مستەفا مەولودی : حه‌شدی شه‌عبی کۆپیی سپای پاسدارانه‌و بۆ ئاینده‌ی عێڕاق له‌ داعش مه‌ترسیدارتره‌. ئا:شاهۆ ئەحمەد

سكرتێری نوێ حزبی دیموكراتی كوردستان مستەفا مەولودی لەم چاوپێكەوتنەی ئاوێنەدا ئاماژە بەوە دەكات كە “پێداچونەوە بەبەرێوەبردن و رێكخستنی حزبی دەكات و لەدوای تەقینەوەكەی بەردەم دەفتەری سیاسی لەروی ئەمنیەوە تۆكمەتر دەبن.

لە پێوەندی لەگەڵ نزیكبونەوەیان لەگەڵ “حدكا”یش دەڵێت: ” لایەنی حدكا خوێندنەوەی سیاسیی جیاوازیان هەیە لە جۆری خەبات كردن لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران “.

ئاوێنە: وەك سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان لەقۆناغی داهاتودا پلان و بەرنامەو ئەولەویەتی كاركردنتان چی دەبێت؟
مستەفا مەولودی: هەر كەسێك كارێكی تازە وەربگرێت پێداچونەوەیەك بە كارەكانیدا دەكات منیش بەهاوكاریم لەگەڵ هاوڕییانی دەفتەری سیاسی لەفكری ئەوەداین پێداچونەیەك بەبەرێوبەرایەتی و رێكخستنی حزبیدا بكەین هەم لە بواری تەشكیلاتی و هەم لەئا بواری بەرێوبردن و پێشمەرگایەتیەوە.

ئاوێنە: ئەو پێداچونەوانە چی دەبێت لەكوێیدا گۆڕانكاری دەكرێت؟
مستەفا مەولودی: هەندێك نیزامی شكڵی هەیە كەقەوارەی ئەو حزبە دیاری دەكات ئێمە ماوەیەكی زۆرە كار بەو سیستەمە دەكەین لەناو خۆشماندا كۆمەڵێك تیبینی لەسەر بەرێوبردن و رێكخستنەكانمان هەیە، هەر بۆیە ئێمە پێداچونەوە بەشكڵیەتی رێكخراوەیماندا دەكەین.

ئاوێنە: ئایا پشتگیری لەدەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداریی دژ بەكۆماری ئیسلامی دەكەن؟
مستەفا مەولودی: مەسەلەی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان سیاسییە ئەوەش دەبێت لەرێگای سیاسی و گفتوگۆوە چارەسەر بكرێت ئەوە بنەمای فیكری و پەرەنسیبی حزبی دیموكراتی كوردستان بووە لەرۆژهەڵات لەدرێژایی ئەو حەفتا و یەك ساڵەدا، بەڵام لەبەرئەوەی دیموكراسی لەئێراندا نەبوە، لەبەرئەوەش كە مەجالی تێكۆشانی سیاسی و رێكخراوەیی و حزبی نەبوە، هەر بۆیە حزبی دیموكراتی كوردستان ناچار بووە بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی نەتەوەی كورد و بۆ ئەوەی بزوتنەوەكە بەزیندویەتی بمینێتەوە خەباتی پێشمەرگانە بكا.
خەباتی چەكداری لەئەجێنداو بەرنامەی حزبی دیموكراتدا هەمیشە هەبوە و ئێستاش هەیە و لەداهاتوش هەر دەبێ هەتا ئەو كاتەی پێویستیەكەی نامینێت؛ بەڵام جۆرەكەی و تەكنیكەكەی بەپێی بارودۆخی سیاسی و هاوكێشەكانی كوردستان و ناوچە دەتوانێ گۆڕانی بەسەردا بێ، ئەسڵ ئەوەیە كە ئێمە ئەو خەباتەمان وەكو بنەمایەك لەبەردەستە، بەڵام چۆن و كەی و چۆن سودی لێوەردەگرین ئەوە بەپێی كات و شوێن‌ و سیاسەتمان لە هاوكێشەكاندا چۆن باش بێت ئەوا دەكەین .

ئاوێنە: هەنگاوی عەمەلیتان چی دەبێت بۆ نزیكبونەوە لە (حدكا)؟
مستەفا مەولودی : ئێمە لەگەڵ هاوڕێیانمان لە(حدكا) ماوەیەكی زۆرە گفتوگۆو دانوسیانمان دەست پێكردوە و لەوبارەیەوە باشیش چووینەتە پێشێ و پێوەندییەكانمان لەگەڵ یەكتری ئاسایی بۆتەوە، پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانمان دروست بوونەتەوە و هاتوچۆمان هەیە و دەفتەری سیاسی ئێمە و ئەوان سەردانی یەكتریمان كردوە و هەر دوو لایەن بۆ چارەسەری ناكۆكییەكانمان لەلایەن خۆمانەوە هەیئەتێكی سێ كەسیمان بۆ دانوستان دیاری كردوە، بەڵام ماوەی ساڵێكە ئەو دانوستانە راگیراوە ئەویش خەتاكەی ناگەڕێتەوە بۆ ئێمە، ئەوان ڕایانگرتوە و ئێمە دیسانەكەش داوایان لێدەكەین دانوسان بكەینەوە و بۆ كخستنەوە سەریەكی دیموكراتەكان كاری جدیتر بكەین .

ئاوێنە: كەواتا ئەوان لەو دانوسانە ساردبونەتەوە؟ هۆكارەكەی چیە؟
مستەفا مەولودی: بەڵێ ئەوان ماوەی ساڵێكە ساردبونەتەوە و بە بیانووی ئەوەی خوێندنەوەی سیاسیی ئەوان لەبارەی خەبات كردن بەرامبەر بە كۆماری ئیسلامی ئێران جیاوازە لەگەڵ خوێندنەوەی ئێمە، بەو بیانووە دیدارەكانیان راگرتوە كەئێمە پێمان وایە ئەوە لە جێی خۆیدا نییە.

ئاوێنە: بۆ مەگەر خوێندنەوەی سیاسیی ئێوە جیاوازی چیە لەگەڵ “حدكا” بەرامبەر بە كۆماری ئیسلامی ئێران؟
مستەفا مەولودی: راستی لەئەسڵدا ئێمە جیاوازییەك نابینین هەردوكمان پێمان وایە رژێمی ئێران دژی دیموكراتیەتە و مافی نەتەوایەتی و مافی كورد دابین ناكات، لامان وایە دەبێت ئەو رژێمە بگۆڕدرێت بۆ ئەوەش دەبێت خەباتی هەمە چەشن و هەمە جۆری لەگەڵ بكرێت، بەڵام ئێمە پێمان وایە خەباتی خەڵكی كورد تاك ڕەهەندی نیە و فرە رەهەندە و دەتوانێت پشتگیری خەباتی مەدەنیش بكات وگفتوگۆ و دانوسانیش بەشێكە لەخەبات، بەڵام ئەوان لایان وایە رژێمی ئێران هیچ گۆڕانێكی تێدا ناكرێت و خوێندەوەیەكی تایبەت بە خۆیان بۆ دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، بەڵام لە هەر حاڵدا ئەو جۆرە جیاوازیە تەكنیكیە كە لەجۆری ڕوانینمان بۆ خەبات دروست بوە ئەوەش ئەگەر بمانەوێ ناتوانێ و نابێتە رێگر بۆ كەوتنەوەسەریەكی دیموكراتەكان.

ئاوێنە: حوزوری كۆماری ئیسلامی لەهەرێمی كوردستاندا چۆن دەبینن، ئایا هەست بەمەترسییەكی زیاتر دەكەن لەسەر خۆتان بەتایبەتی دوای تەقینەوەكەی كۆیە؟
مستەفا مەولودی : دوو دەوڵەتی ئێران و عێراق هەروەها هەرێمی كوردستان جیرانی یەكترین و سنورێكی زۆری هاوبەشیان هەیە و ئێمە پەیوەندییەكانیان لە بواری بازرگانی و ئابووری و ئەمنیەت و ئاسایشی ناوچەكەش بەشتێكی ئاسایی دەزانین، لەو چوارچێوەیەدا بۆ خۆشمان لەسیاسەت كردن و جۆری خەباتیشدا بەخوێندنەوەیەك چووینەتە نێو پرۆسەكان كە ڕعایەتی وەزعی ئەمنی و سیاسی هەرێممان كردبێ، ئێمە تا چل شەوێك پێش ئێستا كەشەوی یەڵدا بوو و ئێران تەقینەوەیەكی لەبەردەم بارەگاكەی ئێمەدا كرد هەستمان بەفشارێك یاخود نائەمنیەتێك لەدەوری خۆمان نەدەكرد، چونكی هەم خۆمان هوشیار بوین هەم دەزگا ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان لەو پێوەندییەدا كاری خۆیان دەكرد، بەڵام دوای تەقینەوەكە خوێندنەوەیەكی تازەمان بۆ ئەمنیەتی خۆمان كردوە كە تۆكمەتر بین و بە ئامادەیی زیاترەوە بەرەوڕووی پێشهاتەكان بینەوە.

ئاوێنە: دوا ئەنجامی لێكۆڵینەوە لەتەقینەوەكەی كۆیە چی بو، تاوانباری سەرەكی دەستگیر كرا؟
مستەفا مەولودی: یەكەم ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە لەلای دەزگاكانی ئەمنی لەشاری كۆیە و لەلای دادوەری لێكۆڵینەوەی دادگای كۆیەیە، ئەوانن كە بەدواداچونی بۆ دەكەن و وەڵامی رون لەلای ئەوانە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە دەگەڕێتەوە ئێمە هاوكارێیەكی باشی دەزگاكانی ئەمنیمان كردوە و زانیاری باشمان پێداون؛ ئەوانیش باشیان كاركردوە و ئەوەش بۆ ئێمە رونبۆتەوە ئەو كەسەی ئەو كارەی كردوە كێ‌یە و بەوەسیلەی كێ كردویەتی و هەروەها ئێستاش لەكۆێ‌یە، دەزگاكانی ئەمنی هەرێمی كوردستانیش دەڵێن كە دو كەسیان بەتاوانی تێوەگلان بەو تاوانە دەستگیر كردوە و تا ئێستا راگیراون و لێپێچینەوەی وردتریان لێدەكرێ، بەڵام ئەو كەسەی تاوانەكەی كردوە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران.

ئاوێنە: تا چەند لەشێوە و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان رازی بون؟
مستەفا مەولودی: لەساڵی نەودەكان زۆر حاڵەتی بەو شێوەیە لەهەرێمی كوردستان بەنسبەت تێكۆشەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەنجامدراوە، هەروەها ئەو حاڵەتەش لە ساڵی پار دوبارە بویەوە بەو قیاسە لەگەڵ ئەو كات لامان واییە دەزگاكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و لێكۆڵینەوەكان لەدادگای كۆیە باشترە لەوكات و جدیترە، بەڵام دەبێت چاوەڕێی ئەوە بكەین ئاكامەكەی بە كوێ دەگات و ئەوكاتە دەتوانین بریار بدەین لەوەی دروست و باش كاركراوە یان كەمترخەمی تێداكراوە .

ئاوێنە: لەدوای تەقینەوەكەی بەردەم دەفتەری سیاسی حزبی دیوكراتی كوردستان لەگەڵ “حدكا” لیژنەیەكی ئەمنیتان دروست كردوە كاری ئەو لیژنەیە چیە؟
مستەفا مەولودی: لەهەمو ئەو ساڵانەی لەت بوین هەردولامان كۆمیتەی ئەمنیمان هەیە كە هاوكاری بەردەوامیان هەبوە لەبارەی پلان و بەرنامە تێكدەرانەكانی ئێران. كۆمیتەی ئەمنیەتی هەردولا زانیاریانداوە بەیەكتری و لەگەڵ یەكتری دانیشتوون و قسەیان كردوە، بەڵام لەدوای تەقینەوەكە ئێمە زیاتر گرینگیمان بە پرسی ئەمنیەتی داوە و لەگەڵ هاوڕێیانی حدكا و هەروەها حزبەكانی تری رۆژهەڵات دانیشتووین و بەیەكەوە دەزگا ئەمنیەكانمان لەچوارچێوەیەكی تردا لەسەر كۆمەڵێك پرۆژە رێكەوتوون كەچۆن ئەمنیەتی حزبەكان لەباشور بپارێزرێت، چۆن كەسایەتیەكانیان بپارێزن و نەهێڵن پلان و كارە تیرۆرستیەكانی رژێمی ئێران روبدات؛ هەروەها ئەوانیش تەنسیقیان هەبێت لەگەڵ برادەرانی دەزگاكانی ئاسایش بۆ ئەوەی بكەوە پێش بەروداوی لە چەشنی شەوی یەڵدا بگیرێت.

ئاوێنە: چۆن لەسیاسەتی یەكێتی و پارتی بەرامبەر بەئێران دەڕوانن و ئایا ئەم سیاسەتە زیانی پێنەگەیاندون؟
مستەفا مەولوی: ئێمە دەزانین بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان ئەوە دەخوازێت پەیوەندی سیاسی مەعقولیان لەگەڵ دەوڵەتە ئیقلیمیەكان هەبێت. لە ڕابردوودا هەم پارتی و هەم یەكێتی رابیتەی سیاسیان لەگەڵ حكومەتی ئێراندا هەبوە، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵە رووداو و حاڵەتێكیش هاتوونە پێش كە بۆ ئێمە ناخۆش بووە و نەدەبوا ڕوویان دابا. ئێمە پێوەندیی نێوان حزبەكانی باشوور لەگەڵ ئێران بە بابەتێكی ئاسایی و سروشتیی دەزانین، لەگەڵ ئەوەشدا پێمان وایە ئەو پێوەندییانە نابێ بە ئاقارێكدا بڕۆن كە زیان بە تێكۆشانی سیاسی حزبەكانی ڕۆژهەڵات و بزووتنەوەی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بگەیەنن.

ئاوێنە: بەپێی ئەزمونی خۆتان مەترسی هەڵكشانی حەشدی شەعبی دوای شەڕی موسڵ لەچیدا دەبینن، كە چالاكیەكانی هاوشێوەی بەسیج و سوپای پاسدارانە؟
مستەفا مەولودی : حەشدی شەعبی نمونەی سوپای پاسدارانە. هاتوەتە ئێرە و لێرە بە فەرهەنگ و ئیمكانیات و پەروەردەی كۆماری ئیسلامی ئێران دروست بوە، ئەوەش مەعلومە لەسەر ئەمنیەتی ئاسایش لەو وڵاتەدا هەروەها لەسەر مافی پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە بەكورد و سونەوە كاریگەری خراپی دەبێت، هەر بۆیە دەبێت لەئێستاوە عیلاجێكی وا بكرێت حەشدی شەعبی نەبێت بەو هێزەی وەكو سوپای پاسداران لەئێران هەمو بزوتنەوەكانی سەركوت كردو دوایە بوو بە غولێكی ئەمنی و ئابوری و سیاسی لەئێراندا؛ بۆیە ئەگەر خەمی لێ نەخۆن و عیلاجێكی نەكەن حەشدی شەعبی كاریگەری لەو شێوەی دەبێت لەعێراقدا كە لەداعش خراپتر دەبێت.
رابیتەی عێراق و ئێران تەنگاو تەنگە و ترامپ لەو رۆژانە ئاماژەی بەوەداوە كەوا عێراق هیچ شتێكی بەناوی حكومەتەوە نیە ئەگەر هەبێت ئەویش بەدەست ئێرانەوەیە ئەوە قسەی سەرۆكی گەورەترین وڵاتی دونیایە كەئەمریكایە، ئێران لە شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ عێراق بایەخی زۆری بە كۆك و پۆشتەكردنی سپای پاسداران داو دوایەش لە رێگای سپای پاسدارانەوە ئازادی و مافی پێكهاتەكانی قۆرغ كرد و بزوتنەوەی سیاسی لەرۆژهەڵاتی سەركوت كرد؛ ئێستا بەرنامەی ئەوەیە كە لە عێراقیشدا هێزێكی وەها دروست بكات هەتاوەكو ئامانجە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئابورییەكانی خۆیی بهێنێتەدی كە بە بڕوای من دەبێ مشووری لێ بخورێ.
ئاوێنە: پێتان وانییە ئەم ئەركەی بە ئێوە سپێردراوە، ئەركێكی قورسە كە لەئێستاوە بەشێك لەئەندامانی حزب رەخنەت لێدەگرن و دەڵێن ئەم بەرپرسیارییە لەتوانای تۆ گەورەترە، وەك گوڵاڵەی شەرەفكەندی دەڵێت؟
مستەفا مەولودی : حەتمەن ئەوە ئەركێكی قورسە، بەڵام من تەجروبەی سی و حەوت ساڵ پێشمەرگایەتیم هەیە لەناو حزبی دیموكراتدا، سی ساڵە لەرێبەری حزبی دیموكراتدام، پانزە ساڵە ئەندامی دەفتەری سیاسیم و دە ساڵە جێگری سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانم، جیا لەوە لەناو حزبدا بڕیاردان فەردی نیە، بڕیاردان و سیاسەت داڕشتن جەمعیە واتا كاری حزبی هەم بیركردنەوەكە هەم بریاردان و هەم جێ بەجێ كردن كە هەمووی جەمعیە، پاشان لەناو تەشكیلاتی حزبی هەمو وڵاتانی دونیا مومكینە كۆمەڵێك كەس هەبێت وەكو تاك پێیان وابێت هاوڕێیەك لەوەزیفەیەك لەئاست پێویست نیە ئەوە بەمانای بێ توانایی ئەو كەسە نایەت، بەڵكو ئەگەر كەسێك وەزیفەیەكی وەرگرت پێویستە مەجاڵی پێبدرێت دوای ئەو مەجالە ئەو كاتە قەزاوەت بكەی بەوەی سەركەوتو بوە یان نەبوە .

ئاوێنە: بەڕێزتان خاوەنی ئەزمونی كاری تەشكیلاتین، بەڵام هەستناكەن رو بەدنیای دەرەوە كەم ئەزمونن و ئەمەش دەبێتە خاڵی لاوازتان؟
مستەفا مەولودی: مرۆڤ بەتەنها كامڵ نیە، ناكرێت یەك مرۆڤ هەمو سیفەتە باشەكانی تێدا بێت بەوەی لەهەمو ئاستەكاندا خاوەن تەجروبەو سەركەوتو بێت، بەڵام لەناو حزبی دیموكراتی كوردستاندا ئۆرگانەكانمان جەمعین، ئێمە لە توانای هەموو هاوڕێیانمان كۆمەك وەردەگرین بەۆ ئەوەی ئەگەر خەلەلێك لە كاری حزبیدا هەبێت بەتوانا و لێزانینی ئەو هاوڕێیانە پڕیبكەینەوە.

ئا:شاهۆ ئەحمەد