کۆچی دوایی هونەرمەندی نەتەوەیی و میللی کورد “فەقێ مینە” لە ناوچەی سەردەشت

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەری ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٢ ـ ٠٦ ـ ٢٠٢٠ هونەرمەندی بە توانا و خۆشەویستی گەل کاک محەممەدئەمین ڕەسووڵی ناسراو بە “فەقی مینە” بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

هونەرمەند فەقێ مینە لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و جووتیار گوندی ئاغەلان لە ناوچەی سەردەشت لە دایک بووە و سەردەمی مێرمنداڵی و گەنجی خۆی بە کشت و کاڵی و هاوکاری بنەماڵەکەی تێپەر کردووە. هەر لەو سەردەمەدا بە هۆی دەنگخۆشی و ئۆگری بە گۆرانی و بەندی کوردی دەبێتە یەکێک لە گەنجە دیارەکانی ناوچە.

فەقێ مینە بە هۆی ئەوە باری ڕووحی و ڕەوانی خەڵکی ناوچەی لە باری کۆمەڵایەتی‌یەوە ناسیوە، هەوڵی داوە کە بە دانانی بەند و هۆنینەوەی حەیران ببێتە زمان حاڵی خەڵک و بە گۆرانی و حەیران باس لە دەرد و خەم و ئازاری گەلەکەی بکا.

لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی حەمەرەزا شای پەهلەوی، فەقێ مینە وەک گەنجێکی دیار بەشداری لە خۆپێشاندان و لە کۆبوونەوەکان دا دەکا و دواتر وەک گەنجێکی بە هەست و نیشتمانپەروەر چەکی پێشمەرگایەتی لە هێزی موعینی ئەو کات لە ناوچەی سەردەشت لە شان دەکا و دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان.

فەقێ مینە پێش ئەوەی ببێتە پێشمەرگە، لە لایەن خەڵکەوە تەنیا وەک گۆرانیبێژ و حەیرانبێژ دەناسرا، بەڵام دواتر وەک مرۆڤێکی تێکۆشەر و پێشمەرگە لە نێو ئامیزی خەڵکدا پێشوازی لێدەکرا. فەقێ مینە وێرای ئەرکی پێشمەرگانەی، هاوکات گۆرانیبێژ و حەیرانبێژێکی دەنگخۆشی گەلەکەشمان بوو. لە کاتی پشوو و حەسانەوەی پێشمەرگەدا، فەقێ مینە بە گووتنی گۆرانی و بەند، شایی و ڕەشبەڵەکی لە سەر گوێسوانەی ماڵان و بەردەم بنکە و بارەگاکانی هێزی بە هێزی موعینی درووست دەکرد و لە کاتی بەفر و سەرما و باران دا بە حەیران و گۆرانی لە ژووری مەقەر و لە ماڵەکان دا دڵی هەموو لایەکی خۆش دەکرد، لە وەرزە جیاجیاکانی کوردستاندا و لە ڕۆژە مێژووی‌یەکانی حیزبدا و لە جێژن و کۆڕ و کۆبوونەوە و مەراسیمەکاندا دەبوو بە گوڵی نێو مەجلیس و بە گشتی بەشێکی بەرچاو لە کۆڕەکەی دەکردە کۆڕی بەزم و شایی.

فەقێ مینە مرۆڤێکی خاکی و سادە و خەمخۆری گەل و نیشتمان بوو، خەڵکی خۆشدەویست و خەڵکیش ئەویان خۆشدەویست، ڕێزێکی زۆری لە خەڵک دەگرت و لە هەموو شوێنێک بە هۆی ناسیاوی و کەسایەتی تایبەت بە خۆی لە لایەن خەڵکەوە میوانداری و پێشوازی لێدەکرا و ئەویش بە حەق لە خەم و شادی خەڵکدا بە دڵەوە بەشداری دەکرد.

فەقێ مینە دوای ساڵانێک پێشمەرگایەتی و بەهۆی بوونی بنەماڵەیەکی دەستکورت و هەژار  بە ناچار لە سەر ئیزنی کۆمیتە شارستانی سەردەشت گەرایەوە نێو بنەماڵەکەی. فەقێ مینە گەڕایەوە نیوخۆی وڵات بەڵام هەموو کات دڵی هەر لە نێو پێشمەرگە و بنکە و بارەگاکانی حیزبدا بوو. ناوبراو لە نێوخۆی دەستی بە کاری هونەری کردەوە و تا کاتی ماڵئاوایی بە سەدان گۆرانی و بەندی فۆلکلۆری کۆن و بەندی نوێی تۆمار کردوون. گەلەکەمان شاهیدی بۆ ئەوە دەدا کە فەقێ مینە وێرای ئەوەی کە دەسکورت بوو، بەڵام هیچ کات ملی بە زۆرەملی‌یەکانی کۆماری ئیسلامی نەدا و بەردەوام بە چرینی حەیران و گووتنی بەند و گۆڕانی دەرد و ئازاری گەلەکەی باس دەکرد و لە خەم و شادی و ناخۆشی‌یەکانی خەڵکدا بەشداری دەکرد.

ئەگەر سەفەرێک بە نێو دەریای گۆرانی و حەیرانەکانی کاک فەقێ مینەدا بکەین، زۆر زوو بۆمان دەردەکەوێ کە ناوبراو ڕێچکەیەکی هونەری تایبەت بە خۆی هەبوو، حەیرانەکانی تایبەت بوون بە حەیرانی ناوچەی موکریان و بە ئەدەبیاتێکی خۆماڵیانەی پڕ لە وشەی هەست بزوێن و ئاشقانە و شۆڕشگێرانە حەیرانەکانی تۆمار دەکردن، بەشی زۆری حەیرانەکانیش هۆنینەوەی دەستی خۆی بوون.

شارەزایی بە سەر حەیران دا تەنیا گوتن و دەنگ هەڵبرین نەبوو، بەڵکوو ناوبراو شارەزایەکی زۆری لە سەر گوند بە گوند و شاخ بە شاخی ناوچەکەدا هەبوو و جوغرافیای ناوچەی موکریان و هەر دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەلاتی کوردستانی دەناسی، هەر بۆیە لە حەیرانەکانی دا وێرای لاواندنەوەی نازدار حەیران و کوڕە حەیران، هاوکات باسی لە جوانی و سرووشتی کوردستان دەکرد و سەفەرێکی خۆش و ڕەنگینی بە دۆڵ و بنار و بەرزایی و پێدەشتەکانی ناوچەدا پێدەکردی. حەیرانەکانی پێکهاتبوو لە گەرم کردنی دڵی دڵداران و بەسەرهاتی خەمهێنەری لێکدابرانی کوڕ و کچانی بە موراد نەگەیشتوو و لاواندنەوەی شەهیدەکان و سەربردەی شۆرەسوارانی کورد و چووکەڵەسواری هەڵەنگوتووی مەیدانی ڕمبازێنی نێو داستانە حەماسەییەکان.

بەند و گۆرانی و پێهەڵگوتنەکانی تایبەت بە خۆی بوون. لە هیچ کۆڕێکی زیندوویی هونەریدا سەری بە سەر کاغەز و لاپەرەی نووسراوە دانەگرت، هونەرمەندێکی دەرەوەست و بێ مننەت بوو، لە دەربرینی وشە و هەست و سۆزی دڵدارانە دا ترسی لە کەسانی دیکە نەبوو هەر بۆیە وێرای پێهەڵگووتن بە جوانی ژن، لە ئاست کەزیە و سینگ و مەمی ژن دا گەلێک بەندی جوانی گوتوون، لە ئاست ژنانی بە زۆر بە شوودراو و ژن بە ژنە دا، کیژی ڕوو سووری کوردی بە جوانکیلە و نازەنین و نازدار شوباندووە و لە هەمانکاتدا ئەوانەی کە زەختیان لە کچ و ژنانی نابەدڵ بۆ شووکردن کردووە بە گولەکی دەمێردان و بۆرەپیاو و ناحەز و دژوێن ناوبردوون.

ئەگەر لە کۆمەلگای ئێمەدا باسکردن لە سینگ و مەم ، بەرۆک و بەلەکی ژن، کەزیە و پرچی ژن، چاو و لێو ، کۆڵمە و گەردنی ژن بڤە و لۆمەیە، بەڵام لە گۆرانی‌یەکەنای فەقێ مینەدا وێرای ڕازاندنەوەیان و باسکردنیان بۆتە هۆی دڵخۆشی ئەوینداران و لەو سۆنگەیەوە فەقێ و مەلا ، حاجی و شێخ، کوڕ و کچ ، ژن و پیاو، بە گشتی کۆمەڵگای کوردەواری پێی هەڵدەپەرن و بەند و گۆرانی‌یەکانی سینگ بە سینگ لە خۆشی و شادی‌یەکان دا دەگوترێنەوە و تەنانەت لە لایەن مرۆڤە دەسترەنگینەکان لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی بە پێی پێهڵگوتنەکان وێنەی شیاوی گۆرانی‌یەکان لە جوانی و ناحەزی دا مونتاژ کراون.

فەقێ مینە ساحەبی چەندین حەیرانی بەناوبانگ و پڕ مانایە، یەکێک لە حەیرانەکانی تایبەت بە شەری حەماسەیی و قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات لە گوندی “ناوە” ی ناوچەی بانەیە و لەو دا وێرای دەربرینی هەست و سۆز، بە دەنگێکی بلاوێن، باس لە شەهیدی گەورەیی گەلەکەمان شەهید سەرگورد عەلیار دەکا و بەم شێوەیە شینگێری بۆ شەهیدانی ئەو شەرە قورسە دەکا و بە حەیرانەکەی دەچێتە نێو ناخی کۆمەلگای کوردەواری و هەستی خەڵک بۆ لای هێزی پێشمەرگە و شەهیدەکان رادەکێشێ.

بەداخەوە بە هۆی ئەوە کە فەقێ مینە لە بواری دارایی دا دەستکورت بووە، نەیتوانیوە کە بەرهەمەکانی کۆبکاتەوە، بە سەدان گۆرانی و بە دەیان حەیرانی زارەکی و بە بێ موزیک بڵاو بوونەوە و هەندێکیان بە تەپڵ و نایە و تۆزەلە و لەم دوایانەش دا بە ئامێری ئۆرگ و ئامێری کارەبایی تۆمار کراون، هیچ شوێنێکی تایبەت نەبووە کە گۆرانی‌یەکانی لێ تۆمار بکا و دواتر بە بڕە پارەیەک لێی بکرێ و یا یارمەتیدەری بن بۆ ئەوەی بتوانی بە ئامێری سەردەم لە ستودیۆیێکی بەناوبانگ کارە هونەری‌یەکانی بە خاوێنی تۆمار بکات، هیچ لایەن و ئەنجوومەن و شوێنێکی تایبەت هاوکاری نەکردووە و یا سپۆنسەری نەکردووە.

ناوبراو بۆ بژیوی ژیانی خۆی گەرمێن و کوێستان و وەڵاغداری و توتنەوانی و کاری قورسی دیکەی کردوون و لە پەنا کار و کاسبی خۆیدا لە زەماوەند و لە بۆنە جۆراوجۆرەکانی دیکە دا لەگەڵ هاورێیانی دیکەی چۆتە نێو دونیای گۆرانی و بەندی کوردی و بە پووڵێکی زۆر کەم مەجلیس و زەماوەند و بۆنەکانی دیکەی بۆ خەڵکی ناوچە بەرێوە بردووە و دڵی خەڵک و بەشدارانی خۆش کردووە.

ئەگەرچی گۆرانی‌یەکانی یەکجار زۆرن بەڵام دەکرێ لە نێو ئەواندا ئاماژە بەو گۆرانیانە بکەی کە لایەنگرانی لە سەر یوتوب و ئینترنێت بڵاویان کردوونەوە.

تاوانم دەبێ چی بێ لەیلم هۆ

کچەکانی دەم چۆمی

تووتنەوان

خوا لێت قەبووڵ ناکا

چوومە عەجەمستانی

زاڵم زاڵم

کورەخانە

بۆ کێت خۆ لە گوڵێ داوە

کەسم نەدیوە وەک تۆ و چەندین بەند و گۆرانی و حەیرانی جۆراوجۆر کە لە سەر کاسێت و لە ماڵان زەبت و بڵاو بوونەوە.

<< ئه‌رێ ده‌ڵێم جوانێ له‌ ماڵان دووری ناتگه‌مێ خوشكی دوو برایان،

چاوت به‌ من بمێنن به‌وان ئه‌ستێران، ئه‌مما ئه‌گه‌ر ده‌دره‌وشێنه‌وه‌ له‌ بن په‌ری ئاسمانێ،

ڕه‌بی بسكت به‌ من بمێنن به‌وێ مه‌ندۆكێ ئه‌گه‌ر هه‌موو به‌هاران دێته‌وه‌ ده‌رێ له‌ بن ڕندووه‌ به‌فری ده‌ كوێستانێ،

ئه‌من بریا با قه‌رز ئه‌ستێنێكی ماچان بام له‌ بێور و بێوران له‌ زیندوێ قه‌ڵه‌ڕه‌شێ

له‌ سه‌ركه‌نه‌ ده‌فرۆشی ده‌ گه‌وه‌لان ئه‌رێ هه‌ی بابه‌ له‌ پێچی كانیه‌ڕه‌شێ،

نه‌وه‌ڵڵا له‌ نێو شاری سه‌رده‌شتێ به‌ڵام هه‌موو ئێواران و سپحه‌ینان بۆ سێبووری دڵی خۆ چوو بایه‌مه‌ زار ده‌ركی دژبانی ئی كه‌پرانێ. >>

<< ئەوجا براینە برادەرینە!

ئەمن دەڵێم: بریا گوڵێک بام لە گووڵی دە کەسنەناسی

هەڵستابام لە نەویان ,لە کەویان,

نە بە خوای لە قووچەکی بڵباسی

ئەوجا دەمگووت: بریا شەتڵە ڕیحانێک بام لە سەر هەیوانێ ماڵێ بابی نازدار حەیرانێم هەموو ئێوارە و سبحەینانی

ئاوی ئیستکانانی دەبن کردبام سەری هەڵپساندبام بی دابامەوە لە تەنکەی دە ڕوومەتێ ،

لە نێوانی سینگ و مەمکان نە بە خوای ئاامان لە بەروێ کەراسی>>

فەقێ مینە تا کۆتایی تەمەن و لە زۆربەی مەجلیس و کۆڕ و کۆبوونەوەی خۆشی و شادی خەڵکدا وەک مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتی دەرکەوت و لە دانیشتنەکانی دا بە شانازی‌یەوە باسی لەو سەردەمانە دەکرد کە چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە شان کردووە و زۆرجار لە نێو خزم و دۆست و ئاشنایانی بە تاسەوە باسی دەورانی گەنجی و پێشمەرگایەتی دەکرد و تا سەریش وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات مایەوە.

بێ‌شک خزمەتەکانی چ لە بواری نیشتمانپەروەری و پێشمەرگایەتی‌یەوە و چ لە بواری کاری هونەری دا هەردەم بە زیندوویی دەمێنێتەوە و بە گشتی گۆرانی و بەند و حەیرانەکانی بۆ هەتا هەتایە و سینگ بە سینگ دەگوترێنەوە.

لە کۆتایی دا هیوادارم کە لایەنگران و ئەویندارانی دەنگی کاک فەقێ مینە و دڵسۆزان بتوانن هەموو گۆرانی‌ و حەیرانەکانی کۆبکەنەوە و بەم چەشنە ڕیز لە خزمەتە هونەری‌یەکانی بگرن و خوازیارانی هونەری میللی کەڵک لە بەند و گۆرانی و شێعر و دەنگی وەر بگرن.

بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە نەمرەی گەلەکەمان سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەکەی، لە ئەویندارانی دەنگی فەقێ مینە و هونەرمەندان و خەڵکی ناوچەی سەردەشت و دەوروبەری و کوردستان بە گشتی دەکەم.

رووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەرەسووڵ کەریمی

٢٣ ـ ٠٦ ـ ٢٠٢٠