ژنە چالاكێكی سیاسی- مەدەنیی كورد بە ناچاری تەركە وڵات بوو
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی گیاڕەنگ، ژنە چالاكێكی سیاسی- مەدەنیی كوردی خەڵكی شاری بۆكان، بە هۆی گوشاری وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژێمی ئێران، بە ناچار پەرتەوازەی هەندەران بووە و زێدی خۆی بەجێ هێشتووە.
بەپێی ئەو هەواڵە، لەیلا قادری، چالاكی سیاسی- مەدەنیی كوردی ناسراوی خەڵكی شاری بۆكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، دوای چەندین جار هەڕەشە و بانگهێشت كرانی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە ناچاری زێد و وڵاتی خۆی بەجێهێشتووە و پەرتەوازەی هەندەران بووە.
لەیلا قادری، هەڵگری بڕوانامەی دوكتورا لە بواری بازرگانیە و تا ئێستا وەك سیمایەكی ناسراو و چالاكی شاری بۆكان لە بواری مەدەنی و سیاسیەو ناسراوە و جێ پەنجەی بە کارە سیاسی و مەدەنییەکانەوە دیار بووە و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە لە لایەن ڕژێمەوە هەڕەشەی گیران و راودوونانی لێ بکرێ.
زانیاریەكان باس لەوە دەكەن كە لەیلا قادری تا ئێستا چەندین جاران لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگ كراوە و هەڕەشەی سزا دران و دەستبەسەر كرانی لێ كراوە و دواجار بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەندیخانە و بۆ ئەوەی ئازار و ئەشکەنجە نەدرێ و بێ حورمەتی بە کەسایەتی نەکرێ بە دوور لە چاوی ڕژێم شوێنی ژیانی خۆی بەجێ هێشتووە.
2017-09-22