ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٠٧ ـ ٠٤ ـ ١٣٩٦ ی هەتاوی منداڵ و مێرمنداڵ و گەنج و لاو و بە ساڵاچوانی سەردەشت بە ژن و پیاو و کچ و کوڕەوە بە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگای شارەوە لە ناوەندی شاری سەردەشت، لە مەیدانی سەرچاوەی شار کۆبوونەوە و بە حەشیمەتێکی زۆرەوە بە ڕێپێوان و بە درووشم دان و خوێندنەوەی سروودی نیشتمانی و نەتەوەیی و هەڵگرتنی دەیان پلاکارد و نووسینی تایبەت بە شاری خنکێندراوی سەردەشت و نا بۆ کشتی کاسبکار و کۆڵبەران بەرەو گۆرستانی گردەسوور کەوتنە ڕێ.
گەنج و لاوانی شاری سەردەشت لە ماوەی ڕێگادا بە گووتنەوەی چەندین سروودی نیشتمانی و نەتەوەیی سرنجی هەموو لایەکیان بۆ لای خۆیان راکێشا و لە ماوەی ڕێپێوانەکەدا خەڵکی گەڕەکەکانی دیکەی شاریش بە ڕێپێوانەکەوە زیادی دەکرد و تا دەهات ئاپۆرای خەڵک زیاد و زیادتر دەبوو، جێگای ئاماژەیە کە خەڵکێکی زۆر لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی هەڵەبجە و چەندین کۆمەڵە و ڕێکخراوی مەدەنی جۆراوجۆر لە یادی ٣٠ ساڵەی ژینوسایدی سەردەشت دا بەشداریان کرد و یادو بیرەوەی ئەمساڵی شیمیابارانی سەردەشت ڕەنگ و بۆن و بەرامەی تایبەت بە خۆی هەبوو.
یادو بیرەوەری ئەمساڵ لە لایەن چالاکانی مهدهنی و فهرههنگی و ژینگهپارێزانی کورد، پێک هاتبوو ، جێگای سرنجە کە خەڵک بە گشتی لە ئاست کەم تەرخەمی و پێرانەگەیشتن بە زامداران و قوربانیانی ئەم کارەساتە ڕوویان لە حکوومەت کرد کە ناکرێ ئەم هەموو زامدارە پشت گوێ بخرێن و پێویستە کە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و لە هەمان کاتدا هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک بەرامبەر بە زامداران و زیان بەرکەوتووانی شیمیابارانی سەردەشتیان بە تووندی شەرمەزار کرد و هاوکاتیش هاوخەمی و هاوپەیوەندی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان و زامداران دووپات کردەوە.
بهشێکی دیکەی ئەم خۆپێشاندانە هێمنانەیە تەرخان کرا بوو بۆ پرسی کاسبکار و کۆڵبەرانی کورد و تەقەی هێزە بە ناو ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کۆڵبەران و کاسبکارانی بێ دیفاعی سەر سنوورەکان . لەو پەیوەندییەدا بە دەیان درووشم و پلاکاردی ڕەنگی و بە نووسینی پڕ نێوەرۆکەوە بە دەستی خۆپێشاندەرانەوە دەبیندرا و ئەوەش نیگەرانی بۆ بەرپرسان و بۆ هێزە بە ناو ئەمنییەکان و لیباس شەخسییەکان درووست کردبوو، هەر بۆیە چەندجار لە لایەن لیباس شەخسییەکانەوە هەوڵ درا کە ئەو پلاکارد و نووسینانەی تایبەت بە کۆڵبەران بوو کۆ بکەنەوە، بەڵام بە هۆی راوەستاوی و یەکگرتوویی خەڵک نەیانوێرا کە زیاتر لەوە پێی خۆیان درێژ بکەن.
سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی بە دەنگی خۆپێشاندەرانی شاری سەردەشت