بە بۆنەی رۆژی جیهانیی لێبووردن.. رەزا شوان

چەند بەهایەکی بنەمایی هەن، کە مرۆڤ و کۆمەڵگا ناتوانن بەبێ ئەو بەهایانە بژین، سووریشن لەسەر ئەوەی کە ئەو بەهایانە بۆ منداڵەکانیان بکوێزنەوە..

گرنگترینی ئەو بەهایانەش لێبووردنە کە لە لووتکەی ریزبەندی پەیـژەی بەها جوانەکانەوەیە.. پێویستە هەموو مرۆڤێک ئەم بەهـایە لەخۆبگرێت.. چونکە لێبووردن زۆر واتای جوانی لەخۆی گرتووە و، شادی بە مرۆڤ دەبەخشێت.
کاتێ کە مرۆڤ لە ئەوپەڕی بەهێزی و توانا و شکۆ و سنگفراوانیدا لێدەبوورێت.. ئەمە هێندەی تر گەورەیی و شکۆداری و شادی و ویژدان ئاسوودەیی پێدەبەخشێت و، زیاتریش لە ناو کۆمەڵدا رێزدار و رەوشمەند و ناسراو دەبێت.. لێبووردنیش باشترین تۆڵەکردنەوەیە.
ماهاتما گاندی دەڵێ:” لاواز ناتوانێت لێببوورێت، لێبووردن لە خەسڵەتەکانی بەهێزەکانە”
جەواهیر لال نەهرۆش دەڵێ:” تەنیا کەسە مەزنەکانن، کە دەزانن چۆن لێببوورن”
ئێمەی کوردیشلەم رووەوە پەندمان زۆرە، بۆ نموونە:” دۆژمنی خۆیبەشکراو دەخنکێنێ” پەندێکی ترمان دەڵێ:” دۆژمن بکە بە دۆست، دۆست مەکە بە دۆژمن”
لێبووردن بە یەکێک لە پرانسیپەکانی مرۆڤایەتی و رەوشتی دەزانرێت، لە راستیشدا لێبووردن و
لە یادکردنی ستەم و ناڕەوایی شتێکی ئاسان نییە.. بەڵام هەڵەش بە هەڵە چارەسەرناکرێت..
ئەو چێژ و خۆشی و شادی و ئاسوودەییەی کە لە لێبووردندا هەیە، لە تۆڵەسەندنەوەدا نییە.
لێبووردن هەستکردنە بە بەزەیی و سۆز و خۆشەویستی، کە هەموو ئەمانە لە ناخی دەروون و دڵماندا هەن.. زۆر گرنگن بۆ خودی خۆمان و بۆ جیهانی دەوروبەرمان.
بە گەلی شێوە پێناسەی چەمکی لێبووردن کراوە، هەموو پێناسەکان جەخت لەسەر گرنگی بەهای لێبووردن لێبووردن دەکەن، ئەوەش دووپات دەکەنەوە، کە بەبێ لێبووردن ئاشتی بەرقەرارنابێت.
لێبووردن چەمکێکە واتای لێبووردن لە کاتی هێز و دەستڕۆیی دەگرێتەوە، نەک وەڵامدانەوەی خراپە بە خراپە، یا گەورەکردنەوەی شتە بچووکەکان.. لێبووردن دان بە خۆگرتن و سنگفراوانی و دڵ گەورەیی و دووربینی دەگرێتەوە.. ئەوەش دەزانین مرۆڤەکان لە رەفتار و هەڵسوکەوت و لە کەسێتیدا وەکو یەکنیین، هەن لەسەرخۆ و هێمن و رۆخۆش و دڵنەرم و بە بەزەیی و لێبووردەن، هەشن تووڕە و گرژومۆن و دڵڕەق و کەلەرەق و شەڕخوازن.. ئەم خەسڵەتانەش چ ئەرێنی و چ نەرێنییان، دەگەڕێنەوە بۆ دروستی یا نادروستی پەروەردەکردنیان لە قۆناخەکانی منداڵییاندا.
لێبووردن بەشێکە لە دادپەروەری، یەکێکە لە بەها جوانەکان و، لە رەوشتە بەرزەکانی مرۆڤی ڵێبووردە.. با لێبووردن بکەین بە بەشێک لە ژیانمان، بیکەین بە دروشمێکی پەیوەندییەکانمان.
با لێبووردن و خۆشەویستی ورێزگرتن و بەزەیی و دڵ گەورەیی و سنگ فراوانی و زمانی گوڵ بکەین بە رێبازێکی سەرکەوتنی ژیانمان.. با لە توندوتیژی و رق و کینە و توندڕەوی و کەلەڕەقی ودڵڕەقی و دەمارگیری و تۆڵەسەندنەوە و یەکتری قبووڵنەکردن و زمانی زبر و هەستبریندارکردن و یەکتری تەزان و ملشکانی یەکتری دووربکەوینە وە.
ئازادیخوازی ناسراو، نیلسون ماندێلا دەڵێ:” ئازاکان لە پێناوی ئاشتیدا، لە لێبووردن ناترسن”
هەر بە هۆی کەلەڕەقی و دڵڕەقی و دەمارگیری و توندوتیژی و یەکتری قبووڵنەکردن و دوورنەبینی و لێنەبووردنی سەرکردەکانی وڵاتە زلهێزەکانەوە بوو.. کە دوو شەڕی جیهانی بەرپابوون.. کە بە ملیۆنان کەس بوونە قوربانی لێنەبووردن و، سازشنەکردن.. بە ملیارات دۆڵار بە فيڕۆدران کە بەو پارە زۆر، هەژاری و نەخۆشی و نەخوێندەواری لە سەراسەری جیهاندا نەدەما و، گەشەکردن و پێشکەوت و داهێنانیش لە ئاستێکی زۆر بەرزتردا دەبوو.. بە هەزاران گوند و شارۆچکە و شاریش وێران نەدەکران.. تا ئەمڕۆش برینەکان و ئاسەوارەکانی ئەو دوو شەڕە ساڕێژ نەبوونە.
ئایا ئەو هەڵە و کارەسات و نەهامەتییانە بەس نین؟ نەبوونەتە پەند و وانە بۆ ئەوەی سەرکردەکانی ئەمڕۆی جیهان ئەو هەڵانە دووبارە نەکەنەوە..؟ بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆش، رۆژانە بە هەزاران کەس دەبنە قوربانی ئایدۆلۆژییە بۆگەنەکان و، سیاسەتی خۆپەرستی و کورسی پەرستی و سەرکردە لە خۆبایی و رەگەزپەرستە ستەمکار و دیکتاتۆرە خوێنڕێژەکان.. کە لە پێناوی مانەوەیان لەسەر کورسیی دەسەڵاتدا بە هەزاران کەسانی بێتاوانیان کردوون بە قوربان و، بە ملیارات دۆلاریشیان لە کڕینی چەکی کوشندە و وێرانکەر خەرج دەکەن.. کە هەموویان بۆ کوشتن و کاولکردن بەکاردێنن.
دەمەوی ئەوەش بڵێین، کە لێبووردن چاوپۆشین و قبووڵکردنی ستەم و زۆرداری و کڕنۆش بردن نییە، یا ئەوە ناگەیەنێت کە مرۆڤ لە باوەڕەکانی خۆی دەستهەڵبگرێت یا سازشیان لەسەر بکات..
بەڵکو مرۆڤ ئازادە لە پەیوەستبوون بەو باوەڕە مرۆڤایەتییانەی کە بڕوای پێی هەیە.. وەکو وتمان مرۆڤەکان جیاوازن لە دیمەن و رووخسار و رەنگ وبۆ و، لە زمان و نەتەوە و ئاین و، لە داب و نەریت ورەفتار ورەوشت، هەر گەلێکیش مافی خۆیەتی بە ئازادی بژی و، کەس و هیچ لایەنێکیش بە تۆبزی را و بۆچوون و ئایدیۆلۆژیای خۆیان بە سەریدا بسەپێنن و ماف و ئازادیی لێزەوت بکەن.
لێبووردن ئەو واتایە دەگەیەنێت، کە پێویستە رێز لە کولتوور و لە بڕوا و لە بەهـاکانی خەڵکانی تر بگیرن.. ئەمەش کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە لە مافەکانی مرۆڤ و لە دیموکراتی و لە دادپەروەری و لە و لە یەکسانی و لە ئازادییە گشتییەکانی مرۆڤ.
لێبووردنیش تەنها لە پێناوی کەسانی تردا نییە، بەڵکو لە پێناوی خۆشماندایە، بۆ ئەوەی کە لە هەڵەکانمان و، لە هەموو خەیاڵێکی نیازخراپ و لەو گوناهانەش کە لە ناخماندان رزگارمان بێت..
تا ئەمڕۆش لە زۆر وڵاتدا، کەسانی گوناهبار دەچنە بەردەم قەشەکان یا رابەرانی ئاینییان، کە هەڵە و گۆناهەکانیان بۆیان باس دەکەن و پەشیمانن و، داوای لێبووردن دەکەن و، بەڵێنی ئەوە دەدەن کە دووبارەیان نەکەنەوە.. بەم داننانەشیان، تا رادەیەک خۆیان دەروون ئاسوودە دەکەن .. پەشیمانی و تۆبەکردنیش لە هەموو ئاینەکاندا، بە شێوەی جیاواز هەیە.
بێگومان لێبووردن زۆر لە گرفتەکان کەم دەکاتەوە، بەریش لەوە دەگرێت کە کێشەیەکی بچووک گەورە نەبنەوە، یا کێشەیەکی گەورە بچووک بکرێتەوە.
ئەگەرچی دەکرێت لە هەموو کات و رۆژەکاندا، ببوورین یا لێمان ببوورن.. بەڵام لە نێو کوردەواری خۆماندا، بە تایبەتی لە رۆژانی جەژنە ئاینی و نەتەوەییەکانماندا، کە پیرۆزبایی لە یەکتری دەکەین، بووە بەباویش کە گەردنی یەکتری ئازاد دەکەین.. گەردن ئازادیش، واتای لێبووردن و بەخشین دەگەیەنێت، لەو هەڵە و گوناه و لە غەیبەتانەی کە دەرهەق بە یەکتری کردوومانن.. لاپەڕەیەکی تازە لە نێوان یەکتریدا هەڵدەدەینەوە، ئەمەش یەکێکە لە نەریتە رەسەن و جوانەکانیئێمەی کورد.

هەرچەندە گەلی کوردمان، بە لێبووردەیی و دڵپاکی و، بە بەزەیی ناسراوە و، بیر لە تۆڵەکردنەوە ناکات، زۆر جاریش نەیارانی گەلەکەمان ئەم لێبووردەیی و دڵپاکییەیەی کوردیان قۆستوونەتەوە و، بە خاڵی لاوازی کوردیان زانیوون.. بە دڵنیاییەوە نە ئێمە و نە ئێوەی خوێنەریش ئازیزیش لەگەڵ ئەودانیین، کە لەو سەرکردە ستەمکارانە و، لەو کەسانەشکە ناپاکییان لە گەل و نیشتمانەکەمان دەکەن، لەو کاربەدەست و بەرپرسانەشدز و گەندەڵن و، بە هەوەسی خۆیان تەخشان و پەخشان بە پارە و سامانی گەلەکەمانەوە دەکەن، خەڵکیان برسی و نەبوون کردوون..ئەم کەسانە هەرگیز شایانی لێبووردن نین.. چونکە لێبوورن لە ستەمکاران و لە دز و لە ناپاکانی گەل و نیشتمان.. ستەملێکردنە لە ستەملێکراو و،لە دڵسۆزان لە نیشتمان پەروەران.. پێویستە ئەم تاوانباراند بدرێنە دادگا و سزایی یاسایی بدرێن و ببنە پەند بۆ کەسانی تر.. لێبووردن واتای چاوپۆشینەلە ستەم و لە ناپاکی و لە تاوانەکانی دژ بە نیشتمان و لە پێشێلکردنی ئازادی و زەوتکردنی مافەکانی کەسانی تر.
ماندێلا دەڵێ:” لێبووردنی رەوا، ئەوە ناگەیەنێتکە پێویستە بە تەواوی رابـردوو لە بیربکرێت..”

جیهان گەیشتوونەتە ئەو راستییەیەی کە بەبێ لێبووردن، ئاشتی لە جیهاندا بەرقەرار نابێت، بەبێ ئاشتیش گەشەکردن و پێشکەوتن و دیموکراتی نایەنەدی.. کەواتە لێبووردن پێویستییەکی جیهانییە.. گەر مرۆڤ بیانەوێت بە ئاشتی بژین.. بیانەوێت رابردووی تاڵ و نەهامەتییەکانی دوو شەڕی گەورە لەبیربکەن .. پێویستە ئەوە بزانن کە لێبووردن، گەورەترین و گرنگترین مەرجی پێکەوە ژیان و پێکەوەهەڵکردنە، لێبووردن بنەمایەکی گرنگی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و بەختەوەر و شادە.
لەم پیۆدانگ و لەبەر رۆشنایی گرنگییەکانی لێبووردن، نەتەوە یەکگرتووەکان، بە دەستپێشخەری رێکخراوی یۆنسکۆ، بڕیاری دا و، رایگەیاند کە ساڵی (١٩٩٥) بکرێت بە ساڵی جیهانیی لێبووردن.
لە کۆنگرەی گشتی رێکخراوی یۆنسکۆ، کە لە رۆژی(١٦ی/ نۆڤەمبەر/ ١٩٩٥) لە شاری(پاریس)بە ئامادەبوونی (١٨٥)دەوڵەتی ئەندامی ئەم رێکخراوە سازکرا.. لەم کۆنگرەیەدا، بە تێکڕای دەنگ بریاریان دا، کە داوا لە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن، کە رۆژی(١٦/ نۆڤەمبەر/ ١٩٩٥) بکرێت بە (رۆژی جیهانیی لێبووردن) هەموو دەوڵەتە ئەندامەکان واژۆیان لەسەر ئەم راگەیاندنە کرد.. نە تەوە یەکگرتووەکانیش ئەم بڕیارەی یۆنسکۆیان پەسەندکرد و، لەساڵی (١٩٩٦) شیشەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.. هەر نەتەوە یەکگرتووەکان رایای گەیاند و داوای لە دەوڵەتانی جیهان کرد.. کە هەموو ساڵێک لە رۆژی (١٦ی/نۆڤەمبەر ) کە ( رۆژی جیهانیی لێبووردن)ە..
ئاهانگ و چالاکی جۆراوجۆر بۆ دەزگاکانی فێرکردن و خەڵی سازبکەن و، هۆشیاریان بکەنەوە و
هانیان بدەن بۆ لێبووردن و خۆشەویستی و یەکتری قبووڵکردن و پێکەوەژیان و، رێزگرتن لە کولتوور و زمان و ئاین داب و نەریت و باوەڕ و ئازادی و مافەکانی گەلانی تر.
بڕیار و راگەیاندنی لێبووردنیش، تەنها ئەرکێکی واتایی نییە، بەڵکو پێویستییەکی سیاسی و یاساییە بۆ کەسان و کۆمەڵ و دەوڵتەکان.. لێبووردنیش گرێ دراوی بەڵگەنامە فەرمی و باوەڕپێکراوەکانی نێودەوڵەتییە بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە نیو سەدەی رابردوودا دەرکراون.. پێویستە لەسەر دەوڵەتان بە پێی پێویست یاسای تازە بۆ لێبووردن دەربکەن لە پێناوی بەرقەرابوونی یەکسانی و دادپەروەری و بۆ رەخسانی هەلی چاکسازی بو هەموو کەسانی کۆمەڵگا.
بۆ هاندانی لێبووردن و بۆ بەرزڕاگرتنی رۆژی جیهانیی لێبووردن.. رێکخراوی یۆنسکۆ لە ساڵی
(١٩٩٥) دا، کە لەم ساڵەدا دەوڵەتانی ئەندام لە یۆنسکۆ و لە نەتەوە یەکگرتووەکان پرانسیپەکانی لێبووردنیان راگەیاند، هەروەها بە بۆنەی جەژنی لە دایکبوونی (١٢٥) ساڵەی (ماهاتما گانـدی) یەوە، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ئاهەنگ سازکرا و، یۆنسکۆ بڕیاری داهێنانی خەڵاتی لێبووردنی دا، کە خەڵاتێکی بەنرخە، خەڵاتەکەش بە ناوی(مادانجیت سنگ)وەیە، کە هەر دوو ساڵ جارێک، لە رۆژی(١٦ی/ نۆڤەمبەر)(رۆژی جیهانیی لێبووردن) لە ئاهەنگێکی قەشەنگدا پێشکەش بەو کەسانە و بەو رێکخراو و بە دامەزراوانە دەکرێت، کە لە ماوەی چەند ساڵێ کاری رابردوویاندا چالاکییان لەم بوارەدا ئەنجام داون و رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە خزمەتکردن و خۆشکردن و لە بەرجەستەکردنی لێبووردن لە نێوان خەڵکیدا، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و کێشە نێودەوڵەتییەکانیان داون.. کە بە شێوەیەکی ئاشتییانە و، بە هەستێکی لێبووردنی دوور لە شەڕ و لە تووڕەیی و لە توندوتیژی و لە زیان گەیاندن بە یەکتری.
خەڵاتی لێبووردنی یۆنسکۆ لە ئەمساڵدا(٢٠١٦) پێشکەشیان کرد بە (ناوەندی لێبووردن)ی رووسی کە ناوەندێکی چالاکی لێکۆڵێنەوە و بەرنامەییە، بۆ لێبووردن و زانیاری دەروونی و فێرکردن.
بەڵام بە داخەوە هەندێ لەو وڵاتانەی کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی یۆنسکۆشن، کە واژۆشیان لە سەر راگەیاندن و لەسەر پرانسیپەکانی لێبووردن کردوون.. بە تایبەتیش دەوڵەتە داگیرکەرە فاشستییەکانی کوردستان.. نەک هەر گوێ بە لێبووردن وبە یەکسانی و بە ئازادیی و بە دادپەروەری و بە دیموکراتی و بە مافەکانی مرۆڤ نادەن.. بەڵكو بە بەرچاوی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و، رێکخراوی یۆنسکۆ و، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و، ویژدانی جیهانییەوە، زۆر بە ئاشکرا و بە زەقی و بە رەقی، بە شێوەیەکی دڕندانە و نامەردنە، کۆمەڵکوژی لە کورد دەکەن و، سیاسەتێکی رەگەزپەرستی و توندڕەوی و جیاوازپەرستی پەیڕەوی دەکەن.. بێدەنگی و چاونووقاندنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکان، بوونە بە هاندانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە.. بە تایبەتیش لە لایەن رژێمی نەژادپەرستی تورکیاوە.. کە شەڕێکی ناڕەوایان لە دژی گەلی کوردی ئازادیخواز و دیموکراتیخواز و ئاشتیخوازمان راگەیاندوون.. لە فەرهەنگی تورکیای فاشستدا، فرە نەتەوەیی و ئازادی و یەکسانی و پێکەوەژیان و دادپەروەری و مافەکانی گەلانی غەیرە تورک، بوونیان نییە..
نازانین نەتەوە یەکگرتووەکان و یۆنسکۆ و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ.. تاکەی لە ئاستی ئەم تاوانە قێزەوەنانەی داگیرکەرانی کوردستان بێدەنگ دەبن..؟! ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، کە بەرژەوەندی لە سەرەوەی مرۆڤایەتی و ویژدان و دادپەروەرییەوەیە.. بێدەنگی و چاوپۆشین لە ستەمکاران .. ستەمکردنە لە ستەملێکراوان.
رۆژی چوار شەممە(١٦/١١/ ٢٠١٦) بیست و یەکەمین ساڵڕۆژی ( رۆژی جیهانی لێبووردن )ە.
رۆژی لێبووردن پیرۆزبێتلە هەموو ئەو کەسانەی کە لێبووردە و دەروون پاک و دڵگەورە و سنگ فراوانن.. پیرۆزبێت لە هەموو ئەو کەسانەی کە بە چاوی یەکسانی و دادپەروەرییەوە لە هەموو کەسان و گەلان دەڕوانن.. پیرۆزبێت لەو کەسانەیکە لە پێناوی ئاشتی و و یەکتری قبووڵکردن و پێکەوە ژیان و رێزگرتن و سازان دا تێدەکۆشن.. پیرۆزبێت لە سەرجەم پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، کە هێندە دڵپاک و لێبووردەن، تەنانەت لەگەڵ دوژمنەکانیگەلەکەشماندا بە شێوەیەکی مرۆڤانە رەفتاردەکەن.. ئەمانەش لە لۆژیکی هیز و توانا و ئازایی باوەڕبەرزی و، لە رووحی لێبووردنیانەوە بەرجەسە بوونە.. چونکە جەوهەری جوان و پیاوەتی پیاوان و ژنان، لە کاتی هێز و توانا و دەستڕۆییندا دەردەکەون .
رەزا شوان