منداڵانی شاری سەردەشت لە سەر مەزاری شەهیدانی ٧ ی پووشپەر هەڵگری پەیامی ئاشتین.
بەشداری سیمبولیکی مناڵانی سەردەشت چەند کاتژمێر پێش دەستپێکی ٣٠ ساڵەی شیمیابارانی سەردەشت لە سەر مەزاری شەهیدانی ٧ ی پووشپەر هەڵگری پەیامێکی گەورە و پڕ نێوەرۆک بوو،
ئەوان بە شێوەیەکی سەردەمیانە و بە زمانێکی سادە و تایبەت بە خۆیان کە پڕ بوو لە هەستی خۆشەویستی بەرامبەر بە مرۆڤەکان ، پەیامی ئاشتیخوازی خۆیان و بێ تاوانی خۆیان بە گوێی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو بەرپرسانی گەورەی جیهان گەیاند و گووتیان:
ئێمە مناڵان و باب و باپیرانمان و نەسڵی پێش ئێمە ، قوربانی شەر و چەکی کۆمەڵکوژی بووین و دەرد و ئازارێکی زۆرمان لە ماوەی سی ساڵی رابردوو دا بە کۆڵ و بە دڵ هەڵگرتووە. دەرد و ئازارێک کە لە گوتن نایە و هیچ داو و دەرمان و شتێک ناتوانێ چارەسەری بکا.
ئێمە هەموومان قوربانی دەستی شەر و زوڵم و ناعەداڵەتین و هیچ کەس نییە ئاوڕ لە شارێکی بە گاز خنکێندراو بداتەوە. دەرد و ئازارەکانی چەکی شیمیایی ئەوەندە زۆر و تووندن کە هیچ کات ئارەزووی ئەوە ناکەین کە هیچ گیان لەبەرێک ئازاری لە چەشنی ئێمە بکێشێ و هیوادارین کە ئەم چەکە هیچ کات کەڵکی لێ وەر نەگیرێتەوە.
بە گشتی منداڵانی سەردەشتی ڕایانگەیاند کە ئێمە هەموو کات لە جیهاندا خوازیاری ئاشتی و ئازادی و دلۆڤانین.
سوپاس بۆ منداڵە خوێن شیرین و منداڵە چاوگەش و بێ نازەکانی سەردەشت و سوپاس بۆ گەورەکان کە لەم ڕۆژەدا هەموویان یەک دەنگ و یەکرەنگ لەگەڵ منداڵەکان بوونە هەڵگری پەیامی ئاشتی و برایەتی و خۆشەویستی
گیارەنگ لە سەردەشت سوپاس بۆ ناردنی وێنەکان.