پەیامی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٤٠ ساڵەی دامەزرانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانەوە

گوێگران و هۆگرانی دەنگە خۆشەویستەکەی خەباتی حەقخوازانەی ڕۆژهەلاتی کوردستان!
٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ، ٤٠ ساڵ بە سەر دامەزرانی ڕادیۆی دەنگی کوردستان دا، تیدەپەڕێ. “ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران” لە هەلومەرجێک دا لە دایک بوو کە حیزبی دیموکرات و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئاکامی پێداگرییان لە سەر مافە نەتەوەییەکانی خۆیان، شەڕێکی هەمە لایەنە و نابەرامبەریان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سەردا سەپابوو. هاوکات لە گەڵ لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان، خومەینی فتوای شکاندنی قەڵەمەکان و هێرش بۆ سەر ڕۆژنامە سەربەخۆ و ئازادەکانی ئێرانی دەرکردبوو. بەم جۆرە لە لایەکەوە شەڕێکی هەمە لایەنە بە سەر خەڵکی کوردستان‌دا سەپابوو، لە لایەکی دیکەشەوە، ڕێگاکانی گەیشتنی هەواڵ و راپۆرتی تاوانەکانی ڕێژیم لە کوردستان و هاواری زۆرلێکراویی ئەو خەڵکەیان بە بەشەکانی دیکەی ئێران بەستبوو.
ڕێبەریی حیزبی دیموکرات بە ئاگاداریی لە گرنگیی ڕۆڵی ڕاگەیاندن و بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو بێدەنگییەی ڕێژیمی تازە، بەرامبەر خەڵکی مافخواز و شەڕ بەسەرداسەپاوی کوردستان پێکی هێنابوو، بیری لە وەڕێخستنی رادیۆ کردەوە. بەم جۆرە لە ٢٧ی جۆزەردانی١٣٥٩ (١٧ی ژوئەنی١٩٨٠ )، ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران بە پەیامی ڕێبەری شەهید د. قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات، بە رەسمی بڵاو کردنەوەی بەرنامەکانی خۆی دەست پێ کرد. ئەم ڕادیۆیە لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە تیکۆشان و بڵاوکردنەوەی بەرنامەدا بەردەوام بووە و، بووە بە خاوەنی مێژوویەکی پڕشنگداری جیانەکراوە لە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە و خەباتی رزگاریخوازانەی حیزبی دیموکرات و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
دەنگی کوردستانی ئێران لە لایەک بەوهۆیەوە کە دەنگی خەباتی ڕەوا و پڕ لە قارەمانەتی و قوربانیدانی حیزبی دیموکرات بوو، لە لایەکی دیکە لە نەبوونی راگەیەنێکی ئەوتۆ کە هەواڵ و ڕووداوەکانی کوردستان بە خەڵک بگەیەنێ، بە زوویی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان‌دا جێی خۆی کردەوە. سەرەڕای لاوازی و کەم و کورتیی ئیمکاناتی فەننی و یەک لەوان خودی دەزگا (فرستندە)ی ڕادیۆیی، لە گەڵ ئەوەش‌دا لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بە چڕی و لە ناوچەی جۆراوجۆر پاڕازێتی دەخرایە سەر، بەڵام بە زوویی ئەم رادیۆیە ڕێگای خۆی بۆ نیو سەدان هەزار ماڵ- ئەگەر نەڵێین بە میلیۆن_ خەڵک کردەوە و گوێگرتن لە بەرنامەکانی، بوو بە بەشێک لە بەرنامەی ڕۆژانەی خەڵک. هەواڵ و راپۆرتی هێرش و تاوانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕیژیم و، بەرەنگاربوونەوەی هێزی پێشمەرگە لە گەڵیان، ڕەفتاری کاربەدەستان و ئۆرگانە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ خەڵک لە شار و گوندەکان، بەشێکی هەمیشەیی بوون لە نێوەرۆکی بەرنامەی ڕۆژانەی ئەو رادیۆیە. ئەوەش کە بەرنامەکانی رادیۆ بە زمانی فارسی و بۆ ماوەیەک بە زمانی ئازەرییش بڵاو دەبوونەوە، ژمارەی بەردەنگی ئەو رادیۆیە و پانتایی کاریگەرییە میدیایی و سیاسییەکەی زیاتر کردبوو.
شیکردنەوەی سیاسیی ئاڵوگۆڕەکانی ئێران و پرس و بابەتەکانی پێوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دووهەم ئەرکی ڕۆژانەی ڕادیۆی دەنگی کوردستان بوو. ئەم جۆرە باس و لێکدانەوانەش بە زۆری، کەسانێک دەیاننووسی کە لە ڕێبەران و سیما سیاسییەکانی حیزبی دیموکرات بوون. یەک لەو کەسایەتیانە ڕێبەری شەهید د.سادق شەرەفکەندی بوو کە توانایەکی زۆری لە شیکردنەوە و باسکردنی مەسەلە گرنگەکان بە زمانێکی سادە، هەروەها لە دۆزینەوەی سووژە و بابەتی شیاوی شیکردنەوە و ڕوونکرنەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵک‌دا هەبوو. راستیەکەی ئەوەیە نەک هەر جەماوەری بەرینی گوێگری رادیۆ، بەڵکوو ئەندامان، پێشمەرگەکان و کادرەکان و تەنانەت بەرپرسانی حیزبییش، لە ڕێگای لێکدانەوە و وتارە سیاسییەکانی ئەم رادیۆیە، لە رووی سیاسییەوە، ڕێنوێنی دەکران و پەروەردە دەبوون.
کاریگەریی بەرنامەکانی ڕادیۆی دەنگی کوردستان، لە ڕووی نەتەوەیی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە، لە کاریگەرییە خەبەری و سیاسییەکەی کەمتر نەبوون. بایەخدانی ئەم رادیۆیە بە مێژووی نەتەوەی کورد و بۆنە نەتەوەییەکان، دڵسۆزی و هەستیاربوونەکەی لە ئاست زمانی کوردی و هاندانی خەڵک بۆ بەرگری لە زمان و شوناسی خۆیان، گرنگیدانی بە ئەدەبیات و گۆرانی و مۆسیقای کوردی، لە تەنیشت ئەمانەش لەقاودان و دژایەتی کردنی چەوساندنەوە و نەریت و ڕێوشوێنی دواکەوتوانە و دزێوی نێو کۆمەڵ بە تایبەت لە دژی ژنان، لە سەر هەستبوونی لە ئاست پەروەردەی منداڵ و لاوان و ئاوڕدانەوە لە پێویستییەکانیان، هەر وەها بە شێوەی جۆراوجۆر وەستان لە سەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان و وریاکردنەوەی چین و توێژ و بەشە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان لە ئاکامەکانی ناکۆکی و دووبەرەکیی خێڵەکی و ناوچەگەرییانە، یا لە سەر ئەساسی ئایین و زاراوە و هەر جیاوازییەکی‌تر، جێیەکی دیاریان لە نێو ئامانج و ئەرکەکانی ئەم ڕادیۆیەدا هەبووە. دەتوانین بڵێین هەتا ئەو کاتەی تەلەڤیزیۆن نەهاتبووە نێو ڕیزی ڕاگەیەنەکانی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی کورد، ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران، پشکێکی حاشالێنەکراوی لە بەرهەمهێنان و پەرەپیدانی ئەدەبیاتی بەرگری و هاندانی تەبایی نەتەوەیی و یەکگرتوویی لە نیو ڕیزەکانی خەڵک‌دا هەبوو.
ئەگەر حیزبی دیموکرات وخەڵکی کوردستان، ئەم قۆناخەی ئێستا تێپەڕێنن و، نەتەوەکەمان لەو بەشەی نیشتمانەکەی خاوەنی ماف و بڕیاری دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بێ، حەق وایە لە یەکەم هەنگاوەکانیان دا، مووزەخانەیەکی تایبەت بۆ ئەرشیفی ڕادیۆی دەنگی کوردستان بکەنەوە. لە ماوی ٤٠ ساڵ تێکۆشان و بەردەوامیی ئەو رادیۆیەدا، دیارترین و کاریگەرترین ڕێبەران و تیکۆشەرانی حیزبی دیموکرات و خەڵکی کوردستان، بە نووسین، بە پەیام و لێدوانی تایبەت یان وتووێژ، لە ڕێگای ئەم رادیۆیەوە قسەیان لە گەڵ خەڵکی کوردستان کردوە. ئەرشیڤی بووڵتەنی خەبەریی ڕۆژانەی ئەم ڕادیۆیە و وتار و لێکدانەوە سیاسییەکانی، پانۆرامای مێژوویەکی بە خوێن نووسراون کە شایەدی بۆ خۆڕاگریی جێی شانازیی بزووتنەوەیەکی گشتگیر بەرامبەر ڕێژیمێکی دڕندە و خوێنڕێژ دەدەن. دەنگی دەیان و سەدان تێکۆشەر و قارەمانی نەتەوەکەمان، دەستنووسی دەیان و سەدان سیمای سیاسی و ڕووناکبیر، لە ئەرشیڤی ئەم رادیۆیە دا هەن. لەوانەیە یادگار و شوێنەواری هێندێک لەوان لە هیچ کوێی دیکە دەست نەکەوێ. ژیاننامەی سەدان فەرماندەری نیزامی و کادری سیاسی و هەزاران لاوی پێشمەرگە، ئەرشیڤی ئەم رادیۆیەیان دەوڵەمەند کردوە. زۆر لە گوێگرانی ئەم رادیۆیە شێعر و پەخشان و بیرەوەری و پرسیار و پێشنیار و جوانترین هەستەکانی خۆیان بە دەسخەتی خۆیان بۆ ئەم رادیۆیە ناردوە. ئەو ساتانەی جێگای تایبەتیان لە مێژووی حیزبی دیموکرات و نەتەوەی کورددا هەیە، لای ئەم رادیۆیە، شەقڵ و یادگاری تایبەت بە خۆیان جێ هێشتوە. تەنیا چاوخشاندنێک بە سەر لیستی دوور و درێژی ناوی ئەو کەسانەی وەک بەرپرس، بەڕێوەبەر، نووسەر، وەرگێڕ، بێژەر، ئەندازیار و کادری فەننی لەم رادیۆیە‌دا خزمەتیان کردوە، بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین کە رادیۆی دەنگی کوردستان کۆکەرەوە و مەکۆی چ هێزێکی گەورە و بە توانای ئینسانی بووە و، چ ڕۆڵێکی دیار و بە نرخی لە تێکۆشانی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە تایبەتی لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠ ی هەتاویی دا هەبووە.
لە ٤٠ ساڵەی دامەزران و بەردەوامیی ڕادیۆی دەنگی کوردستان‌دا، وێڕای پیرۆزبایی ئەم یادە لە هەموو هۆگران، دلسۆزان و پشتیوانانی سەردەمە جۆراوجۆرەکانی ئەم رادیۆیە، بە ڕێزەوە یادی زەحمەت و ماندووبوونی بەشدارانی نێو ئەو کاروانەی تێکۆشان لە هەموو ئاستێک دا دەکەینەوە. ئەوانەی شەهید بوون، یان بە مەرگی ئاسایی بەجێیان هێشتووین، سڵاو بۆ گیانی پاک و یادی نەمریان دەنێرین. هەوڵی ئێمە لە ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکرات و لە بەڕێوەبەریی رادیۆی دەنگی کوردستان ئەوەیە ئەم دەنگە حەقخواز و هیواخولقێنە، هەر وا بەردەوام و بە گوڕ ڕابگرین و، لە ئێستا و قۆناغەکانی لەمەودوای خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەشمان‌دا، ئەم مەشخەڵەی دژ بە تاریکی و دیکتاتۆری و بندەستی، بە گەشاوەیی بێڵینەوە.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان
٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٩
١٥ی ژوئەنی ٢٠٢٠