خۆپیشاندانی کوردانی دانیشتووی سوید لە ٢٧مین ساڵڕۆژی تێرۆری وییەن، لە بەردەرکی باڵوێزخانەی ئوتریش لە ستۆکهۆڵم

لە ٢٧هەمین ساڵڕۆژی تێرۆری ناجوانمێرانەی ڕێبەری زانا و بلیمەتی گەلەکەمان دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کاک عەبدووڵا قادری ئازەر، ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزب لە لایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە وڵاتی ئوتریش، کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هاوکاری یەکێتییەکانی ژنان و لاوان لە وڵاتی سوید، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕ بەرامبەر ١٣ی ژولای ٢٠١٦ی زایینی، خۆپیشاندانێکیان لە بەردەم باڵوێزخانەی وڵاتی ئوتریش، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید ڕێکخست. لەو خۆپیشاندانە دا کە دەیان کەس لە ئەندام و لایانگر و دۆستانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی خاوەنی هەڵوێستی نێشتەجێی وڵاتی سوید کە لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئەو وڵاتەوە بە پیر بانگەوازەکەوە هاتبوون، چەندین وتار و پەیام و بڕیارنامە پێشكەش کران.
سەرەتای بەرنامەکە بە وتەیەکی هاوڕێ نەبەز عەلیدووست، بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی حیزب لە سوید دەستی پێکرد. هاوڕێ نەبەز عەلیدووست لە وتەکانی دا بە ئاوڕ دانەوە لە ڕووداوی دڵتەزێنی تێرۆری ئوتریش، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەی کە هەموو بەڵگە و ئاماژەکان بۆ دۆزینەوە و دادگایی کردنی ئەنجامدەرانی ئەو کارە لە لایەن پۆلیسی وڵاتی ئوتریشەوە خرابوونە بەردەستی دادگای ئەو وڵاتە، بەڵام بە هۆی سات و سەودای بازرگانی نێوان دوو وڵات، دۆسییەی ئەو تێرۆرە کە لە لایەن کەسانی هەرە پلەبەرزی ڕژیمی ئێرانەوە پیلانی بۆ داڕێژرابوو و بڕیاری لەسەر درابوو، لە لایەن دادگای وڵاتی ئوتریشەوە داخرا و تا ئیستاشی لەگەڵ دا بێ پەروەندەی ئەو تێرۆرە ناجوانمێرانەیە بە داخراوی ماوەتەوە. هاوڕێ نەبەز لە کۆتایی قسەکانی دا بۆ جارێکی دیکە داوای لە کاربەدەستانی حکومەتی ئوتریش کرد پەروەندی ئەو تێرۆرە زیندوو بکەنەوە و ڕێگە بە دادگاکانی وڵاتەکەیان بدەن کە سەربەخۆیانە لێکۆڵینەوە و بڕیار لە سەر ئەنجامدەرانی بدات.
لە بەشێکی دیکەی ئەو خۆپیشاندانە دا بڕیارنامەی خۆپیشاندەران بە دوو زمانی کوردی و ئینگلیسی لە لایەن هاوڕێیان کەمال گروێسی و کەمال حەسەنپوور خوێندرایەوە. ئینجا تێکۆشەری دێرین و کەسایەتی ناسراوی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاک سەید عەلی هاشمی پەیامی کومیتەی ئاشتی ویەکبوونی پێشکەش کرد. دوابەدوای ئەو خاتوو لەیلا محەممەدی چەند وتەیەکی سەبارەت بەو ڕۆژە پێشکەش کرد.
کاتژمێر ١،٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ نێردراوی باڵوێزخانەی ئوتریش لە شاری ستۆکهۆڵم، هاتە بەر دەرگای باڵوێزخانە و بڕیارنامەی خۆپیشاندەرانی لە هاوڕێیان کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی بەرپرسی کومیتەی سوید و ئەندامی ڕێبەری حیزب و کاک سیاوەش قەوپەنجە وەرگرت.
جێگەی باسە کە پەیامنێری ڕادیۆ زایەڵە، بەشی کوردی رادیۆی سەرانسەری وڵاتی سوید لە خۆپیشاندانەکە دا ئامادە بوو و ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لە سەر ئامادە کرد.
پێویست بە ئاماژەیە کە خۆپیشاندەران بە بەرز کردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، وێنەی شەهیدانی وییەن و چەندین درووشم و وێنەی تایبەت بەو ڕۆژە و لەبەر کردنی جلیسقەی تایبەت کە بە وێنەی ڕێبەرانی شەهید نەخشێندرابوو، ناڕەزایەتی توندی خۆیان دژ بە ڕژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێران و بێدەنگی حکومەتی ئوتریش لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوو دا بەرامبەر بەو تێرۆرە دەربڕی وبۆ جارێکی دیکە کاربەدەستانی وڵاتی ئوتریش و تەنانەت حکومەتی تێرۆریست پەروەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیشیان دڵنیا کردەوە کە پەروەندی تێرۆری ڕێبەتانی شەهیدمان هەتا هەتایە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و تا ڕۆڵەیەکی کورد مابێ لە دۆسییە بێدەنگ نابێ و بە دواداچوونی بۆ دەکات.

کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید

ئەوەی خوارەوە دەقی بڕیارنامەی خۆپیشاندانی ئەمڕۆی کوردانی سویدە کە رادەستی باڵوێزخانەی وڵاتی ئوتریش کرا.

بریارنامە

٢٧ساڵ لەوەپێش لە رۆژیکی وەک ئەوڕۆ چەند تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە بەرگی دیپلۆمات کە وایان دەنواند کە بەدوای رێگە چارەیەکی سیاسی بۆ پرسی کورد لە ئێران دا دەگەڕێن، سکرتێری حیزبی دێموکراتی کردستان دوکتور عەبدولرەحمان قاسملویان لە داوێک خست کە لە لایەن بەرپرسانی هەرە پایەبەرزی رێژیمەوە پلانی بۆ دانرابوو.
ئەو دیپلۆمات تێرۆریستانە لە لایەن کۆمیتەیەک کە پێکهاتبوو لە رێبەری ئێران، سەرکۆمار و ئەنجومەنی ئاسایشی رێژیم دەسەڵاتیان پێ درابوو کە دوکتور قاسملو، عەبدوڵڵا قادری ئازەر و دوکتور فازڵ رەسوڵ بکێشنە ئاپارتمانێک لە ڤییەن و دوایە بە شێوەیەکی دڕندانە بیانکوژن.
هەرچەند کە هەموو بەڵگەکان نیشانیان دەدا کە تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە پشت ئەو کوشتارە بوون، بەڵام ٢٧ ساڵ دواتر پەروەندەکە بە سەرەنجام نەگەیشتووە. ئەگەر بە خاتری کوشتنی ٣ مرۆڤی بێ گوناحیش نەبێ، بەهۆی پێشێل کردنی سەروەریی ئوتریش، دەزگای دادوەریی ئوتریش نەدەبوو کپ کرابا.
ئەمڕۆ ئێمە لە دەرەوەی باڵوێزخانەی ئوتریش لە ستۆکهۆڵم کۆبووینەوە تا نارەزایەتی توندی خۆمان بە دژی شێوەی هەڵسوکەوتی سیستەمی دادوەریی ئوتریش لە ئاست پەروەندەی تێرۆری دوکتور قاسملو و هاوڕێیانی دەر ببڕین.
ئێمە ئەو داواکارییانەی ژێرەوەمان هەیە و چاوەڕوانین کە باڵوێز داواکارییەکانمان بە دەوڵەتی ئوتریش را بگەیەنێ:
١. لە روانگەی گەلی کوردەوە سزای ئەو پەروەندەیە قەت ناسڕێتەوە
٢. کاتی ئەوە هاتووە کە سیستەمی دادوەریی ئوتریش کۆتایی بە بارمتە بوون لە دەست رێژیمی تێرۆریستی ئێران دا بێنێ
٣. ئێمە داوا دەکەین کە پەروەندەی قەتڵەکە دووبارە بکرێتەوە
٤. ئێمە داوا دەکەین کە تێرۆریستەکان و کاربەدەستە هەرە پایەبەرزەکانی رێژیم لەو کاتی دا بۆ دانانی ئەو پیلانە مەحکوم بکرێن
٥. ٣٧ ساڵ پاش شۆڕش، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆتە هێلانە و پەناگای تێرۆریستان و رێژیمی ئێران یەکێک لە گەورەترین پاڵپشتەکانی رێکخراوە تێرۆریستییەکانە. ئێمە داوا دەکەین کە یەکیەتی ئوروپا رێژیمی ئێران بە خاتری سەرکوتی خەڵکی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی مەحکوم بکا.

ستۆکهۆڵم
١٣ی جولای ٢٠١٦