم کراوەتەوە و هەر بۆیە لە هەڕەتی لاوەتی دا خولیای وەدەست هێنانی ئازادی بۆ گەلەکەی دەبێ.
باب و مامەکانی لە کەسە شۆڕشگێر و دیارەکانی حیزب و سەردەمی کۆمار دەبن و کاک حاجی برایم حەسەن‌پوور باوکی کاک حەمەرەسووڵ لە ئەندامانی کۆمەڵەی ژێکاف و سوێندخۆری کۆمەڵە و کۆماری کوردستان و پێشمەرگەی کۆمار بووە. نەمر حاجی حەمەدەمین مامی یەکێک لە ئەندامە هەڵسوورێنەرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەردەشت دەبێ و ناوبراو بە هۆی هەڵسووڕانی بەردەوامی و هەروەها ئاشکرابوونی بەشێک لە ئەندامانی حدک لە ساڵی ١٣٣٢ ی هەتاوی لەگەڵ پۆلێک لە تێکۆشەران دەکەوێتە زیندان. شۆڕش و شۆڕشگێری و ئازادیخوازی زۆر زوو دەکەێتە بیرو فکری کاک حەمەرەسووڵی تازە لاو و ئەو ڕووداوە دەبێتە هەنگاوێکی دیکە بۆ بەرچاو ڕونی زیاتر لە سەر شۆڕش و هەروەها ناسینی دیکتاتۆری حەمەرەزا شای پەهلەوی.
هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ کاک حەمەرەسووڵ‌یان ده‌ناسی، هه‌ستیان به‌ دڵپاکی و ڕاستگۆیی و ئه‌مینداریی ئەو لاوە خوێن گەرمە ده‌کرد و وه‌ک که‌سێکی جێگای باوه‌ر وەک مرۆڤێکی بە هەست و شۆڕشگێر، وەک گەنجێکی لێزان و چاوکراوە سەیریان دەکرد بە گشتی له‌ ئه‌زموونی ژیانی مامۆستایەتی و دواتریش ئەزموونی کاری سیاسی که‌ڵکیان وه‌رده‌گرت. کاک حەمەرەسووڵ به‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ بنه‌ماڵه‌که‌یان وه‌ک یه‌کێک له‌ بنه‌ماڵه‌ شۆرشگێره‌کانی دژ به‌ حکوومه‌تی په‌هله‌وی و ئاخووندی ناسرا بوو له‌ هه‌ر دوو حکوومه‌ت دا زۆر لێبراوانە و نەترسانە کاری سیاسی کردووە و بە گشتی بۆتە یەکێک لە سیما دیار و ناسراوەکانی شاری سەردەشت.
دوای تەواوکردنی خوێندن وەک مامۆستای قوتابخانە وانەی بە قوتابیان گوتووتەوە و ساڵی ١٣٤٢ موعەلیمی ئاوایی دیواڵانی سەردەشت و ساڵی ١٣٤٣ موعەلیمی شڵماش و ساڵی ١٣٤٤ موعەلیمی ژاژۆکە و باساوەی سەردەشت بووە و زۆرجار کادرەکانی حیزبی دیوە و لە کۆبوونەوە یەک دوو کەسی‌یەکاندا بەشداری کردووە و زیاتر باری سیاسی خۆی بردۆتە سەر و لە ساڵی ١٣٤٢ ی هەتاوی دا بۆتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
لە ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی دا کاتێک رژێمی پەهلەوی بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک پەنا بۆ تەبعید و دوورخستنەوەی سیما دیارەکانی ناوچەی سەردەشت و دەوروبەری دەکات، کاک حەمەرەسووڵ حەسەن‌پوور یەکێک لە دوورخراوەکان دەبێ و جارێک بۆ دەوروبەری شاری گورگان لە باکووری ئێران و پاش ئەوە بۆ شاری تەفریشی نزیک شاری قوم دوور خرابۆوە، کاک حەمەرەسووڵ لەو ماوەیەشدا هەوڵی دابوو کە جوانترین ڕەوشتی ئینسانی لە خۆی نیشان بدا بۆ ئەوەی سیمای کورد لەو شوێنانە وەک مرۆڤێکی سەردەمیانە و بە مشوور و خەمخۆر نیشان بدات. جێگای ئاماژەیە کە هەر لە کاتی دوورخرانەوەی دا جیا لەم دوو شوێنەی ئاماژەی پێکراوە ، دوو ساڵیش بۆ شاری بانە دوورخراوەتەوە . ئەم دوورخستنەوەیەش دەبێتە قوتابخانەی ناسینی شوناسی نەتەوەیی و وەک بۆ خۆی دەیگووت ئەگەرچی زۆرم ئازاری دووری چێشت، بەڵام ئەم دوورخستنەوەیەش قوتابخانەیەک بوو بۆ لێ فێربوون و ڕێزگرتن لە خۆم و لە سرووشت و خەڵکی ناوچەی سەردەشت و کوردستان.
دوای گەرانەوەی بۆ سەردەشت لە لایەن خەڵکەوە ڕیزی تایبەتی لێ گیراوە و بە هۆی ژیری و وشیاری‌یەوە توانیویەتی خۆی لە دڵی چینی وەرزێر و کاسبکار و فەرهەنگیان و بازاریان دا جێ بکاتەوە و لەگەڵ ئەواندا بۆ بووژانەوەی شۆڕش کاری زۆر نەترسانە بکات. جیالەوانە کاک حەمەرەسووڵ کەسێکی کۆمەڵایەتی و تێکەڵ و مرۆڤێکی خاکی و قسەخۆش و مامۆستایەکی شارەزا و بەرێوەبەرێکی لێهاتوو بوو.
کاک حەمەرەسووڵ بە هۆی شارەزایی لە سەر کولتور و جوغرافیای ناوچە و بە هۆی خوێندەواری دیارو بەرچاویی و هەروەها خوێندنەوە و نووسینی جۆراوجۆر، پسپۆری‌یەکی زۆری لە کار لەگەڵ خەڵکی گوندنشین و لادێ‌یەکانی ناوچە و هەروەها کاسبکار و بازاریان و لەوەش گرینگتر فەرهەنگیان و ڕووناکبیرانی سەردەمی خۆی و قوتابخانەکان هەبوو. بە هۆی هەڵسوورانی بێ وچانی و بە هۆی ئیمانی پتەوی بە ئازادی گەلەکەی زۆر زوو خولیای شۆڕش و کاری سیاسی دەبێ و لە ڕیگای کاک کەریم حەدداد و شەهید مەلا ئاوارەوە لە ساڵی ١٣٤٢ ی هەتاوی دا دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دواتریش دەبێتە یەکێک لە کادرە هەرە دیار و هەڵسورەکانی حیزبی دێموکرات. بە هۆی خۆشناوی و شارەزایی و بوێری‌یەوە لە کۆنگرەی سێهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی لە گەڵ ئەوەدا لە کۆنگرەش دا حزووری نەبووە لە لایەن بەشدارانی کۆنگرەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نیوخۆی وڵات هەڵدەبژێردرێ و متمانەی گشتی بۆ کارو ئەرکی سیاسی و حیزبی لە نێوخۆی پیدەدرێ و ناوبراو بە حەق یەکێک لە دامەزرێنەرانی شانە و کۆمیتەکانی حیزبی لەو ناوچەیە دەبێ و هەروەها یەکێک لەو کادرە هەڵسووڕاوانەی حیزب دەبێ کە چاونەترسانە نامە و راسپاردە و وتەکانی حیزب دەگەیێنێتە تاران و ناوچەکانی دیکەی کوردستان و دەبێتە بەرپرسی تەشکیلاتی سەردەشت و ناوچەکانی دەوروبەری و تا گرتنی کۆنگرەی ٤ ی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨ دا بەوپەری لێزانی و شارەزاییەوە لە نێو شەوەزەنگ و زەبروزەنگی ساواک و ژاندارمی پەهلەوی دا نەترسانە کاری سیاسی و تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرێوە دەبا.

لە ڕاپەرینی پڕ شکۆی گەلانی ئێران دا لە سەردەشت ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو، زۆر پێش ڕاپەرین، لە ڕیگای کاک حەمەرەسوڵەوە، شەهید دوکتور قاسملوو و چەند هاورێیەک دەگەیێندرێنە مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان بۆ ئەوەی لە ڕاپەرین دا بەشدار بن.
دوای دامەزرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزی موعینی و کۆنگرەی ٤ ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک حەمەرەسووڵ وەک کادر و بەرپرسی تەشکیلاتی سەردەشت و دواتریش لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوو دا وەک بەرپرسی کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی خوێندن، بەرپرسی بنکەی تداروکات و تەقەمەنی گشتی حیزب، ئەندامی کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی و بەشی دارایی و هەروەها لە ئۆرگانە جۆراجۆرەکانی دیکەدا خزمەتی زۆری بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کورد بە گشتی کردووە و لە نێو شۆڕشیش دا بە سەدان قوتابی فێری وانەی خوێندن و وانەی شۆڕشگێری کردووە. لە ریزەکانی پێشمەرگایەتی دا کەسێکی ساحەب ئیرادە و بە هەڵوێست و شۆڕشگێر بوو، مرۆڤێکی دەست و داوێن پاک و خوو ڕەوشتی ئینسانی و ئەخلاقی شۆڕشگێری هەر هەموویان بۆ لێ فێربوون دەبون، جیالەوە لە هیچ مەئموریەتێکی حیزبی دریغی نەکردووە و هاوکاتیش هەمیشە هەوڵی بۆ یەکبوون و یەکریزی دەدا و تا بڵیی جێگای متمانەی ڕێبەری حیزب و هەموو کادرو پێشمەرگەکانی حیزب بووە و کەسێکی شەرم بەخۆ و جێی متمانەی گشتی بوو .
بە هۆی ڕاوەستاوی و شۆرشگێربوون و بوێری و چاونەترسی کاک حەمەرەسوڵ لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە حیسابی زۆری لەسەردەکرا و حکومەتیش بۆ ئەوەی کاک حەمەرەسووڵ بە چۆک دابێنێ. خانوو و سەروەت و سامانی ناوبراوی بە تەواوی دەست بە سەرداگرت. بەڵام کاک حەمەرەسووڵ کێوی ورە و ئیمان و ئیرادە بوو و هیچ کات گوێی بەوە نەدەدا کە سەروەت و سامان و مڵک و ماڵی بە دەست حکوومەت و جاشەکانەوە بە تاڵان چووە.
لە شۆڕشدا هەم شە‌هیدی داوە (شەهید حەمەساڵح حەسەن‌پوور و شەهید کاوە حەکیم‌زادە ) و هەمیش نرخی زۆر و سەرمایەی ژیان و لاوەتی بۆ ئازادی گەلەکەی داوە، هەرچەند پێشمەرگە بووە، بەڵام منداڵەکانی لە خوێندن بێ بەش نەکردووە و هاوکاتیش هەمیشە هاوکاری ئەو کەسانەی کردووە کە ویستوویانە درێژە بە خوێندن بدەن.
لەگەڵ ئەوەدا ڕیزەکانی شۆڕش واتە نەبوونی و کەم و کوڕی بەڵام هەمیشە هەوڵی داوە کە بە باشترین شێوە یارمەتی بە دەوروبەری خۆی بکا و بۆ خۆم یەکێک لەو کەسانە بووم کە لە خزمەتی دا کاری سیاسی و کاری بەرێوەبەریم لە تەنیشت کردووە و کەسێکی سادق و خۆنەویست و دڵفراوان و خاکی بوو.
بە هۆی ئەوە لەگەڵ بنەماڵەکەیان لە شاری قەڵادزێ ژیاوە، لە ناوچەی پشدەر و بتوێن و بە گشتی خەڵکی شاری کۆیە و ئەو شوێنانەی دیکەی کە بە هۆی شۆڕشەوە لێی ژیاوە ناسیاوی زۆری لەگەڵ خەڵکی باشووری کوردستان هەبوە و لە شۆڕشی ئەیلوول و ئاوارە بوونی خەڵکی قەڵادزێ دوای بوردوومانی ساڵی ١٩٧٤ ی زائینی دا لە کەسە دیارەکانی سەردەشت بووە کە یارمەتی بە ئاوارەکانی دەڤەری قەڵادزێ داوە و بە هۆی شارەزایی و مەئموریەتی حیزبی لەگەڵ شۆڕشی باشووری کوردستان تێکەڵ بووە و ماڵەکەی هەمیشە شوێنی حاوانەوە و حەسانەوەی کوردەکانی باشووری کوردستان بووە و بێ شک مێژووی شۆڕشی باشووری کوردستان قەرزداری کاک حەمەرەسووڵ و بنەماڵە شۆڕشگێرەکەیەتی.

کاک حەمەرەسووڵ خەمخۆری بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و خەڵکی کەم داهات و هەژار بوو، خۆشەویستی شەهیدانی ڕێبەر دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی بوو، کەسێک بوو کە بەرگری لە سیاسەتە درووستەکانی حیزب دەکرد و هاوکاتیش کەسێکی قسەورگر بوو، ڕەخنەی دەگرت و ڕەخنەی قەبووڵ دەکرد و بۆ گەورەیی حیزب و بۆ ڕاپەراندنی ئەرکەکانی حیزبی کەسێکی تا بڵێی بەکار و بە هیممەت بوو، ڕۆڵی کاریگەری لە شوێنی کار و بەرپرسایەتی‌یەکانی دا هەبوو و هەمیشە بە چاوی کراوەوە دەیروانیە کەم و کوڕی‌یەکان و بۆ نەهێشتنی کەندوکۆسپەکانی سەر ڕێگا هەوڵی بێ‌وچانی دەدا.
لەگەڵ ئەوەدا هەمیشە و بەردەوام لە هەڵسوورانی حیزبی دابووە، هاوکات لە نووسین و وەرگێرانیش دوور نەکەوتبۆوە و چەند کتێب و نوسراوەی بۆ دەوڵەمەندتر کردنی کتێبخانەی کوردی پێشکەش بە گەلەکەی کردووە، کە چەند دانەیان بریتین ‌لە: مێژووی سەردەشت، (یادی یاران١ ) ساتێک لەگەڵ مەلا ئەحمەد شەڵماشی (مەلا ئاوارە) دا، (یادی یاران٢) بەسەر کردنەوەیەکی سەرپێیی لە هەڵبەستەکانی مەلا غەفوور دەبباغی (حافزی مەهابادی) ، لە بارەگای سوڵتاندا (مێژووی کۆمەڵایەتی ئێران بەرگی حەوتەم) و هەروەها چەند کتێبی ئامادەی چاپن کە بەداخەوە بۆ خۆی چاوی پێ نەکەوتن، جیا لەوە لە بۆنەی جۆراوجۆردا نووسین و تەنانەت هەڵبەست و نووسراوەی کورت و پڕ مانای نووسیون و بەشێک لەوان لە ڕۆژنامەی کوردستان و ماڵپەرەکان دا چاپ و بڵاو بوونەوە.
زۆربه‌داخه‌وه ‌کاک حەمەرەسووڵ ماوەی ساڵێک دەبوو تووشی نەخۆشی و ناسازی ببوو، وێرای ئەوە کە بەردەوام لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دابوو بەڵام مخابن له‌وه‌ زیاتر نه‌ژیا که‌ ئازادی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان به‌ چاوی خۆی ببینێ و هه‌موو ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی بۆ جارێکی ‌دیکه‌ له‌ ته‌نیشت خۆی کۆبکاته‌وه‌ و زامی ئازاری دووری‌یه‌کان به‌ دیتنه‌وه‌ی کوڕو کچ و نه‌وه‌و برازا و هه‌موو خزمانی دیکه‌ سارێژ بکاته‌وه. بێ‌شک ماڵئاوایی یه‌کجاریی کاک حەمەرەسووڵ کۆستێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی و تێکرای دۆست‌و ئاشنایانی و هەروەها بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان کە کاک حەمەرەسووڵ لە نێو ریزەکانی حدک دا زیاتر لە ٥٠ ساڵ تەمەنی خۆی بۆ خزمەت کردن بە گەل و نیشتمان تێپەر کرد و لە نێو ئەو حیزبەدا وەک قەڵای خۆراگری سەیری دەکرا. به‌ هیوای ئه‌وه‌ که‌ گه‌لی کورد مرۆڤی تێکۆشه‌ر و ماندوویی‌نه‌ناس و خۆشناوی وه‌ک کاک حەمەرەسووڵ حه‌سه‌ن‌پووری هه‌ر زۆر بن بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌کانیان فێری وانه‌ی چاونه‌ترسی و مافپارێزی بکه‌ن.
کۆچی نابەوەختی کاک حەمەرەسووڵ بۆ من و ئەو کەسانەی لە نزیکەوە دەمانناسی زۆر دژوارە و هەرچی لە سەر ناوبراو بینووسین، ئێستا قەڵەم هەر کەمی دێنێ و تەنیا ئەوەندە دەڵێم بنوو و بە ئاسوودە سەر بنێەوە کە ئێمە هەر قوتابی جەنابت دەبین و لە دڵمان دا هەموو کات زیندووی و تا هەین وانە و دڵفراوانی و خۆشەویستی تۆی تاجی سەرمان لە بیر ناچێتەوە. بە ئاسودەیی سەر بنێەوە کە ئێمە تا وەدیهێنانی ئامانجەکانت، ئازادی گەل و نیشتمان هەر بە ڕێگای خەباتی تۆی نموونەی وەفاداری دا دەرۆین و تا سەر هەنگاوەکانمان بە جێی هەنگاوی بە جێماوی تۆی ئازیزدا هەڵدێنینەوە.
لە ڕێگای ئەم کورتە نوسینەوە سەرەخۆشی لە هاوسەری ژیانی و کوڕ و کچ و نەوەکانی، لە بنەماڵەی بەرێزی حەسەن‌پوور لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات و لە نێو قەڵای دێموکرات لە کۆیە و خزم و ئاشنایانی بە گشتی و هەروەها لە هاورێ و هاوسەنگەرانی لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بنەماڵەکانی حەسەن‌پوور، حەکیم‌زادە و حەددادەکان بە گشتی دەکەم و خۆم بە شەریکی ئەو خەمە گەورەیە دەزانم و سەری ڕێز لە بەرامبەر گەورەیی و نەبەزی و وەفاداری کاک حەمەرەسووڵ حەسەن‌پوور و بنەماڵەکەیان دا دەنوێنم.
رووحی شاد.
حەمەرەسووڵ کەریمی
٠١ ـ ٠٦ ـ ٢٠١٦