پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٢ی جۆزەردان

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٢ی جۆزەردان ساڵڕۆژی ئیعدامی ٥٩ لاوی مهابادی بە دەستی رژیمی کۆماری ئیسلامی
لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاویدا ٥٩ لاوی شاری مهاباد لە لایەن ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئێعدام کران. ڕێبەرانی ئەم ڕێژیمە دوای ئەوەی وڵامی پەیامی ئاشتیخوازانەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانیان بە دەرکردنی فەرمانی جیهاد و هێرشی سەرتاسەریی بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان دایەوە، ڕووبەرووی بەرەنگاریی خەڵک وهێزە سیاسییەکان و، هەروەها ئیرادەی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوونەوە. ئەوان کە بە خەیاڵ هیوا و هۆمێدیان لە سەر بەچوکداهێنانی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان هەڵچنیبوو، لە بەرانبەر داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و بەرەنگاری و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەدا دۆشداماو و سەرکز مانەوە. بۆیە بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی خۆیان قین لەدڵانە پەلاماری خەڵکی بێ‌دیفاعی کوردستانیان دا و تەنیا لە یەک ڕۆژدا ٥٩ لاوی شاری مهابادیان بە بێ ئەوەی دادگایی بکرێن و هیچ تاوانێکیان لەسەر ساغ بووبێتەوە، ئێعدام کرد.
ڕەوتی گرتن، ئەشکەنجە، دادگاییکردن و لە کۆتایی‌دا سەپاندنی سزای قورس بە سەر تێکۆشەرانی کوردستان و لە سێدارەدانیان لە چوار دەیەی دەسەڵاتدارێتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لاپەڕەیەکی ڕەش و پڕ لە تاوان و جەنایەتی ئەم ڕێژیمەیە. ڕەشەکوژیی زیندانیانی سیاسی تەنیا بە تاوانی کورد بوون، لە چەند بڕگەیەکی ئەم مێژووە ڕەشەدا دووبارە و چەند بارە بۆتەوە. سەپاندنی حوکمی قورس بە سەر زیندانیانی کورد و لە سێدارەدانیان، بەشێکە لەو شەڕە ناڕەوا و دژیگەلییەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان و مافەڕەواکانی زیاتر لە چل ساڵە بەڕێوەی دەبات و تا ئێستاش درێژەی هەیە. بەشی زۆری زیندانیانی سیاسیی ئێران کە لە بەندیخانەکانی ئەم ڕێژیمەدا سزای قورس و ناڕەوای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، کوردن کە جیا لە مافخوازی هیچ تاوانێکی دیکەیان نیە.
ئامانج و مەبەستی ڕێژیم لە ئێعدامی ٥٩ لاوی مهابادی لە ١٢ی جۆزردانی ساڵی ١٣٦٢ و درێژەدان بەم ڕەفتار و سیاسەتە جینایەتکارانەی، چاوترسێن کردنی خەڵکی کوردستان و تێکشکاندنی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران بووە. بەڵام وەک تا ئێستا خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی سەلماندوویانە، لەم پێوەندییەدا ئەوەی بۆ ڕێژیم ماوەتەوە کارنامەیەکی پڕ لە غەدر و جەنایەتە و هیچی دیکە. چونکی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان نەتەنیا بە لەسێدارەدانی لاوان و تێکۆشەرانی پەکی نەکەوتووە، بەڵکوو ڕۆژلەگەڵ رۆژ لە پەرەئەستاندن دایە و ئێعدام و سێدارە بەلای خەڵکی کوردستانەوە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ماهییەتی وجوودی ئەم ڕێژیمە پێناسە دەکرێ. “کۆماری سێدارە”، ئەو تەعبیر و تاریفە بەجێ و چەسپاوە بوو کە هەر زوو خەڵکی کوردستان بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەکار هێنا.
لە یاد و بیرەوەریی ٣٧ ساڵەی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ کەس لە لاوانی شۆڕشگێڕی شاری مهاباد ‌دا، سڵاو دەنێرین بۆ یاد و ئامانجە بەرزەکانیان.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٢ی جۆزەردانی ١٣٩٩