دیموكرات پاش خالید عەزیزی .. هاوار بازیان

دواجار دەنگۆكە وەڕاست گەڕا كە سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستان، خالید عەزیزی پاش نێزیكەی 9 ساڵ دەستی لەو پۆستە كێشایەوە. هەرچەندە خۆی كۆمەڵێك هۆی بۆ ئەو بڕیارە هێناوەتەوە و لەنامەیەكدا روونی كردووەتەوە، بەڵام بێگومان ئەو پێشهاتە كاریگەری دیاری لەسەر حیزبی دیموكرات و بەگشتی سیمای خەبات لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەبی كە زۆربەیان زیانبەخش دەبن و بەكورتی ئەمانەن:

1. ئەرك و كەسایەتیی خالید عەزیزی هیوایەكی زۆری بۆ یەكگرتنەوەی دیموكراتەكان درووست كردبوو، بەجۆرێك كە بە رێبەر و هێمای پرۆسەی یەكبوونی دیموكراتان ناسرابوو. ئەو تایبەتمەندییەی عەزیزی وەك هۆیەكی گرینگ و سەرەكی لە پێدانەوەی پۆستی سكرتێری گشتیی حیزبەكەی تەنانەت لە دەرەوەی بەرنامە و پێڕەوی حیزب لە كۆنگرەی 16 دادەنرێ. لاچوونی عەزیزی، خەسارێكی گەورە دەبی بۆ پرسی یەكگرتنەوەیەكی “تەندرووست و بەهێز”ی حیزبی دیموكرات.
2. خالید عەزیزی ماندوو كرا. لەناو هەردوو لایەنی حدك و حدكا كەسانێك هەبوون و ئێستاش بوونیان هەیە كە ناتوانن عەزیزی و بۆچوونەكانی قبووڵ بكەن و بەرنامەكانی سیاسی و سیستەمی تازەی كار و حیزبییان لا پەسەند نەبوو. ئەوانە لە هەردوولایەنی حیزبدا راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژایەتیی عەزیزییان دەكرد و هەوڵیان دەدا لەمپەری بۆ درووست بكەن و سەركەوتن!
3. یەكەم سوودمەندی وازهێنانی عەزیزی، هەمان نەیارانی یەكبوونەوەی حیزبی دیموكرات دەبن. لە هەردوو بەشی دیموكراتدا زۆرن ئەوانەی پێیانوایە نابی یەك بگرنەوە. هۆكاری ئەوانە بۆچوونی سیاسی یان جیاوازیی ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵكوو بینینی تەنیا چەند ئیمتیازێكی بچووكی ناو حیزبی و دەسەڵاتدارییە. كاری هەمیشەییی ئەوانە لە مێژووی حیزبی دیموكراتدا “گرتنی ماسی لە ئاوی لێڵ” بووە و تا ئێستاش بەردەوامن.
4. لاچوونی عەزیزی ئەو پەیامەمان پێدەدات كە دەستكەوتە سیاسییەكانی 9 ساڵی رابردووی حیزبی دیموكرات (باش یان خراپ) هەمووی دەچیتە حسێبی ئەوانەی بڕوایەكی بەهێزیان بە گەڕاندنەوەی بەهای راستەقینەی حیزبی دیموكرات لە مەیدانی سیاسیی رۆژهەڵاتدا نییە.
5. ئەگەر جیابوونەوە و لەتبوونەكانی پێشووتری مێژووی حیزبی دیموكرات دڵخۆشیی ئەوەی بە لایەن و حیزبەكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان بەخشیبی كە “دیموكراتی گەورە پەرتەوازە بوو”، لە دوا لەتبوونی دیموكراتدا ئەو حیزبانە نەك هەر دڵیان خۆش نەبوو، بگرە نیگەران بوون لەوەی حیزبی نوێی دیموكراتی كوردستان بەبوونی خالید عەزیزی بووەتە “دووەم دیموكراتی گەورە”! هەربۆیە كشانەوەی عەزیزی وەك كەسی یەكەمی حدك و كاڵبوونی رۆڵی، دوور نییە دڵخۆشیی دووبارەیان پێ ببەخشێتەوە.
6. لە ئاستی ناوەخۆییدا، عەزیزی زیاتر لە هەموو سكرتێرەكانی تری حیزبی دیموكرات خاوەنی گوێگر و لایەنگر بوو. كاڵبوونی عەزیزی لەناو پەیكەری حیزبی دیموكراتدا پەیامێكی تاڵ دەبی بەو مانایە “حیزبی دیموكرات ئەگەریش توانای راكێشانی بیر و عەقڵی تازەی هەبی، دواجار ناتوانی سوودی لێوەربگری و بۆ نوێكردنەوە و پێشخستنی خۆی بەكاری ببات”. لاوازبوونی پێگەی ناوەخۆییی حدك یەكێك لە دەرهاویشتە دیارەكانی ئەو بڕیارەی عەزیزی دەبی كە حاشای لێناكرێ.
7. حیزبی دیموكراتی كوردستان و ئەندامانی ئەو حیزبە باجێكی زۆریان دا و چەندان كێشە و تانەی سیاسییان بەسەر هات تا ئەو حیزبەیان خستە سەرپێ و هێنایانە ئاستێك كە لە مەیدانی سیاسیی كوردستاندا هاوشانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەژمار بكرێ و هیچ گومان لەوەدا نییە كە ئەو دەستكەوتە بەبێ بوونی خالید عەزیزی وەك كەسی یەكەمی حیزبەكە ئەگەریش نامومكین نەبووایە، زۆر ئەستەم دەبوو و بەدڵنیایییەوە خاوەن ئەو جەماوەر و پێگەیە نەدەبوو.
8. ئەوەی دەبێتە جێگری عەزیزی! ئەوەش جێگەی پرسیارە كە بەڕاستی جگە لە خالید عەزیزی هەركەسێكی تری كۆمیتە ناوەندی حیزبی دیموكرات شوێنی عەزیزی بگرێتەوە ناتوانێ متمانەی ئەوە درووست بكات كە دەتوانێ دوور لە كینە و كێشەی مێژوویی لەگەڵ لایەنەكەی تری دیموكراتدا هەوڵی كاری هاوبەش بدات، چونكە زۆربەی هەرەزۆری ئەندامانی تری رێبەرایەتیی حدك بەشێوەیەك كێشە و ناكۆكیی لەمێژینەیان لەگەڵ لایەنی حدكا دا و هەر ئەوان هۆی لەتكردنی حیزب بوون و بەگشتی لای یەكتری وەك مۆرەی پەسند ناناسرێن. جگە لەوەی ئەوانەی دەنگۆی گرتنەوەی شوێنی عەزیزییان هەیە كەسانێكی “شایستە و شیاوی رێبەری” نین!
بەكورتی
كشانەوەی عەزیزی ئەگەر لە روانگەی خۆیەوە رێزلێنانێك بووبی لە دیموكراسیی ناوحیزبی كە زیاتر لە دوو خول ناتوانێ سكرتێر بی، یان هەر هۆیەكی خێزانی و تایبەتی خۆی هەبووبی، هاوكات پشتگوێخستنى ئەو ئەركەیه رای گشتیی رۆژهەڵات لەسەر نوێكردنەوەی بەرگی خەباتی كورد لە رۆژهەڵات پێی ئەسپاردبوو. لە ئەنجامدا كارەكەی بەزیان بەسەر هەردوولایەنی حیزبی دیموكراتدا بەگشتی دەشكێتەوە و راستەوخۆ دەنگی یەكگرتنەوەی ئەو حیزبە لاواز دەكا و درەفەتی باشتر دەبی بۆ ئەوانەی بۆچوونی بەرتەسكی حیزبیان تێكەڵ بە خەبات كردووە و ئامادە نین بۆ بەرژەوەندیی خەباتی كورد لە رۆژهەڵات، گەورەتر لە حیزبێك بیر بكەنەوە و حیزبی دیموكراتی كوردستان لەبار دەبەن بێ ئەوەی سوودێكیان بۆ پەیكەرە گەورەكەی حیزبی دیموكرات هەبی.
سەرچاوەكان:
http://rojhelattimes.net/manshet/1003

ڕاگەیەندراو بە بۆنەی پێکهاتنی پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان