ڕەحمان نەقشی، سەربازی بێناوونیشانی بزووتنەوەیەک. قادر وریا
لەم دوایانە دا پێشەکییەکم بۆ بەرهەمێکی نوێی کاک ڕەحمان نەقشی نووسی. پێشەکییەکەم لە جیاتی باس لە ناوەرۆکی تازەترین نامیلکە یا کتێبە ئەنترنێتییەکانی (کە پێکهاتووە لە وتووێژەکانی مامۆستا حەسەنزادە)، بۆ ڕێزگرتن لە زەحمەتەکانی خۆی تەرخان کرد. ئێستا کە بۆ خۆی ئەم کتێبە ئەنترنێتییەی لە ماڵپەڕەکان بڵاو کردووەتەوە، حەز دەکەم منیش پێشەکییەکەی خۆم بۆ ئەو کتێبە لە فەیسبووکی خۆم بڵاو بکەمەوە. بۆ وێنەیەکی خۆی سەردانی فەیسبووکەکەیم کرد.سەرنج ڕاکێش ئەوەیە ئەم کاک ڕەحمانە کە هەموو کات و توانای خۆی بۆ کۆکردنەوە و بە نامیلکەکردنی نووسین و چالاکیی جۆراوجۆری کەسایەتییەکان و لایەنەکانی نێو بزووتنەوەی کوردستان تەرخان کردوە و دیوارەکەشی پڕ کردوە لە وێنەی سەر بەرگی ئەو دەیان کتێب و نامیلکەیە، تەنانەت وێنەیەکی خۆی، نادۆزییەوە. ئەمەش یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو مرۆڤە خۆبەخشە دەگەیەنێ کە بە راستی لە پێناوی گشت دا، وازی لە خۆی هێناوە و تەنانەت زوڵم لە خۆی دەکا. هەر بۆیە حەق وایە مەمانان، ئەومان لە بیر بێت و بەم هەمووە خۆبەخشی و فیداکارییەی بزانین و ڕێزی لێ بگرین.
“کۆمەڵێک هەڤپەیڤین”
بەرهەمێکی دیکەی شەونخوونییەکانی سەربازی ون، ڕەحمان نەقشی
قادر وریا
بۆ 10 ساڵ دەچێ کاک ڕەحمان نەقشی لەڕێگای بەرهەمی زەحمەتەکانیەوە دەناسم. دیارە پێشتریش دووراودوور ناویم بیستبوو بەڵام بە ڕادەی ئەم 10 ساڵەی دوایی، ئاشنای زەحمەتو ماندووبوونی خۆبەخشانەی ئەم مرۆڤە دڵسۆزە نەبووم. من لەم پێشەکییەدا، ناچمە سەر هەوڵو تێکۆشانی بەحەوسەلەو پشوودرێژانەی لە بوارەکانی دیکەی خزمەت بە حیزبی دیموکراتو بزووتنەوەی نەتەوەییو ئازادیخوازنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. تەنیا باسی لایەنێک یا یەکێک لە بوارەکانی خزمەتەکانی دەکەم کە ئامادەکردنی ئەم کۆمەڵە هەڤپەیڤینانەی مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە دوا نموونەی کارەکانی لەم بوارە دایە. ئەویش خۆتەرخانکردنی بۆ کۆکردنەوەو بە ئارشیوکردنی بابەتو راپۆرتی پێوەندیدار بە حیزبی دیموکراتو بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
کاک ڕەحمان چەندین ساڵە بوڵتەنێکی مانگانەی ڕێکوپێک لە چالاکیو تێکۆشانی جۆراوجۆری دامەزراوەو ئۆرگانەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانو بەرپرسانی ئەم حیزبە ئامادە دەکاو دەیخاتە بەر سەرنجی ماڵپەرەکانو هۆگران. دەتوانم بڵێم ساڵانێکی زۆرە گۆڤارێکی ئەنترنێتی لە ژێر ناوی”یەکبوون” ئامادە دەکا کە هەر ژمارەیەکی بە کۆمەڵێک وتارو بابەتی هەمەڕەنگ ڕازاوەتەوە. لە زۆربەی بۆنەکاندا، بۆ وێنە2ی ڕێبەندان، 10ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان،26ی سەرماوەز( ڕۆژی ئالاو ڕۆژی پێشمەرگە)،21ی فێوریە(ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک)، 8ی مارس(ڕۆژی جیهانیی ژنان)، 25ی گەلاوێژ(ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان)، 22ی پووشپەڕو 26ی خەرمانان(یادی تیرۆرکرانی د.قاسملووو د.شەرەفکەندیو هاوڕێیانیان)و هتد، کاک رەحمان بێکارو بێخەم دانەنیشتوەو بە دیارییەکەوە کە ئامادەکردنی نامیلکەیەکی پڕاوپڕ بابەتی پێوەنیداربەو بۆنانەیە، بوونی پڕ بەرەکەتی خۆی دەسەلمێنێتەوە. لە کاتی شەهیدبوونو کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دیموکراتو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان، هەمیسان رەحمان نەقشی، بێ ئەوەی کەس رایسپاردبێ، لە کەمین دابووە تا چی بابەتی باشی پیوەندیدار بەو رووداوەو کەسایەتییە هەیە کۆیان کاتەوەو لە توێی نامیلکەیەکی ئەنترنێتی دا، بیانخاتە بەرچاوی تینوانو تامەزرۆیانی ئەم بابەتانە.
“کۆمەڵێک هەڤپەیڤین” زیاتر لە حەفتا وتووێژی بەڕێز عەبدوڵلا حەسەنزادەی گرتووەتە خۆ. ڕوالەتی مەسەلەکە ئەوەیە، کاک رەحمان تەنیا وتووێژەکانی کۆ کردوونەوەو کردوونی بەو نامیلکەیە. واتە لێکۆڵینەوەی نەکردوە، کاری نووسینو وەرگێڕانو پەراوێز بۆ نووسینو هتدیشی نەکردوە. بەڵام بۆ ئەوەی بایەخی ئەم کارەی بزانین هەر ئەوەندە بەسە سەرنج بدەینە دوو خاڵ. یەکەم ئەوە کە دەبێ ناوبراو چەند سەد سەعات یا چەندین شەوو ڕۆژ لە کاتی خۆی بۆ دۆزینەوەی ئەم هەڤپەیڤینانەو کۆکردنەوەو پاراستنو ئامادەکارییەکانی دیکەیان تەرخان کردبێ؟ ئەمە یانی ئەو پەڕی مایەدانان لە کاتی خۆی. دووهەم خاڵ ئەوەیە کە بەم ئەرک وەخۆگرتنەی چ خزمەتێکی گەورەی بەو کەسانە کردوە کە بە دوای ئەم وتووێژانە دا دەگەڕێن. بۆ خۆم زۆر جار کە بۆ وتار یا کتێب یا وتووێژی کەسایەتییەک داماوم تا لە نووسینێکم دا سوودی لێ وەربگرم، جاری وابووە بە سەعات لەم ماڵپەڕ وئەو پەیج و… دا بەدوای دا خولاومەتەوە. زۆر جاریش بە ئاکامی دڵخواز نەگەیشتووم. جا بزانە کەسێک کە تامەزرۆی بیروبۆچوونەکانی مامۆستا حەسەنزادەیە، یا بۆ کارێکی توێژینەوەیی پێوستی بەوە هەیە بگەڕێتەوە سەر یەک یا چەند لە وتووێژەکانی ئەو کەسایەتییە، بە هۆی ئەم نامیلکەیەوەو وەدەستهێنانی هاوکاتی دەیان هەڤپەیڤینی بەڕێز حەسەنزادە، کاری چەند هاسان بووەتەوە؟!
من هەڵسەنگاندنی ڕوانگەو بۆچوونەکانی مامۆستا حەسەنزادە دەهێڵمەوە بۆ خوێنەرانی ئەم هەڤپەیڤینانە. ئەگەر چی بۆ خۆم نەک هەر لە مەجالی سیاسیدا بەڵکوو لە بوارەکانی زمانەوانی، ئەدەبیو بە گشتی ڕۆشنبیریو کۆمەڵایەتییش دا، سوودو چێژ لە نووسینو لێدوان و ئەزموونە دەوڵەمەندەکانی بەڕێز حەسەنزادە وەردەگرم. بەم پێیە ڕەحمان نەقشی بەم کارەی لە پێشدا کارئاسانیی بۆ شەخسی خۆشم کردوە.
لە مێژ ساڵە کاک ڕەحمان نەقشیم بە بۆنەی هەموو ئەو زەحمەتو ماندووبوونە خۆبەخشانەی لە بواری کۆکردنەوە، پۆلێن کردن، بە نامیلکە کردنو بەئارشیوکردنی بابەتەکانی پیوەندیدار بە حیزبی دیموکراتو بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەیانکێشێ، بە “سەربازی ون” ناوبردوە. ئەو سەربازە ونە، شایانی دەستخۆشی و ڕێزلێگرتنە. هەر ئەمڕۆ لە نێو ئیمەیلەکانم دا ڕیسێڕچێکم کرد بۆ ئەو ئیمەیلو نامیلکانەی کاک رەحمان لە ماوی 10 ساڵی رابردوو دا ئامادەی کردوونو بۆی ناردووم. تەماشام کرد زیاتر لە 350 ئیمەیلم لە کاک ڕەحمانەوە بۆ هاتوون کە هەر نەبێ 300یان هەڵگری نامیلکەی ئامادەکراوی ئەو برا زەحمەتکێشە حەق نادیارەم بوون. دەی چۆن خۆم بە قەرزداری نەزانم و مەمنوونی نەبم و دەستی ماندووی نەکوشم؟!
بە بۆنەی ئامادە بوونو بە ئاکام گەیشتنی “کۆمەڵێک هەڤپەیڤین” ماندوونەبوونی لە کاک ڕەحمان دەکەمو پێرۆزبایی پێ دەڵێم. هیوام ئەوەیە خەمی نانو ژیان لێ بگەڕێن کاک رەحمان بەو جۆرەی خۆی ئارەزوو دەکاو بە خەیاڵێکی ئاسوودەترەوە لە سەر خزمەتەکانی بە تێکۆشەرانو چالاکانی مەیدانی سیاسەتو ڕۆشنبیری بەردەوام بێ.
کۆیە
قەڵای دیموکرات
29ی ئۆکتۆبری 2016