لە یادی شەهیدانی ڕۆبۆسکیدا. مەهدی خالید خەمبار

ساڵی تازە ..
وەک بوکێکی نێو کەژاوە
گەیشتەجێ !
حەزرەتی مەسیح زاوا بوو

بە تاسەوە . .

لە پێشوازی بوکی بەفرا

ڕاوەستابوو

هەتا بێت و

 قۆڵی بخاتە نێو قۆڵی و

پەنجە سپێکانی بگرێ !

 بۆ شاری هەنگوینی بەرێ

لەوێ دەبن

 بە فریشتەو بە پاکیزە

بۆ قوڵایی ئاسمان دفڕن

لەو قوڵایی ئاسمانەوە

بارانی نوقڵ و شیرینی

بە سەرمانا دەبارینن !

منیش بە دەستی گۆچان و چاویلکەوە

دەچم چنگم دەگرمەوە

هەموی دەکەمە گیرفانم

مل ڕی دەگرم

 هەتا شەرناخ .. تا ڕۆبۆسکی  …

 تا قامیشلو

ڕاناوەستم

لەوێ لە گەڵ

 بەرائەتدا

لەو سەر مەرزە

ئێشک دەگرم

تا کاروانی …

 کوڕان و مێردمناڵانی

ڕۆبۆسکی

 دێن و دەگەن

هەر یەکەیان

 مشتێ نوقڵی ساڵی

تازەی خۆیان دەبەن !

ئەفسوس مەرگ مەودای نەدا

قەلەڕەشی تۆرانێکان

بارێ مەرگ و بارێ ژهری

ڕق و قینی

ژەنگ هەڵگرتوی ..ناو مۆخەکەی

ئەتاتورکیان

 بە سەریاندا خەست .. خەست باران !

کاتژمێر هەر وەرناچەرخا

بەیان گزنگی لە ناخیا

حەشار دابو

زەمەن لە پێش شاشەی چاوم

ڕاوەستابوو

هەر  نەهاتن !

جەستەم وەکو داربی لەرزی

هەر نەهاتن

دڵیشم بە گوڕ داخورپا !

هەر نەهاتن

قامک قامک

گوڵی هیوام هەڵدەوەری

 کڵۆڵ .. کڵۆڵ

تیژ وەک ئاسک

ملی ئەو ڕێیەم گرتە بەر

کاروانەکەی لێوە دەهات

لە نیوەی ڕێ

ئەوەی چاوی خوا و من بینی

 کەس نەیبینێ

ئەوەی خۆیان بە گوێ خوا و

  مندا چرپاندیان

کەس نەیبستێ

هەموی بۆ لەکەی نێو چاوی

پارێزگاری مافی مرۆڤ

 بونە هەوێن …

بون بە ڕوزەردیی ویژدان !

 بون بە پەڵەی شەرمەزاری !

بون بە تاوان !

بە تەوێڵی جیهانەوە

بە تەوێڵی مەسیحی و موسوڵمانەوە

دەستی پەڕیو

لێوی تەزیو

تۆپەڵە خەڵوزی بەردین

جەستەی سوتاو

کاڵای سپی تژی لە خوێن

فرمێسکی بەرائەتی چاو

بوبون بە تف .. بە نەفرەت و

شەپۆڵە جوێن

ئەمانە زۆریان گریاندم!

مەلول .. مەلول !

دڵ پڕ لە سوێ .. دڵ پڕ لەژان

ڕوم کردە خوا

هەرچی لە دڵما پەنگ بوبو

هەموم ڕژان

چاوم پڕی سوری ڕەنگ بو

بۆیە نەمدی

خوا پێکەنی

یان وەکو من ئەویش گریا ؟؟

ویستم چنگێ نوقوڵ دەرکەم

وەکو دەرمان ،

بۆ ساڵی نوێ … وەکو دیاری

 بیدەم پێیان

بەڵام کاتێ نوقوڵیان دی

هەر هەمویان دەستیان نوقان

هەموو چاویان زەق کردەوە

پڕ بە گەرو هاواریان کرد

وتیان ئەی کورد

دەستی ئێمە و دامانتان

ئەمانە هەموو دوژمنن

نەکەن بۆیان ببن بە پرد

ئیتر بەسە

پێمان گوتن !

 هەڵەبجەیان

لە ناو گازی کیمیاویدا

 سوتان … خنکان

وایلێ …. وایلێ ….. کورد بێ کەسە !

هەر خۆیەتی و هەر یەک دەسە !

دەمانگوت گەرمیانیان بارکرد

بۆ بیابان

ئەنفالی هار هەر هەموی برد !

وایلێ .. وایلێ … کورد بێ کەسە !

هەر خۆیەتی و هەر یەک دەسە

دەمانگوت کەرکوکیان دزی

لە نیشتیمان !؟

لە ناو ڕەحمی ئەم دایکەدا

خورما و ئاڵای تورکیان پیتان !

وایلێ … وایلێ … کورد بێ کەسە !

هەرخۆیەتی و هەر یەک دەسە !

وتمان زمانی ئامەد و

 قامیشلو و سەقزیان بڕی

بە دەسرۆکە چوار ڕەنگیەکەی

سەری قەندیل

سەری جودی

جەیش و ئەرتەش و جەندرمە

پۆستاڵەکانیان پێ سڕی

وایلی …. وایلێ کورد بێ کەسە

هەر خۆی تەنهایە و یەک دەسە

چوارچرایان جارێکی تر

کردەوە جێگای سێدارە

پێشەوایان لێ هەڵواسێوە دوبارە

وایلێ … وایلێ … کورد بێ کەسە !

هەر خۆیەتی و هەر یەک دەسە !

نیشتیمانیان

لە قامیشلی ڕوتانەوە

ناسنامەیان لێ ساندەوە

وایلێ …. وایلێ … کورد بێ کەسە !

هەر خۆیەتی و هەر یەک دەسە !

ئیتر بەسە

ئەو قەوانە مەڵێنەوە

مەڵێن گەلی کورد بێ کەسە

دوێنێ ئەگەر یەک دەستێ بوی

ئەمڕۆ چواری

دوێنێ ئەگەر تۆ نەمام بوی

ئەمڕۆکە ترۆپکی داری

ئەگەر دوینێ ماڵت شاخ بو

ئەمڕۆ دەیان قەڵا و شاری

ئەگەر دوێنێ قەتیس مابوی

ئەمڕۆ لە گشت لاوە دیاری

دوێنێ و پێرێ !

دەگەڕای بە دوای چاوێکدا

کە بتبینێ

یا زمانێک ناوت ببات

یا لە سوچی ڕۆژنامەیەک

وێنەیەکت نیشان بدات

 ئەگەر دوێنێ

 لە سێبەرێک تۆ دەگەڕای

ئەمڕۆکە خۆت

 بویتە بە چەتر و بە سابات

ئیتر بەسە

پێمان مەڵێن ..

سەردەمەکە دەڵەمەیە

ناو هێنان و دەستلێدانی

سەربەخۆیی

هەر بڤەیە !

کورد بێ کەسە

ئەمڕۆ ڕۆژی بانگ هەڵدانی ئازادیە

تەماشا کەن جیا لە ئێمە

هیچ گەلی تر

 ژێر دەستەی ژێردەستە نیە !

تەماشاکەن

لە حەسەکە ، حەڵەب ، عەفرین

خوێنی کورد فوارە دەکا

لاومان بۆ مەرگستان دەبەن

جەستە گشت شەڵاڵی خوێنە

شەرمە ئاوا ….

کەڕو لاڵ و کوێر و کاسین

وەک بت ئاسا !

وا بێ ڕۆح و وا بێ هەستین !

هەر تەنها خۆمان دەبینین

هەر تەنها خۆمان دەناسین

بەسە … توخوا

ئەی ڕێبەران

دەستی ئێمە و دامانتان

 ژێردەستەیی مردنە بۆم سەردەمە

هاشا .. هاشا

 لەو شەراب و ئاوی حەیات و

 زەمزەمەی دەستی ئەوان

من کە بەڕو .. گەزوی کوردی

گوێز و گێوژی خۆشم بێ

هاشا … هاشا

لە هەنجیر و لە زەیتون و شیلەی خورما

بۆچی ئێوە تا ئەم ساتە

هەر وەک ( ئسحابەی کەهف  ) وان ؟

جیهان هەمویان ئازادن

ئێوەش هەر لە پڕخەی خەوان !

بۆ جیهان ساڵێکی نوێ هات

ساڵی پاریش

پێچایەوە و بارگەی لێک نا

دەڕوات و ماڵ یاوایی لە گشت دەکات

مۆم دەکات بە قردێلە و

لە قژ شەوی تاری دەدات

ئاخر هەتا کەی بپرسین ؟

کاروانی ئازادی ئێمە

کەی دەگات و کەی کەی دەگات ؟؟

گەر ئەمجارە ئەم گەلەی من

گۆڵە گەورەکەی خۆی نەکات

دڵنیابن هەتا ماون

نابینە خاوەنی ئاڵا و

 نابینە خاوەن ووڵات !