شەهید بوونی کچە مێدیاکاری تۆڕی مێدیایی ڕووداوە خاتوو شیفا گەردی

بەداخ و پەژارەیەکی یەکجار زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی شیفا گەردی، ڕاگەیەندکار و مێدیاکاری لاو و هەڵسوور و سەرکەوتووی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە پڕۆسەی ئازادکردنی موسڵ دا و لە کاتی ڕووماڵکردنی هەواڵ و ڕاپۆرتدا بە هۆی تەقینەوەی مینێکی چێندراوی دەستی داعش شەهید بوو و هاوکارەکەشی بە تووندی بریندار بوو.
شیفا گەردی یەکێک لەو خاتوونە بوێر و چالاکانەی بواری مێدیایی بوو کە بۆ گەیاندنی ڕاستی‌یەکان بە جیهان و بە کوردستان لە تۆڕی مێدیایی ڕووداو دا کاری دەکرد و لە زۆربەی شوێنەکان و تەنانەت شوێنە پڕ مەترسیدارەکانیش دا بەشداری دەکرد و لە ژێر رێژنەی گوللە و بۆمب دا هەواڵەکانی راستەخۆ ڕووماڵ دەکرد، شەهید شیفا گەردی زۆرجاری دیکەش گیانی لە مەترسی کەوت بوو، خاتوونی بوێر شەهید شیفا گەردی نموونەی ژنی ئازا و بەجەرگی کوردە ، کە شان بە شانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ڕاودوونانی دوژمن لە سەفی پێشەوەی شەڕەگەکان دا بەشداری دەکرد ، بەداخەوە بە هۆی تەقینەوەی مینی چێندراوی دوژمن لە کاتی ئازاد کردنی شاری موسڵ دا شەهید دەبێ و بە شەهید بوونی خەمێکی گەورەی خستە نێو دڵی هەموو ئەو کەسانەی کە خاتوو شیفا گەردی یان دەناسی و لە هەمان کاتیشدا مێدیایی کوردی کەسێکی خەمخۆر و بوێر و شارەزای لە دەست دا و هیوادارین کە نموونەی خاتوونی بوێر و ئازا و ئازادیخوازی وەک شیفا گەردی لە نێو گەلەکەمان دا هەر لە زیاد بوون دابن.
وەک بەرێوەبەرانی ماڵپەری گیارەنگ لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەکەی خزم و کەسوکاری شەهید شیفا گەردی، هاوکارانی لە تۆڕی میدیایی ڕووداو و بە گشتی هاوڕێ و هاوکارانی و هەموو خەڵکی کوردستان و میدیاکاران دەکەین و هاوکاتیش هیوای چاکبوونەوە بە کاک یونس مستەفا کە لەم تەقینەوەیەدا زامدار بووە بە ئاوات دەخوازین.
ماڵپەری گیارەنگ