ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەیخوازێ و ئەوەی ڕۆژئاوا خۆ لە دیتنی دەبوێرێ

ئورشەلیم پۆست – نەویل تێلێر
ڕێبەرانی دنیا بە دڵفراوانییەکی زۆرەوە سیاسەتێکیان بەرامبەر ئێران ڕەچاو کردووە کە بێ ئاکامە. کاتی خۆی ئامانجە سەرەکییەکانی شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩ بە ڕوونی لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینی باس ل کران، واتە لەناو بردنی دێموکراسی، شێوەی ژیانی ڕۆژئاوایی و سەپاندنی ئیسلامی شیعە بەسەر دنیادا.
لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی ٤١ ساڵەی کۆماری ئیسلامی ڕاستییەکی بەهێز ئاشکرا دەکا، ئەویش ئەوەیە کە ئەو ڕێژیمە هیچکات ئەو ئامانجانەی وەلا نەناون و ئەوان هێشتا پرەنسیپی سەرەکیی بۆ هاندانی ڕێژیمن. ئەوە ڕاستییەکە کە ڕۆژئاوا خۆ لە ددانپێدانانی دەبوێرێ.
خومەینی نووسی، “ئێمە دەبێ شەڕ بکەین، تا گشت گەندەڵیی و ملهوڕییەک دژی یاسای ئیسلامی لەناو دەچێ.”
سەرەڕای پەتای جیهانیی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەرییەکەی لەسەر ئێران، تەنانەت بەگوێرەی ڕاپۆرتی خۆشیان کاریگەرییەکی خراپی هەبووە، بەڵام لەوانەیە لە ڕاستیدا لەوەش خراپتر بووبێ، لایەنە تووندئاژۆیەکانی ناو ڕێژیم، هاوتەریب لەگەڵ ئامانجە ڕاستەقینەکەیان، زەختی خۆیان پاراستووە. لە ١٤ی ئاپریل، پیاوانی چەکدار بۆ ماوەیەکی کورت لە گەرووی هۆرموز دەستیان بەسەر پاپۆڕێکدا گرت کە ئاڵای هۆنگ کۆنگی هەڵدابوو و ستافەکەی چینی بوون.
ڕۆژی دواتر، ١١ بەلەمی سەر بە هێزی دەریاوانیی سپای پاسداران لە پاپۆڕی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان نزیک بوونەوە کە لە ئاوی ناونەتەوەییدا خەریکی ڕاهێنان لەگەڵ هێلیکۆپتەری سەربازیی بوون. پاپۆڕەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان چەند جار لە ڕێگەی ڕادیۆییەوە هۆشدارییان پێدان، هۆرنیان بۆ لێدان و بە ئامێری هەرانانەوە، دەنگەدەنگیان ساز کرد. بەلەمە ئێرانییەکان پاش نزیکەی کاتژمێرێک شوێنەکەیان جێهێشت.
لە ١٩٧٩ بەولاوە دنیا بەرەوڕووی گیروگرفتی سەرچاوە گرتوو لە ڕێژیمی ئێران بوونەوە. لە ٤١ ساڵی ڕابردوودا ئێران بەردەوام یا بۆخۆی ڕاستەوخۆ، یا بەدەستی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی وەک حیزبوڵڵا و حوسی، تاقمێک بۆمب دانان، هێرشی موشەکی، مرۆڤکوژی و ئاکاری تێرۆریستییان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و لە سەرانسەری دنیا بەڕیوە بردوون. دەیان ساڵە، ئێران بەهەمان شێوە هەوڵی لێبڕاوانەی داوە کە وزەی ئەتۆمی بەرهەم بێنێ، بەو ئامانجە، ئەگەرچی بە ئاشکرا ددانی پێدا نەناوە، کە بتوانێ چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
وێناچێ ڕێژیمی ئێستا ئەو ئامانجەی وەلا نابێ. لە ٢٠١٥، لە هەوڵێکدا بۆ لە پەلوپۆ خستنی بەرمانە ئەتۆمییەکەی، ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئاڵمان ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ ئێران واژۆ کرد. بێگومان هەموو بەشدارەکان، لە ناویاندا سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان، باراک ئۆباما، باشترین مەبەستیان هەبوو. بەو ڕێککەوتنە، کە بووە هۆی دەسکەوتێکی مەزنی ئابووری بۆ ئێران، ئەوان پێیان وابوو خولیا ئەتۆمییەکانی ڕێژیمیان بۆ لانیکەم ١٥ ساڵ وەستاندووە و دنیایان کردۆتە شوێنێکی ئەمینتر. جگە لەوە ئەوان لەو بڕوایەدابوون کە هەنگاوێکی گرینگیان بەرەو ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکان و گەڕاندنەوەی ئێران بۆ ناو کۆڕی وڵاتان هەڵگرتووە.
ئەوان هەڵە بوون. با لە زمانی سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان، کە لە ٨ی ژانوییەی ٢٠٢٠ قسەی دەکرد، بگێڕمەوە،” دوای ڕێککەوتنە گەمژانەکەی کە لە ٢٠١٥ واژۆ کرا، و ١٥٠ میلیارد دۆڵاریان پێدرا، باسی ئەوەش ناکەم کە ١،٨ میلیارد پارەی نەغد بوو، ئێران دوژمنایەتی زیاتر بوو. لەجیاتی ئەوەی بە وڵاتە یەکگرتووەکان بڵێن ‘سپاس’، ئەوان هاواریان کرد ‘بمرێ ئەمریکا’. لە ڕاستیدا ئەوان ئەو ڕۆژەی کە ڕێککەوتنەکە واژۆ کرا هاواریان کرد ‘بمرێ ئەمریکا’. دوایە ئێران دەستی کرد بە تەڕاتێنی تێرۆر، بە پشتیوانی داراییەک کە لە ڕێککەوتنەکە گیری کەوتبوو، لە یەمەن، سووریە، لوبنان، ئەفغانستان و عێراق جەهەننەمیان دروست کرد. ئەو موشەکانەی شەوی ڕابردوو بە ئێمە و هاوپەیمانەکانمانییەوە نان، بەو داراییانە کڕابوون کە بەڕێوەبەرایەتی پێشوو پێیانی گەیاند.”
دنیای شارستانیی لە کوێ هەڵەی کرد. هەڵەکە هەمان هەڵە بوو کە دنیا بەرامبەر بە ئادۆلف هیتلەر کردی. کاتێک کە، بۆ یەکەم جار لە ١٩٢٥ کتێبی ماین کەمف [خەباتی من، کە هیتلەر نووسیویەتی. و.]چاپکرا، هیچ کەس نەیخوێندەوە، ئەگەر خوێندیشیانەوە، کەس لەو بڕوایەدا نەبوو کە ئەو شتانەی گوتوونی بە مەبەستەوە بوون. بەڵام ئەو فەلسەفەی کە بیری سیاسی هیتلەر لەسەریان دامەزرابوو لەوێدا باسیان کرابوو، بە عالەم ئاشکرا، چەند ساڵ پێش ئەوەی کە بگاتە پلەیەک تا جێبەجێیان بکا. ئەگەر سیاسەتوانان، یا دروستکەرانی بیرۆڕا، بە جیددییان وەرگرتبا، نەیاندەهێشت هیتلەر بگاتە ئەوپەڕی دەسەڵات. ئەو هەرگیز نەیدەتوانی ببێتە سەرۆکی ئاڵمان.
ئەو هەڕەشەیەی ئێران لە دنیای خاوەن شارستانیی دەکا بە تەواوی لەگەڵ ڕێژیمی شۆڕشی ئیسلامی دێتەوە کە خەڵکەکەی لە ١٩٧٩ خوازیاری بوون. ئایەتوڵڵا خومەینی، کەسایەتی سەرەکیی بۆ ئاراستەی نوێی ئێران، لە دێسامبری ١٩٧٩ بوو بە ڕێبەری گەورە. فەلسەفەی ناوبراو، کە نەیدەشاردەوە، و ٤٠ ساڵ پێش ئەوکاتی لەبارەیدا نووسیبووی، دەیخواست کە یاسای شەریعەت دەستبەجێ لە ناوخۆدا بەڕیوە بچێت، و سیاسەتێکی دەرەوە بەڕێوە بچێ کە ئامانجەکەی بڵاو کردنەوەی ئیسلامی شیعە لە سەرانسەری دنیا، بە هەر شێوەیەک کە بکرێ، بوو.
ئەو ڕایگەیاند، ” ئێمە شۆڕشی خۆمان هەناردەی سەرانسەری دنیا دەکەین. تا هاواری ‘لا الە الا اللە’ لە هەموو دنیا بڵاو نەبێتەوە، خەبات درێژەی دەبێ.” یا دیسان: “دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی لە سەرانسەری دنیا مەزنترین ئامانجی شۆڕشە.”
هەوڵدان بۆ ئەو ئامانجە بنەڕەتییەی شۆڕشی ئیسلامی، دەوڵەتی سەرقاڵ کردووە یا ڕاستەوخۆ یا بە دەستی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی، کە هەلی بۆ ڕەخساندووە تا خۆی لە وە ئەستۆ گرتنی بەرپرسایەتی بدزێتەوە، لە زنجیرەی ئاکاری تێرۆریستی، وێرانیی و مرۆڤکوژیی کە نە تەنیا بەروڕووی ئامانجی ڕۆژئاوایی کراونەوە، بەڵکو دژی موسوڵمانانی غەیرە شیعەش بۆتەوە. خومەینی ڕایگەیاند، “کوشتنی کافران، یەکێک لە نایابترین ئەرکەکانە کە خودا بۆ مرۆڤانی تەرخان کردووە.”
ئەو لەبارەی ئامانجی سەرەکیی ڕێژیم زۆر بە ڕوونی دەدوا. “ئێمە ئامانجی خۆمان دیاری کردووە کە بڵاو کردنەوەی دەسەڵاتی ئیسلام و سەرکوتی فەرمانڕەوایی داگیرکەرانی دنیایە.”
ئەوە دوژمنایەتی لێبڕاوانەی ئێران دژی عەڕەبستانی سعودی سوننی شی دەکاتەوە. پاشایەتی عەڕەبستان کە دوو پیرۆزترین شاری ئیسلام، مەککە و مەدینە، لە ناو سنوورەکانیدا هەڵکەوتوون، خۆی بە ڕێبەری دنیای ئیسلام دەزانێ، ئیددیعایەک کە بە توندی لە لایەن ئێران خستڕاوەتە ژێر پرسیار. ڕێژیم، عەڕەبستانی سعودی وەک ڕکابەری مەزن لە ڕوانگەی سیاسی، و هەروەها دینی و هەژەمۆنی ناوچە سەیر دەکا. لە ١٩٨٧، ئایەتوڵڵا خومەینی ڕایگەیاند کە مەککە لەدەست “تاقمێک بێ دین” دایە.
عەڕەبستانی سعودی بە هەمان شێوە وەڵام دەداتەوە. لە ٢٠١٨، شازادەی جێگرەوەی سعودی، موحەممەد بین سەلمان، ڕایگەیاند کە ڕێبەری گەورەی ئێران، ئایەتوڵڵا خامەنەیی “ڕووی هیتلەری سپی کردۆتەوە … هیتلەر هەوڵی دا ئوروپا داگیر بکا. ڕێبەری گەورە هەوڵ دەدا دنیا داگیر بکا.”
ترامپ پەیتا پەیتا حاشای کردووە کە مەبەستی گۆڕینی ڕێژیم بێ، ئەو دەڵێ دەیهەوێ تەنیا پاشەکشە بە چالاکییە تێرۆریستییەکانی ئێران بکا و وتووێژی نوێ لەبارەی ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی ئامانجییەتی. ئەگەر ئەوە لە کۆتاییدا بە ئابلۆقەی چڕ لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکان بێتە ئاراوە، زۆر شتێکی باش دەبێ. بەڵام سەیر کردنی ڕاستییەکان بە چاوی ئاواڵا دەریدەخا کە ژیانی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەو ڕێژیمە شتێکی مومکین نییە. ڕێبەرانی دنیا دەیانهەوێ باوەڕی پێ بکەن بەڵام ناتوانن، یا نایانهەوێ بیبینن کە ئەوە حاشا کردن لە ئامانجی سەرەکیی ڕیژیمی شۆڕشگێڕی ئێرانە، واتە هۆی سەرەکیی بوونی ئەو ڕێژیمە.
ئەوانە وشەی دامەزرێنەری ڕێژیمن، یەکەم ڕێبەری گەورە، ئایەتوڵڵا خومەینی، ” ئێمە دەخوازین ببینە هۆی وشکبوونی ڕیشەی زایۆنیزم، کاپیتالیسم و کۆمۆنیسم لە سەرانسەری دنیا. ئێمە دەمانهەوێ ئەو کارە بکەین کە خودای پڕتوانا دەخوازێ، ئەویش تێكشکاندنی ئەو سیستەمانەیە کە لەسەر ئەو سێ بنەمایە دامەزراون، و برەو بە حکوومەتی ئیسلامی پێغەمبەر بدەین.”