کاڵایەک بە ناو ژن . نووسینی: شەونم هەمزەیی

(لە پەراوێزی کوژرانی ڕۆمینا ئەشرەفی)

پێشەکی:

ڕووداوی دڵتەزێنی کوژرانی “ڕۆمینا ئەشرەفی” بە دەستی باوکی لە پارێزگای گیلان لەم ڕۆژانەدا، بۆ جارێکی تر پرسی توندوتیژی دژی ژنانی بە ڕۆژەڤ کردەوە و لەملا و ئەولا بە تایبەت سۆشیال میدیادا باسی زۆری لێ کەوتەوە؛ هەر بەم بۆنەیەوە لەم نووسراوەدا بەکورتی بابەتگەلی هەڵاواردنی ڕەگەزی، قەتڵی نامووسی یا کوشتن لەبەر شەرەف و، ڕۆڵی حکوومەت و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بانگەشەکەرانی یەکسانیی ژن و پیاو لەم پێوەندییەدا؛ دێنە بەر باس.

هەر وەک هەموومان ئاگادارین، پێگەی ژنان لە کۆمەڵگە جیاوازە مرۆییەکاندا بە گشتی خوارتر و کەمتر لە پێگەی پیاوانە و هەڵاواردنی ڕەگەزی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بۆ ژنان و پارێزەرانی مافی ئەم ڕەگەزە بابەتێکی جێی نیگەرانییە. بەڵام هەر ئەم هەڵاواردنانەش ڕێژەییە و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، بۆ نموونە لە توێژینەوەی “کۆڕی جیهانیی ئابووری”ـیدا کە لەسەر بنەمای چوار فاکتەری تەندروستی، پەروەردە، ئابووری و سیاسەت، ڕۆڵ و پێگەی ژنان و کەلێن و مەودای ژن و پیاو هەڵدەسەنگێنێ؛ ئێران لە نێوان ١٤٤ وڵاتدا لە ڕیزی ژێرەوە و لە پلەی ١٣٩دایە.

لەم فاکتەرانەی کە باس کران دەکرێ بڵێین بەشی پەروەردەکەی وەک پێویستییەکی گرینگ کە پێوەندیدار بە ئاستی ئاگایی ژنانەوەیە دەکرێ ئاوڕی لێ بدرێتەوە؛ دوو فاکتەری ئابووری و سیاسییش کە سەرەکیترین و گرینگترین نیشانەی هێز و دەسەڵاتن، لە بەرچاو گیراون. ئێمە هەر وەک دەزانین لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا، ژنان لە خراپترین دۆخی کۆمەڵایەتییدا بەسەر دەبەن. کۆمەڵێک لەمپەر لە بەردەمیان‌دایە کە ڕێگە نادا وەکوو پیاوان پلەکانی پێشکەوتن و سەرکەوتن بە تایبەت لە بەستێنە ئابووری و سیاسییەکاندا بپێون و بەرەو سەر هەڵکشێن. هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وەک ڕەگەزی لاواز و چاو لە دەست و دەم سەیر بکرێن.

هەڵاواردنی ڕەگەزی

بۆ زیاتر نواندنی ئەم هەڵاواردنە سیستماکە –چونکە ئاگامەندانە بەڕێوە دەچێ- هەر قەناعەت دێنین بە ئاماژەدان بە بەشێکی بەرچاو لە پێشێلکردنی مافی ژنان لە چاو پیاوان لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامییدا، کە یاسایەکی پێش‌مۆدێرنە و لەگەڵ سەرەکیترین بنەماکانی مافە مرۆییەکان وەک ئەسڵی بەرامبەری و یەکسانیی مرۆڤەکان لە دژایەتیی‌دایە.

مافە سزاییەکان کە بریتین لە: تەمەنی بەرپرسایەتیی سزایی (بۆ کچان/ژنان ٩ ساڵ)، دییە (نیوەی پیاوان)، پێگەی شایەدیی ژنان (لێرەشدا نیوەی پیاوانە)، حیجابی زۆرەملی (کە بۆ ژنان هەموو لەش بێجگە لە دەموچاو و دەست و پێ دەگرێتەوە و بەڕێوەنەبردنی سزای ٧٤ قامچیی لەسەرە) و …

مافە خێزانییەکان: پێکهێنانی ژیانی هاوبەش (بۆ کچان لە ٩ ساڵی کۆچی مانگی کە بەرامبەرە لەگەڵ ٨ ساڵ و ٩ مانگی هەتاوی، دەست پێدەکا)، ئازادی لە بڕیاری پێکهێنانی ژیانی هاوبەش (بەندە بە ڕەزایەتی باوک و سەرپەرستەوە)، فرە ژنی، واجب بوونی فەرمانەکانی پیاو لەسەر ژن (لە بەرامبەر پێدانی مارەیی و دابینکردنی نەفەقەدا)، مافی چوونە دەرەوە لە وڵات (بەبێ ڕەزایەتی پیاو ناکرێ)، مافی کارکردن (هەر بەندە بە ویستی پیاوەوە)، مافی جیابوونەوە (لە چەند حاڵەتێکی تایبەتدا نەبێ ئەم مافە لەدەست پیاودایە)، مافی سەرپەرستیی منداڵ (سەرپەرستیی منداڵ لە ئەگەری جیا بوونەوەی ژن و مێرد دەدرێ بە پیاو)، میرات (نیوەی پیاوان داندراوە). بێجگە لەمانەی کە باس کرا هەندێک لە مافە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان هەیە کە تەنیا لە پاوانی پیاوان‌دایە و ژنان بۆیان نییە لەو بەشانەدا هیچ چالاکییەکیان هەبێ، وەک سەرۆک‌کۆماری و قازیەتی و …

دەسەڵات بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ژنان دەچەوسێنێتەوە و هۆکارە کولتووری و سوننەتییەکان تەنیا یەکێکن لە هۆکارەکان، ئێمە نابێ ئەم ڕاستییەمان لێ ون بێ کە دەسەڵاتە ئاپارتایدییەکان تەنیا لە پێوەندی لەگەڵ ڕەنگی پێست و جیاوازیی زمان و زاراوە سیاسەتەکانیان بەڕێوە نابەن، بەڵکوو لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێشدا بۆ بەردەوامی لە سەرکوت و مانەوەی دەسەڵاتەکەیان بەکاری دەهێنن. کۆمەڵگەیەک کە ڕاستەوخۆ (بە بۆنەی گرتنە بەری ئەم سیاسەتانە لە لایەن حاکمیەتەوە) نیوە یان زۆرتریش لە جەماوەرەکەی لە بازنەی دەسەڵات و گەمە سیاسییەکان دوور دەخرێنەوە و، دەبنە کەسانێکی گوێ‌لەمشت و دواتریش کەسانێکی وەک خۆیان پەروەردە دەکەن. بۆیە بەم پێیە دەکرێ بە دڵنیاییەوە بڵێین ئەم سیاسەتانە زۆر بە ئاگاییەوە بەڕێوە دەچن.

بەم شێوەیە وەک دەبینین و لە سەرتریشەوە گوترا، ژنان لە کۆمەڵگەی ئێراندا سیستماتیک دەچەوسێنرێنەوە و وەک کاڵایەک لە ئیختیاری چێژ و حەسانەوەی پیاوان‌دان و، بەتەواوی یاسا لە پشت پیاو و لە دژایەتی لەگەڵ ژن‌دایە. ئەم هەڵاواردنانە بووەتە هۆی ئەوەی کەلێنێکی زیاتر بکەوێتە نێوانیان و بەسەر ڕەگەزی بەهێز و لاوازدا دابەش بکرێن؛ هەر ئەمەش خۆی بە پێی یاسای سروشت دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەگەزی بەهێزتر ببێتە خاوەنی ڕەگەزی لاواز. ئەم خاوەندارییەتە هەندێک ئاکار بەدوای خۆیدا دێنێ کە یەک لەوانە قەتڵی نامووسییە و پیاو کە خۆی بە خاوەنی ژن دەزانێ، لێ‌ستاندنەوەی گیانیشی لە ئێختیاری خۆیدا دەبینێ؛ کە سەلمێنەری هێزی زۆرتری لایەنی باڵادەستە، بەداخەوە دوایین وێستگەش بە ئەژمار دێ.

“بەم پێیە پیاوێکی “خاوەن شەرەف و ئابڕوو” کە ئەم تایبەتمەندییانەی خۆی بە دنیا ناگۆڕێتەوە ئەگەر ژن یا منداڵەکەی (زۆر جاریش خوشکەزا و برازا و ئامۆزا و …) کە ئەرکی پاراستنی ئەم تایبەتمەندییانەی نێرەکانی دەوروبەری لە ئەستۆیە، نەپارێزێ و لەو نۆرمانەی کە کۆمەڵگە و بنەماڵە و دەسەڵات بۆی داناوە، پێی خوارتر دابنێ و بکەوێتە بەرەی بەرامبەری “ئابڕوو” و “شەرەف”ـەکەوە، بێ‌گومان دەسڕدرێتەوە. “

قەتڵی نامووسی یا کوشتن لە پێناو شەرەفدا:

لەوێ‌ڕا کە پیاو هەستی خاوەنداریەتیی بە نیسبەت ژنەوە هەیە، ئەم هەستەشی تێدا دروست دەبێ کە دەتوانێ ئەم ماڵ و دارایی و کاڵایەی خۆی بە هەر شێوەیەک کە پێی خۆش بێ یان بۆی بلوێ لە نێو ببا و یان هەر کارێکی تری لەگەڵ بکا و؛ کەسێکیش بۆی نەبێ لێی بپرسێتەوە. بێجگە لەوەش هەر مرۆڤێک کە خاوەنی دوو یا کۆمەڵێک شت بێ، بێتوو یەک لەمانە لە دژایەتی لەگەڵ یەکێک لەوانەی تردا بێ، گرینگەکەیان ڕادەگرێ و ئەوەی پێی‌وایە کەمتر گرینگە فیدای ئەوەی دیکە دەکا. هەر بەم پێیە پیاوێکی “خاوەن شەرەف و ئابڕوو” کە ئەم تایبەتمەندییانەی خۆی بە دنیا ناگۆڕێتەوە ئەگەر ژن یا منداڵەکەی (زۆر جاریش خوشکەزا و برازا و ئامۆزا و …) کە ئەرکی پاراستنی ئەم تایبەتمەندییانەی نێرەکانی دەوروبەری لە ئەستۆیە، نەپارێزێ و لەو نۆرمانەی کە کۆمەڵگە و بنەماڵە و دەسەڵات بۆی داناوە، پێی خوارتر دابنێ و بکەوێتە بەرەی بەرامبەری “ئابڕوو” و “شەرەف”ـەکەوە، بێ‌گومان دەسڕدرێتەوە.ئەوەی کە بۆچی ژنێک و ئاکارە دڵخوازەکانی وەک مرۆڤێکی ئازاد، لە بەرەی بەرامبەری پیاوانی پاوانخوازی دەوروبەری‌دایە؛ جێگەی باسە و دەتوانێ هەڵگری زۆر بابەتی تێروتەسەل بێ.

دەکرێ لێرەدا ئاماژە بە دیارترین هۆکارە هاندەرەکانی ڕوودانی ئەم کارەساتە بکەین کە بریتین لە: -هەر وەک پێشتریش ئاماژەی پێ‌کرا- هەڵاواردن و نایەکسانیی ڕەگەزی، قەبووڵی بڕواگەلی پیاوسالارانە و پێبەندی بە باوەڕە سوننەتی و عێلایەتییەکان، ئاستی کەمی ئاگایی لەسەر مافەکانی ژنان و … بەڵام لێرەدا نابێ ئەوەش لە بیر بکرێ کە ئێمە باس لە ئێران دەکەین و دەبێ ئەو ڕاستییەش لە بەرچاو بگرین، کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە پشت ئەم توندوتیژییانەوەیە و کەمترین سزای بۆ بکوژان و بکەرانی ئەم جۆرە لە قەتڵانە لە بەرچاو گرتوە.

لە قانوونی سزادانی ئیسلامیی ئێراندا بەڕوونی ڕێگە بە پیاو دراوە ئەنگی نامووسی لە ژنەکەی بدا و لە ئەگەری کوشتنی ژنەکەیدا لێپرسینەوەی لێ نەکرێ و سزا نەدرێ و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەربچێ (مادەی ٦٣٠ی قانوونی سزادانی ئیسلامی). یان ئەگەر لە تاوانێکی کوشتندا بێتوو کەس شکایەتی نەبێ _لە حاڵەتەکانی کوشتنی خێزانیدا_ کەسی لەسەر ناکوژرێتەوە (مادەی ٦١٢ی سزادانی ئیسلامی). هەروەها لە مادەی ٢٢٠ سزادانی ئیسلامییدا هاتوە کە باوک و جەدی باوکی سەبارەت بە کوشتنی منداڵەکەیان تۆڵەیان (قصاص) لێ ناکرێتەوە.

“لە قانوونی سزادانی ئیسلامیی ئێراندا بەڕوونی ڕێگە بە پیاو دراوە ئەنگی نامووسی لە ژنەکەی بدا و لە ئەگەری کوشتنی ژنەکەیدا لێپرسینەوەی لێ نەکرێ و سزا نەدرێ و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەربچێل (مادەی ٦٣٠ی قانوونی سزادانی ئیسلامی). یان ئەگەر لە تاوانێکی کوشتندا بێتوو کەس شکایەتی نەبێ _لە حاڵەتەکانی کوشتنی خێزانیدا_ کەسی لەسەر ناکوژرێتەوە (مادەی ٦١٢ی سزادانی ئیسلامی). هەروەها لە مادەی ٢٢٠ سزادانی ئیسلامییدا هاتوە کە باوک و جەدی باوکی سەبارەت بە کوشتنی منداڵەکەیان تۆڵەیان (قصاص) لێ ناکرێتەوە.“

بەردەوام لە دەنگوڕەنگ و ڕاگەیاندنەکانیدا بانگەشەی ئامراز بوونی ژنان دەکا و، ژنێکی باش لە ڕوانگەی ئەم ڕێژیمەوە ژنێکی ماڵدار و قانع و بەڵێ‌ بان‌چاو‌بێژە و بۆی نییە لەم چوارچێوەیەش لا بدا دەنا دەبێتە بژاڵ و شیاوی بژارکردنە.

هەر لەم پێوەندییەدا بانگەشەکەران و داکۆکیکەرانی کۆماری ئیسلامی لە پۆلیس و قازی و … هتدەوە لە جیات بە کار بردنی دەستەواژەی “موزاحیمەت بۆ ژنان”، لە “موزاحیمەت بۆ نامووسی خەڵک”! کەلک وەردەگرن. کە ئەمەش هەر دەگەڕێتەوە بۆ باسی خاوەنداریەتی کردن لە ژنان لە لایەن پیاوانەوە و، زۆریش زیرەکانە بە کار دەبرێ. حکوومەت کە لە پێشدا باس کرا لە ڕێگەی چەوساندنەوەی ژنانەوە سیاسەتی خۆی بەڕێوە دەبا، لێرەشدا خۆی بە بەرپرسی لادانە کۆمەڵایەتییەکان نازانێ و خەڵک هان دەدا بۆ خۆیان شەڕی شتومەکەکانیان بکەن کە ژنەکانیشیان یەک لەم شتومەکانەیە. هەر بۆیە ڕێگەی دەربازبوونی یاسایی بۆ ئەو بکوژانە داناوە و هیچ کامێکیان بەرەوڕووی قەساس نابنەوە چونکە بۆ خۆیان خاوەن خوێنەکەن و، هەر ئەم سزا نەدانە یا سزای سووک دانەش خۆی دەتوانێ یەکێک لە بزوێنەرەکان بێ بۆ کەسی بکوژ کە بەبێ دوودڵی بیکا و پاشگەز نەبێتەوە. لەم جۆرە ڕوانینە زاڵەدا پیاو نەک پشتیوان و لایەنگری ژن بەڵکوو خاوەن و کۆنترۆڵچییەتی.

هەر وەک لە قسەکانی دایکی ڕۆمینا دەرکەوت، باوکی چەند جار پێشنیاری خۆکوشتنی پێ کردبوو بۆ ئەوەی بۆ خۆی ناچار بە کوشتنی کچەکەی نەبێ؛ واتە “ڕۆمینا” و “ڕۆمیناکان” لە دادگای بنەماڵە و کۆمەڵگەی پیاوسالار و دەسەڵاتیشدا –لە دوای گیرانی ئیدارەی پۆلیسی ئاگادار کردبۆوە لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی بە باوکی، کۆتایی بە ژیانی دێ- مەحکووم بە مەرگن، بەڵام ڕەنگە هەندێک کات بتوانن خۆیان شێوازی مەرگەکەیان هەڵبژێرن و ئەم ئازادییەیان لێ زەوت نەکراوە! ئەڵبەت نەک بۆ هەموویان. بۆیە لێرەدا پێویستە باس لەو هەمووە خۆکوشتنانە بکرێ کە زۆربەشیان ژنانن و تەنیا بە ڕستەیەکی “کێشەی بنەماڵەیی” دۆسییەکەیان دادەخرێ. ژنان “نامووس″ـن و نابێ ئەم خاڵە گرینگەیان لە بیر بچێ، بۆ ئەوەی “کێشەی بنەماڵەیی” دروست نەبێ و ناچار نەبن، خۆیان بە خۆکوژی بگەیەنن!

کۆتایی:

لە کاتێکدا کە گەڵاڵەی دابینکردنی ئەمنیەتی ژنان لە بەرامبەر توندوتیژییدا، ماوەی دە ساڵە لە نێوان پارلمان و هێزی دادوەرییدا ئەمبەر و ئەوبەری پێ دەکرێ و تۆزی لەسەر دەنیشێ _ کە هەڵبەت لەو لایحەیەشدا باسێک لە کوشتن لەسەر نامووس نەکراوە و ڕوونە کە قانووندانەر هیچ گرینگییەکی بەو بابەتە نەداوە_ و، بێجگە لەوەش بە پێی ئەو فاکتانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا کۆماری ئیسلامی، ڕێژیمێکی دژەژنە و لەسەر ئەم یاسا چەوتانەی خۆی پێداگرە، هەر بۆیە پێویستە ڕێکخراوە مەدەنییەکان، حیزبە سیاسییەکان و کەسانی یەکسانیخواز بکەونە خۆ و، بە ئاگایی بەخشین بە کۆمەڵگە، بە دژایەتی کردن لەگەڵ توندوتیژی دژبە ژنان، بە بەرهەڵست بوونەوە و … ڕێژەی ئەم کردارە قیزەونە کەم و کەمتر بکەنەوە.

خاڵێکی گرینگی دیکە کە پێویستە لەم پێوەندییەدا ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە کە، پێویستە کولتووری توندوتیژی بە توندی مەحکووم بکرێ. کۆمەڵگەی تووڕە ئاکاری توندوتیژانە لە خۆی نیشان دەدا، پێویستە لەسەر تاک بە تاکی ئێمە لە پێشدا لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین و کولتووری خۆمان لە توندوتیژی بسڕینەوە، بۆ پێشگرتن بەوەی کە وردە وردە ئەگەری ئەوەی هەیە ئاسایی ببێتەوە و لەگەڵ هەواڵێک هیچ جیاوازییەکی نەمێنێ.