من ڕێبازم. پێدرام شەهلایی
ڕێبازی شەهیدانم
کوردم، خەڵکی کوردستانم
مناڵەکەی شۆڕشی بە خوێن شەڵاڵی نوری پاشام
من پێنووسە ڕاساوەکەی جەلادەتم
من ئاواتە خنکاوەکەی بەدرخانم
ورەی بەرزی سەربەخۆییم
کۆمارەکەی ئاراراتم
دەبێ بگەم بە ئاواتم!
دیاربەکرم قەت نامرم
من شێخ سەعیدی پێرانم
من باڵوێزای شێخی شەهید
من داستانی زنجیرهەڵۆم
سلێمانیم
هەڵۆی بەردە قارەمانم!
خەونی ژنێڕاڵەکەی بارزان بۆتە خەون و خولیا و پێشەم
چەکی ئێستا ساردەو نەبووی هەواڵ ئەگید
ورەی بەرزی مامە ڕیشەم!
من دەرسیم و دیاربەکر و قەڵای وانم
من قامیشلوو، مەهاباد و مەریوانم
کەرکووک دڵمە و سولێمانی و هەولێر چاوم
کرمانشا و سنە و سەقز تین و تاوم
بەڵگە و تاپۆی هەمەدان و ورمێ و ئیلام
خانەقین و موسڵ و کفری
قروە و نەغەدە و ئالالام
دەستێکم ئاڵا جوانەکەی کۆمارە ساواکەی قازی
دەستێکیشم تفەنگەکەی کاک فوئادە بە شانازی!
من هەتوانی برینەکانی قاسملووم
من لاپەرەی سەرتابەپا سووری مێژووم
من ڕێبازم
ڕێبازی شەهیدانم
کوردم، خەڵکی کوردستانم!
زەماوەندم لە قەندیلە
شاییم لە دەشتی شاروێڕان
لە کۆبانی پەنجەی بووکی نیشتمانم ڕەنگین ئەکەم
گڕی هەڵپەڕکێ لە سنە و بانە و بۆکان
لەسەر شاهۆ لە دالاهۆ وچان ئەدەم
دمدم ئەڕازێنمەوە
بووک لە شنگاڵ ئەگۆێزمە
گۆوەندێکی وا ساز ئەکەم
سەرچۆپی لە حەلەبجە بێ و
دوو دەسماڵە لە سەردەشت و
گاوانی لە زاخۆ و دهۆک بگێڕمەوە
بەژنی هەموو شەهیدانم
بە ئاڵای بەرزی ڕزگاری
یەک یەک دەیانڕازێنمەوە.
من ڕێبازم!
پێدرام شەهلایی