بە هۆی هەرەس و ڕنووە بەفر چەند کاسبکار و کۆڵبەر لە ناوچەی سەردەشت گیانیان لە دەست دا

بە پێی هەواڵی گەیشتوو ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ ـ ٠١ ـ ٢٠١٧ کۆمەڵێک لە کاسبکار و کۆڵبەرانی سەر سنوور لە پشت ئاوایی بێورانی خوارێ لە ناوچەی سەردەشت بە هۆی هەرەس و ڕنووە بەفر گیانیان لە دەست دا.

بە پێی هەواڵ و زانیاری ١٢ کەس لە کاسبکار و کۆڵبەران لە کاتێکدا دەیانهەویست لە سەرما و سۆڵی زستاندا بۆ بژیوی ماڵ و منداڵیان سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببرن، بەداخەوە بە هۆی هاتنی ڕنووە بەفر ٤ کەس بە ناوەکانی دیاری محەممەد نەژاد، کوڕی هەمزە تەمەن١٨ساڵ و شێرزاد عەبدوڵڵاهی، تەمەن ٢٧ساڵ کوڕی عومەر و هیوا ئیبراهیم نیا ، کوڕی عەبدوڵڵا تەمەن ٢٢ساڵ و محەممەد هەمزەزادە ، گیانیان لە دەست دا و ٧ کەسیش بە هەوڵ و هیممەتی خەلکی ئاوایی بێوران و چەند شاخەوانێک لە ژێر بەفرەکە ڕزگار کران.
بەداخەوە ئەو پۆلە لە کاسبکاران بۆ ئەوەی نەکەونە بەردەستی سەرباز و پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بۆ ئەوەی بە دوور لە چاوی ئەوان کۆڵەکانیان بگەیێنە شوێنی مەبەست ، ڕێگای خۆیان دەگۆڕن و دواتر دەکەونە شوێنێک کە مەترسی ڕنووی لێدەکرا و بە هۆی دەنگە دەنگ و هەلاتنی کۆڵبەرەکان ڕنوو دەتەقێ و لە ئاکام دا چوار کەس گیان لە دەست دەدەن و چەندین کەسی دیکەش بریندار دەبن. دوای ڕزگار کردنی چەندین کەس لە مەرگ خەڵکی ناوچە بە گورج و گۆڵی بە کەڵک وەرگرتن لە ماشێنەکانی خۆیان ، بریندارەکان دەگەیێنە نەخۆشخانەی سەردەشت و بەم شێوەیە گیانیان لە مردن ڕزگار دەکەن.
کۆڵبەر و کاسبکارانی کورد لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا و بە تایبەت لە وەرزی زستان دا گیانیان لە مەترسی دایە، جیا لە کوشتن بە دەستی چەکدارانی رژێمەوە، هاوکات بە هۆی تەقینەوەی مین لە سەر سنوورەکان، بە هۆی لافاو و هەستانی چۆم و رووبارەکان، بە هۆی هەرەس هێنانی شاخ و هەروەها ڕنووی بەفر و ڕووداوە سرووشتی‌یەکان بەشێکی بەرچاو لە کاسبکارەکان گیان لە دەست دەدەن و یا کەم ئەندام و نەخۆش دەبن.
سەرەرای ڕووداوە سرووشتی‌یەکان، کاسبکاران هەموو کات لە لایەن چەکدارانی رژێمەوە گیانیان لە مەترسی دایە و سالانە بە دەیان و سەدان کەس لە کۆڵبەران گیان لە دەست دەدەن و زۆرێکیش بەداخەوە کەم ئەندام و نەقوستان دەبن.
گرانی و نەبوونی شتوومەک و نەبوونی کارخانە لە کوردستان بۆتە هۆی ئەوە کە بەشێک لە خەڵک بۆ بژیوی خۆیان و بنەماڵەیان ڕێگای دژواری کۆڵبەری لە سەر سنوورەکان هەڵبژێرن و گیانی خۆیان لە مەترسی بخەن. دەسەڵاتدارانی ئێران لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە زەختیان لە سەر خەڵک زیاد کردووە، نەبوونی کارخانە و کارگەی سەرەتایی لە کوردستان دا خەڵکی زیاتر تووشی بێکاری کردووە و رژێم بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدا کە خەڵکی کوردستان تووشی نەهامەتی و بێکاری بکەن و لە هەمان کاتدا بە کردەوەی نامرۆڤانە و فاشیستی خۆیان و چەکدارەکانیان زیاتر خەڵک دەکوژن و گیانیان لە مەترسی دەخەن.

سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەو کارەساتە و هەموو خەڵکی ناوچەی سەردەشت و خزم و کەس و کاریان دەکەین و هیوای ساخ بوونەوەش بۆ بریندارەکان بە ئاوات دەخوازین.