بۆنی سێوی ٧ی پووشپەری سەردەشت. شلێر حەسەن‌پوور

اش نیوەڕۆی رۆژی ٧ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ لە سەر پەنجەرە ماڵێ ڕوو بە حەسارەکەمان دانیشتبووم و کتێبی ئینجەمەمەد (حەمەدۆک)م دەخوێندەوە کە لە پڕ دەنگی فرۆکەکان هات، تازە بۆ هەڵاتن و خۆ دەربازکردن درەنگ ببوو، هەر بۆیە لە جێگای خۆم مامەوە و دەستم بە سەر و گوێم گرت و خۆم دایە دەست قەزا و قەدەر هەر لەو دەمەدا دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز هات. دەنگی تەقینەوەکە زۆر نێزیک بوو، کە سەرم هەڵبڕی دارتووەکەی ناو ئەسحابەی گەرەکەکەمان لە تۆز و دوکەڵێکی سپی دا ون ببوو. لەگەڵ ئەوەی دا دەمزانی تەقینەوەکە هەر لە پێش ماڵی خۆمانە، زۆرم لا سەیر بوو کە وەک جارانی پێشوو وێرانی کەم بوو. گوێم لە دەنگی قیژەی ژنان بوو کە لەو بەری کۆڵانەکەمان هاواریان دەکرد. نیگەران بووم، نەمدەزانی چی بکەم و هاوار بۆ کێ بەرم کەس لە ماڵ نەبوو. تەنیا کارێک کە کردم داخستنی پەنجەرەکان بوو بۆ ئەوەی پێشگیری لە هاتنی تەپ‌و تۆز بۆ ژوورکان بگرم. بەپەلە و بێ ڕاوەستان هەڵاتمە حەسارێ لەوێش ڕا بۆ کٶڵان. بۆنێکی ناخٶش کۆڵان و گەڕەکی داگرت بوو هەر خەڵکم دەدی هەڵدەهات و دەیانگووت: ئەسحابەکە گەڕەکی پاراستووە و بۆمبێک لەوێ نەتەقیوەتەوە. خەڵک نەیدەزانی شیمیایە. هەر بۆیە بەبێ ترس سەردانی شوێنی بۆمبەکانیان دەکرد. ماوەیەک پێچوو ئەو جار زەنگی ئاگاداری مەترسی تایبەت بە شیمیایی کە چەند ڕۆژ بوو لە پادیگانی شاری سەرەشت دایاندەنا بۆ ئەوەی خەڵکەکە دەنگی زەنگی ئاگاداری شیمیایی بناسنەوە، وەگەڕ کەوت. لە بڵینگۆی مزگەوتەکان ڕایانگەیاند کە وا باشە خەڵک بۆ پاراستنی گیانیان شار جێ بێهێڵن.
هەر لە حەسارێ ڕاوەستابووم، دایکم و ئامۆژنم و منداڵەکان هاتنەوە، دایکم ڕەنگی زەرد هەڵگەڕابوو دوعا و نزای دەکردو دەیگووت: خوایە ڕوحمێمان پێ‌بکەی هەر لەو کاتەدا بابم وەژوور کەوتەوە. بابم لە هەموو ئەو ٨ ساڵەی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بۆ ساتێکیش ماڵێ و شاری سەردەشتی بەجێ نەهێشت بوو. ئەو یەکێک لەو کەسانە بوو کە بڕوای بە ئەجەل هەبوو هەمیشە دەیگووت: ئەگەر ئەجەلم نەهاتبێ نامرم. ئەو ڕۆژە هەر کە هاتەوە داوای ئاوی ساردی کرد و گووتی: هەست دەکەم تۆزم لە گەرووی دایە و هەناسەم تووند دەبێ، لێوەکانی ویشک هەڵگەڕابوون و ڕەنگی گٶرابوو، بەو حاڵەش هەر دەیگووت: هیچ نییەو دڵخۆشی ئێمەی دەدایەوە و دەیگووت، دەڵێن: هەر کەسێک کوژراوە. کەوا و پانتۆڵەکەی بابم، بەتایبەت سەرشانەکانی توزێکی سپیان لەسەر کەوت بوو. تا من چووم ئاوم بۆ هێنا دایکم و ئامۆژنم هەر بە جەمەدانەکەی خۆی سەرشانیان بۆ دەتەکاند.
بە پێچەوانەش کاکم دەسرەیەکی تەڕی بە دمیەوە گرت بوو و هەر دەیگووت: ئاگاتان لە خۆتان بێ پەڕۆی تەڕ بە دەمتانەوە گرن و زۆر هاتووچۆی دەرەوە مەکەن. ئێمە هەموومان بێ ئەوەی بیر لە چوونە دەرەوە لە ناو شار بکەینەوە لە تەبەقەی خوارەوە بۆی دانیشتین. ئەو کەسانەی وەسیلە چوونە دەروەیان هەبوو هەر دەمەودەست شاریان جێ هێشت و لە گوندەکانی دەوروبەر نیشتەجێ بوون.
وردە وردە ڕۆژ بەرەو تاریک بوون دەچوو و دایکم نیگەران و بە پەرۆش و ئاڵۆز دەهات‌و دەچوو و هەر دەیگووت: کەس نازانێ لە کوێیە، مەبەستی کاک جەلال بوو ئەو نەهاتبۆوە ماڵێ و هیچ هەواڵێکی نەبوو، دیارە دوایی زانیمان کە کاک جەلال لەبەر ڕاگواستنی کەلوپەلی ماڵی پورە فاتم حەداد کە ئەو کات لە ماڵێ حاجی عەبدوڵا واحیدی دابوو نەهاتبوە ماڵێ.
باش لە بیرمە دایکم و سکاڵا نەهاتنەوە سەرێ و هەر لە خوارێ نانیان خوارد و خەوتن، بەڵام من لە گەڵ بابم لە تەبەقەی سەرێ مامەوە. تا دوای نان خواردنیش هیچ باس نەبوو، بابم وەک جاران هەواڵەکانی گوێ لێگرتن، بەڵام چەندین جار داوای ئاوی ساردی کرد و وردە وردەش دەکۆخی. نازانم کاتژمێر چەند بوو ئەوندە دەزانم دوای دەنگ‌و باسی بی‌بی‌سی بوو، کە هەستم کرد چاوم دەکروزێنەوە و جەستەم دەخورا، بەتایبەتی بنهەنگڵەکانم. بەرق و ئاو هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکە قەتع ببوون، هەر بۆیە چرای گڕسۆزمان هەڵکردبوون. بۆ ئەوەی باشتر ببینم چرا فانۆسەکەم هەڵکرد و چوومە بەر ئاوێنە کە چاوم لێکرد پێستی زگ و لاکەلەکەکانم سوور هەڵگەرا بوون و بن‌هەنگڵم بلۆقی وەک سووتانی پێوە دیار بوو و کە دەستم لێدەدا زۆر ژانی دەکرد. دەترسام و تەنها بە ئاوی سارد دەم‌شتنەوە و دەسرەی تەڕم پێدادێنان. دیتم بابێشم هەر لە هاتووچۆ دایە بەڵام دەنگی نەدەکرد. بابم ورە و کەسایەتێکی بەهێزی هەبوو، کەمتر لەبەر نەخۆشی و ژان دەیناڵاند بەڵام دەمزانی ئەویش ئازاری هەیە. چوومە لای و گووتم: بابە هیچت پێویست نییە ئەمن دەخەوم. گووتی: نا، هەرچرا فانۆسەکە مەکووژێنەوە و لێرە لە لای منی دانێ. لەسەر داوای بابم چرافانۆسەکەم بردە ژۆر و لە سەر پەنجەرەکەم دانا و چوومە سەر جێگایەکەم بخەوم، بەڵام خەوی چی لە بەر ژانی چاوانم خەوم لێنەدەکەوت، ئەوجارە نەمدەتوانی چاوکانم بە باشی بکەمەوە. ماوەیەکی کورت خەوم لێکەوت بەراستی نازانم خەو بوو یا بێهۆشی کە بە دەنگی ناڵەناڵ و کۆخەی بابم وەخەبەر هاتم. بابم هاواری دەکرد و دەیناڵاند. زانیم کە دەبێ وەزعی باش نەبێ. چوومە ژوور و گووتم: بابە ئەوە چییە؟
گووتی: چاوم زۆر دێشێ! هەموو گیانم سووتاوە زۆر نارەحەتم. بۆیە بە دەست کوتان بە پلیکانی ماڵێدا چوومە خوارێ و کاکم لە خەو هەڵستاند و گووتم: بابم وەزعی هیچ باش نییە فریای کەوە.
هەر ئەو شەوە بوو ئیتر بابم تا دوو مانگ و چەند حەوتوویەک نەدیتەوە. سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی تەورێز و دوایی بەڕی کرا بوو بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری شیراز و لەوێ لەژێر چاوەدێری دابوو، دیارە زۆر جار بۆ خۆی باسی دەکردو دەیگووت: ئەگەر کەماڵ لە لام نەبایە و چاوەدێری وردی ئەو نەبایە ئەمنیش مردبووم. هەڵبەت قەت ئەو زام و برینانەی ساڕێژ نەبوونەوە و هەر بەو زام و ئازارانەوە سەری نایەوە و کۆچی دوایی کرد.
رژێمی کۆماری ئیسلامی دەیزانی کە عێراق بەنیازی شیمیابارانە، هەر بۆیە چەند رٶژ پێشتر زەنگی ئاگادار کردنەوەی شیمیایی لە پادگانی شاری سەردەشت را لێدەدا، بەڵام هیچ ئامادەکارێکی بۆ کاتی لێدان و بریندار بوونی خەڵک نەکردبوو. من بۆخۆم نەمدی بەڵام هەموو ئەو کەسانە چووبوون باسیان دەکرد کە ئەو خەڵکە سەرگەردان بوون و ساڵۆنی وەرزشی شاری سەردەشت پڕ ببوو لە خەڵکی زامدار، بەبێ هیچ پیڕاگەیشتنێک. هەر بۆیەش ژمارە بریندارەکان تا دەهات زیاتر دەبوون.بابە گیان، یاد و بیرەورەیەکانت هەر دەم لە دڵم دا زیندوون و بەیادی تۆ کە زۆر داخدار بووی لە زۆڵە کورد، هەڵبەستەکانی هێدی (خالید حیسامی) بەتایبەتی باز و کەو دەڵێمەوە. هۆنراوەکانی هێمن موکریانی” ناڵەی جودایی” کە بلاوێنی رووحت بوون، ئارامیم پێ دەبەخشن و دەمبەنەوە دەورانی منداڵی.
بابە گیان ڕووحت شاد و سوپاس بۆ هەموو ڕێنوێنیەکانت و لە ناو هەمووانیشدا وانەی کورد بوون و خۆشەویستی نیشتیمان. شانازی دەکەم کە کچی نیشتمانپەروەرێکی وەک تۆ بووم و هەم هاو کات لەبیرەوەری ئەو تراژیدیا پڕ کارەساتەدا سڵاو دەنێرم بۆ هەموو شەهیدانی بێ‌تاوانی شارەکەم، بەتایبەتی شەهیدانی شیمیابارانی سەردەشت. رووحتان شاد و یادتان هەردەم زیندوو. مردن و نەمان بٶ ڕێژیمە سەرەڕۆ و داگیرکەرەکان.
شلێر

وێنەگای شەهیدانی شیمیایی شاری سەردەشت