کۆنفرانسی یەکێەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠- ٢ – ٢٠١٨ کۆمیتەی یەکێەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد بە بەشداری زۆرینەی ئەندامانی لە هەموو شار و باژێرەکانی وڵاتی سوئێد کۆنفرانسی ساڵانەی خۆیان لە شاری ڤێسترۆس بەرێوەبرد.
کۆنفرانس بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێ‌دنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان و بە تایبەت شەهیدانی رێگای یەکسانی دەستی پێکرد.
لە بڕگەی یەکەم دا لە لایەن خاتوو شلێر حەسەنپوور ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری بەخێرهاتنی بەشداران و میوانان و هەروەها نوێنەرانی کۆمیتەی دەروەی حدک، بەرپرسی یەکێەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، نوێنەری کۆمیتەی سوئێدی حدک و هەروەها نوێنەری یەکێەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا و پاشان بەرنامەی کاری کۆنفرانس پێشکەش کرد.
دوای دەنگ وەرگرتن بۆ کاری هەموو بڕگەکان، ئەوجار بۆ ڕێز گرتن لە نەمر خاتوو ناهیدە باوەفا ژنە تێکۆشەر و چالاکی یەکێەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨ ی هەتاوی دا ناوی کۆنفرانس بە ناوی ئەو خاتوونەوە کرا و وەک ڕیزگرتن لە تەمەنێک خزمەتی خاتوو ناهیدە کۆنفرانس دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
بۆ کردنەوەی ڕاستەوخۆی کۆنفرانس داوا لە خاتوو جەمیلە کرمانج، یەکێک لە ئەندامانی چالاکی ریزەکانی یەکێەتیی ژنانی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد کرا کە چەند وتەیەک پێشکەش بکات، خاتوو جەمیلە وێرای ڕێزگرتن لە کار و خەباتی یەکێەتیی ژنان لە سوئید باسێکی کورت و پوختی لە سەر خەباتی یەکسانیخوازی ژنان و بەردەوامی ژنانی تێکۆشەر لە کارو چالاکی‌یە تایبەتی‌یەکانی سەر بە ڕێکخراوەکەیان و هەروەها خەباتی نەتەوایەتی و خەباتی یەکسانیخوازی و دێموکراتانەی ژنان بە گشتی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات باسکرد و خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە بەردەوامی خەباتی ژنان و ڕێکخراوەکەیان دەربری و سوپاسی کۆمیتەی بەرێوەبەری کرد کە شانازی ئەوەیان پێ بەخشیوە کە کۆنفرانس بکاتەوە.
داوی ئەم بەشە داوا لە خاتوو شەهین زادئەحمەد بەرپرسی یەکێەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات کرا کە باسەکەی خۆی پێشکەش بکا، بەرێزیان وێرای پیرۆزبایی کردن، هاوکات خۆشحاڵی خۆی لە بەشداری لەم کۆنفرانسە دا دەربری و گووتی کە بەشداری چالاکانەی یەکێەتیی ژنانی سوئێد و هەڵسوورانی ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا جێگای ڕێز و پێزانینە . دواتر بەرێزیان تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک کار و ئەرکی یەکێەتیی ژنان و لەگەڵ ئەوەشدا باسێکی کورتی لەسەر نائارامی و ئاڵۆزیەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست، بەتایبەت سەرهەڵدان و ڕاپەرینی خەڵکی ئێران و رۆڵ و بەشداری ژنان لەم خۆپێشاندانەدا کرد، لە بەشێکی دیکەی وتەکانی خاتوو شەهین دا پێداگری لەسەر ڕێک‌وپێکتر کردن و دەقیقتر بوونی ئەرک و هێز و توانای چالاکوانانی ژن لە دەرەوە و ناوخۆی وڵات کرد، لە پەیوەندی لەگەل یەکێەتیی ژنان و کاری هاوبەش دا گووتی: پەرە پێدانی پەیوەندی لەگەڵ ناوەندی رێکخراوەی ژنانی رۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵات دا ئەرکی ڕێکخراوەیی‌یە و دواتریش ئاماژەی بە چالاکتر و فرەوانتر بوونی ئەرکی ئۆرگانی کۆمیتەکان لە مەیدانی کردەوە دا کرد و گووتی کە دەبێ بۆ بەرەو پێشچوونی کارەکان هاوکارێکی باش بین و کاریگەریمان لە سەر ڕەوتی بەرەوپێشچوونی ئامانجەکانمان هەبێ. لە کۆتایی دا گووتی : لە دەستدانی دەرفەتەکان لەو ئالۆزیانە بۆ نمونە لەبار چوونی رێژەی بەرچاوی پارلمانتارانی کورد لە باکور ، بەئاکام نەگەیشتنی پرسی ریفراندۆم ، پرۆسەی نزیک بوونەوە یان یەکگرتنەوەی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵات و خاو بوونی رەوتی پرسی یەکبوونەوە هەموویان کاریگەریان لە سەر کاری ڕێکخراوەیی و هەستی نەتەوەیی لە سەر کۆمەڵگا هەبووە.
دوای ئەم بەشە داوا لە بەرێز کاک سەعید بەگزادە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدک و جێگری بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حدک کرا کە باسەکەی خۆی پێشکەش بکا، بەرێزیان بە ئاوڕدانەوە لە چۆنیەتی کاری یەکێەتیی ژنان و ئەرکەکانی ئەو ڕێکخراوەیە ، هاوکات ئاورێکی چڕو پڕی لە کێشەکانی کورد لە ماوەی یەکساڵی رابردودا لەهەر چوار پارچەی کوردستان دایەوە و ئاماژەی بە سازان و پیلانەکانی هەرچوار وڵات کە کوردی‌یان بەسەردا دابەش بووە کرد و گووتی: هەر بۆ ئەوەی کورد نەتوانێ بە سەر کەیانی خۆی دا زاڵ بێ، ئەو وڵاتانە بۆ پێشگرتن لە چوونە پێش و سەرکەوتنەکانی کورد بە قازانجی خۆیان دەسازێن، لەم راستایەدا پەنجەی خستە سەر کێشەکانی نێوخۆیی وڵاتی تورکییە، ئێران ، سورییە و ئێراق و بە گشتی وەک هەڵسەنگاندنێک تیشکی خستە سەر کێشەکانی کورد و قەیرانەکانی ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدا دابەش بووە و بەرێزیان گووتی: لەم هەڵسەنگاندنەدا دەردەکەوێ کە کورد بەرەوە پێش دەروا و ئەو وڵاتانە ناچارن قەزییەی کورد وەک هەیە قبوڵ بکەن و داهاتووی کوردیش ڕوونە و نەتەوەی کورد لە ئامانجە سەرەکی‌یەکانی خۆی پاشەگەز نابێتەوە. بەرێز بەگزادە لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا گووتی بۆ ئامادەکاری زیاتر بۆ روداوەکانی نێوخۆی ئێران و کوردستان، ئەرکی رێکخراوەیی یەکێەتیی ژنان ئەوەیە کە بە بەرنامەوە خۆیان بۆ هەر چەشنە ئەگەر و ئاڵوگۆڕێک لە ئێران و کوردستان دا ئامادە بکەن و بە ئاوڕدانەوە لە رابردووی یەکێەتیی ژنان لە چەند ساڵ پێش شۆڕشی گەلانی ئێران کۆتایی بە باسەکەی هێنا.
پاشان کاک سیاوەش قەوەی‌پەنجە وەک نوێنەری حدک لە وڵاتی سوئێد پەیامێکی پێشکەش کرد کە لە بەشێک لە پەیامەکەی دا گووتی: لە مێژووی جوڵانەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەکەمان دا، ژنان هەمیشە نەخشی کاریگەر و چارەنوس‌ سازیان هەبووە. ژن لە کۆمەڵگادا شوێن پەنجەی بە هەموو کردارێکی کۆمەڵگاکەوە هەیە و دەبێ، چ ئەو کاتانەی ژنان رێکخراون و چ ئەو دەمەی خاوەنی رێکخراوی خۆیان نەبوون.
ژنان لە کۆمەڵگادا نیوەی هەر کۆمەڵگایەکن و پاسیو بوونیان، کۆمەڵگا لاواز دەکا. لە کاروباری سیاسی دا بە فکر و ئەزموون و وردبینن. بەڵام بەداخەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا هێشتا نەگەیونەتە ئەو شوێن و پێگەی کە دەبێ بیان بێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو شانازییە مێژووییەی هەیە کە یەکەم هێزی سیاسی کوردی‌یە کە دەرکی ئەم پێداویستییەی کردووە و لەسەردەمی پێکهێنانی کۆماری کوردستان دا رێکخراوی ژنانی دامەزراندووە و کاری بۆ کردووە. راستە لە هەوراز و نشێوەکانی خەباتی ٧٢ ساڵەی ئەم حیزبەدا ژنان وەک پێویست نەخش و دەوریان نەبووە، بەڵام نەخش و کاریگەرییان قەت بۆ حیزبی ئێمە نامۆ نەبووە.
خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان گەیوەتە قۆناغێک کە بوونی ژنان وەک هەناسە بۆ درێژەدانی خەبات پێویستە و بە بێ بوونی ئەوان لە کاری رێکخراوەیی دا ئەم خەباتە تووشی کەمایەسی قورس دەبێ. جاران ژنانیان لە بەشیکی گرینگی خەباتی ئێمە دالە پەڕاوێز دەخست، بەڵام قارەمانەتی ژنان لە کۆبانێ و عەفرین ئەم بیرە کۆنەشیان کەمرەنگ کردەوە و نیشانیان دا ژنان لە هیچ بوارێک دا ئەگەر لە پیشتر نەبن، لە پیاوان نامێننەوە.
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کاری خۆی دا کارامەیی و لێهاتوویی خۆی لە بواری کار لە کۆمەڵگا پیشکەوتووەکانیش دا نیشان داوە و زۆر بە باشی هەل و دەرفەتەکانیان بۆ کاری خۆیان و رێکخراوەکەیان قۆزتۆتەوە و شان بە شانی ژنانی ولاتانی دێموکرات و ئازاد چوونەتە پێش، کە جێگای شانازی یەو دەست خۆشی تان لێ دەکەین.
دوایین پەیام ، پەیامی یەکێەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سوئێد لە لایەن خاتوو شەکیلا قۆیتاسی‌یەوە پێشکەش کرا بەرێزیان گووتی کە هەر دوو ڕێکخراوە ژنان و لاوان یادگاری کۆماری کوردستانن، هاوکات باسی هاوکاری و ڕۆڵ و پێگەی ژنانی کرد و خۆشحال خۆیی بۆ هاوکاری و نێزیکی ڕێکخراوەی لاوان و ژنان دەربری و ئەم دوو رێکخراوەیەی وەک نموونەی کار و خەباتی چەندین ساڵە لە کوردستان دا بە نموونە هێنانەوە.
لە بڕگەی دووهەم دا داوا لە خاتوو سۆزان فەتحی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری یەکێەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد کرا کە بێت و ڕاپۆرتی کار و چالاکی‌یەکانی یەک ساڵی رابردوو پێشکەش بکات، خاتوو سۆزان سەبارەت بە کار و چالاکی‌یەکان گووتی، لەگەڵ ئەوەدا ڕێکخراوەکەمان لە باری ماددی‌یەوە لە تەنگەژەدا بووە، بەڵام هیممەت و لەخۆبردوویی دەستەبەرێوەبەری و کۆمیتەی شارەکان و ئەندامانی یەکێەتیی ژنان ئەوەندە بەرز بوو کە گوڕ و تینی بە دەستەی بەرێوەبەری بەخشی و تەنگەژەی ماڵی نەیتوانی بە سەر ڕێکخراوەکەدا زاڵ بێ و تا رادەیەک بە نیسبەت خۆمان و ڕێکخراوەکەمانەوە چەندین کار و چالاکی جۆراوجۆرمان لە چوارچێوەی وڵاتی سوئێد دا بە بەرنامە و پلانی دارێژراوەوە ئەگەر بە کەم و کوڕیش بووبێ بەریوە بردوون و ئەوەش نیشانەی گەورەیی ڕێکخراوەکەمانە و دواتر پڕژایە سەر یەکە یەکەی هەموو ئەو کار و وچالاکی‌یانەی کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو دا بەڕێوەیان بردبوون.
دواتر خاتوو نەدا شابازی بەرپرسی دارایی ڕێکخراوی یەکێەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد بیلانێکی کورت و پوخت و بە بەڵگەوە پێشکەش بە بەشدارانی کۆنفرانس کرد و بە گشتی داهات و دەرکەوتی ڕێکخراوەکەی بە وردی و بە شێوەیەکی ڕێژەیی و دەرسەد بۆ گشت لایەک باس کرد و گووتی کە لەگەڵ ئەوەدا ڕێکخراوەکەمان لە تەنگەژەی دارایی دا بوو،بەڵام هیممەتی کۆمیتەی شارەکان و ئەندامان و حەقی ئەندامەتی بە ڕێکخراوەکەمان تا ڕادەیەک توانی کە کۆمیتەکەمان لە باری دارای‌یەوە دابین بکات و هیوای خواست کە زیاتر لە پێشوو ئەندامەکان لە ڕێگای گونجاو و سەردەمیانەوە لەم بارەوە یارمەتیدەری ڕێکخراوەکەمان بن.
دوای پێشکەش کردنی ڕاپۆرتەکان ، دیوانی دووهەم بەرێزان خاتوو موژدە عەزیزی و خاتوو باوان کەریمی بڕگەی دووهەمیان بەرێوەبرد و لە سەریەک دوای ناونووسی کردنی ئەندامان بۆ باس و خواست و بیرورا گۆرینەوە، بڕگەی دووهەمیش دەستی پێکرد. لە سەریەک بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان لە سەر ڕاپۆرتی کارو چالاکی‌یەکانی و بەشی دارایی و هەروەها کاری داهاتووی یەکێەتیی ژنان قسەیان کرد و بە دانی پێشنیاری بە کەڵک و تێ‌بینی جۆراوجۆر کۆمەڵێک باسی گرینگیان پێشکەش بە کۆنفرانس کرد و بە باسە گەرم و گوڕەکەیان زیاتر کۆنفرانسەکەیان دەوڵەمەند و پڕ نێوەرۆکتر کرد.
شایانی باسە کە خاتوو نیشتمان عەزیزی وێرای تەئیدکردنی ڕاپۆرت و بیلانی دارایی کۆمیتە چەند وتەیەکی لە سەر ڕێک‌وپێکی کارەکانی ئەو بەشە بۆ بەشداران باس کرد.
لە سەریەک ئەم بڕگەیەش کۆتایی پێهات و دوای پشوویەکی نیو کاتژمێری بڕگەی دووهەم دەستی پێکرد.
سەرەتا خاتوو کوێستان بابایی بەرپرسی یەکێەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد سوپاسی گەرمی هەموو لایەکی کرد و پاشان داوای کرد کە ئەو خاڵانەی لە بەرنامەی کاری رێکخراوەکە دا هەن و پێویستیان بە ئاڵوگۆڕ هەیە دەستنیشانی بکەن. بەپێی ئوسول و پرنسیپی ڕێکخراوەیی بەرنامە و پێرەوەی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە سوئێد کە بە زمانی سوئێدی ئامادە کراوە پێشتر بۆ خوێندنەوە لە بەر دەستی ئەندامان دا بووە و داوای لە ئەندامان کرا کە لە سەر هەموو خاڵ و ماددەکان، دەتوانن بیروبۆچوونی خۆیان دەرببرن، هەروەها بەدانی پێشنیاری بەکەڵک بۆ دەوڵەمەندتر کردنی بەرنامە ئەم بەشەش لە لایەن خاتوو کوێستان بابای‌یەوە بە وەرگرتن و گونجاندنی پێشنیار و تێ‌بینی ئەندامان لە بەرنامەدا ، کاری بەرنامە و پێرو کۆتایی پێهات.
هەر لەم بڕگەیە دا هەر یەک لە بەرێزان خاتوو سۆزان فەتحی، خاتوو نەدا شابازی، خاتوو شەهین زادئەحمەد و کاک سەعید بەگزادە وێرای وەڵام دانەوە بە پرسیارەکانی بەشداران چەند باسێکی گرینگیان هینایە ئاراوە و ئەم بڕگەیەش بە پێی کات و بەرنامە کۆتایی پێهات.
بڕگەی سێهەم بەشی هەڵبژاردن و خۆبەربژێر کردن بوو کە لە لایەن بەرێزان خاتوو سکاڵا حەکیم‌زادە و کاک حەسەن حاتەمی‌یەوە بەرێوەدەچوو، لەم بڕگەیە دا وێرای باس لە چۆنیەتی هەڵبژاردن و خۆبەربژێر کردن داوا لە ئەندامانی بەشدار بوو کرا کە خۆیان بپاڵێون و هاوکاتیش داوا لە کۆمیتەی پێشوو کرا کە ئەوانیش لەگەڵ بەربژێرانی دیکە بێنەوە و خۆیان بەربژێر بکەنەوە.
لەم بەشەدا خاتوو کوێستان بابایی وەک بەرپرسی پێشووی یەکێەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد بۆ ڕیزگرتن لە کۆمیتەی بەرێوەبەری پێشوو بە دانی گوڵ و هەروەها بە پێشکەش کردنی چەند وتەیەک لە سەر ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری ڕێزی لە کار و تێکۆشانی دەستەی بەرێوەبەری گرت و هاوکات بەشدارنیش لەم بەشەدا ڕێزیان لە خزمەت و کار و تێکۆشانی کۆمیتەی پێشوو گرت.
دوای قسەکانی خاتوو کوێستان، دەستەیەکی دیکە تێکەڵ لە بەشێک لە ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری پێشوو و هەروەها چەند خاتوونێکی‌تر، خۆیان بۆ کاری کۆمیتەی داهاتوو بەربژێر کردوو و بە شێوەیەکی دێموکراتی دەستەی بەرێوەبەری نوێ هەڵبژێردرا و بەم شێوەیە کاری کۆنفرانس کۆتایی پێهات و هەموو لایەک بە دڵخۆشی‌یەوە خۆیان بۆ کاری داهاتووی ڕێکخراوی یەکێەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد ئامادە کرد.
بڕگەی کۆتایی بەشی هونەری بوو، کە لە لایەن خاتوون و کیژی دەنگخۆش باوان کەریمی بە هاوکاری موزیکژەنی بە توانا کاک ڕەهێل قادر بەرێوە چوو، لەم بەشەش دا خاتوو باوان بە پێشکەش کردنی کۆمەڵێک گۆرانی مەجلیسی و دواتر گۆرانی هەڵپەرکێ ماندوویی کاری چەند کاتژمێری کۆنفرانسی لە لەشی بەشداربووان تەکاند و کاتێکی خۆشی بۆ بەشداربووان پێکهێنا و دوای ئەم بڕگەیەش ئەندامانی یەکیەتیی ژنان بە دڵخۆشی بەرەو شارە و باژێرەکانی خۆیان گەرانەوە.

کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکێەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد

وێنەکانی کۆنفرانسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت