کتێبی “حیزبی دێموکراتی کوردستان، قەڵای خۆڕاگری ناسنامەی نەتەوەیی” چاپ و بڵاو بۆوە

“حیزبی دێموکراتی کوردستان، قەڵای خۆڕاگری ناسنامەی نەتەوەیی”، ناونیشانی کتێبێکە کە لێژنەی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی یوبیلی ئەڵماسی حیزب چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.

وەک لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا هاتوە، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مێژووی تێکۆشانی خۆیدا زۆر قۆناغی دژواری ئەزموون کردوە، بەسەر زۆر کەندوکۆسپدا سەرکەوتوە، لە ڕەوتی خەباتی نەتەوەیی کورددا زۆر بەها و پڕەنسیپی گرینگی جێگیر کردوە، خوێنی زۆر لەبەر ڕۆیشتوە، نشوستی و تاڵیی هاتووەتە ڕێ، ڕیزەکانی لێک ترازاون؛ بەڵام ئەم حیزبە لە هیچ بارودۆخێکدا ئاڵای خەباتی مافخوازیی ئەم گەلەی هەڵ‌نەپەساردوە و لەسەر ئەو ڕێباز و ئامانجە بەردەوام بووە کە لە پێناویدا دامەزراوە.

ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕەهەندەکانی گوتارسازی‌، بەرگریی چەکداری، گرتنەبەری شێواز و نەریتی جۆراوجۆری خەباتگێڕی، دیپلۆماسی و ناساندنی پرسی کورد بە دنیای دەرەوە، چەسپاندنی نۆڕم و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەدا و زۆر ڕەهەندی دی هەموو کاتێک جێی سەرنج و لێکدانەوەن. ئەوەی لەو کتێبەدا و لە توێی کۆمەڵە وتارێکدا هاتوە؛ هەوڵێکە لەو پێوەندییەدا.

نووسەران ئەم کۆمەڵە وتارە بەشێکی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، بەشێکیان لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات‌دان و هەروەها بەشێک لەوان نیشتەجێی وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکان. هەروەها دوا نووسینی نەمر جەلیل گادانی، سیمای ناسراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو کتێبەدا چاپ کراوە کە حەوتوویەک بەر لەوەی کتێبەکە لە چاپخانە بێتەوە، ماڵاوایی هەمیشەیی لێ خواستین و چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.

ناونیشانی وتارەکانی ئەم کتێبە بریتین لە: “حیزبی دێموکراتی کوردستان، دامەزرێنەری یەکەم کۆماری کوردستان”، ” پرسی قانوون بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە مێژووی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکراتدا”، “ڕێککەوتنی ئادار (مارس)ی ١٩٧٠ و بووژانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان”، “کەلێنی نەتەوەیی، ناسیۆنالیزم و وەرچەرخانەکانی گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات (دەورەی پەھلەوی)”، “حیزبی دێموکرات و گرینگیدانی بە پرسی کۆمەڵایەتی”، “٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکرات و چەند پرسێک”، “حیزبی دێموکرات لە چاوی منەوە”، “سۆسیالیزمی دێموکراتیک و هەنگاونانی حیزبی دێموکرات بەرەو سۆسیال دێموکراسی”، “حیزبی دێموکرات لە نێوان ئیسلامی نەریتخواز و فێندەمنتالیزمی ئیسلامیدا”، “پاڕا-دیپڵۆماسیی کورد: ئاوڕێک له سێ چاره‌گه سه‌ده پێوه‌ندیی نێونه‌ته‌وه‌یی حیزبی دێموکراتی کوردستان”، “به‌ره‌و خه‌باتێكی نوێ: گۆڕینی شێواز، گۆڕینی گۆڕه‌پان و گۆڕینی به‌رده‌نگ”، ‘شەڕ و ئاشتی و پڕەنسیپە جیهانگیرەکان لە کولتووری سیاسیی حیزبی دێموکراتدا”، “دیمانەیەک لەگەڵ د. مەحموود عوسمان، کەسایەتیی سیاسیی کورد لەبارەی پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بزووتنەوەی سیاسیی کورددا”، “ڕەوتناسیی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان”، “حیزبی مە، حیزبی دێموکراتی کوردستان، بووە ٧٥ ساڵان”، “پێگەی جەماوەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان”، “كتێب و گۆڤار لە ژێر ڕووناكایی كۆماری كوردستا‌ندا”، “مان و مەوجودییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان”.