وانەیەک لە کودەتاکەی تورکیا- جەماڵ عەڵیالی

کودتایەک لە تورکیا هاتە ئاراوە، کودتاکە سەرکەوتوو نەبوو، بلا واز لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتن و بە دەستکرد یاخود دەستکرد نەبوونی ئەو کودەتایە بێنین و لە بڕی ئەوە، یەک لە وانەکانی ئەو کودەتایە وەکوو مینایەکی زەقی ڕاستییەکان هەڵبژێرین و بیخەینە بیری خۆمان، بەو هیوایەی کە عاقڵمەندی دەستەی کارگێری نەتەوەکەمان، واتە سازەکانی سیاسی گۆێ لەمستی پێداویستییەکانی هەنووکەیی بێت و بەرەوپیلی پێداویستییەکان بکەونە هەنگاو. مەبەستی نووسەر لەو کورتە بابەتە ئەوەیە کە بتوانێ پرسیارگەلێک پێوەندیدار بە دۆخی هەنووکەیی بخاتە بەر چاو ی خۆێنەری بەرێز. پرسیارەکان چین و چۆن مامەڵەی دەگەڵا دەکرێ، گرێدراوی بیر و ڕای خۆێنەری بەرێزە.

لە تورکیا کودەتایەکی دۆڕاو هاتە ئاراوە. پێشەکی ئەوە ڕوون بکەمەوە کە لە ڕوانگەی نووسەر ئەگەر بێتوو کودەتایەکی ڕاستەقینە لە تورکیا ڕووی بدات و سەرکەوتوو بێت، ئەوا بە قازنجی کورد تەواو دەبێ. ئەوە مژاری ئەو بابەتە نیە بەڵام لە سەرنەکەوتنی ئەو کودەتایەدا دەکرێ ئێمە وەکوو نەتەوەیەکی ژێر دەست وانەی لێوەرگرین، بۆ چی؟ ولامی ئەو پرسیارە زۆر زەحمەت نیە، لە بەر ئەوە کە نەتەوەی کورد پیویستی بە وانەوەرگرتن لە مێژوویە، مێژووی هاوچەرخ نەک مێژووی کۆنی نووسراو بە دەستی داگیرکەر!
ئێمە بینیمان تورکیا لە ڕێگەی ئەردۆخان و لە سەردەمی کودەتاکەدا پێوندی دەگەڵ سوریا بە ‌هێز کرد، هەر ئەو وڵاتەی کە تا دۆێنێ بە خۆێنی سەری یەکتر تینو بوون. تورکیا پێوەندی دەگەڵ رووسیا گرت و بە واژوو کردنی چەند بەڵگەنامە دووژمنایەتیان وەپشت گۆێ دا، دەگەڵ یۆنانستان پێوەندیان گرت بۆ متمانە بوون لە سەر ڕادەسکردنی ئەو کەسانەی بۆ یۆنانستان ڕایان کردبوو. ئەمانە چ واتایەکیان هەیە؟ نە ئەردۆخان و نە هیچ لایەنێکی تورکی خولیای شێتێکی ڕووس یان دۆڕاوێکی سووری یان لە خۆ باییەکی یۆنانی نیە، بەڵام بەو ئەرکانە هەڵستان بۆئەوەی کە قازنجی هەنووکەیی ئەوانی تێدابوو! ئەوە ناوی ئاشکرا و شاراوەکەی سیاسەتە! هونەری بەرهەم هێنان لە هیچەوە!
لەو بوارەدا ئەگەر بێتوو ڕادەی متمانەی زلهێزەکان و وڵاتانی تر بە کورد هەڵسەنگێنین، دەبینین، هەر وەکی خۆیان بە ڕاشکاوی دەریان بڕیوە، کورد جێگەی متمانە نیە، بە تەنیا تاقە یەک هۆکارەوە، کورد یەکگرتوو نیە! ئەمە قسەی ئەمڕۆو دۆێنێ نیە، دەمێکە زلهێزەکان ئەو وتەیان لە سەر زارە، بەڵام مخابن کورد خۆی لەوە تێنەگەیشتووە! فەرموو بڕوانە سەردانی فەرمی مالیکی بۆ سلێمانی، رەئیسی حکومەت دەڵێ نازانم بۆچی مالیکی سەردانی سلێمانی دەکات! ئەوە ئەگەر گوزارە لە بێ مشووری حکومەت نیە ئەی چیە؟ لەوانەیە ئەوە بۆ خۆێنەری بەرێز پرسیار بخووڵقێنی کە بۆچی نووسەر نووکی تیژی پێنووسی ڕوو بە باشوورە؟ بخوازین و نەخوازین باشوور ڕووی سیاسی دیپلۆماسی کوردستانە لە ئاستی ناونەتەوەییدا و ئێمە وەکوو کورد پێویست بوو زۆر زووتر لە ئێستا نووکی تەوژمی خۆمان بەرەو حکومەتی باشوور ئاراستە کردبا. حکومەتێک کە پاش ٢٥ ساڵ خەڵکی گەیاندۆتە ئەو قۆناخە کە خۆزیای رژێمی بەعس بکەن، ئەو پەڕی شەرمەزاریە!
با بگڕێینەوە سەر ئاستی نەتەوەیی. قۆناخێکی تاریک و تاڵ خەریکە بە سەر نەتەوەی کوردا دەسەپێ. کەرکوک و خانەقین و مەندەلی دەمێکە فاتیحەیان لە سەر خۆێندراوە، داگیرکەرکەر سەرقاڵی گۆرهەڵکەندن بۆ بەشەکانیترە و لە ئاکامدا رەنگە بارزانی و تاڵەبانی هەرکام لە لایەکەوە بە قایمەقامی هەولێر و سلێمانی دڵخۆش بن بەڵام ستاتۆی نەتەوەی کورد تەنیا گرێدراوی حکومەتە گەندەڵەکەی باشوور نیە بەڵکوو کۆمەڵێک فاکتەری جیاواز گوزارە لە ئاکتەری نۆێ ئەدەن کە هەتا دێت و بە هێزتر دەبێت، یەک لەو فاکتەرانە هیوا و ئومێدی نەتەوەییە کە ڕوو لە گەشەگرتنە ودەبێتە هۆکارێک بۆ پێکهاتنی ئاکتەرەکانیتیر بەرەو نەتەوەیی بیرکردنەوە بە شێوەی سەردەمیانە.
بازنەی گەمارۆی داگیرکەر لە سەر کوردستان تەنگتر دەبێت، تەنیا ڕێگەی شکاندنی ئەو گەمارۆیە، یێکێتی نەتەوەییە کە وەکوو پێداویستێکی هەرە گرینگ لە بەردەم نەتەوەی کوردایە. ئاخۆ سازەکانی سیاسی کوردستان و تاکی بیرمەندی کورد چ تێڕوانینێکی لەو بارەوە هەیە؟
جەماڵی عەڵیالی