دۆخی سیاسی هەنووکەیی کوردستان. جەماڵی عەڵیاڵی

گیرانەوەی منبج لە لایەن هێزەکانی دێمۆکراتیکی سوریا، بۆ هێزەکانی دێمۆکراتی ڕۆژهەڵاتی ناوینسەرکەوتنێکی گەورە بوو، وەک بەردێکی گران بە قەدی کۆشکی لە شووشە داڕژاوی داگیرکەرەکانی کوردستان و گشت هێزەکانی دژبەری دێمۆکراسی. چاوپێکەوتنەکانی ئێران ، تورکیا و ڕووسەکان کە تا دۆێنێ شیر و تیریان لێک دەکێشا دەرئەنجامێکی نەرێنی لە سەر دۆخی سیاسی کوردستان دانا. ئاکامی ئەو کارتێکەرییە بە هاودەنگی زڵهێزەکان لە لایەک و داگیرکەرانی کوردستان لە لایەکیترەوە، بوو بە پێشرەوی سوپای تورک لە ڕۆژئاوا، بە چەشنێک کە توانیان پێوەندی خاکی ڕۆژئاوا دەگەڵ دەریای سپی ناوەراست لێک بپچکڕێنن. کێ، یاخود چ لایەنێک بەرپرسیاری ئەو دۆخە ئاوەرتەیە؟ هەوڵی نووسەر لەو کوورتە بابەتەدا شیکردنەوەی مەوزوعیانەی ئەو دۆخەیە هەڵبەت لە ڕوانگەی نووسەرەوە.
نزیکەی سەد ساڵ لەمەو بەر پلانی دابەشکردنی کوردستان بە سەر داگیرکەراندا، هاتە ئاراو جێ بەجێ کرا. ئەوکات هەست و بیری سیاسی کۆمەڵایەتی لەناو تاکی کورددا ئەوەندە نەبوو کە بتوانێ وڵامدەرەوەی دۆخەکە بێت. بە کوردی پەتی، ئاستی زانستیی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا نزم بوو. سەردەمی نۆێ، واتە هەنووکە، هەر ئەو سەردەمەی سەد ساڵ لەمەو بەر نیە. ئایا ئێستا دەتوانین بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆ لەسەر کۆمەڵگای کوردەواری، واتە تاکی کورد هەڵگرین؟ بە باوەڕی نووسەر نەخێر! لەبەر ئەوە کە لە ماوەی ٧٠ ساڵی ڕابووردوودا ئەوەندە “شعوور”ی سیاسی لە ناو تاک و کۆمەڵگای کوردەواریدا پەیدا بووە کە کۆمەڵگا بتوانێ دەستی ڕاست و چەپی خۆی لێک بکاتەوە. ئەی بۆچی دیسانەکە خەیانەتێکی گەورە بە نەتەوەی کورد کرا و خەریکە هەروا بەردەوامە؟ لێرەدایە کە پێویستە باسی هێزەکانی سیاسی کورد بکەین، لە سەرەوەی گشتیان، حکومەتی هەرێم کە بە ڕاست یان بە هەڵە، وەکوو ڕووی سیاسی ناودەوڵەتی نەتەوەی کورد ناسراوە و لەو ناوەدا بەتایبەت پارتی. چاوچاوێنی پارتی دەگەڵ تورکیا و باوباوێنی دەگەڵ ئێران لە کاتێکدا حکومەتە گەندەڵەکەی پشتی لە گەلی خۆی کرد و لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی، گشت پێوەرێکی مرۆڤانەی خستە ژێر پێ و مزگێنی دوو بەرهەمی نابەخێری بۆ نەتەوەکەمان هێنا. یەکەمیان پەرەگرتنی فەسادی سیاسی لە ناو دەزگای حکومەتی، دووهەمیان نۆکەریی داگیر. هر لەو سۆنگەیەدا بوو کە بۆ ڕاگرتنی پۆستی پارێزگای هاوبەشی تورک و ئێرانی (نەک حکومەتی باشوور) وەک ئاوخواردنەوە مووسڵ بە نەهێنی، کەرکووک بە “دیپلۆماسی” و شنگال بە ئاشکرایی ڕادەستی داگیرکەر کرا کە رێچکەی بۆ ڕادەستکردنی جرابلۆس و ناوچەکانیتری ئەو دەڤەرە لە لایەن داعەش بۆ تورکیا داڕشت هەر لە پێناو ئەوەی کە پۆستی پارێزگاری هەولێر سلێمانی بۆ ئەوان بمێنێتەوە.
ڕەنگە خەڵکانێک هەبن کە بڵێن: “دیسانەک زڵهێزەکان، بە تایبەت ڕووسەکان و ئامریکاییەکان خەیانەتیان بە نەتەوەی کورد کرد”. نووسەر، کەم تا کوورت دەگەڵ ئەو بۆچوونە هەیە بەڵام نەتەوەی کورد بەر لەوەی کە چاو لە خاینی دەرەکی بگێڕێ، پێویستە سەیری دەورانپشتی خۆی بکات و خاینەکانی خۆماڵی دەسنیشان بکات. بە باوەڕی نووسەر، ئەو هێزە سیاسییەی کە بانگەشەی سەرکردایتی لانی کەم بەشێکی خەباتی نەتەوەیی دەکات، ئەگەر نەتوانێ لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی، واز لە کێشمە کێشمی ناوبەینی هێزەکانی فرەچشنە بێنێت، یەک لەوانەیە کە پێویستە بکێشرێتە ژێر پرسیار.
بلا بگڕێینەوە چەند دێرێکی سەرووتر. ئەگەر کۆمەڵگای کوردەواری ئەوەندەی شعووری سیاسی هەیە کە بتوانێ دۆست و دووژمن لێک جیاکاتەوە، ئەی بۆچی ناتوانێ هێزەکانی سیاسی کوردستان بە زۆرەملیش بووبێت بگەیێنێتە ئەو قەناعەتە کە بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی واز لە داخوازەکانی تاکی خۆیی بێنن؟ ولامی ئەو پرسیارە لای نووسەر نیە بەڵام نووسەر لە سەر ئەو باوەڕەیە کە فەرهەنگی داگیرکەر، بە ڕیشەی مێژوویی خۆیەوە کە دەگەڕێتەوە بەر لە ١٠٠٠٠ ساڵ لەمەو بەر، کارتێکەرێکی وەهای لە ژیان و هەست و بیر و هزری تاکی کوردی کردووە کە تاکی کورد لای زەحمەتە کە قسە لە قسەی کاربەدەستێک بکات، نەخوازە سەرکردەیەکی سیاسی! هەر ئەو فەرهەنگەیە کە سەرۆکایەتی بە بەژنی دەبڕێ و خەڵک بە قەرزداری خۆی دەزانێ.
ئینجا بلا بگڕێینەوە سەر ئەرزی واقیع.هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بە هەر ناوێک، تەنانەت بە ناوی ڕاپرسی بۆ جیابوونەوە یاخود بۆ تێکەڵبوونەوە هەرگیز لای مێژوو ون نابێ! ئەو پیلانەی ئێستا لە ئارادایە لە خراپترین حاڵەتدا بۆ داگیرکەر، واتە باشترین حاڵەت بۆ کۆمەڵگای کوردستان، دەبێتە پێکهێنانی کوردستانێکی بچووک بە دوو باژێری هەولێر و سلێمانی بۆ ئەوەی کە ئەگەر کوردێک هەبوو لە پارچەکانیتر باسی دێمۆکراسی و ئازادی کرد، پێی بڵێن فەرموو ئەگەر کوردستانێک دەخوازی ئەوە لە هەولێر و سلێمانی هەیە! فەرموو ڕاگۆێزی وێندەرێ بە!
هەر لەو بژاردەیە و هەر لە کوردستانێکی گەورە کە ڕێگەی بۆ دەریای ئازاد هەیە بە چەشنێک کە نەتەوەی کورد لە داگیرکەر بێ منت بێ، کامیان بە قازانجی نەتەوەی کوردن؟ نووسەر متمانەی تەواوی هەیە کە ولامی ئەو پرسیارە لای خۆێنەری بەرێز هەیە.
جەماڵی عەڵیاڵی