تێکدانی و دزینی مۆنۆمێنتی شەهیدانی میکۆنووس لە شاری بێرلین لە ئاڵمان

بە پێی هەواڵێک کە کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ناردویانە لە بەرەبەی ٢٥ی گەلاوێژ و ٧٢مین ساڵیادی دامەزرانی ئەو حیزبە لە پیلانێکی دیکە‌دا مۆنۆمێنت ولەوحەی شەهیدانی میکۆنووس دوای تێکدان لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە دزراوە.

مۆنۆمێنتی شەهیدانی میکونووس، لە شاری بێرلینی ئەڵمان داندرابوو و لەسەر مۆنۆمێنتەکە ناوی هەر یەک لە “سادق شەرەفکەندی”، سکرتێری پیشووی حیزبی دێموکرات و “فەتاح عەبدولی”، “هومایون ئەردەڵان” ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە و “نووری دێهکوردی” وەک قوربانیانی تیرۆری ١٧ی سێتەمبەری ساڵی١٩٩٢ لە شاری بێرلینی لەسەر نووسرابوو.


بە پێی زانیارییەکان کەس یان کەسانی نەناسراو بە مەبەستی تایبەت لەوحەی ڕیزلێنان لە شەهیدانی میکۆنووس، کە لە پایەی ئەسڵی شەقامی بەردەم ڕێستورانی میکۆنووس، شوێنی شەهیدکرانی ئەو پۆلە ئەستێرەیە جیا کردووتەوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

شایانی باسە مۆنۆمێنتی ڕیزلێنان لە ڕێکەوتی ٢٠ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٤ ی زائینی بە بریاری شارەداری بوێری شاری بێرلین بە بەشداریی سەدان کەس لە ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و لە بەردەم b_300_220_16777215_00_images_HAWAL_mikonos5.jpgدەیان هەواڵنێر و ڕۆژنامەنووس و لە ژێر چاوەدێری توندی پۆلیسی بێرلین دا بە خوێندنەوەی چەندین وتار لە سەر ئەو جەنایەتە و لە سەر مەحکوومیەتی کۆماری ئیسلامی وەک ئەنجامدەری ئەو تیرۆرە لە بەردەم ڕێستورانی مێکۆنووس شوێنی شەهیدکرانی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاورێیانی پەردە لە سەر ئەو مێنۆمێنتە و لەوحەیە هەڵدرایەوە.


مۆنەمێنتی شەهیدانی میکۆنووس چەند ساڵێکە وەکوو بەڵگەیەکی ڕەش بە نێوچاوی کۆماری ئیسلامیی بووە لە وڵاتی ئاڵمان بەشێکی زۆر لە ئازادیخوازانی کورد وغەیرە کوردیش سەردانی ئەو شوێنەیان دەکرد، بێگومان تێکدانی ئەو مۆنۆمێنتە و دزینی نووسراوەکەی بەشێکە لە هەوڵەکانی دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دژایەتیی کردنی لەگەڵ حیزبی دێموکرات.