لە بەهاری پراگەوە تا سەهۆڵبەندانی خۆرهەڵات

” کاریگەریی کەسایەتی دکتور قاسملوو لەسەر ڕێبازی حیزبی دێموکرات”
نووسینی پێشەوا عەلی‌پوور
روون و ئاشکرایە کە کەسایەتی دکتور قاسملوو لە میژووی جووڵانەوەی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکرات، شوێندانەرییەکی تایبەتی هەبووە و ئێستاش ئەو کاریگەرییانە لە رەفتاری سیاسی حیزبی دێموکرات و کادرەکانی ئەم حیزبەدا رەنگدانەوەی هەیە، بێگومان رێبەری کردنی قەیران و مودیریەتی سیاسی و فکریی ئەو حیزبە، لە جەنگەی تۆفانی ئایدۆلۆژیا چەقبەستوو و داخراوەکان لە دەورانە جۆراوجۆرەکانی مێژوودا و، تیئۆریزەکردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و خەباتی حیزبی دێموکرات، لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی دکتور قاسملوو بوون کە بە خوێندنەوەی دەقیق و ورد لەسەردەمی خۆی تێکۆشا لە بازنەی ئایدیای داخراوی زاڵی ئەوسەردەمدا قەتیس نەبێ و بە تێگەیشتنی دەقیق لە دۆخی کورد و خەباتی حیزبی دێموکرات، فۆڕموڵی نوێ بهێنێتە گۆڕێ و هەروەها سەربەخۆیی بڕیار، سەربەخۆیی تاک، رێزگرتن لە دێموکراسی و ئازادی لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی دکتور قاسملوو بوون کە پێداگر بووە بۆ نەهادینە کردن و بە کلتوور کردنیان لە سیستمی حیزبی و لەناو بزووتنەوەدا.
دکتور قاسملوو لەسەردەمێکدا کە بۆ خوێندنی ئاکادێمی دەچێتە فەڕانسە، بیری ئازادیخوازی و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی و دێموکراسی دەکاتە سەرلەوحەی تێکۆشانی خۆی و بە وتارێکی ئاگرین لە ئاکسیۆنی ئێعترازی لاوان و خوێندکارانی ئێرانی لە پاریس {سەبارەت بە دیفاع لە ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین، دژی رێژیمی شا کە بە بیانووی هەوڵی تێرۆری شا بەرتەسک کرابوونەوە} قۆناغێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی خۆی دەست پێدەکات. ئەم هەڵوێستەی دکتور قاسملوو دەبێتە هۆکاری ئەوەی لە لایەن سەفیری ئێران لە فەڕانسە داوای دەرکردنی بکرێت لەو وڵاتە و هەر بۆیە ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی (١٩٥٠ی زایینی) بەناچار فەڕانسە بەجێ دەهێڵێت و بە کەڵک وەرگرتن لە بورسی “یەکیەتیی نێونەتەوەیی خوێندکاران” دەچێتە چێکۆسڵۆڤاکی و لە پراگ خوێندنی ئاکادێمی درێژە دەدات و دەبێتە مامۆستای زانکۆ.
ئەو قۆناغەی ژیانی دکتور قاسملوو لە پراگ وەک وێستگەیەکی تایبەتی تێکۆشانی دێتە ئەژمار، لەلایەک پلەی دکتورا لە خوێندن بەدەست دەهێنێت و دەبێتە شارەزای بواری ئابووری سوسیالیستی و ئابووری سەرمایەداری و، لە لایەکیش بیر لە جێخستنی ئازادی و دێموکراسی لە سیستێمی سوسیالیستیدا دەدات، لەوێیە کە وردە وردە خوێندنەوەی نوێ بۆ سوسیالیزم دادەڕێژێ و یەکەمین چەخماخەی ئەو داڕشتنەوەی، بە مەحکوم کردنی هێرشی ئەرتەشی شۆڕەوی بۆ سەر پراگ لێدەدات.
لەسەردەمێکدا کە دۆخی سیاسی لە چێکۆسڵۆڤاکی ئاڵوگۆڕێکی نوێی بەخۆیەوە دەدیت و کرانەوەی سیاسی و بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازانە بە دەستپێشخەری ئەلێکساندێر دۆبچێک، کۆمەڵگای ئەو وڵاتەی گرتەوە و لە ئاکامدا دەستی حیزبی کۆمۆنیستی لە کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا کورت کرد، ترسێک هەناوی شۆڕەوی و وڵاتانی دیکەی سوسیالیستی داگرت کە لە ئیدارەی کۆمەڵگاکانیاندا ماهیەتی تۆتالیتێریان هەبوو. ترس لە تەشەنە سەندنی ئەو ئازادییانەی چێکۆسڵۆڤاکی بۆ ناو وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی بیری سوسیالیستی شۆڕەوی بەواتای کۆتایی حاکمیەتی سوسیالیزمی مەوجود و بەڕێوەبەرانی ئەم بیرە بوو، هەر بۆیە تەحەمولیان نەکرد و هێرشیان کردە سەر ئەو وڵاتە و ئەوەی لە ساڵی ١٩٦٨ پێی دەگوترا “بەهاری پراگ”، کەوتە ژێر زنجیری تانکەکانی سوسیالیستە کەونەکان و ئەمەش دکتور قاسملووی دێموکراتی هاندا کە بە جورئەتەوە ئەم حەرەکەتەی شۆڕەوی مەحکوم بکات، دیارە ئەم هەڵوێستەی دکتور قاسملوو بە پێچەوانەی ئەو رەوتە رۆشنبیرییە سوسیالیستییە زاڵەی کۆمەڵگای کوردی بوو. ئەم بوێرییەی دکتور قاسملوو لە هەڵوێست و سەربەخۆیی لە بڕیاردانی، جارێکی تر دکتور قاسملوو تووشی کێشە دەکات و لەسەر داوای حیزبی تودە لە چێکۆسڵۆڤاکی ژێر دەسەڵاتی شۆڕەوی دەردەکرێ.
چاودێری و لێکۆڵینەوەی وردی دکتور قاسملوو سەبارەت بە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەورانی شەڕی سارد لە وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی شۆرەوی بە ئیدارەی سوسیالیستی داخراو، ئەو رێبەرە هاندەدات کە بیر لە رێفۆرمێکی جدی بکاتەوە لە سیستمی سوسیالیزمدا بەجۆرێک کە شیاوی کۆمەڵی کوردەواری و کۆمەڵگای کوردستان بێت و ئازادی و دێموکراسی تێدا جێگیر بکرێت، بەڵام بەداخەوە دواکەوتوویی کۆمەڵگای کوردی و لەوان سەیرتر چەقبەستوویی رۆشنبیران و سیاسییەکانی ئەوسەردەم و نەبوونی خوێندنەوەی درووستی ئەو چینە لە رووداوەکان و ئاگادار نەبوونیان لە زاتی سوسیالیزمی مەوجود بوون بە لەمپەر بۆوەی ئەو بابەتە فکرییە بە ئاسانی نەگاتە ناو کورد و نەتوانێ چەکەرە بکات. دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش بە ئاشکرابوونی خەباتی رەوتی دیکەی غەیری حیزبی دێموکرات و باندۆری گوتاری سوسیالیستیی ئەو سەردەم لەسەر رێبەران و پێشەنگەکانی ئەو رەوتە نوێە و هەروەها نەبوونی دەرکی دروستیان لە واقعیات و ناوەرۆکی ئەو سوسیالیزمە تۆتالیتێرەی شۆڕەوی، وایکرد کە رەوتی نوێش بکەونە بەرەی دژی دکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات و ئەو حیزبەیان بە کۆنەپارێز ناودێنا و سیاسەتی ئەو حیزبەیان پێ کلاسیک بوو، هەمووی ئەمانە لەکاتێکدایە کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئورووپا لە جەریانی شەڕی سارددا تەجروبەی تاڵیان هەبوو لە تەراتێنی پۆتینی سوسیالیستیی شۆڕەوی بەسەر ئازادییەکانیاندا و، هەر بۆیەش زوو وەخۆ کەوتن و ئەو چەشنە لە سوسیالیزمیان قەبووڵ نەکرد و لە هەناوی سوسیالیزمدا بەدوای ئازادی و دێموکراسی دا دەگەڕان، کە بێگومان ئەمە خەونی دکتور قاسملووش بوو کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئەو وڵاتانەی کردبوو.
بەهەموو ئەو کێشە و لەمپەرانەشەوە دکتور قاسملوو لە سەختترین قۆناغەکانی جیهانی و ناوچەیی و کوردستانی، هەم حیزبی دێموکراتی رێبەرایەتی کرد و هەمیش وەک کەشتیوانێکی لێزان بزوتنەوەی کوردی لە تۆفانی ململانێی هزری و سیاسی سەردەم بە باشی رێبەرایەتی کرد.
لە ئاکامدا دکتور قاسملوو لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی (١٩٨٤ی زایینی) و لە جەریانی کۆنگرەی شەشی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی گەڵاڵەی باشووری کوردستان، خوێندنەوەی نوێی لە سوسیالیزمیی سەردەمی جیهانی دوو جەمسەری، لە ژیر ناوی “کورتە باس” دەهێنێتە گۆڕێ کە تێیدا پێداچونەوەی بە سوسیالیزمی مەوجوددا کرد و لە بیری ستالینی دایماڵی و هەروەها جودای کردەوە لە خوێندنەوەی چەپی کلاسیک، لەو خوێندنەوەیەدا بۆ سوسیالیزم هەرچەشنە دیکتاتۆریەتێک رەد دەکرێتەوە و جێگە و پێگەی ئازادی و دێموکراسی بەرز دەنرخێندرێ. ئەمە لەکاتێکدایە کە سوسیالیزمی سۆڤیەت هەناسەی ئازادی لە رۆژهەڵاتی ئورووپا بڕیوە و سیستمی تۆتالیتێری بەسەر ئەو کۆمەڵگایانەی ژێردەستی خۆیدا سەپاندووە، بەهەموو ئەوانەشەوە لە کوردستان بەشێک هەر سوور بوون و هێشتاش سوورن لەسەر بەبنەماگرتنی سوسیالیزمی ساردی شۆڕەوی.