دواین خەندەکانی دیکتاتۆر. ڕەحمەت مەحموودپوور

دیکتاتۆر کەسایەتیەکە کە لەناو دەسەڵاتی وڵات دا بە شێوەیەکی نایاسایی لەگەڵ کۆمەڵێک لە دار و دەستەکانی خۆی، زۆر جار بە شێوەی جیاواز دێتە ناو بازنەی بەڕێوەبەرێتی. دیکتاتۆر دەسەڵاتی تەواوی هەیە بەسەر هەموو ئۆرگانەکان دا وەکوو پارڵەمان و دەستووری یاسایی سەرەکی وڵات. بە درێژایی مێژوو بیندراوە کە دیکتاتۆڕەکان بە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتی خۆیان بە زەبر و زەنگ بەڕێوە دەبەن، تووشی هێزی بەرگری جەماوەر بوونەتەوە و هێزی خۆیان لەدەست داوە. زۆر جار کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکان بۆتە هۆی دامەزراندنی ژیانێکی دێمۆکراسی لە
وەڵات دا، بە شێوەیەک کە لەوێدا هەموو ئەندامانی کۆمەڵ بە بێ جیاوازی رەگەز یان ئایین ژیانێکی ئارامیان لەژێر چەتری یاسای بەرابەری و دێموکراسی دا هەبێ.
گروپی حیزبوڵڵا و لە سەروی ئەوان ئایەتوڵڵا خومەینی، چوار دەیە لەمەوبەر و بە هاوکاری چەند وڵاتی دیکە توانیان دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری بەدەستەوە بگرن. بە لە سەر کار لابردنی موحەممەد رەزا شاە کۆتاییان بە سەڵتەنەت و پاشایەتی هێنا و یاسای ئیسلامیان کردە جێنشینی یاسای پاشایەتی، ھەر چەند لێرەدا گۆرانکاریێکی ئەوتۆ نەھاتە ئاراوە لە شێوازی بەڕێوەبەرێتی دا، بەڵام بە پلانێکی دیاریکراو حکوومەتی ئاخوندی بۆ بەرژەوەندی حیزبی و بەرژەوەندی چەند وڵاتی زلهێز، کە هۆکارەکەی کێشەی بلووکی شەرق لە نێوان کومونیستەکان و بلووکی غەرب کە وڵاتی ئامریکا بوو بە شێوەیەکی شانۆیی هاتنە سەر کار.
کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵاتێکی دیکتاتۆریە کە لە لایان رێبەری وەڵات ئیدارە دەکرێ و بە بێ قسەی ڕێبەر ھیچ کارێک ناکرێ. رێبەر دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئۆرگانەکانی پارلەمان دا هەیە و بشگرە توانایی گۆرانکاری لە دەستووریش لەژێر چاوەدێری ئەو دایە. نمونەی ھەرە ئاشکراش تازە لە پارلەمان رویدا، کاتێک کە پارلەمانتارەکان بە وەزیری دەرەوەیان گوت درۆزن، ئەو لە وەلامدا گوتی کە من تەنیا قسەکان و فەرمانی ڕێبەرم بە جێ ھێناوە.
ئێمەی دانیشتوانی وەڵات ھەمو رۆژێک وێنەی دیکتاتۆرەکان لە سەر شاشەی میدیا و تۆرە کۆمەلایەتیەکان دەبینین. لە قسەکانیان دا کە سەر و بنی بۆ پاراستنی خۆیان و بەلاڕێدا بردنی بیری گشتیە، پێکەنینە نگریسەکانیان وەکوو
جاران توانای فریودانی جەماوەریان نەماوە.
ئەو دیکتاتۆرانە چل سالە بە ھەزاران شێوەی جیاواز خەلکیان ھەڵخەڵەتاندوە و لە ئامرازی دیکتاتۆری و دواکەوتویی کەلکیان وەرگرتوە کە لە بواری فەرهەنگی و ئابووری بە سەدان ساڵ کۆمەڵگا بێننەوە دواوە. بە بەکارھێنانی دین و دروشمی تەواوەتی خاکی ئێران و بگرە ھەزاران شتی لەو بابەتانە هەوڵیان داوە کەدڕێژە بە دەسەڵاتە نگریسەکەیان بدەن. بەڵام ئەوە دوا پێکەنینەکانی ئەو خوێن مژانەیە و بە زووترین کات لەگەڵ کرانەوەی بیری دێمۆکراسی و ئازادیخوازی جەماوەر بۆ ھەتاھەتایە ناو و یادیان وەکو کەسانێکی خوێنمژ و دیکتاتۆر دەچێتەنێوان لاپەرەکانی مێژوو.
هەموو شتێک دوای تێپەرکردنی کاتی خۆی بەپێی یاسای سروشت دەڕزێ و کۆتایی پێ دێ. رەنگە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و دڕندەی وەک رژیمی ئاخوندی توانیبێتی بە زەبر و زەنگ، ئێعدام و ئەشکەنجە، زیندانی کردن و دوورخستنەوەی نەیارەکانی خۆی درێژەی بە دەسەڵاتی خۆی دابێ، بەڵام خەڵکی وەزالەھاتووی ژێر دەست جارێکیتر مل بە دیکتاتۆری و سەرەرۆیی ئەوان نادەنەوە، دەسەڵاتداری دیکتاتۆڕەکانی بەناو کۆماری ئیسلامی، خەریکە دوایین مانگ و سالەکانی ژیانی خۆی تێپەڕ دەکات.
لەو هەل و مەرجە دا ئۆپۆزسیۆن نابێ لەبیر بکەن کە لەجیات ماسی گرتن لە ئاوی قوراو دا بە هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی و بە پاڵپشتی چالاکوانانی ناوخۆ هەرچی زووتر بۆ دامەزرانی بەرەیەکی یەکگرتوو و هاودەنگ هەوڵ بدەن. هەوڵێک بۆ بەدیهێنانی دێمۆکراسی و ژیانێکی ئازاد بۆ هەموو لایەک. هەوڵێک بۆ لەناوبردنی کۆڵەکەی سەرەکی زوڵم و ناعەداڵەتی لە کۆشکی لەرزۆکی دیکتاتۆرەکان دا، بە شێوەیەکی کە پێکەنینەکانیان بە لێوەوە ئیشک هەڵگەڕێ و لاپەڕێکی نوێ بۆ وڵاتێکی مۆدێڕن و دوور لە هەر دواکەوتوویەکی ئایینی هەڵدرێتەوە.

بروخێ کۆماری پەت و سێدارە
ڕەحمەت مەحموودپوور