“بەرلە ماڵئاویی” و یەڵدای خوێناوی!هه‌یاس کاردۆ

گوێم لە قرچەی دڵی ئەو دایکە بوو کە رۆڵەی پێشمەرگەی نەیتوانی تێوەرسووڕانی ساڵی دەگەڵ نوێ کاتەوە. هەستم بەخەمی ئەو کوڕە پێشمەرگەیە کرد کە لەدوا ساتەکانی

ساڵ‌دا لەشی باوکی خەڵتانی خوێن کرا. دەگەڵ ئازاری ئەو پێشمەرگەیە ژیام کە فەرماندە ئازاکەی لێ دوور کەوتەوە. هەستی هەموو ئەو خەباتکارانەم خوێندەوە کە جەستەی هاوسەنگەرانیان دەنێو گڕی ئاگری “تیرۆر”دا چزەیان لێ هەستا. ئەوەشم بیست کە قاسملوو لە پێرلاشێزەوە پەیامی بۆ شەهیدەکان ناردوە و شەوی یەڵدای بەناو کردوون. خەبەرم هەبوو کچە خۆڕاگرەکانی زیندان خۆیان و زنجیرەکانی دەستیان لەبیر کرد و بوون بە بەشێک لەو لافاوی ئەو رقە کە بەرامبەر خودایانی ترس و وەحشەت هەموو وڵاتی کوردانی داگرت.
ساڵێکی دیکەشمان لە خەبات و خوێن و خەڵات تێپەڕ کرد. کارنامەیەکی دیکەش هاتە سەر دەفتەرێکی ٧١ لاپەڕەیی بەخوێن نووسراو و بە فرمێسک تەڕ کراو. ئەمساڵیش وەک هەموو ساڵەکانی تەمەنمان کەوتینە بەر تەوژمی بێ ئەمانی شەپۆلە بێ بەزەکانی دەریای دڵڕەقی دوژمن. ئەمساڵیش وەک هەموو ساڵەکانی ژیانمان وەبەر داسی دروێنەیان داین، بە تەوری دووسەر بەربوونە جەستەمان، رووباری خوێنیان بۆ هەڵبەستین و ئاگریان دەجەنگەڵستانی پڕ دارودرەختی مانەوەمان بەردا. ئەوان دیسان هاتن قەڵای بڕوامان بڕووخێنن، کانیی بوونمان کوێر کەنەوە، گەرووی هەناسەمان رێک بگوشن و هەموو پردەکانی پەڕێنەوەمان لێ بڕووخێنن. ئەوان وەک هەموو ساڵانی بوونمان و چوونە پێشمان، ویستیان تۆوی ناهومێدیمان دەنێودا بچێنن، ژاری ماندوو بوونمان بە گەروودا بکەن، وزەی هەنگاونانمان ببڕن و باڵای بەرزمان بچەمێننەوە. ئەوان لە هەموو رۆژەکانی ئەمساڵ‌دا، وەک هەموو رۆژ ومانگەکانی رابردوو رووی دوژمنکارانەی خۆیان زیاتر نیشان داین و قەت بۆ ساتێک لەو ئەرکەی خۆیان خافڵ نەبوون. ئەوەی بۆ ویشک کردنی داری خەباتمان لە دەستیان هات کردیان و کۆتا هەوڵیشیان سوور هەڵگێڕانی یه‌ڵدای نازدارمان بوو.
بە پێچەوانەی هەوڵی نەیار، ئێمە شاڕێگای خەباتمان ون نەکرد، سەری بەرزمان نەوی نەکرد، چاوی هیوامان نەقووچاند، باوەڕی پتەومان لەبن نەهات. هەرچەند دەوریان تەنین، کەچی لە جووڵە نەکەوتین، دەستی تەسلیممان هەڵ نەهێنا، ئەژنۆی هێوامان نەشکا و خرۆشی پێشمەرگانەمان قەت بێدەنگ نەبوو. لە هەموو رۆژ و مانگەکانی ئەمساڵ‌دا، خەباتمان وەک هەمیشە بەردەوام بوو، پلانی چوونە پێشمان نوێ دەکرایەوە، خوێنی تازە دەدەمارەکانمان دەگەڕا، مەیدانی نوێترمان بۆ خۆنواندن دەدیتەوە و هەوڵی زیاترمان بۆ بەرین کردنەوەی خەباتەکەمان دەدا. ئێمە و ئەوان دوو دنیای لێک جیاوازمان هەیە. ئێمە و ئەوان هیچ شتێک وەک یەک نابینین. ئەوەی لە باوەڕی ئێمەدا جوان و رازاوە بەدی دەکری لای ئەوان نەفرەتی بۆ دەبارێ. ئەوەی بۆ ئێمە هاندەر و پاڵ‌پێوەنەرە لای ئەوان بەربەستە. ئەوەی مانای ژیان بە ئێمە دەبەخشێ مزگێنیی مەرگی بۆ ئەوان پێیە. هەربۆیە هەتا ئێمە لەجوانی‌یەکان نیزیکتر دەبینەوە، ئەوان دەنێو تاریکیی زۆرتردا نوقم دەبن. هەتا ئێمە زیاتر دەکەوینە سەر شاڕێگای بەرەوپێشچوون، ئەوان لە کەندەڵانی خلۆربوونەوە نیزیکتر دەبنەوە. هەوڵی ئێمە ئەوەیە شەوی یه‌ڵدا بکەینە چراخانی شادی و بزە، پیلانی ئەوان وەڕێخستنی جۆگەی خوێن بەسەر لەشی یه‌ڵدا خۆشەویستاندایە.
ئێستا کە بیر لە شەوی یه‌ڵدا و پەیامی یه‌ڵدا خوڵقێنان و کۆتایی ئەو شەوە دەکەمەوە، بەخۆم نیە دەگەرێمە دوورە زەمەنێکی سەرەتای وەرێ کەوتنی ئەم کاروانە. ئەوەندەی زەین یارمەتیم دەدا وەبیرم دێتەوە هەتا رێڕەوانی ئەم کاروانە ویستوویانە مۆمێک داگیرسێنن، تاریک پەرستان وەخۆ کەوتوون و گەردەلوولی تاوانیان وەڕێخستوە. هەتا گەشبینانی دنیای دواڕۆژ دەلاقەیەکیان بۆ ژیان کردۆتەوە، رەشبینان پەردەیەکی ئەستووریان بەسەر کشاندوە. هەرکات پارێزەرانی خۆر چاویان دەڕووناکی بڕیوە، سوپای شەوپەرستان ئۆقرەیان لێ هەڵگیراوە. لەوەتا ئێمە هەین و ئەوان هەن قەت سنووری نێوان کار و بیر کردنەوەمان لێک نیزیک نەبۆتەوە. ئەوەی ئێمە بەدوویدا گەڕاوین ئەوان لە خۆیان دوور کردۆتەوە. ئەوەی ئێمەی شاد کردوە ئەوانی وەگریان خستوە. هەرچی هاندەری ئێمە بوە رووخێنەری بیر و ئەندێشەی ئەوان حیساب کراوە. بۆیە ئێمە سەر بە دوو عێل و تەبار و مەخلووقی جیاوازین. ئەو دوو دنیا لێک جیاوازە ناتەبایە زەحمەتە وێک هەڵکەن. یان ئێمە دەبێ پشت لەخۆر و دەستەملانی تاریکی بین و مل بۆ نەریتی خوێن خۆری نەوی بکەین، یان ئەوان دەبێ سوژدە بۆ ڕووناکی بەرن و باوەڕ بە بزە بێنن.
ئێمە کە لە قوتابخانەی لەدایک‌بووی شەوی یه‌ڵدا دەرسی جوانپەرستیمان خوێندوە و بە پەیامی ئومێدبەخشانەی ئەو گۆش کراوین، کوا دەتوانین بچینە سەر دینی تاریک پەرستان؟ ئێمە کە کۆڵەپشتیی خۆمان لە ئازووقەی باوەڕ و هیوا و هەنگاونان بۆ گەیشتن بە مەنزڵی ئاسوودەیی پڕ کردوە کوا دەتوانین لە نیوەی رێگایە بگەڕێینەوە؟ ئێمە کەڕوومان لە تیشکی خۆرە کوا ئاوڕ لە تاریکی دەدەینەوە؟ نانا، ئەوە پیشەی مۆم بەدەستانی شەوی یه‌ڵدا نیە. ئێمە پەپوولە‌ئاسا بە دەوری ئەو مۆمە داگیرساوەدا دەخولێینەوە، خۆمانی فیدا دەکەین بەڵام نایەڵین بکوژێتەوە. کاروانێک کە قەدەر عەیامێکە وەرێ کەوتوە و سەدان پێچ و خەمی بڕیوە و لە دەیان هەورازی حەستەم سەرکەوتوە، کوا بیر لە گەڕانەوە دەکا؟ ئەم رێیە هەر دەبێ بپێورێ، ئەم کاروانە هەر دەبێ بگاتە مەقسەد، ئەم ئاواتە هەر دەبێ وەدی بێ. روونە هەروەک زۆری خوێن لەپێناودا رژاوە و گەلێک جەفای بۆ کێشراوە کە دوایین قوربانیی ئەو رێبازە شەهیدانی شەوی یه‌ڵدا بوون، دەبێ خۆمان بۆ زەحمەتی زیاتر و کارەساتی گەورەتریش ئامادە بکەین. گرینگ ئەوەیە نەسلێک خۆی فیدا دەکا و نەسلێک جێی دەگرێتەوە. گرینگتریش ئەوەیە کە هەر دڵۆپە خوێنێک لەو قارەمانانە دەڕژێ تینوگوڕی زیاتر بە ڕێڕەوانی ئەو رێگایە دەبەخشێ.
“ئەی قارەمانان، ئەوە خوێنی ئێوەیە کە لەدڵم دا وەک ئەستێرە خوشی و ئەوینی لەمندا پەروەردە کرد. چ لەشێک بەو خوێنە ئاڵە پاک نابێتەوە؟
لە ژماره‌ ٦٩٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه