وڵاتانی ئێران، عێراق و تورکیە بە دژی ڕاپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیە ڕۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاند کە وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی تورکیە، عیراق و ئێران بۆ هاوکاری بە دژی ڕاپرسی و ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان گەیشتوونە ڕێککەوتوونێک بە دژی ڕاپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان.

وەزیرانی دەرەوەی ئەو سێ وڵاتە لە گوتارێکی هاوبەشی خۆیان دا سەبارەت بە پرسی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کە قەرارە ڕۆژی ٢٥ ی سێپتامبر بەرێوە بچێ، نیگەرانی و بە پەرۆشی خۆیان سەبارەت بەو ڕاپرسی‌یە دەربریوە و دەڵێن: هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و بشێوی و هەروەها دەبێتە هۆی نائارامی نوێی ئەو ناوچەیە.

مەولوود چاووش ئۆغڵو، ئیبراهیم جەعفەری و محەممەد جەواد زەریف لە بەیانیەکەدا پێداگریان کردووە کە، راپرسی و ڕێفراندۆمی ئاماژە پێکراو، نە بۆ کوردەکان و نە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە قازانج نییە و لەو پەیوەندی‌یەدا ڕێککەوتوون کە بە دژی ئەو هەڵوێستە هاودەنگن و دەڵێن بە یەکەوە دەس بۆ هەندێک کاری هاوبەش دەبەین.

وەزیرانی دەرەوەی ئەو سێ وڵاتە کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکن، هاوکات داوا لە کۆمەڵگای نیونەتەوەیی بەشدار لەو کۆبوونەوەیە دا دەکەن کە بە دژی ڕاپرسی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوان یەکدەنگ بن و هەروەها بانگەشە بۆ داواکاری‌یەکەیان دەکەن.

لە بەشێک لە بەیانی‌یەی ئەو سێ وڵاتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە، لەگەڵ ئەوەدا وڵاتی عێراق بۆ خۆی تووشی تەنگژە و گرفتی قەومی و عەشیرەیی‌یە ، بێ‌شک پرسی ڕێفراندۆم گرفتی زیاتر دەخوڵقێنێ و هاوکات دەتوانێ ببێتە هۆکارێک بۆ لەت بوونی عێراق. ئێمە ئەوەش دەزانین کە ڕاپرسی و ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان وەک پێویست مەودای زۆری لە پێشە.

هاوکات کۆشکی سپی دەڵێ: ئامریکا چەندین جار بۆ گەیاندنی مەبەستی خۆی سەبارەت بە وەدوا خستنی ڕاپرسی و ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبۆتەوە و پێداگری کردووە کە لەم ساتەوەختە دا دەبێ هەموو لایەکمان کار بۆ لەنیوبردنی داعش بکەین و ئارامی و ئاسایش بگەرێنینەوە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، داوامان لە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان کردووە کە هاوکات لەگەڵ وەدواخستنی پرسی ڕێفراندۆم ، لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراق بکەوێتە وتووێژ و لەو پەیوەندی‌یەدا ئامریکا ئامادەیی خۆی بۆ وتووێژەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەربریوە.

………………………………………………………..
قسەی کۆتایی گیارەنگ : کورد گوتەنی سەریان دا لە بەرد و با هەر لە ورگی خۆیان دەن. بۆ پێشەوە بەرەو ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان.

گیارەنگ