یادی ٥٠ ساڵەی ڕاپەڕینی ٤٦-٤٧ لە وتووێژی “کوردستان” لەگەڵ سمایل بازیاردا. هەڤبەیڤین: عەلی بداغی

سمایل بازیار: رێبەرانی ڕاپەڕینی 46-47 کوردستان‌یان تێکەڵ بەو روحی خەباتگێڕی‌یە کرد کە لە شەستەکان‌دا لەسەرتاسەری جیهان وەڕێ کەوتبوو
بانەمەڕی ئەمساڵ نیوسەدە بەسەر بڕگەیەکی گرینگی مێژووی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌و ڕاپەڕینی سیاسیی کورد لە ئێران ڕادەبڕێ. لە بانەمەڕی ساڵی 1346ی هەتاوی‌داو لە گەرمەی شەڕی ساردو هێمنی‌یەک کە حەمەڕەزاشای پەهلەوی بۆ خۆی‌و دەسەڵاتەکەی دانابوو، چەخماغەی ڕاپەڕینێکی چەکداری بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی لێ‌درا کە ئەو گۆمە مەندەی شڵەقاند. جووڵانەوەیەک کە باوەڕو ورەی بە ڕوحی خەباتگێریی کوردو تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌دا کردەوە.
ڕاپەڕینی 46-47 ئەگەرچی تەنیا 18 مانگی کێشاو بەهۆی هەلومەرجی سەختی خەباتی چەکداری لەو کاتداو ناهاوسەنگیی هێز تێک‌شکا، بەڵام کاریگەری‌یەکانی ئەو جووڵانەوەیە تا ئێستاش لەسەر بیرو ئەندێشەی خەباتکارانی سیاسیی کورد درێژەی هەیە.
«کوردستان» لە وتووێژێک‌دا لەگەڵ سمایل بازیار، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی کۆیەو ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات باسی لە چەند ڕەهەندێکی ئەو ڕاپەڕینە کردوە:
50 ساڵ دوای ئەو ڕاپەڕینەی ساڵانی 46-47ی هەتاوی لەلایەن تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕاتەوە لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی وەڕێ‌خرا، بە ڕوانینی مێژوویی چۆن پێناسەی ئەو ڕووداوە دەکرێ؟ ئەوە ڕاپەڕین بوو؟ جووڵانەوە بوو؟ یان حەڕەکەتێکی سنوورداری نیزامی؟
ئەوەی باسی دەکەی لە زۆر جێگاو سەرچاوەدا پێناسەی جۆراوجۆری بۆ کراوە، تەنانەت لە هەندێ جێ ناوی «شۆڕش»یشی لێ‌نراوە. چونکی شۆڕش بریتییە لە ئاڵوگۆرێکی قووڵ‌و بنەڕەتی لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری‌و کلتووری‌و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا. ئەمن لە نووسراوەی ئاکادمیکیش‌دا دیتوومە کە بە شۆڕشیان ناوبردوە کە ئەوە ناتوانێ دەقیق‌و لەجێی خۆی‌دا بێ. بەرامبەر بەوەش هەیە کە دەیانەوێ زۆر بچووکی بکەنەوە، یانی بە ماجەراجوویی‌و سەربزێویی ناو دەبەن. هەڵبەت وەک گوتم ڕوانگەی جۆراوجۆر هەیە لەو بارەوە. ئی واهەیە عاتفی چاوی لێ‌دەکا و زۆری گەورە دەکاتەوە، ئی واشە دەیەوێ بچووکی بکاتەوە. بەڵام دەکرێ بڵێین ڕاپەڕین بووە، چونکی ڕاپەڕین ڕاستەوخۆ لەگەڵ عەزم‌و ئیڕادە پێوەندیی هەیەو پشت‌ئەستووت بە فیکرو ڕێکخستنە. ڕاپەڕین بنەماکەی بۆ ئاگاهی‌و تێفکرین دەگەڕێتەوەو لاوەکان لە ڕاپەڕین‌دا دەوری سەرەکی دەبینن؛ چونکە ئاڕمانگەراو رادیکاڵن‌و بە گژ زوڵم‌و ستەم‌و چەوسانەوەدا دەچنەوە.
ئەم تایبەتمەندی‌یانە بە تەواوی لە ڕاپەڕینی چەکدارانەی 46-47دا دەبیندرێ. بە تایبەتیش کە لە نێو کۆمەڵانی خەڵك‌دا زۆری پەرە نەگرت‌و تەواو نەبووە جەماوەری. بۆیە بە ڕاپەڕین ناوهێنانی ئەو حەڕەکەتە دەکرێ لە چەمک‌و زاراوەکانی دیکەی وەک شۆڕش، ڕاپەڕینو … دەقیق‌تر بێ.

 

ڕێبەرانی ئەو ڕاپەڕینە کێ بوون؟ سەر بەکام ڕەوتی فیکریی حیزبی دێموکڕات لەو کاتەدا بوون؟
ئەوانەی ڕێبەرایەتیی ئەو ڕاپەڕینەیان کرد تەرکیبێکن لە کۆمەڵێک خوێندکارو ڕووناکبیری شاری، وەک سولەیمان موعینی کە ساڵێکی لە زانکۆی تاران خوێندبوو، سمایل شەریف‌زادە کە دواساڵی خوێندنی لە بەشی ئەلەکترۆنیک زانکۆی تاران بوو، حەمەدەمینی سیراجی کە ڕشتەی «حقوق»ی لە زانکۆی تاران تەواو کردبوو، سالار حەیدەری کە خوێندکار بوو ئەویش لە سەرەتاکانی جووڵانەوەدا لەگەڵ بوو. کاک عەبدوڵلا موعینی ڕێبەرێکی دیکەی جووڵانەوەکەیە کە دیپڵۆمی بووە و بێ ئەوەی بیەوێ بچێتە زانکۆ دێتە ڕیزی جووڵانەوەکە. بە گشتی ئەوان رێبەرانی ئەو ڕاپەڕینەن.

 

ئەدی مەلائاوارە؟
مەلا ئاوارەش یەکێک لە ڕێبەرانی ئەو ڕاپەڕینە بوو کە پێگەیەکی ئایینی هەبوو، مەلایەکی ناوچەی سەردەشت کە لە حوجرەدا پێگەیشتووە، هەڵبەت ئەو بەو مانایە نییە کە چونکی زانکۆ نەچووە تێگەیشتنی سیاسیی نەبووبێ، پێچەوانە کەسایەتییەکی وشیاری سیاسی‌و مایەی بەهێزی ئەدەبیی هەبوو. شێعری «توتنەوان»ی ئەو جوانترین تەعبیرە لە مەینەتی‌و نەهامەتی‌یەکانی جووتیارانی چەوساوە. بەڵام دەتوانین بڵێین کە زۆرینەی ڕێبەرانی ئەو جووڵانەوەیە توێژی خوێندکاران‌و ڕووناکبیرانی شار بوون. بەڵام زۆرینەی هێزەکەیان‌و بەدەنەیان لە جوتیاران، خەڵکی ئاسایی‌و گوندنشینەکان پێک‌هاتبوون.
ئەو کەسانەی ناوت هێنان یەکیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕات بووە لەو کاتەدا، مەبەستم کاک سولەیمان موعینی‌یە. دەمەوێ بپرسم ئەو ڕاپەڕینە چەندە وەڵامدانەوە بە زەروورەتێکی تاریخی‌ لە سەر بەستێنێکی سیاسیی گونجاو و چەندە دەراوێشتەی قەیرانێکی تەشکیلاتیی حیزبی دێموکڕات بوو؟
کاتێک باس لە دیاردەیەک دەکەین ناکرێ «تەک سەبەبی» بۆی بچین‌و هەر فاکتەرێک بەبەڵگە بێنینەوە. بۆ خوڵقانی هەر ڕووداو و دیاردەیەک ئەوە کۆمەڵە فاکتەرێکن دەست دەدەنە دەستی یەکتر، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە ئێمە چۆنیان ئەولەوییت‌بەندی دەکەین. ئەوە کە کامەیان فاکتەری سەرەکی‌یە؟ هەموو ئەوانە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ئەو ڕەوتە بووبێ؛ بەڵام بێ‌گومان هۆکارێک قورسایی‌و وەزنی زۆرترە لەوانی دیکە.
لە ڕاستی‌دا لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە باسی ئەو جووڵانەوەیە کراوەو کێشەکە یان جیاوازیی بۆچوونەکان لەو ئەولەوییەت‌بەندییەڕا سەرچاوە دەگرێ. ئی وایە دەڵێن ئەوە هەلومەرجی باشووری کوردستان‌و بارودۆخی شۆڕشی ئەیلوولە کە شوێنکاری لەسەر جووڵانەوەی 46-47 داناوە. ئی واهەیە ئەو فشارانەی ڕاپەڕینی سیاسی لە باشووری کوردستان خستوویەتە سەر چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵات‌و دەرەتانی تێکۆشانی پێ‌نەداون، ئەوە بووەتە هۆی هەڵگیرسانی ئەو جووڵانەوەیە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هیندێکی دیکەش دەیبەستنەوە بە قەیرانی نێوخۆیی‌و کێشە نێوخۆیی‌یەکانی نێو حیزبی دێموکڕات. تەنانەت ئی واهەیە کە دەڵێ ئەوانە لە حەیفان خۆیان بە کوشتن داوە کە ئەمە ئیدی سەرسووڕهێنەرە بۆچوونی لەم چەشنە.

بەڵام ئەو کێشە و ناکۆکی‌یانە بووە، تەنانەت لە پێش کۆنگرەی 2ی حیزبەوە بووە، کۆمیتەی ساغکەرەوەی لێ کەوتۆتەوەو درێژەی بووە.
وایە، ئەوە دەزانم، بەڵام هیندێک کەس دەڵێن ئەوەیان بەسەردا سەپاوە، کە دیارە ناکۆکی‌و تێبینیی من تایبەت لەسەر ئەو خاڵەیە. ڕاستە ئەوانەی ئاماژەم پێکردن کەم‌و زۆر کاریگەری‌یان لەسەر بووە. بەڵام ئەوەی دەڵێ ئەوەیان بەسەردا سەپا ئەوە غەدرە، چونکی فاکتەڕی گرینگی باوەڕو ئیڕادەیان لێ زەوت دەکا. چونکی ئێمە دەبینین هەر لەو کاتەدا بەشێکی زۆری ڕێبەری‌و کادرو پێشمەرگەی حیزب هەر لە باشوور ماونەتەوەو کێشەو گرفتیشیان نەبووە.

 

ئەمەیان ئی ئەو نەبووە کە ئەو بەشە لە بنەڕەت‌دا کێشەیەکیان دروست نەکردوە بۆیە کێشەشیان نەبووە؟
بەڵێ وایە، ئەوانەی جووڵانەوەی 46-47یان وەرێخست ئەوانیش دەیانتوانی وەک ئەوان بێ‌کێشە دانیشن‌و فارس گوتەنی « آهستە بیا، آهستە برو». بەڵام ئەوان نەیانتوانی بەو شێوەیە دابنیشن‌و هیچ نەکەن. دیارە ئەوانیش کێشەی خۆیان بووە بەڵام وانەبووە کە ئەوەیان بەسەردا سەپابێ. هۆکاری سەرەکیی ئەوە دەبێ لە کەش‌و هەوای سیاسیی ئەو کات‌دا بۆی بگەڕێی. ناکرێ ئەو دیاردەیە لە دۆخی ئێستادا هەڵسەنگاندنی بۆ بکەی، دەبێ بگەڕێیەوە کاتی ڕووداوەکان‌و بزانی لە چ هەلومەرجێک‌دا سەری هەڵداوە.
جارێ با لە پێش‌دا با سەیری ڕەوتی ڕووداوەکان لەو کاتی ئێران‌دا بکەین، با بزانین لە ئێران دەرەتانی چالاکی‌یەکی ئاسایی هەیە؟ بە تایبەت دوای ئەوەی کرانەوەیەکی سیاسی لە ساڵەکانی 1339 تا 1342 بەهۆی فشاری ئەمریکا بۆ ناچارکردنی ئێران بە هەندێ چاکسازی دروست ببوو. عەلی ئەمینی، سەرۆک وەزیری ئەو کات هەندێ دەرەتانی سیاسی بۆ خەڵک کردبۆوە کە تێیدا بەرەی نیشتمانی‌و ئەوانە دەستیان بە چالاکی کردبۆوە. لە کاتی جوڵانەوەی 46-47دا ئەو قۆناغە کۆتایی هاتبوو، ئەو دەرەتانە بچووکەش نەمابوو، بەتایبەت دوای ئەوەی لە 15ی جۆزەردانی 1342 هەرای خومەینی‌یان سەرکوت کرد. ئیدی دوای ئەوە مەجالێک بۆ چالاکیی سیاسی نەما. مهەندیس بازرگان قسەیەکی جوانی هەیە لەو کاتدا. ئەو کە ئەندامی ڕێبەریی نێهزەتی ئازادی بوو لە کاتی دادگایی‌کردنیدا بە دادستانەکەی دەڵێ: «ئێمە ئاخرین کەسانێکین کە دەمانەوێ لە چوارچێوەی قانوونی بنەڕەتی‌‌‌دا خەبات‌و تێکۆشانمان هەبێ.» ئەو کە بۆخۆی لە نێو کۆمەڵگاو لە هەناوی ڕووداوەکان‌دا بووە، پێشبینیی ئەوە دەکاو دەڵێ ئێمە ئاخر نەسڵین. نەسڵەکەی دیکە دەست بۆ چەک دەباو لە رێگەی دیکەوە خەبات دەکا، واتە لە رێگەی توندوتیژی‌یەوە.

 

یانی دەفەرمووی دۆخی سیاسیی ئەو کات ئەو شێوازەی بەسەردا سەپاندن یان ئیلهامیان لە شتێکی دی وەردەگرت؟
دەمەوێ بڵێم هەلومەرجێکی ئاسایی و یاسایی بۆ تێکۆشان لەبەردەست‌دا نەبووە، ئەوە یەکەم. دواتر با سەیرێکی ڕەوتی ڕووداوەکان لە ناوچەو جیهان بکەین. دەیەی 60ی زایینی کە ئەو جووڵانەوەیەی تێدا کراوە دەیەیەکی زۆر تایبەتی‌یە لە سەدەی بیستەم‌دا. ئیریک هابزباوم بە دەیەی ڕادیکالیزم‌و شۆڕش ناوی دەبا. لە دەیەی 60دا لە زۆر شوێنی دنیا رادیکالیسم‌و شۆڕش‌و ڕاپەڕین دەستی پێکردوە. چاو لێکە تەنانەت لە ئەمریکا لە دەیەی 60 دایە کە ڕەشپێستەکان بە ڕێبەرایەتیی مارتین لوترکینگ بۆ مافە مەدەنییەکانیان ئاوا چالاکانە دێنە پێشێ. ئەوجار وەرە ئورووپا و سەیری بزاوتە خوێندکارییەکان لە پێتەختی وڵاتانی ئورووپایی بکە، بزانە چۆن لە پاریس پاشەکشە بە «دوگول» دەکا. لە جیهانی سێیەم بە تایبەت ئەوە بەرچاوترە. لە ڤیتنام‌ڕا بگرە تا دێتە فەلەستین‌ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تا دەچێتە ئەفریقاو تەنانەت ئەمریکای لاتین. بە دەیان وڵات لەو دەیەدا زنجیری کۆلۆنیالیسم‌و دیلی‌یان پساندو هاتنە سەر نەخشەی جوغرافیای سیاسیی وڵاتان. لەو دەیەدا خەباتی ڕزگاریخوازی دەگاتە لوتکەی خۆی. ئەوەی جالبە، ئەوەی لایەنگران‌و هەروەها دژبەرانی ئەو جووڵانەوەو بزاوتانەی سەرسام کردبوو ئەوەیە کە ئەوەندەی تۆمار کراوەو ئاماژەی دراوەتێ نیزیک بە 32 حاڵەت‌‌و جووڵانەوەو بزاوتی چەکداری هەیە لە دنیادا. مەسەلەن ڤیتنامی‌یەکان کە پێشتر فەڕانسەوی‌یەکانیان تێکشاندبوو، لەو دەیەدا ئەمریکایان بە تەواوی بە «چالش» کێشابوو. فەلەستینی‌یەکان هەروەها. سەیر کە بزانە چۆن ئەلجەزایری‌یەکان هەر لە رێگای خەباتی چەکداری‌یەوە فەڕانسەوی‌یەکانیان لە وڵاتانی خۆیان دەرکرد، سەرکەوتنی شۆڕشی کوبا، شۆڕشی چین هەر لە رێگای خەباتی چەکداری‌یەوە بوو، گۆڕانکارییەکان لە ئەمریکای لاتین. ئەو رادیکالیسمەو ئەو پەنا بۆ چەک‌بردنە کاریگەریی زۆری لە سەر ڕێبەرانی ڕاپەڕینی 46- 47 بووە. هەر لە کوردستانی خۆشمان، لە باشووری کوردستان ئەوکات خەباتێکی چەکدارانەی بەهێز هەیەو هەموو ئەوانە کاریگەریی لەسەر ئەوان بووە. جا کە سەیر دەکەی دەبینی زۆربەی ڕێبەرانی جووڵانەوەکە کەسانێکی لاون، پێشینەیان لە خەبات‌و بزاوتی خوێندکاریی ئێران لەو ساڵانە‌دا هەیە، ئەوانە هەموو کاریگەرییان لەسەر بیرکردنەوەو بڕیارەکانی ڕێبەرانی ئەو جووڵانەوەیەدا هەبووە.

 

بەشی هەرە زۆری ئەو بزاوتانەی جەنابت باست کرد لەچین، لە ئەلجەزایر، لە ڤیتنام‌و لە ئەمریکاش سەرکەوتن بە تایبەت لە کوبا؛ بەڵام لە کوردستان نا. هۆکارەکەی چییە؟ ئایا رێبەرانی جووڵانەوەی 46-47 لە لێکدانەوەکانیان‌دا بەهەڵەچوبوون؟ ئایا ئیحساسی بڕیاریان دابوو؟
ئێمە بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە دەبێ بگەڕێینەوە کەشوهەوای سیاسیی دەیەی 60 کە جۆرێک لە ڕوحی خەباتگێڕی‌ هەموو جیهانی گرتبۆوە، لە ئورووپا، لە جیهانی سێیەم بە ئەمریکاشەوە. ئەو ڕوحە خەباتگێڕییە کاریگەریی خۆی لە هەموو جێ‌یەک داناوە. لە ڕاستیدا سەرکەوتنی کوبایی‌یەکان لە کوبا لە رێگای خەباتی چەکداری‌یەوە بوو. ئەو سەرکەوتنە بوو ئولگوو، بوو بە ئیلهامدەری زۆر لە شۆڕشگێڕەکان، لە لاوە ڕادیکاڵەکان لە زۆر وڵاتان جا لە ئاسیا، لە ئەفریقاو لە ئەمریکای لاتین‌و شوێنەکانی دیکەش.
هەلومەرجی کوبا جۆرێک بوو زۆر ڕاحەت بە دەستیانەوە هات. ئەوان 1957 لە چیاکانی «سیرا مائێسترا» دەستیان پێ کردو لە 1959 سەرکەوتن. ئەو سەرکەوتنەوە و بەدەستەوەهاتنەوە بووە ئیلهامدەری زۆر ڕاپەڕینەکانی دیکە کەچی لە زۆر جێ‌یان ئەمە سەرکەوتنی وەدەست نەهێنا. هەر یەکێک لە رێبەرانی ئەو جووڵانەوەی کوبا کە بەناوبانگەو هەموومان دەیناسین، چێگوارا. ئەو ویستی عەینی ئەو شێوازە لە بۆلیوی کۆپی بکا بەڵام نەیتوانی، بۆ خۆیشی لەوێ کوژرا.
جا بێ ئەملاوئەولا ئەوە کاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر بیرکردنەوەی ڕێبەرانی جووڵانەوەی 46-47. تەنانەت لە ئێرانێش‌دا ئەم کۆپی‌کردنە لە شۆڕشی کوبا کرا، ئەوەی سازمانی چریکەکان لە سیاهکەل لە ساڵی 1349 کردیان، دیارە ئەوانیش تێیدا سەرکەوتوو نەبوون. بۆیە ئەمن ناڵێم ئەوان ئیحساسی جووڵاونەتەوە، بەڵام لە لێکدانەوەکانیان‌دا ئەو وردبینییە پێویستەیان نەکردبوو. دەمەوێ بڵێم عونسوری ئیحساس لە وەرێخستنی ئەو جووڵانەوەیەدا زۆر لاوازەو ئەوەی پتر تۆخ‌و دیارە باوەڕبەخۆبوون‌و ئیڕادەخوازیی ئەوانە.

 

دەکرێ وەک نموونە بەڵگەیەک لەو پێوەندییەدا باس بکەی؟
بەڵگە زۆرن. تۆ کە نامەیەکی کاک سولەیمان موعینی دەخوێنییەوە کە دێکۆمێنتەو هەیە، بۆت دەردەکەوێ کە لە لێکدانەوەی هەلومەرجی کوردستان‌دا دیققەتی تەواویان نەکردوە. چونکی لە نامەکەدا وا باس دەکا کە هەلومەرج لەبارە، خەڵک پێیان پێوەست دەبێ و ئەوان تێیدا سەردەکەون. ئەوە ئیحساسی بوون نییە، بەڵام دەکرێ بڵێین لێکدانەوەکانیان ورد نەبووە، لە سەر بارودۆخی کوردستان.
لەگەڵتم بۆ ئەوەیان. چونکی دەبینی ئەو جووڵانەوەیە لە بەشی گوندنشینەکانی کوردستان‌دا دەکرێ، لە شوێنێک کە چەند ساڵێکە ئیسلاحاتی ئەرزی بە فەرمانی شا کراوەو خەڵکی گوندی بوونەتە خاوەنی مەزراو مووچە. سروشتییە لەو هەلومەرجەدا کار بۆ ئەو شۆڕشگێڕانە سەخت‌و دژوار دەبێ.
ڕاست وایە. ئەگەر باس لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی بکەین، یەکێک لە هۆکارەکانی دەتوانێ ئەوە بێ.

 

دوایە وردتر دێینە سەر باسی هۆکارەکانی تێکشکانی ڕاپەڕینەکە، لێرە پرسیارێک دێتە گۆرێ ئەویش ئەوەیە کە ئەو ڕاپەڕینە هەڵگری چ گوتار و گوفتومانێک بوو؟ لە بنەڕەت‌دا ئەو جووڵانەوەیە تیوریزە کرابوو، گوتاری تایبەت بە خۆی هەبوو؟
لە ڕاستیدا ئەوان گوفتومانێکی تایبەتییان نەبوو. ئەوان زۆر بە خێراو بەپەلە کەوتنە ڕێکخستنی ڕاپەڕینەکە. تۆ سەیر بکە ئەو ساڵەی کە ئەوان دەستیان بە ڕاپەڕینەکە کرد، ئەو ساڵە بوو کە حەمەڕەزا شا تاجی پاشایەتیی لەسەر دانا. حەمەڕەشا لە ساڵی 1320 دەبێتە شای ئێرانێ‌و لەسەر تەخت دادەنیشێ بەڵام دوای 26 ساڵ‌و لە ساڵی 1346دا تاجگوزاریی کرد. کاتێک کە هەست بە سەقامگیری دەکا. ئەو کات ئیدی ژاندارمی ناوچەکە بوو، ئەمریکا ئەو نەخشەی پێدابوو، یانی نەک خۆی هەستی تەواوی بە ئەمنیەتی خۆی‌و وڵاتەکەی دەکرد، بەڵکوو لە پێناو ئامانجی بەرەی ڕۆژاوادا خۆی بە پارێزەری ئەمنیەتی ناوچەکەش دەزانی. ئێمە دەبێ بیر لەوەش بکەینەوە کە جووڵانەوەکە لە چ کاتێک‌دایە، لە کاتی شەڕی سارددا. مەبەستم ئەوەیە کە تۆ بتەوێ بە گژی رێژیمێکی ئاوا بەو ئیمکاناتەو بەو جێگەو پێگەیە ڕاچی، دەبێ بە ئیمکاناتی زیاتر، بە وردبینیی زۆرترو بە دووربینیی باشترەوە دەست پێ‌بکەی. خۆئامادەکردنی زیاتری دەویست هەم لەباری فیکری‌یەوە، هەم لەبواری ماددی‌و لۆجستیکی‌یەوە کارەکەیان زۆر کتوپڕ بوو، ئەوە رەخنەیەکە لەو ڕاپەڕینە دەگیرێ، جا ڕەنگبێ هەلومەرجی باشووری کوردستانیش وای لێکردبن کە پەلە بکەن‌و دەست ببزوێن.
با یەک شتی دیکەش لە سەر رێبەریی جووڵانەوەکە بڵێم. تۆ کە چاو لە نامەکانیان دەکەی، بەشی زۆریان کاریگەریی بیری چەپ‌یان بەسەرەوە بوو، ئەویش چ جۆرە چەپێک، چەپی مائوییستی. ئەوان سەرسامن بە شۆڕشی چین‌و ئیلهام‌وەرگرتن لە ئەزموونەکانی شۆڕشی چین‌و بە تیۆرییەکانی مائۆ کە پێی لەسەر نەخش‌و دەوری گوندەکان‌و جوتیاران دادەگرت. ئەوەی کە دەیگوت ئاوردووی شۆڕش لە گوندەکان باشتر دەسووتێ‌و گەمارۆدانی شارەکان لە رێگای دێهاتەکانەوە. شۆڕشی چین بە رێبەرایەتیی مائۆ لەو رێگایەوە سەرکەوت، پێگەی سەرەکی‌یان گوندەکان بوون، ئەرتەشی سووری مائۆ زۆرینەی هەرە زۆری جوتیارەکان بوون، ئەوە کاریگەریی زۆری بەسەر بیرکردنەوەی زۆربەی رێبەرانی 46-47ەوە هەبوو، هەڵبەت حاشاش لەوە ناکرێ کە کاریگەریی بیری نەتەوایەتیش ئاوێتەی ڕاپەڕینەکەیان بووە.

 

باشە بۆ ئەوان کەوتبوونە ژێر کاریگەریی بیری چەپ ئەویش لەو جۆرەی؟ بەڵگەی بۆ ئەوە چییە؟
جیا لە تایبەتمەندیی ڕێبەرانی ئەو جووڵانەوەیە کە باسمان کرد بەشێکی دیکەی هۆکاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێوەندییەی لە نێوان ئەوان‌و سازمانی ئینقلابیی حیزبی توودەدا هەبوو. سازمانی ئیقلابیی حیزبی توودە ئەم ڕێکخراوەیە بوو کە ساڵی 1343 لە ئورووپا بەشێک لە جوانەکانی ئەو حیزبە پێکیان هێنابوو. دیارە هەندێ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی توودەش وەک فرووتن و قاسمی‌و سەغایی لەگەڵیان کەوتبوون، بەڵام زیاتر کەسانی وەک موحسین ڕیزوانی، مێهدی خانبابا تێهرانی‌و کورش لاشایی‌‌و ئەو تیپە کەسانە لە حیزبی توودە جیابوونەوەو سازمانی شۆڕشگێڕی حیزبی توودەیان پێک‌‌هێنا. ئەوانیش تەواو لە ژێر کاریگەریی بۆچوونەکانی مائۆدا بوون، ئەو کاتەی بەرەی سۆسیالیستی‌ لە دنیادا ئینشعابی تێکەوت، یانی یەکیەتیی سۆڤییەت‌و چین ڕیزی خۆیان لە یەکتر جیاکردەوە، لە ژێر کاریگەریی ئەم ئینشعابە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا‌دا لە نێو حیزبە کۆمۆنیستی‌یەکان‌دا ئەو جیابوونەوەیە ڕوویان دا. ئەم ڕێکخراوەیەی ئینقلابیی حیزبی توودەش لەو چوارچێوەیەدا دروست بوو. ئەوان یەکیەتیی سۆڤیەتیان بە ریویزیونیسیت تاوانبار دەکردو دەیانگوت ئەوان پیداچوونەوەیان بە بنەماکانی مارکسیزم‌و لێنینیسم‌دا کردوە. جا ئەو ڕێکخراوانە باوەڕیان بە خەباتی چەکداری‌ هەبوو و کاریگەریی مائۆییسم‌یان بەسەرەوە بوو. ڕێبەرانی جووڵانەوەی 46-47‌و ئەوانە پێکەوە پێوەندی‌یان هەبوو.
بەڵگەیەکی دیکە بۆ ئەوەی زۆربەی ڕێبەرانی خەباتکاری جووڵانەوەی 46-47 چەپی مائوییستی بوون بیرەوەرییەکانی یەکێک لە رێبەرانی سازمانی ئینقلابیی حیزبی توودە کورش لاشایی‌یە. کورش لاشایی لە ئورووپاڕا گەڕاوە، هاتەوە باشووری کوردستان‌و تەقریبەن دوو مانگیان لەگەڵ بووە. لەگەڵ کاک سمایل شەریف‌زادەو کاک حەمەدەمین سیڕاجی‌و ئەوان زیاتر لە دوو مانگ لە ناوچەدا جەولەی کردوە.
دوایە دەڕواتەوە ئوڕووپا کە دێتەوە ئی دیکەش لەگەڵ خۆی دێنێ، بەڵام ئیدی ڕاپەڕینەکە کۆتایی پێ‌هاتوە، تەواو بووەو بەشێک لە ڕێبەرەکانی شەهید بوون‌. لە لابەلای بیرەوەری‌یەکانی کورش لاشایی‌دا تێڕوانینی چەپی مائۆئیستیی ڕێبەرانی ڕاپەڕینی 46 – 47 دەبیندرێ‌و بە تایبەتی لە نامەکانیان‌دا کە بۆ د. قاسملوو و کەریم حیسامی‌یان نووسیوە کە تێیدا پێداگری لەسەر پێویستیی خەباتی چەکداری‌و دەوری جوتیاران‌و گوندەکان لە بەرپاکردنی شۆڕش‌دا دەبینین.
با ئەوەش بڵێم چەند ساڵ پێشتریش سازمانی ئینقلابیی حیزبی توودە ویستی لە نێو ئێلی قەشقایی لە باشووری ئێران‌ لە خان‌و دەرەبەگەکان بە ڕێفۆرمەکانی شا لە بابەت زەوی‌و زار ناڕازی بوون کار بکەن‌و ئاراستەی پێ‌بدەن کە سەرکەوتوو نەبوون. دیارە ئەوەی قەشقایی‌یەکان مل‌بادان‌‌و سەربزێویی خان‌و دەرەبەگەکان بوو بە ڕێفۆرمەکانی شا و ناچێتە چوارچێوەی ڕاپەڕین، چون فیکرو رێکخستن‌و ئیڕادەی تێدا نەدەبینرا.

 

باشە پێوەندیی نێوان سازمانی ئینقلابیی حیزبی توودەو خەباتکارانی ڕاپەڕینی 46-47 چۆن دروست بووە؟ ئەوان لە وڵاتانی ئورووپایی، ئەمان لە باشووری کوردستان‌و چیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟

ئەو پێوەندییە لە رێگای «مام جەلال»‌ەوە دروست بووە. دوای دروستبوونی کێشەو ناکۆکی لە نێوان ڕێبەری شۆڕشی ئەیلوول‌ کە باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتی جیابوونەوە ، مام جەلال یەکەم کەس لە رێبەرانی کوردە کە کاریگەریی ئەندێشەکانی مائۆی لەسەر بوو. یانی دەتوانم بڵێم مام جەلال زووتر لەو کات‌و لە نیوەی پەنجاکانی زاینینییەوە کەوتبووە ژێر کاریگەریی بیرو ئەندێشەکانی مائۆ. ئەو بۆ خۆی ئەو کات بۆ بەشداری لە فستیڤاڵێکی خوێندکارانی جیهان سەردانی چین دەکاو ئەوێ دەبینێ‌و بە تەواوی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بیرو ئەندێشەکانی مائۆ. ئەمانە، واتە باڵی مەکتەبی سیاسی لە دەرەوەی وڵات، لە بێرلین نەفەریان هەیەو لەگەڵ ڕێبەرانی سازمانی ئینقلابی یەکتر دەبینن‌و بەو جۆرە پێوەندییەکان لەگەڵ خەباتکارانی ڕۆژهەڵات دروست دەکەن‌و کەسانێکی وەک کورش لاشایی دێنەوە بەکرەجۆ و لەوێ لەگەڵ سمایل شەریف‌زادەو ئەوان یەکتر دەگرن‌و دێنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. واتە لە رێگای مام جەلالەوە ئەم پێوەندی‌یە دروست بوو.

 

بە هەموو ئەو سەرنج‌و تێبینی‌یانە ئەگەر بمانەوێ باس لە گرینگیی ڕاپەڕینی 46-47 بکەین دەبێ قامک لەسەر چی دابنێین؟ ئێوە گرینگیی ئەو جوولانەوەیە لە چیدا دەبینن؟
با لە پێش‌دا و سەرەتا بزانین ئەو ڕاپەڕینە لەبەرچی بۆ حیزبی دێموکرات گرینگە. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە دوای رووخانی کۆماری کوردستان ئەگەرچی تێکۆشانی بووەو خەباتەکەی هەورازو نشیوی زۆری بە خۆیەوە بینیوە. بەڵام هەتا ئاشکرابوونەوەی تێکۆشانی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی 57 لە 11ی ڕەشەمەدا و لە میتینگەکەی مەهاباد‌دا؛ جووڵانەوەی 46-47 دیارترین‌و بەرجەستەترین قۆناغی چالاکی‌و فەعالیەتێتی.
دیارە لەو ماوەیەدا خەبات بووە، چالاکی بووە، ئەندامانی ئەو حیزبە کەوتوونەتە زیندانەوە، بەڵام ڕاپەڕینی 46-47 گرینگترینی ئەو مێژووەیە. واتە لە دوای کۆماری کوردستانەوە هەتا شۆڕشی 1357 ئەمە لوتکەی چالاکی‌و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. ئەگەر دەبینی لە میتینگی 11ی ڕەشەممەدا پێشوازی‌یەکی بەرین لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کرا بەشێکی کاریگەریی ئەم ڕاپەڕینەیە. ڕاستە بیرەوەری‌یەکانی کۆمار، نۆستالیژیای کۆمار ئێستاش لە بیری بەشێکی خەڵک‌دا هەر مابوو، بەڵام کۆمەڵانی خەڵک کە ڕوو لە حیزب دەکەن، حیزبێک کە ساڵەهایە دوورە لە خەڵک‌و چالاکیی ئاشکرای نەبووە، خەباتەکەی کز بووە، ئەدی چۆنە پێشوازی‌یەکی ئاوای لێ‌دەکرێ؟ ڕاستە بەرنامەو شوعارەکانی حیزب گرینگن، بەڵام بەبێ ئەملاوئەولا یەکێک لە فاکتەرەکانی ئەو پێشوازی‌یە لە ڕاپەڕینی 46-47و ئاکامەکانیەتی. چونکی هەر دە ساڵ بوو ئەو ڕاپەڕینە تێک‌شکابوو. کەسایەتی‌یەکانی ئەو جووڵانەوەیە لە یادەوەریی خەڵک‌دا هەر مابوون. کەوابوو ئەمە خاڵێکی گرینگە. دواتر لە ئێران‌دا ئەمە یەکەمجارە کە ڕێکخراوێک بە کردەوە ڕوو لە خەباتی چەکداری دەکاو ئەو شێوازە بۆ خەبات لە دژی حکومەت هەڵدەبژیرێ. ڕەنگە وەک فیکر هەبووبێ، بەڵام بە عەمەلی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە جووڵانەوەی 46-47 یەکەم ڕێکخراوە کە پەنا بۆ ئەو شێوازە لە خەبات دەبا. بە ڕوویەکی دیکەدا ئەو جووڵانەوەیە کاریگەریی بووە لەسەر ڕێکخراوەکانی دیکە لە ئێران کە ئەو شێوازە لە خەبات بگرنە بەر. دیارە ئەوەی مهەندیس بازرگان کە باسم کرد، لە دوای سالی 1343 یەکەم بیر و گەراکانی خەباتی چەکداری بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران‌دا دروست دەبێ بەهۆی «بیژەنی جەزەنی‌«، ئەمیر پەرویزی پوویان‌و مەسعوودی ئەحمەدزادەو ئەوانەوە کە دوایە لە ساڵی 1349 رێکخراوی فیداییانی لێ‌کەوتەوە، ساڵی دواتر سازمانی مجاهیدنی خەلق کە ئەوانیش لە بیری خەباتی چەکداری‌دا بوون؛ لە کاتێک‌دا کە ئەو ڕێکخراوانە هەر لە فیکری ئامادەکاری‌ دابوون ئەو لە کوردستانە کە چەخماغەی ئەم شێوازە لە خەبات لێ‌دەردێ. ئەمن گوتم کە یەکەم هەستەکانی چریکە فیداییەکان لە ساڵی 1343 دروست دەبێ، بەڵام یەکەم کاری بەکردەوەیان ڕووداوەکەی سیاهکەل لە ساڵی 1349 بوو. بەبێ ئەملاوئەولا جوولانەوەی 46-47 کاریگەریی لەسەر ئەو رێکخراوانە بووە. تەنانەت کاک سمایلی شەریف‌زادە لە سەردەمی خوێندکاریش‌دا لەگەڵ هیندێک لە خوێندکاران کە دواتر لەگەڵ چریکەکان کەوتن پێوەندیی بووە، نامەو نامەگۆڕینەوەیان لە نێوان‌دا بووە، وەک عەلیڕەزا نابدل، بێهرووز دێهقانی، برای ئەشرەف دێهقانی کە دواتر هەردووکیان کوژران. ئەوەمان لەبیر نەچێ کە چۆن ئەو ڕاپەڕینە هێمنی‌و ئارامیی ئێرانی شڵەژاند. شا کە ئێرانی بە جەزیرەی ئارام لە دەریای تۆفانیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەشوبهاند، ئەو گۆمە مەندەیان لێ شلەقاند. ئەوانە گرینگن.

 

باشە هەر گرینگە یان دەسکەوتیشی بووە؟
ئەو گرینگی‌یانە هەموو دەسکەوتی مەعنەوین. یەکێک لە دەسکەوتە مەعنەوی‌یەکان درێژەدانی خەباتەو کاریگەریی لە سەر بەردەوامیی تێکۆشان داناوە. نەسڵی پاش ئەوان‌و نەسڵی دواتر کە من یەکێک لەوانم کاریگەریی ئەوانی بەسەرەوە بووە. بەڵام ئەو نەسلەی کە بەدوای ئەوان‌دا کاریگەریی ئەوانی بەسەرەوەبوو کۆمەڵێک لاو بوون کە لە زانکۆکانی ئێران‌دا دەیانخوێند‌و دواتر ئەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان‌یان دروست کرد، ئەوە بەرهەمی کاریگەریی ئەوان بوو. یانی ئەو نەسڵەی دوایە بوونە ڕێبەرانی کۆمەڵە، کاریگەریی ئەوانیان بەسەرەوە بوو. نەسڵی دواتر کە ئەمن بۆ خۆم یەک لەوانم، لە ساڵەکانی 1355-1356 کە دەچووینە شاخەوانی لە ناوچەی مەهابادو شارەکانی پیرانشارو سەردەشت، لەهەر مووچەیەک، لەهەر کانێاوێک کە لامان دەدا، خاوەن مووچەکە باسی کاک سولەیمانی موعینی کە بە کاک فایق دەناسرا، باسی ئەوانیان بۆ دەکردین، ئێمەش کاریگەریی ئەوانمان بەسەرەوە بوو. لام وایە لە کەم حوجرەی فەقێ‌یان باسی مەلا ئاوارە نەکرابێ، زۆر کەس ناوی منداڵەکانی بە ناوی ئەوان دەکرد. هەروەها مینەشەم لە ناوچەی ڕەبەت‌و سەردەشت ناوو ناوبانگی هەبوو. دیسان تۆ چاو لە مەهابادی ئەو کات بکە کە شارێکی بچووک بوو. لەو شارەدا کە چەند کەسی جوان ئەویش لە بنەماڵە بەناوبانگەکانی ئەو شارەی لێ بکوژرێ، بزانە چ کاریگەری‌یەکی بووە. بۆ خۆت دەزانی کە باوکی کاک سولەیمان موعینی وەزیر بووە لە کۆماری کوردستان‌دا، بنەماڵەی شەریف‌زادە کە بازرگانێکی گەورەی شارەکە بوون، لەو شارە بچووکەدا کە دوو برای وەک کاک عەبدوڵلا و کاک سولەیمان موعینی، کاک سمایل شەریف‌زادە، کاک سەید فەتاح نیزامی شەهید دەبن چ کاریگەریی سایکۆلۆژیی قووڵی بەسەر شارەکەوە دەبێ. ئەو کاریگەرییە کاتی شۆڕشی 57یش هەر مابوو، وەک گوتم ئێمە نەسڵی دووهەمی دوای ئەوان بووین. ئەم شەهیدانە بۆ ئێمە ئیلهام‌بەخش‌و ئۆلگوو بوون؛ چۆن «خوسرەو ڕەزبە»و «بیژەن جەزەن»ی‌و «حەمید ئەشرەف» بۆ لاوانی ئێران سەمبوول‌و ئۆلگووی موبارزاتی بوون، ئەوانیش بۆ ئێمەی لاوی کورد وابوون.

 

ئەدی چ شوێنکارێکی لەسەر ڕەفتاری حکومەتی ناوەندی‌ دانا. حکومەتی پاشایەتیی تووشی چ کاردانەوەیەک کرد؟
ڕاپەڕینی 46-47 حکومەتی پاشایەتیی تووشی شۆک‌و راچلەکانێکی گەورە کرد. ڕێژیمی پاشایەتی قەت چاوەڕوانیی ئەوەی نەدەکرد، باوەڕی نەبوو کە ڕووداوێکی لەو چەشنە ئەو دوڕگە ئارامەی! لێ تێک‌بدا، ساڵێک پێش ئەم ڕاپەڕینە شا لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی بیانی‌دا کە لەسەر پرسی کورد پرسیاری لێ‌دەکا، دەڵێ ئێمە کێشەیەکمان بە ناوی کێشەی کورد نییە، هەموو لە نیژادی ئاریایین‌و باسێک بەو ناوە نییە. بۆیە لەگەڵ دەسپێکی جووڵانەوەکە کاردانەوەی زۆر خێرایان هەبوو. ئەوان دەسبەجێ ئەفسەرێکی بەناوبانگی ئەڕتەشی شاهەنشاهی، «ئەڕتەشبود ئۆوەیسی»ی ڕاسپارد کە ڕاپەڕینەکە سەرکوت بکا. ئەو هات لە جەڵدیان ستادێکی فەرماندەیی پێک‌هێنا. ئەوان زۆریان گرینگی بەوەدا کە نەهێلن ڕاپەڕینەکە بۆ ناوچەکانی دیکە پەرەبستێنێ. با ئەوەش بڵێم کە حکومەتی ناوەندی لە ئێران لەو ڕووداوەدا بوو کە یەکەمجار چەکداری کوردی بەشێوەی ڕێکخراو بۆ سەرکوتی ڕاپەڕینی کوردی بەکارهێنا. بۆیە سەرکوتی ئەو ڕاپەڕینیە گرینگیی یەکجار زۆری پێ‌درا. ئەگەر چاو لە کتێبی «چپ بە روایت اسناد ساواک» دەکەی، ئەو کات دەزانی کە ئەو جووڵانەوەیە چەندەی هەراسان کردوون‌و چەندە نیگەرانن لە نفووزی ڕێبەرانی ڕاپەڕینەکە لە نێو خەڵک‌دا. تەنانەت لە یەکێک لە بەڵگەکان‌دا هاتووە کە خەڵک بۆ چارەسەری کێشەکانیان ڕوو ناکەنە ئیدارەو شوێنە دەوڵەتی‌و حکومەییەکان، بەڵکوو ڕوو دەکەنە ئەوان هەتا بۆیان چارەسەر بکەن. یانی کاتێک کە چاو لە بەڵگەنامەکانی ساواک دەکەی ئەو کات بۆت دەردەکەوێ کە چەندە ئەو جووڵانەوەیەو سەرکوت‌کردنەکەی بەلای حکومەتی پاشایەتی‌یەوە گرینگ بووە، بۆیە بە هەموو تواناوە سەرکوتی کرد. ئەوان جیا لە کۆک‌و پۆشتەی سەربازی هێزی ئاسمانی‌‌و هێلی‌کۆپتێریان بەکار هێنا. لە دوای تێکشکانی ڕاپەڕینەکەش خەڵکێکی یەکجار زۆریان گرت‌و ژمارەیەکیان ئێعدام کرد.

 

جوغرافیای تێکۆشانی ئەو ڕاپەڕینە بۆ هەر لەو بەشە لە موکریان‌دا مایەوە کە باسمان کرد؟
وەک گوتم جووڵانەوەکە کتوپڕ بوو، دوایە مەوداو دەرەتانیان نەدرایە. دیارە ئەوەش بڵێم ئەم ڕاپەڕینە تیمێکی لە ناوچەی ورمێ‌‌ش بووە، بەڵام زور زوو تیمەکەیان بەداخەوە لەنێو دەچێ، ئەو تیمەی نحۆ، ناسراوی بە باپیر شکاک فەرماندەیی دەکردن. بۆیە بەرنامەش بۆ پەرەپێدان بە جوغرافیای چالاکی‌یەکان هەبوو ئەگەر مەجالیان درابایە. هەروەها بەهۆی پێگەی سوننەتی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی موکریان کە دیارە ئەم کەمایسی‌یە دواتر لە بەرگریی چەکدارانەی گەلەکەمان لە دژی کۆماری ئیسلامی چارەسەر کراو جوغرافیای تێکۆشانی سیاسی لە کرماشانەوە تا ورمێ‌و سەڵماسی گرتەوە.

 

بەر لەوەی وردتر باس لە هۆکارەکانی تێکشکانی ئەم جووڵانەوەیە بکەین، دەپرسم بۆ کەمایەتی‌یەکی زۆر کەم لە رێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەشداری جووڵانەوەکە بوون؟
نا، ئەمن پێم وانییە کە بەشی زۆرینەی حیزبی دێموکڕات لەگەڵ ئەو جووڵانەوەیە نەبووبێ.
ئەی ئەوە نییە لە هەموو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی تەنیا یەک کەس، ئەویش کاک سولەیمان موعینی لە ڕێبەریی جووڵانەوەکەدا بووە.
ناتوانم بڵێم بەشی زۆری حیزب لەگەڵ نەکەوتوە، لانیکەم نیوەی ئەندامانی حیزبی دێموکڕات لەگەڵ جووڵانەوەکە بووە. دیارە ئەمن ئاماری وردم لەسەر ئەو ئەندامانەی حیزب نییە کە لە باشووری کوردستان مانەوە، بەڵام وایە هەندێ سیمای ناسراوی حیزب هەبوون کە لەگەڵ نەکەوتن. ڕەنگبێ هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەو بڕیارە ڕیسکێکی گەورە بوو. ئەتۆ دەست بۆ کارێک دەبەی کە ئیحتمالی ئەوەی تێدابچی یەکجار زۆرە، ئەمن هۆکاری سەرەکیی ئەمە بۆ ئەو خاڵە دەگەرێنمەوە. بۆ بەشدارییان نەکرد، ڕەنگبێ ئەگەر بەپێی هەلومەرج‌و تێگەیشتنی ئێستا لێکدانەوەی مەنتیقیی بۆ بکەن، مەسەلەن بڵین هەلومەرجەکە گونجاو نەبووە. تەنانەت یەکێک لەوان لە بیرەوەرییەکانی‌دا بە «ماجەراجوویی» ناو دەبا، بۆ خۆی چونکی تێیدا بەشدار نەبووە دەڵێ ماجەراجوویی بووە. دەتوانم بڵێم چونکی زەریبی ڕیسکی ڕاپەڕینەکە یەکجار لەسەرێ بووە، بۆیە خۆیان لێ نەداوە. ئەوانەی لەم ڕاپەڕینەدا بەشدارییان کرد دەستیان لە گیانی خۆیان شوشتبووە. لە ژیان‌دا مانی تەنیا یەکێک لە ڕێبەرانی ئەم ڕاپەڕینە (حەمەدەمین سیڕاجی) سەلمێنەری ئەم ئیدیعایەیە.

 

پشتیوانەکانی ئەو جووڵانەوەیە کێ بوون؟ دژبەرانی کێ بوون؟
زۆر لەمێژە دەگوترێ، دەڵێن کوردەکان جیا لە شاخەکان دۆستی دیکەیان نییە، ئەو قسەیە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو قۆناغە لە تێکۆشانی خەباتگێڕانی کورددا قەت ئەوەندە ڕاست نەبووە. بەڕاستی پڕ بە پێستی ئەو ڕاپەڕینە بووە. شاخەکانیان بووەو چوار_ پێنج کڵاشینکۆف‌و دوو تیربار‌و چەند تفەنگی کۆنی بڕنوو. کەس یارمەتیی نەداون، تەنانەت پشتی جیبهەشیان نەبووە، ئەویش لە کاتێک‌دا کە بۆ خەباتی چەکداری بوونی پشتی جیبهە ئەسڵێکی ستراتیژی‌و بنەڕەتی‌یە. ئەوان ئەوەشیان نەبوو.
با ئەوەمان لە بیرنەچێ لە دیوی کوردستانی عێڕاق‌دا حیزبی شیوعی لە ڕادەی توانایی‌و دەسەڵاتی خۆی‌دا زۆر جار فریایان کەوتوە.

 

هەر ئەوە دەفەرمووی کە جیا لە کۆمەڵێک چەکی سووک‌و نیوەسووک ئیمکاناتی لۆجستیکیی دیکەیان نەبوە، ئایا ئەوە خاڵی لاوازی ڕاپەڕینەکە نییە کە بە کەیفییەتەوە بەرەنگاری ڕێژیمێکی زەبەلاح بۆتەوە؟
پێشتر ئاماژەم پێ‌کرد کە ئەوان بە خێرایی‌و پەلە دەستیان دایە کارێکی گەورە. لە ڕاستی‌دا ئەوان لە سفرەوە دەستیان پێ‌کردو بێجگە لە ئیمان‌و ورە هیچیان شک نەدەبرد.

 

گوتت کە جیا لە شاخەکان پشتیوانیان نەبووە، ئەدی دژبەرانیان؟
دژبەرانی دیارە کە بەپلەی یەکەم رێژیمی پاشایەتی بوو، وەک پێشتریش باسم کرد بۆ یەکەم‌جار بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە حکومەتی ناوەندی هێزی چەکداری کورد بەشێوەیەکی ڕێکخراو بە گژی جووڵانەوەی کورددا بکا. ئەوە زیانێکی گەورە بوو. لەگەڵ ئەوەش‌دا بەداخەوە ئاغاوەت‌و دەرەبەگەکانیی کوردیش بە تایبەت لە ناوچەی بانە دەوری خراپیان گێڕا. ئەو هێزە 400- 500 کەسەی وەدووی تێکۆشەرانی ئەم جووڵانەوەیە کەوتووە دەبینی بە چاوساغیی ئاغاوەتەکانی ئەو ناوچەیە بووە.

 

ئەدی لە ئاستی ئێران‌دا دەنگدانەوەی چۆن بوو، توانی پشتیوانێک بۆ خۆی ببینێتەوە؟
ئەوکاتە تاکی حیزبی سەرتاسەری لە ئێران حیزبی توودە بوو، بەڵام حیزبی توودە چۆن هاتە نێو ئەو مەوزووعەوە. حیزبی توودە کە زانی ڕێکخراوی ئینقلابیی حیزبی توودە پێوەندییان لەگەڵ ڕاپەڕینەکە گرتوە، بۆ ئەوەی ڕێبەرانی ڕاپەڕینەکە بە لای ڕێکخراوی ئینقلابی‌دا نەکەون‌و بۆ خۆیان جڵەوی ڕاپەڕینەکە لە دەست نەدەن، چونکی ئەو کات ڕێکخراوی ئینقلابی‌یان وەکوو دوژمنی خۆیان سەیر دەکرد، ئەوانیش بە پەلەپەل وەخۆ کەوتن. هەڵبەت لەو نێوەدا دوکتور قاسملوو و کەریم حیسامی بۆ ئەوەیان زۆر هاندەر بوون کە حیزبی توودە پشتیان بگری‌و پاڵپشتیان بن. بۆیە دەبینین ساڵی 1346 لە بەغدا، ڕەزا رادمەنش، سکرتێری حیزبی توودە؛ لەگەڵ کەریم حیسامی کە لە بوڵغارستان لە ڕادیۆ پەیک‌دا کاری دەکرد، لەگەڵ دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو کە لە پڕاگ بوو دێنەوە بەغدا. ئەوان لەوێ لەگەڵ کاک سولەیمان موعینی‌و کاک حەمەدەمین سیڕاجی دادەنیشن. ئەوە دەری‌دەخا کە دوکتور قاسملوو لە بەرامبەر ئەو حەڕەکەتەدا بێ‌تەفاوت نەبووە. کاک سمایل شەریف‌زادەو کاک سولەیمان موعینی بەردەوام لەگەڵ دوکتور قاسملوو لە پێوەندی‌دا بوون، لەگەڵ کاک کەریم حیسامی‌ش. نامەکان ماون. ئەوان بەردەوام ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەگەڵ یەکتر بووە. ئەو نامانە هەن‌و بە ئێمە دەڵێن کە کەریم حیسامی‌و دوکتور قاسملوو بەردەوام پێوەندییان بە جووڵانەوەکە بووە. هەر ئەوانیش حیزبی توودە هان دەدەن‌و فشاریان بۆ دێنن‌و حیزبی توودەش لە ترسی ئەوەی ڕاپەڕینەکە نەکەوێتە ژێر کاریگەریی رێکخراوی شۆڕشگێڕیی حیزبی توودەوە، بۆیە دانیشتنێکیان لەگەڵ ڕێبەرانی ڕاپەڕینەکە بووە. لەوێ‌ حیزبی توودە هیندێک بەڵێنیی یارمەتی‌و شتی دیکەیان پێ‌دەدا؛ بەڵام هیچ شتێک لەو وادەو بەڵێن‌و قسانە شین نەبوو. هیچ شتێکیان نەکرد، تەنانەت هەندێک شەرتیشیان بۆ دادەنان، کە دەبێ ئەو ڕاپەڕینە چەپەکان، واتە باڵی چەپ‌و پێشکەوتنخواز رێبەریی بکاو ئەوان باڵادەست بن تێیدا.

 

بە تۆخی باسی ڕۆڵی دوکتور قاسملوو دەکەی، دەتەوێ بڵێی دوکتور قاسملووش یەکێک لە ڕێبەرانی ئەو جووڵانەوەیە بوو؟
دوکتور قاسملوو و کاک کەریم حیسامی بەردەوام لەگەڵ رێبەرانی ڕاپەڕینەکە لە پێوەندی‌دا بوون. لە دانیشتنێکی دیکە کە کاک سولەیمان موعینی‌و کاک سمایل شەریف‌زادە بە مەبەستی بەرینکردنەوەی کادری ڕێبەریی ڕاپەڕینەکە دەیکەن، دوکتور قاسملوو و کاک کەریم حیسامی کاندید دەکەن. قەرار دەدەن دوکتور قاسملوو بگەڕێتەوە کوردستان‌و لە بواری فیکری‌و پەروەردەیی‌و فێرکاری‌دا یارمەتی‌یان بدا بۆ ڕێبەریی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی.

 

ڕاپەڕینێک کە دەیەوێ پەل‌و پۆ باوێ، ڕاپەڕینێک کە دەیەوێ رێبەرییەکەی بەرینتر بکاتەوە؛ ئەدی بۆ تێک‌شکا؟ بۆ شکستی خوارد؟
لە ڕاستیدا زۆر هۆکارن دەستیان داوەتە دەستی یەکتر هەتا ئەو جووڵانەوەیە تێک‌بشکێ. هەلومەرجی عەینی‌ بەهیچ جۆر ئامادە نەبوو، وە تەنانەت هەلومەرجە زێهنی‌یەکەش. بەڵام هەلومەرجی عەینی بۆ ئامادە نەبوو؟ پێگەو چەقی تێکۆشانی خەباتگێڕانی ئەو ڕاپەڕینە گوندەکان بوو، ڕاستە دەبینین لە زۆر جێگادا خەڵکانێک بوون کە پێیان پێوەست بوون. هەر لە بیرەوەری‌یەکانی کورش لاشایی‌دا دەردەکەوێ کە خەڵک بە ڕووی خۆشەوە وەری گرتوون، عەتفیان بۆ نیشان داون، یارمەتی‌یان کردوون، پەنایان داون؛ بەڵام ئەمە هەموو شتێک نییە. ڕێفۆرمەکانی زەوی‌و زار بە جۆرێک جوتیارەکانی بێ‌تفاوت کردوە، شار هیچ دەورێکی نییەو بە کورتی‌و پوختی هەلومەرجی شۆڕش‌و ڕاپەڕین لەبارو ئامادە نییە. هەلومەرجەکەش سەخت بووە. ئەوەی وای‌کردبوو کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر فشاریان بخرێتە سەرو بازنە تێکۆشان‌و چالاکی‌یەکانیان تەنگەبەرتر بێتەوە. هەروەها لە ژمارەی هێزەکانیان کەم دەبۆوە، بۆیە دەبینین کە کاک سمایل شەریف‌زادە شەهید دەبێ خۆی‌و چوار کەس لەگەڵی مابوونەوە کە تەنیا یەک لەوان لەو شەڕەدا بە برینداری ڕزگاری بوو و ئێستاش بە خۆشی‌یەوە لە ژیان‌دا ماوە.
دەمەوێ بڵێم هەلومەرجە عەینی‌یەکە ئامادە نییە، بارودۆخەکە سەختە؛ لە باری زێهنی‌شەوە دروشمی ڕاپەڕینەکە دیار نییە کە چی‌یە، ستراتیژی‌یەکی ڕوونی نییە، رێکخستنەکانیان لاوازن، لەوە بترازێ حیزب بۆ خۆی لەو کاتەدا لاوازە، تەنانەت دیار نییە کە بە ڕەسمی کێ کەسی یەکەمی ڕاپەڕینەکەیە. مەعلوومە کە کاک سولەیمانی موعینی دەبێ کەسی یەکەمی بەرپرسایەتی‌یەکان بووبێ، چونکی ئەو تەنیا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبە، بەڵام بە رەسمی لە هیچ کوێ ئەوە نەگوتراوە. یان وتەبێژەکەی کێ بووە. دەڵێن کاک حەمەدەمین سیڕاجی بووە، بەڵام دەبینی لە نێو خۆیان‌دا ئەو شتانەیان ساغ نەکردۆتەوە. وەک گوتم زۆر بەپەلە ڕاپەڕینەکەیان وەڕێ خستوە. سەرباقی ئەوە پێشتریش باسمان کرد، لەباری ‌چەک‌و تەقەمەنی‌شەوە لە تەنگانەدا بوون. ئەوەشمان گوت کە پشتی جیبهەشیان نەبوو، دواتر یەک ڕادیۆ و چاپەمەنی نییە کە باسیان بکا، دەمەوێ بڵێم نە دەستیان بە ڕادیۆیەک ڕادەگا قسەی تێدا بکەن، نە ڕۆژنامەیەک هەیە هەواڵی چالاکی‌یەکانیان بڵاو بکاتەوە. دوای شەهیدبوونیانە کە هیندێک لە ڕۆژنامەکانی حیزبە کۆمۆنیستی‌یەکان‌‌و مەسەلەن ڕادیۆ پەیک، ئەویش بە هیممەتی کاک کەریم حیسامی باسیان دەکەن، ئەویش دوای شکان‌و تەواوبوونی.
ئەوانە هەموو هۆکارن بۆ تێکشکانی ئەم ڕاپەڕینە. دیارە وەک گوتم ڕێژیمیش زۆری پێ حەسساس بوو، بۆیە فشارێکی یەکجار زۆریان لەسەر بوو.

دوای نیوسەدە لەو ڕووداوە مێژووییە، ئەگەر بە کورتی هەستی خۆت، خوێندنەوەو ڕامانی خۆت لە ڕاپەڕینی 46-47 باس بکەی دەڵێی چی؟
دەڵێم ئەوان نەسڵێکی لەخوبووردووی عەمەلگەرا بوون، ئەوە پێناسەی منە بۆ ئەو خەباتکارانە، بۆ ئەوان کە ئاڕمانخوازو بەبیرو باوەڕ بوون. ئەوان ئێستاش ئیلهامدەرن بۆ زۆر کەس بە تایبەت خوێندکارانی ئاڕمانگەرا و ڕادیکاڵ، ئەوان ئێستاش هەر وەک ئولگوو سەیریان دەکرێ.
ئەگەر کەسێکی وەک چێگوارا دەبێتە ئەو کەسایەتی‌یە، دەبێتە ئولگویەک بۆ زۆربەی زۆری گەنجەکانی ئاڕمانخوازەکانی دنیا، ئەو پزیشکێکی ئاڕژانتینی‌یە کە لە چیاکانی بۆلیوی دەکوژرێ؛ کاک سمایل شەریف‌زادەش مهەندیسێکی جەوانە کە ساڵێک دوای وی شەهید دەبێ. ئەو لە دارستانەکانی بۆلیەوی شەهید دەبێ، ئەمیش لە شاخەکانی کوردستان، دەبینین کە خاڵی هاوبەشیان زۆرە، ئاڕمانەکەیان هەر یەکە، هەر دووکیان دەست لە پێشەکانیان‌و ژیانی ئاسایی‌یان هەڵدەگرن‌و وەدووی ئاڕمانەکانیان دەکەون. چێگوارا دەیتوانی وەک پزیشکێک ژیانی ئاسایی خۆی لە ئاڕژانتین بکا، کاک سمایل شەریف‌زادەش وەک مهەندیسێک درێژە بە ژیانی خۆی بدا. شتێکی لەوە گرینگتر، ئەو پۆلە لە خەباتکارانی کورد کوردستان‌یان تێکەڵ بەو ڕوحی خەباتگێڕی‌یە کرد کە ئەو کات لە دەیەی 60ی دا لەسەرتاسەری جیهان لە کەف‌و کوڵ‌دا بوو. لە هانۆی لە ویتنام، لە هاوانا لە کوبا، لە ئەلجەزایر، لە غەنا، لە پاریس، ئەوان کوردستان‌یان تێکەڵ بەو ڕوحە خەباتگێڕی‌یە کرد، یانی کوردستان لەو رەوتە بەجێ نەما. یانی کە باس لە دەیەی 60 دەکەین، کوردستان غایب نییە، ون نییەو جێگەی خۆی لەم قۆناغە تاریخ‌سازەی سەدەی بیستەم‌دا هەیە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٣