ئاگاداری کۆچی دوایی بەرێز کاک حوسێن محەممەدیان ناسراو بە حوسێن گۆمانی لە شاری لینشۆپینگ
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە پێش نیوەرۆی ئەمرۆ هەینی ڕێکەوتی ٠٥ ـ ٠٥ ـ ٢٠١٧ تێکۆشەری ریزەکانی دێموکرات کاک حوسێن محەممەدیان ناسراو بە حوسێن گۆمانی لە تەمەنی ٦٩ ساڵی دا بە هۆی ڕاوەستانی کوت و پڕی دڵەوە لە شاری لینشۆپینگ کۆچی دوایی کرد.
کاک حوسێن گۆمانی لە ساڵی ١٣٢٧ ی هەتاوی لە گوندی گۆمانی نەڵێن لە ناوچەی ڕەبەت لە ئامێزی بنەماڵەیەکی کورد پەروەر و وەرزێر دا لە دایکبوو. هەر لە منداڵییەوە وێرای ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیان بە کار و ئەرکی وەرزێری و جوتێاری و کاسبکارییەوە خەریکبووە. لە هەرەتی لاوەتی دا وێرای لاوانی ئەو دەڤەرە ئاشنا بە کاری هەروەزی بووە و لە راپەرینی گەلانی ئێرانیش دا کەسێکی بەرچاو و دیار بووە و لە زۆربەی خۆپێشاندان و کۆڕوکۆبوونەوەکانی ئەو ناوچەیە بەشداری کردووە و دواتریش وەک مرۆڤێکی بە هەست و شۆڕشگێر لەگەڵ چەند کەس لە ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی خۆیان لە ریزی حیزبی دێموکرات دا ناونووس کردووە.
کاک حوسێن مرۆڤێکی هەڵسوور و جێگای باوەری خەڵک و تێکۆشەرانی نێوخۆ و دەروەی وڵات بوو و ماڵەکەیان و موچە و مەزرایان هەمیشە جێگای حاوانەوە و حەسانەوەی پێشمەرگەکانی ساڵانی ٤٧ و ٤٦ ی هەتاوی بووە و دواتریش لەگەڵ کۆمەڵێک لە لاوانی دیکەی ئەم گوندە ڕۆڵێکی گرینگیان لە شۆڕش لەو ناوچەیەدا گێراوە.
کاک حوسێن ساڵی ١٣٦٥ ی هەتاوی ڕاستەوخۆ خۆی بە کۆمیتە شارستانی ڕەبەت لە بنکەکانی مارەدوێی حیزبی دێموکرات ناساند و تا دوایین کاتەکانی ژیانی هەروا وەفادار بە ڕیبازی دێموکرات مایەوە.
کاک حوسێن وێرای بەشێکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی بۆ ئەوەی درێژە بە ژیانی خۆی بدا ڕووی لە هەنداران و تاراوگە کرد و لە شاری لیبنشۆپینگ لە وڵاتی سوئێد نیشتەجێ بوو، ئەو لە هەموو بوارەکانی ژیانی دا یارو یاوەری دۆست و هاورێ و خزم و کەس و کار و کوردەکانی نیشتەجێ لە شاری لینشۆپینگ بوو.
بەداخەوە کاک حوسێن بە بێ ئەوەی هیچ پێشینەی نەخۆشی هەبێ لە پێش نیوەرۆی ڕۆژی هەینی دا بە هۆی راوەستانی دڵەوە کۆچی دوایی کرد و بەم کۆچەش هەموو لایەکی خەفەتبار کرد.
بە بۆنەی کۆچی نابەوەختی کاک حوسێن گۆمانی ئەندامانی بنەماڵەکەی کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی لە شاری لینشۆپینگ لە ڕۆژی یەک شەممەدا بەرێوە دەبەن.
ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ٠٧ ـ ٠٥ ـ ٢٠١٧
کاتژمێر ١٢ تا ١٨
لە ئادرەس و لۆکاڵی هوتێل کوالیتی Klostergatan 68 Linköping
Quality Hotel Ekoxen
تێبینی: دۆستان و ئاشنایانی ڕێگای دوور و نزیک ئاگادار دەکەینەوە کە بە هۆی مانەوەی تەرمی کاک حوسێن لە لای پزیشکی تایبەتی لە نەخۆشخانەی شاری لینشۆپینگ، ناشتن و بە خاکسپاردنەکەی تەرمی کاک حوسێن دەکەوێتە ڕۆژانی داهاتوو و لە یەکەم دەرفەت دا هەموو لایەک لە ناشتن و بە خاکسپاردنی نەمر کاک حوسێن ئاگادار دەکەینەوە.
ئەوانەی ڕیگای دوور دەتوانن لە ڕێگای ئەم ژمارە تەلەفوونانەی خوارەوە پەیوەندی لەگەڵ کاک سەڵاح کوڕی کاک حوسێن و بنەماڵەکەی بگرن.
٠٠٤٦٧٣٧٤٢٥٦٧١سەلاح محەممەدیان
٠٠٤٦٧٠٠٧٩٤٧٠٣ شێرزاد محەممەدی
٠٠٤٦٧٦٢٩٦٥٠٠٢ عوسمان نەڵۆسەیی
………………………………………………..
بە بۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین و خۆشناوی ریزەکانی دێموکرات لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان و خەڵکی گۆمان و هەموو هاورێ و خزم و دۆست و ئاشنایانی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو تێکۆشەرە هەرگیز نەبەزەی گەلەکەمان دەزانم. ڕووحی شاد و ڕێگای خەباتی پڕ ڕێبوار بێ.
حەمەرەسووڵ کەریمی