سزایەکی قورس لە وەڵامی مافێکی بنەڕەتیدا

(سەپاندنی سزای دە ساڵ زیندان بۆ وانەبێژێکی زمان تاوانێکی گەورە و دەمەلاسکەیەکی گاڵتەجارە بە مافی مرۆڤ)

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی کورد!
ناوەند و ڕێکخراوە جیهانی و نێونەتەوەییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ!

دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لە چەند رۆژی ڕابردوودا سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر “زارا محەممەدی”، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی سنەدا سەپاندوە. زارا محەممەدی لە چوارچێوەی کاری ڕێکخراوەیی و مەدەنیدا کاری لەسەر پرسی زمان دەکرد و یەکێک لە مامۆستایانی فێرگەی زمانی کوردی لە ناوچەی سنەیە کە گرینگیدان بە زمانی دایک و خزمەت کردن بە زمانی دایک لە ڕێگەی فێرکردنی فێرخوازانەوەی بۆ بە تاوان نووسراوە و لەو سۆنگەیەوە سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە کە بەرپرسی “نۆژین”، ڕێکخراوێکی ڕێگەپێدراوی فەرهەنگی لە پارێزگای سنەیە، تۆمەتی دروستکراوی پێکهێنانی دەستە و گرووپ بەدژی کۆماری ئیسلامیی دراوەتە پاڵ، کە بەڕێوەبەریی ئەم ڕێکخراوەیە و لە ڕاگەیەندراوی ڕەسمیی خۆیدا هەموو ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردۆتەوە.

ئەم سزا قورسەی بەسەر “زارا محەممەدی‌”دا سەپاوە تەعبیر لە سیاسەتی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی شوناس‌ویستی کورد دەکا کە ئەم ڕێژیمە لە چوار دەیەی تەمەنیدا هەموو کاتێک گرتوویەتە بەر. مەبەست لەو سیاسەتەش بردنەسەرێی تێچووی هەڵسووڕانی سیاسی و مەدەنی و شوناسخوازی بۆ چالاکانی ئەم بوارە و ترساندن و تۆقاندنی کۆمەڵگەیە، سیاسەتێک کە سەرەڕای تێچووی زۆری بۆ کۆمەڵگەی کوردی بەڵام قازانجێکی بۆ ڕێژیم نەبووە.

ئەم بڕیارەی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی هاوکات ناتەبایی لەگەڵ قانوونی بنەڕەتیی وڵاتیش هەیە کە بەپێی ئەو فێرکردنی زمانی دایک نەک تاوان نییە، بەڵکوو هەم وەک ماف بەڕەسمی ناسراوە و هەم دەوڵەت ئەرکدار کراوە لە پێناو وەدیهاتنی ئەو مافەدا؛ کە دیارە لە هەموو ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ئەو مافە لە نەتەوە نافارسەکان زەوت کراوە و حکوومەت و دەوڵەتیش بەهۆی ڕوانگەی ئەمنیەتییان بۆ ئەم پرسە هیچ پلان و بەرنامەیەکیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم نەبووە.

ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و هەرکام لە نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەم وڵاتە زمان و شوناسی جیاوازی خۆیانیان هەیە. هەموو یاسا نێونەتەوەیییەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤیش ئەو مافەی بە مرۆڤەکان داوە بەبێ جیاوازیی ڕەگەز و پێست و ئایین و نەتەوە، بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن و کولتوور و زمانی خۆیان بپارێزن و پەرەی پێبدەن. ئەو مافە لە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافە زمانییەکان، جاڕنامەی زمانی دایکیی یوونسکۆ، کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافی منداڵان و، پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتوە. کۆماری ئیسلامییی ئێرانیش لەلایەک هەموو ئەو پەیماننامە نێونەتەوەییانەی ئیمزا کردوە و لە لایەکی دی لە قانوونی بنەڕەتیی خۆیشیدا دانی پێدا نراوە؛ بەڵام لە بەشی کردەنیدا نەک خۆی لە هەموو ئەو بەرپرسایەتییانە دزیوەتەوە؛ بەڵکوو ئەو مافەی بە مەترسییەک بۆ سەر ئەمنیەتی خۆی زانیوە و چالاکانی ئەم بوارەشی بە دژبەری خۆی سەیر کردوە.

چالاکانی مەدەنیی وەک “زارا محەممەدی” داژدار و پارێزەی زمان و شوناسی نەتەوەیەکی حاشالێکراون. ئەوان ئەرک و ڕیسالەتێکیان خستۆتە سەرشانیان کە لە بنەڕەتدا ئەرکی دەوڵەت و دامودەزگا حکوومەتییەکانە. بەڵام لەبەر دژی‌گەلی بوونی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوە ڕۆڵە ئازا و بوێر و مافویستەکانی نەتەوەی کوردن کە خەم لەو پرسە گرینگەی شۆناس دەخۆن و لەپێناو ئەو ئەرکە پیرۆز و مافە ڕەوایەشدا تێچووی قورسی بۆ دەدەن.

وەدەنگ هاتن لەسەر زارا محەممەدی ئەرکێکی ئەخلاقی و لە هەمان کاتدا بەرپرسایەتییەکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە. کۆمیتەی فەرهەنگیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم بڕیارەی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکا و بە نیشانەی ترس و زەبوونیی ڕێژیم لە ئاست بزووتنەوەی مافخوازیی گەلی کوردی دادەنێ. هاوکات داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە دەکا لەپشت زارا محەممەدی بوەستن و خاوەندارێتیی لێ بکەن و ئەم داکۆکییە بە ئەرکی مرۆیی و نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیانی بزانن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

کومیتەی زمانی دایک
٢٧ی پووشپه‌ڕی ١٣٩٩
(١٧ی جولای ٢٠٢٠)