بۆچی تەقینەوەی تیرۆریستی لەبەردەم بارەگا و بنکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان؟ ئیقباڵ سه‌فه‌ری

ئەم پرسیارە بەدەیان جار له‌ لایه‌ن دۆستان، هەڤاڵان و هاووڵاتیانی کوردەوە رووبەڕووی نووسەری ئەم بابەتە کراوتەوە. ئەگەرچی لە زۆربەی لێدوان و رادەڕبڕینەکانی بەرپرسانی حدک، کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار و بکەری ئەم کردەوە تیرۆریستی‌یە ناساندوە، بەڵام هیچکام لەو لێدوان و رادەڕبڕینانە ئاماژەیان بە تێئۆری راستەقینەی پشتی کردەوەکە نەکردوە.
پێشەکی: ئەوانەی بەدواداچوونیان بۆ چۆنیەتی ململانێی نیوان قۆڵەکانی دەسەڵاتبەدەستی کۆماری ئیسلامی کردوە و شارەزای کردار و رەفتاری ئەم قۆڵانەن بۆ گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵات، چاک دەزانن کە بە ریفۆرمخواز و کۆنەپارێزەوە لەسەر هەر بابەتێک بەدژی یەک بن، بەڵام بۆ مانەوەی سیستمی کۆماری ئیسلامی هاودەنگ و هاوهەڵویستن. واتە هەموویان یەک ئیستراتیژییان هەیە، چونکە باش دەزانن رووخانی کۆماری ئیسلامی، یانی لەنێوچوونی هەموو قۆڵەکانی نێو دەسەڵات. نابێ لەوەش گومانمان هەبێ کە ئەو حیزب و رێکخراوانەی کە ئێستا لە دەرەوەی ئێرانن و بە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکرێن، لەبەر نەبونی ئیستراتیژییەکی هاوبەش و نەبوونی هاوئاهەنگی و هاوکارییەکی کرداری، ئالترناتیڤی به‌هێز بۆ کۆماری ئیسلامی نین.
بە وردبوونەوە لە چۆنیەتی ساختاری سیاسی- ئیدئۆلۆژی، ئیداری و کۆمەڵایەتیی سیستمی ولایەتی فەقیه و بە لێکدانەوەیەکی لۆژیکی لەسەر ئەم رەهەندانە، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەوەی مەترسی‌یە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و درەنگ یان زوو کۆتایی بە تەمەنی پڕ کارەساتی ئەم رێژیمە دێنێ، لەم خاڵانەی خوارەوە کۆ دەبنەوە.
ناکۆک بوون و نەسازانی ئەم سیستمە لەگەڵ رەوتی رووداوەکانی سەردەم، ناکارامەیی ئەم سیستەمە لە دابینکردنی ژیانێکی شەرافەتمەندانە بۆ کۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتی، پێگەیشتن و تێگەیشتنی جیلێکی نوێ کە سەد‌و‌هەشتا ده‌ره‌جه‌ لەگەڵ ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی جیاوازییان هەیە، نەبوونی ئازادی و پشت بەستن بە هێزی سەرکوت و لەنێوبردنی فیزیکیی مرۆڤەکان، بەفێرۆ دان و داڕمانی ژێرخانی ئابووریی وڵات، کەڵەکەبوونی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتیی بێ چارەسەر، گەندەڵیی ئیداری و داڕمانی ئه‌خڵاقی سیاسی و تا دوایی.
دوو قۆڵی کۆنەپارێز و ریفۆرمخواز! بۆ مانەوە یان بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ململانەیەکی بەردەوام و ناتەندروست دان. قۆڵی کۆنەپارێز بە پشت‌بەستن بە هێزی زەبروزەنگ دەیهەوێ بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بێت و هەموو رکەبەرانی سیاسی و ئایدۆلۆژی خۆی لەنێو بەرێ، یان راپێچی چاڵە رەشەکانی بکا. بۆ ئەم مەبەستانەش، چەندین گۆپاڵی بەدەستەوەیە وەک: خۆمەینی، شۆڕش، وەلی فەقیه و شووڕای نیگابان، کە باڵاترن لە یاسا. بە کورتی ئەم قۆڵە خۆی لە بەرانبەر مرۆڤ‌دا بە بەرپرسیار نازانێ و کردارەکانی دژەمرۆڤانەی دەخاتە ئەستۆی هێزێکی مێتافیزیکی!؟
قۆڵەکەی دیکە کە خۆی بە ریفۆرمخواز پێناسە دەکا و ئێستا ئیدارەی دەوڵەتی بەدەستەوەیە، چوار دەست و پێی له‌ لایه‌ن هێزەکانی سەرەوەی یاساوە بەستراوە و هێزی ئەوەی نییە ریفۆرم یان ئاڵوگۆڕێکی هەرچەند بچوکیش بێ، لەو سیستمەدا بکا. لەم پێوەندیەدا شتی زۆر هەن کە دەبێ هەڵوێستەیان لەسەر بکرێ و ئاماژە و لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ بکرێ. کەوابێ، دەچینە سەر ئەسڵی پرسیارەکە.
ئاکام‌گیری: لەسەروە ئاماژەمان بەو هۆکارانە کردوە کە مەترسین بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیە بەدایم پلان دادەڕێژن بۆ مانەوە لەسەر دەسەڵات و پاکانە‌حیساب لەگەل دژبەران و جیابیران.
ئەگەر لەبیرمان بێ و بە دیدێکی راستبینانەوە بڕوانینە پەسەندکراوەکان و هەڵویستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەبارەت بە چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەت پاش دابڕان و لە کۆنگرەکانی چاردە و پازدەدا، کە لە کۆنگرەی شازدەش ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆی بەرسەردا نەهاتووە، بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە بەشێکی بەرچاوی مانۆڕ و هەڵوێستەکانی حدک، دەچنە خانەی ئەو مەترسی‌یانەی کە لەسەر دەسەڵاتی مەلاکانە.
یەکەم: بەپێچەوانەی پەسەندکراوەکانی پێشتر، جودایی‌خوازی دەبێتە ماف، نەک تاوان.
دووهەم: لەبەرنامەی خۆی‌دا، کوردستان وەک وڵاتێک پێناسە دەکا کە داگیر کراوە و بووە بەچوار بەش، کە ئەمانە بۆخۆیان باوەڕ‌بەخۆهینان و بەستەرە بۆ بەهێزکردنی هزری نەتەوەیی و نیشتمانی.
سێهەم: نەترسانە رەخنەی لەخۆی گرتوە و چووتە گۆڕەپانێکەوە کە تا ئەوکات، بە گوناهی نەبەخشراو دەهاتە ناساندن. ئەویش هاندانی خەڵکە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پارلەمان و سەرۆک‌کۆماری. ئەمانەش نەک بۆ ئەوە کۆماری ئیسلامی لای لێ بکاتەوە و بیکا بە شەریکی دەسەڵات. بەڵکوو بۆ چەندین مەبەستی جیاواز، بەڵام پیکەوە گرێدراو.
مەبەستیش لەم هەڵویستە ئەوە بوو کە بوار بڕەخسێ بۆ ئەوەی نوێنەرانی راستەقینەی خەڵک بچنە مەجلیس و بەم شیوەیە پارسەنگی هێز لە ململانێکان‌دا ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت و کێشەی نێو قۆڵەکان رێژیم قووڵتر بکەنەوە. بێگۆمان ئەم هەڵویستە دروست لە ئاو دەرهاتوە و ئێستا ناکۆکی و قووڵبونەوەی نێو قۆلەکانی ریژیم بەئاشکرا دیارن. لە لایەکی دیکەش، بەتایبەتی کە بەشێکی بەرچاو لە پارێزگای ورمێ نەتەوەی دیکەی لێ دەژی و بەهۆکار ئایینیش بێ، شەریکی دەسەڵاتن، مافی کوردەکان لەبەر بایکوت و بەشداری نەکردن نەخورێ. ئەمانە و زۆر هەڵویست و کرداری دیکەش لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێکی بەرچاون لەو هۆکارانەی کە مەترسین بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، دەچنە خانەی مەترسی‌یە ئاماژەپێدراوەکانی سەر دەسەڵاتی مەلاکانەوە.
هەربۆیە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، پەنا دەبەنە بەر کردەوەی تیرۆریستی دژی حدک، چونکە نوێنەرایەتیی هزری و نەتەوەیی- نیشتمانیی هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکا. دیوەکەی دیکەی ئەم پەیامە کە بە کردەوەیەکی تیرۆریستی نیشان درا، دوو مەبەستی لە پشتە. یەکەم: حدک بگەڕێتەوە بۆ قۆناخەکانی پێشتر و گوتار و کردەوەی تۆندوتێژی بکاتە پیشە، کە ئەمە بە هەزاران جار بە کەیفی سوپای سەرکوتی پاسداران و حەڵقەی گرێخواردووی وەلی فەقیه و کۆنەپارێزەکانی دەستوپێوەندیەتی. بۆ ئەوەی کوردستان ئەوەندەی دیکەش ملیتارێزە بکا و گۆڕەپانی خەباتی مەدەنی بەرتەسک و بەرتەسکتر بکاتەوە. مەبەستی دووهەمیش نیزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆککۆماری‌یە، کە دیسان خەڵک بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان نەکەن و قۆڵی پاوانخواز بە پشتیوانی سوپای پاسداران، بە هێنانی شێوە ئەحمەدی‌نژادێکی دیکە، ماوەی چەند ساڵی دیکەش تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران درێژتر بکەنەوە.
لە ژماره‌ ٦٩٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌