وتووێژ لەگەڵ کەسایەتی سیاسی و تێکۆشەری کورد عەبدوڵڵا حیجاب لە سەر پرسی کورد بە گشتی
داواکاری: زۆر بەڕێز هاوڕێ کاک عەبدوڵڵا حیجاب وێرای سڵاوێکی گەرم، بۆ تاوتۆ و کەنگەشەی رووداوەکانی نێونەتەوەی و رۆژهەڵاتی نێوەراست و کوردستان بەگشتی و هەڵومەرجی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، ئەم پرسیارانەی خوارەوە کە بەدڵنیایەوە بەشێکی زۆری هی چین و تویژەکانی خەڵکن ئاراستەی جەنابت و کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی حیزبی و غەیرە حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و کۆی ئەم دیمانانە لە دوو توێی نامیلکەیەک دەیخەینە بەر دەیدی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. هەر بۆیە داوای لە جەنابتان دەکەین بە وەڵامی ئەرینی ئەم بەرهەم دەوڵەمەندتر بکەن.
پێشەکی زۆر سپاستان دەکەم.
بەرێز و حورمەتەوە رەحمان نەقشی
منیش زۆر سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم. وه‌زعی سیاسی وه‌ڵاتی ئێمه كۆمه‌ڵێك كێشه و گرفتی خوڵقاندوه كه ڕه‌نگه هه‌ر ته‌نیا كوردێك هه‌ست به ئاستی قووڵایی و به‌ربڵاوه‌یی یان بكا. هیوادارم پرس و ڕاوێژ سه‌باره‌ت به‌و كێشه و گیروگرفتانه بتوانێ له ڕه‌وتی گه‌ڕان به دوای چاره‌سه‌ریدا یارمه‌رتیده‌ر بێ.
پرسیارەکان:
١- هەڵسەنگاندنێک لەسەر هەوڵومەرجی هەنوکەیی نێونەته‌وەیی و رۆژهەڵاتی نێوەراست؟
ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا له هێندێك ناوه‌ندی سه‌ره‌كیی بڕیاردانی جیهانیدا ڕوو ده‌دا، تێكهه‌ڵكێشێكه له ڕه‌وتێكی پۆپۆلیستی و گوتاری هه‌ست بزوێنی پشت به‌ستوو به نیشتیمانپه‌روه‌رییه‌كی خۆبه زلزان كه به كرده‌وه سه‌لماندی ده‌توانێ به سه‌ر حیزب و مه‌كته‌به سیاسیه جێكه‌وتوه‌كاندا زاڵ بێ و سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ر له به‌رامبه‌ر سیاسه‌توانه خاوه‌ن ئه‌زموونه‌كاندا بێ. هاتنه سه‌ركاری ترامپ له ئا‌مریكا و ماكرۆن له فه‌رانسه و به هێزتربوونی جێ پێی ئه‌ردۆغان له ئه‌نجامی گشتپرسی توركیه، ئه‌نجامی ڕاسته‌وخۆی بێزاریی كۆمه‌ڵگا له به‌رامبه‌ر ئه‌و سیاسه‌توانانه‌دا بوو كه سیاسته‌یان كردوه به پیشه و پێی ده‌ژین. ئه‌و ڕووداوانه، ده‌رده‌خه‌ن كه ئایدیۆلۆژی “ڕزگاریده‌ر”، حیزبی پێشه‌نگ و خاوه‌ن ڕابردوو، پڕه‌نسیپی سیاسی و هتد ته‌نیا كاتێك ده‌توانن كاریگه‌رییان له كۆمه‌ڵگادا بپارێزن كه له گه‌ڵ ڕاستیه‌كانی ژیان به خێرایی خۆیان به‌ڕۆژ بكه‌ن و له گه‌ل گۆڕانكارییه‌كاندا بگۆڕدڕێن و بچنه پێش.
ئه‌و وه‌رچه‌رخانه له سیاسه‌تی جیهانیش دا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. هاوپه‌یمانیه مێژووییه‌كان ئێستا ناتوانن به بێ ترس و دڵه‌ڕاوكێ چاوه‌ڕوان بن كه به هه‌موو نرخێك له به‌رامبه‌ر مه‌ترسیه ده‌ره‌كیه‌كان دا پشتیوانیان لێ بكرێ. هێندێك هاوپه‌یمانی پێشوو، بۆ وێنه له بلووكی ڕۆژهه‌ڵاتی پێشوودا ئێستا له به‌رامبه‌ر یه‌كتردا ڕاوه‌ستاون و هه‌ڕه‌شه له یه‌كتر ده‌كه‌ن، وه‌ك ڕووسیه و ئۆكراین. وه‌ڵاتێكی ته‌ریك كه‌وتووی وه‌ك كوریای باكوور خه‌ریكه بۆ زلهێزێكی وه‌ك ئا‌مریكا سه‌رئێشه دروست ده‌كا و زۆر وه‌ڵاتی “ئارام” و دێمۆكراتیكی جیهان له گه‌ڵ قه‌یرانی مه‌شرووعیه‌ت ڕووبه‌ڕوون. له زۆر وه‌ڵاتی ئه‌وڕووپایی پیوانه‌كانی سیسته‌می دێمۆكراتێك مه‌ودای به هێندێك ئایدیۆلۆژیی توندڕه‌و داوه كه دێمۆكراسی له دژی پیوان و پڕه‌نسیپه‌كانی خۆی به كار بێنن. كێشه‌ی تێڕۆر ئێستا داوێنی هه‌موو وه‌ڵاتانی دێمۆكراتیكی گرتوه و ژیانی خه‌ڵكی ئاسایی وه مه‌ترسی ده‌خا. دێمۆكراسیه ڕۆژئاواییه‌كان له گه‌ڵ كێشه‌ی دابین كردنی خه‌رجی سیسته‌می ڕیفاهیان به‌ره‌وڕوون و نیگه‌رانی داهاتووی ده‌وڵه‌تی ڕیفاهی خۆیانن. جیهانی دوو جه‌مسه‌ریی پێشوو كه له‌و دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا چاوه‌روان ده‌كرا به‌ره‌و یه‌ك جه‌مسه‌ری بڕوا، ئێستا خه‌ریكه به‌ره‌و چه‌ند جه‌مسه‌ری هه‌نگاو ده‌نێته‌وه و مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه كه چه‌ندین ناوه‌ندی هێز له هه‌رێمه جیاوازه‌كان دا سه‌ر هه‌ڵبده‌ن كه كۆنترۆل كردنیان له لایه‌ن زلهێزه‌كانه‌وه ئاسان نه‌بێ. زۆر نیشانه‌ش هه‌ن كه ده‌ریده‌خه‌ن سیسته‌مه سه‌ره‌ڕۆكان خه‌ریكن هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن كه جیهان ئاماده‌یه له به‌رامبه‌ر سه‌ره‌رۆییاندا باجیان بداتێ.
له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا پارسه‌نگی هێز خه‌ریكه گۆڕانی به سه‌ردا دێ. سه‌رهه‌ڵدان و چالاكی كۆمه‌ڵی زێده پاشكه‌وتووی داعش و باقی هێزه بنئاژۆكان هه‌ر دێ و زیاتر ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له گێژاوی چاره‌نووسێكی نادیاردا نوقم ده‌كا. ڕاكێشانی دیواری سنووری كه توركیه خه‌ریكه له نێوان باكوور، ڕۆژئاو و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دا ده‌كێشێ، ته‌نیا كاردانه‌وه‌یه‌كی كاتی له به‌رامبه‌ر “مه‌ترسی” بزووتنه‌وه‌ی كورددا نیه و ده‌كه‌وێته خانه‌ی ستراتێژییه‌كی درێژخایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وه‌ڵاته‌وه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك “كێشه” ی چاوه‌ڕوان كرا‌و و چاوه‌ڕوان نه‌كراو كه ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیه پێیان وایه له داهاتوودا به‌رئه‌ستۆی ئه‌و وه‌ڵاته ده‌گرێ. زێده‌ڕۆییه‌كانی ئێران، كێشه‌ی شیعه و سوننه، شه‌ڕ و پێك هه‌ڵپرژانه ناوچه‌یی و هه‌رێمیه‌كان هه‌موویان كاریگه‌رییان له سه‌ر داهاتووی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست هه‌یه.
پڕۆژه‌ی باشووری كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌گه‌ر بێ و به‌و جیددیه‌ته‌وه كه ئێستا باسی ده‌كرێ بچێته پێش و بكه‌وێته قۆناغی جێ به جێ كردنه‌وه، پارسه‌نگی هێز له هه‌موو ناوچه‌دا ده‌گۆڕێ.
وێڕای ئه‌و مه‌یدانخوازی (چالش)ه سیاسیانه، گه‌شه‌ی فره‌خێرای تێكنۆلۆژیی دیجیتاڵ كه له هه‌موو بواره‌كان دا هه‌م ده‌رفه‌ت ده‌خوڵقێنێ وهه‌میش مه‌ترسی نوێ بۆ جیهان دروست ده‌كا، به شێوه‌ی جیددی خه‌ریكه پارسه‌نگی هێز به قازانجی مێشكی دیجیتاڵ ده‌گۆڕێ.
كۆی ئه‌و ڕووداو و ئاڵۆزییانه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌یان لێ ده‌كه‌وێته‌وه كه ئه‌كته‌ره كاریگه‌ره‌كان له جیهان و ناوچه‌دا نیگه‌رانی به‌رده‌وامیی ده‌سه‌ڵاتیانن و ئه‌كته‌ری نوێ به جیددی به دوای ده‌رفه‌تدا ده‌گه‌ڕێن تا خۆیان بنوێنن. به گشتی جیهان و ناوچه له گه‌ڕان و پێشبڕكێیه‌كی تونددان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له داهاتوودا.
* هەڵومەرجی ئێستای کوردستان چوون هەڵدەسەنگینی؟
ده‌رفه‌ت و مه‌ترسییه‌كان شان به شانی یه‌كتر به ڕیز له به‌رامبه‌رماندا ڕاوه‌ستاون. بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌ر چوار به‌شی كوردستان، له هه‌ر شوێنێك به شێوه‌یه‌ك و له چوارچێوه‌یه‌كدا به پێی ده‌رفه‌ت خه‌ریكی چالاكیه. ئه‌و زیندووییه هه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانی دژبه‌ری كورد زیاتر ده‌هاڕووژێنێ و هه‌م پوتانسیه‌لی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان نیشان ده‌دا. شه‌ری كورد له دژی داعش پیوانێكی به هێز بوو بۆ ئیڕاده‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد كه ئێستا هه‌موو لایه‌ك حیسابی له سه‌ر ده‌كا. به‌ڵام ئه‌و ئیڕاده‌یه ده‌بێ ڕێك بخرێ و بخرێته سه‌ر هێڵێكی هاوته‌ریبه‌وه تا بتوانێ له‌و گێژاوه‌ی هه‌نۆكه‌ییدا ده‌ستكه‌وتی سیاسی بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكا. تاك و كۆمه‌ڵگای كوردستان ده‌بێ واز له هێزه سیاسیه‌كان نه‌هێنن تا هاوبه‌ندییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی پێك دێنن. به بێ هه‌بوونی ستراتێژییه‌كی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی، زه‌حمه‌ته هێزه سیاسیه‌كانی كورد بتوانن ببن به ئه‌كته‌ری خاوه‌ن كاریگه‌ری له كایه مه‌ترسیداره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا.
باکوور و رۆژئاوایی کوردستان؟
لایه‌نی به هێزی بزووتنه‌وه‌ی كورد له باكوور، كه‌ڵك وه‌رگرتنی له كۆمه‌ڵێك مكانیزم و كاناڵی خه‌باتی سیاسیه كه به‌ربه‌ستكردن و شكاندنیان له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیه‌وه دژواره. خاڵی وه‌رچه‌رخان له بزووتنه‌وه‌ی كوردی له باكووری كوردستان، به بۆچوونی من سه‌ركه‌وتنی پاڵێوراوانی كورد له هه‌ڵبژاردنی پارله‌مان له ساڵی ٢٠١٥دا بوو. به‌ڵام دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه، بزووتنه‌وه‌ی كورد له باكوور تووشی هه‌ڵه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بوو و له تاكیتكێكی جێگای ڕه‌خنه‌دا، شار و ئه‌و ناوچانه‌ی كه به به‌رفراوانی پشتیوانیان له شۆڕش ده‌كرد كرده گۆڕه‌پانی به‌ربه‌ره‌كانیی چه‌كدارانه له به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی توركیه دا. به لێكدانه‌وه‌ی داڕێژه‌رانی ستراتێژیی بزووتنه‌وه، ده‌وڵه‌تی توركیه له به كار هێنانی زۆر له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی دا سنوورێك ده‌پارێزێ. به‌ڵام ئه‌وان هه‌ڵه‌یان كرد. ئه‌ردۆغان هاوشێوه‌ی ئه‌سه‌د و سه‌ددام به‌ره‌نگاری چالاكڤانانی كورد بوو و به خاپووركردنی ئه‌و شار و گوندانه‌ی كه ببوون به مه‌كۆی خۆڕاگری، زه‌ربه‌یه‌كی قورسی له بزووتنه‌وه‌ی كوردستان دا. سه‌ره‌ڕای ئه‌و زه‌ربه قورسه، بزووتنه‌وه‌ی كورد له باكوور ئێستاش هه‌ر چالاكه و خاوه‌ن كاریگه‌رییه.
ڕۆژئاوای كوردستان
سه‌ره‌ڕای كه‌م ئه‌زموونی له بواری بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و خه‌باتی چه‌كدارییه‌وه، له ماوه‌یه‌كی كورتدا پاش ڕاپه‌ڕینی ساڵی ٢٠١١ له سوورییه تواناییه‌كی زۆری له خۆی نیشاندا و به كرده‌وه كه‌وته قۆناغی دامه‌زراندنی سیسته‌می به‌رێوه‌به‌ریی خۆماڵییه‌وه. شه‌ڕی داعش، خۆڕاگریی ئه‌فسانه‌یی كۆبانێ و به‌رده‌وامیی ئه‌و خۆڕاگرییه له هه‌موو ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریه، پاراستنی پارسه‌نگێك له پێوه‌ندی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان له گه‌ڵ زلهێزه‌كانی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی له سووریه و له هه‌مووی گرینگتر كه‌وتنه نێو هاوپه‌یمانیی ڕۆژئاوا له دژی داعش، هیوایه‌كی به هێزی دروست كردوه كه ڕۆژئاوای كوردستان ده‌توانێ چاوه‌ڕوانی داهاتوویه‌كی گه‌شتر بێ. خاڵی به هێزی بزووتنه‌وه‌ی كورد له ڕۆژئاوا ڕێگه‌نه‌دان به سیسته‌می چه‌ند جه‌مسه‌ری و سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین ناوه‌ندی دژ به یه‌كی بڕیاردان و به‌ڕێوه‌به‌ری به سوپا و ئاسایش و پۆلیسی جیاوازه‌وه‌یه. هه‌ر وه‌ها دامه‌زراندنی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی كوردی به شێوه‌ی ته‌واو جیاواز له سیسته‌می زاڵ له سووریه و به كار هێنانی ئه‌لف و بێی لاتین بۆ جیاكردنه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی ڕۆژئاوا له سیسته‌می سووریه و به‌شداركردنی به‌رینی ژنان له به‌ڕێوه‌به‌ری، سیاسه‌ت، هێزه چه‌كداره‌كان و هتد، پێگه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردی له ڕۆژئاوای كوردستان به هێز كردوه. له لایه‌كی دیكه‌وه مودێلی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی له ڕۆژئاوا دڵنیایی به باقی پێكهاته‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌دا كه ئه‌وان داهاتوویه‌كی باشتریان له هاوبه‌شی كردن له گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی كورددا هه‌یه. خاڵی لاوازیان نه‌بوونی دێمۆكراسی و پێداگریی پتر له ڕاده‌ی پێویستیان له سه‌ر یه‌ك ئایدیۆلۆژی و یه‌ك بیر و ڕێبازی هزری و سیاسی یه كه ئه‌گه‌ر به‌رهه‌ڵستكاری نه‌بێ ده‌توانێ به‌ره‌و دیكتاتۆری بڕوا.
باشووری کوردستان و ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی؟
ڕێفراندۆم به بێ دانانی میكانیزمێك بۆ به‌دوادا چوون و داڕشتنی پلانێك بۆ هه‌نگاوهه‌ڵێنان به‌ره‌و پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ناتوانێ شتێك بگۆڕێ. به‌ڵام پێداگریی سه‌رۆكی هه‌رێمی باشووری كوردستان و پارتی دێمۆكرات له سه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌ی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و هیوایه به هێز ده‌كا كه گشتپرسی پلانكراو بكرێ به بنه‌مایه‌ك بۆ هانگاو نانه‌وه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی. هه‌ر له‌و كاته‌شدا نابێ ئه‌وه‌نده خۆشبین بین كه ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له كه‌مین دان نه‌بینین. ئه‌نجامی ڕێفراندۆمی باشوور هه‌ر چی بێ، ڕێگای سه‌ربه‌خۆیی به بێ گرفت و كێشه نیه. به تایبه‌ت به له به‌رچاو گرتنی ئه‌و ڕاستیه كه دوژمنانی كورد، نه‌بوونی یه‌كڕیزی نێوماڵی كورد به كار دێنن بۆ ته‌گه‌ره خستنه‌وه له سه‌ر رێگای ڕه‌وتی سه‌ربه‌خۆیی.
یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی له‌شكری، پۆلیس و ئاسایش، كاراكردنه‌وه‌ی ده‌زگا سیاسی و ئیدارییه‌كان، دانانی سنوورێك بۆ ده‌سه‌ڵاتی حیزبی و به تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های هێندێك له حیزبی یه‌كان، دروست كردنی ژێرخانی ئابووری و سیاسی بۆ به ده‌وڵه‌ت بوون و له هه‌مووی گرینگتر دانانی پڕۆژه‌یه‌كی گشتگیر و سه‌رانسه‌ری نه‌ته‌وه‌یی له خودی ڕێفراندۆم كه‌م بایه‌ختر نین.
هه‌ر چی بێ، ئێستا رۆمانتیزمێكی نه‌ته‌وه‌یی باڵی به سه‌ر به‌شێكی زۆری باشووری كوردستان دا كێشاوه. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران به ته‌دبیره‌وه بۆی بچن ده‌توانن ئه‌و ڕۆمانتیزمه بگۆڕن بۆ به‌رنامه‌یه‌كی توكمه به‌ره‌و به هێزكردنی بنه‌مای به ده‌وڵه‌ت بوون.
* وەک کەسایەتی سیاسی بە ئەزموون و دێرین رۆژهەڵاتی کوردستان دید و بۆچوون و هەڵسەنگاندن لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە چێیە:
١- شۆڕشی گەلانی ئێران و کورد
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستتان ڕاپه‌رینی ساڵی ١٣٥٧ه، ئه‌وه ده‌رفه‌تێك بوو كه ڕه‌نگه دوباره نه‌بێته‌وه. ئه‌و كات خومه‌ینی و ئیسلامی سیاسی چونكه به‌رنامه‌یان بوو، سه‌ركه‌وتن و گه‌لانی ئێران دۆڕاندیان. گه‌لی كورد له ڕاپه‌ڕینی ساڵی ١٣٥٧دا به‌شدارییه‌كی چالاكانه‌ی كرد، به‌ڵام ئه‌كته‌ری چاره‌نووسساز نه‌بوو. له بیرمان بێ كه له ئێران، نه‌ته‌وه‌ی كورد سێهه‌م پێكهاته‌ی گه‌وره‌ی وه‌ڵاته و له به‌ر هه‌ڵكه‌وتی جۆگرافیایی خاكه‌كه‌ی هیچ كات ناتوانێ به ته‌نیا چاره‌نووسی سیاسی ئێران بگۆڕێ، له كاتێك دا كه ئه‌و ده‌رفه‌ته بۆ دوو پێكهاته‌ی دیكه واتا فارس و تورك جیاواز ه. له هه‌ر چه‌شنه ئاڵۆگۆڕێكی پێشه‌ڕۆژدا، ئه‌گه‌ر كورد چاوێكی له به‌شداریی سیاسی له گه‌ڵ تاران بێ، پێویستی به هاوپه‌یمانیی سه‌رانسه‌ری هه‌یه، كه به داخه‌وه ئێستا نیمانه.
٢- نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئیران و کورد
ویستێكی به هێز بۆ دامه‌زراندنی پێوه‌ندی هه‌یه، به‌ڵام پێوه‌ندییه‌كان ته‌نیا له سه‌ر كاغه‌زن. ته‌نیا هاوبه‌ندییه‌كی سیاسی كه جاروبار باسی لێوه ده‌كرێ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فیدراله، كه له دوو هێزی كورد و چه‌ند چالاكڤانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌كانی دیكه پێك هاتووه. به داخه‌وه ئه‌و چالاكڤانانه خاوه‌نی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به هێز نین. كورد و ئازه‌ربایجانی كه له هه‌موو لایه‌ك پتر پێویستیان به هاوبه‌ندی و هاوكاری هه‌یه، پێوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆیان دروست نه‌كردوه.
٣- وه‌زعی ئێستای ئێران به گشتی داهاتووی كۆماری ئیسلامی ئێران ؟
پێویستیمان به لێكدانه‌وه‌یه‌كی واقیع بینانه‌تر له‌وه‌ی تا ئێستا بوومانه له وه‌زعی ئێران هه‌یه. ڕێژیم له سه‌روبه‌ندی ڕووخان دا نیه و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه هه‌میشه باسیان ده‌كرێ، ڕێژیم به چۆك دا ناهێنن. زێده‌خوازی و ده‌ست تێوه‌ردانه‌كانی سوپای پاسداران له وه‌ڵاتانی جیران ده‌رفه‌تێكی به ڕێژیم داوه كه جه‌مسه‌رێكی نوێی شیعه له به‌رامبه‌ر جه‌مسه‌ری سوننه دا دروست بكا، ئه‌وه‌ش ده‌كرێ جارێ به قازانجی هێندێك هێزی بڕیارده‌ر له سیاسه‌تی جیهانیدا بێ. قووڵتر بوونه‌وه‌ی كێشه جیهانیه‌كان، دووركه‌وتنه‌وه‌ی دوباره‌ی ئا‌مریكا و ڕووسیه و قوڵدورییه‌كانی كوریای باكوور له به‌رامبه‌ر ئا‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌رفه‌تێكی زیاتر بۆ ئێران ده‌ڕه‌خسێنی كه جارێ به بێ ترس له دژكرده‌وه‌ی جیهانی سیاسه‌ته زێده‌خوازییه‌كانیی خۆی به‌ره‌و پێش ببا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، ناكرێ ئه‌و ڕاستیه له بیر بكه‌ین كه له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوڕاست دا ئه‌وه‌ی پێش بینی ناكرێ، داهاتووی سیاسیه و نامومكین نیه كه دره‌نگ یا زوو ئێران له گه‌ڵ مه‌یدانخوازی یا چالشی چاوه‌ڕواننه‌كراو ڕوو به ڕوو بێ. ئه‌وه‌ی دیاره، دوو مه‌یدانخوازی له به‌رامبه‌ر ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی‌دا هه‌ن كه ئیمكانی چالاكبوونیان هه‌میشه هه‌یه؛ ویستی گۆڕانخوازی له نێوخۆدا و زه‌ختی ده‌ره‌كی. ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمش دوور نیه كه هه‌ر له نێوخۆی وه‌ڵاتدا شكڵ بگرێ.
٤- ئیداره‌ی سیاسیی ئێرانی لە داهاتوو ؟
سیسته‌مێكی عیلمانی دووره‌په‌رێز له ناوه‌ندیبوون. ڕه‌نگه سه‌ركه‌وتووترین مودێلی سیاسی بۆ داهاتووی ئێران سیسته‌می كۆنفێدراڵ بێ كه ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی فێدراڵ بگه‌یه‌نێته لانی كه‌م و له به‌رامبه‌ردا ده‌رفه‌ت بدا كه پێكهاته‌كانی وڵات پێوه‌ندییه‌كی به هێزی سنوور په‌ڕێن له گه‌ڵ هاوزمانه‌كانیان له‌وبه‌ری سنوور دابمه‌زرێنن.
٥- دروشمی روخانی ریژیم
وه‌ك دوعای موسوڵمانان بێ كاریگه‌رییه، به‌ڵام سوكنایی به زۆر كه‌س ده‌دا. ڕووخانی ڕێژیم ده‌كرێ به زۆر شێوه مسۆگه‌ر بكرێ. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ویلایه‌تی فه‌قیه سنووردار بكرێ، یا سیسته‌می ناوه‌ندی بگۆڕدڕێ بۆ سیسته‌مێكی نه‌ناوه‌ندی، ئه‌وه بۆ خۆی شێوه گۆڕانێكی مومكینه. چاوه‌ڕوانیی شۆڕشێك له وێنه‌ی ئه‌وه‌ی ساڵی ٥٧ ڕووی دا یا ڕووخاندنی ڕێژیم له ڕێگای به‌ره‌نگاریی چه‌كدارانه‌وه ڕه‌نگه جارێ مومكین نه‌بێ.
٦- به‌ره‌ى کوردستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان
بزووتنه‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێویستیه‌كی هه‌نۆكه‌یی به داڕشتنی پلانێك بۆ زاڵبوون بو سه‌ر قه‌یرانی په‌رته‌وازه‌یی و چه‌ند به‌ره‌كی دا هه‌یه. هه‌ر چه‌ند هێزه‌كانی به‌شدار له بزووتنه‌وه‌دا دان به‌و ڕاستیه دا نا‌نێن كه گه‌وره‌ترین له‌مپه‌ر بۆ خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان پرش و بڵاویی هێزه‌كانه، به‌ڵام ڕاستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره كه دوو دێمۆكرات به ڕاده‌ی یه‌ك دێمۆكرات به هێز نابن، ٣ كۆمه‌ڵه ناتوانن كاریگه‌ریی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی یه‌كگرتوویان بێ. وێڕای ئه‌و دوو بنه‌ماڵه حیزبیه، ده‌بێ هێزه‌كانی دیكه‌ش ببیندرێن و دیالۆگێكی هه‌مه لایه‌نه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له نێوانیان دا هه‌بێ. هه‌ر به‌و شێوه‌یه پێویسته ده‌رگای دیالۆگ به سه‌ر په‌ژاكیش دا كراوه بێ. تێڕوانینی باو له لای زۆربه‌ی حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات كه په‌ژاك به هێزێكی غه‌یره كوردی ئێرانی یا دروستكراو له قه‌ڵه‌م ده‌دا، هه‌ر به‌و ڕاده‌یه هه‌ڵه‌یه كه په‌ژاك ئه‌و هێزانه به ماوه به سه‌رچوو و بێ كاریگه‌ری ده‌زانێ. نه هێزه خاوه‌ن ڕابردوه‌كان له سه‌حنه‌ی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان حه‌زف ده‌كرێن، نه په‌ژاك به هه‌ڵوێستی هێزه‌كانی دیكه واز له تێكۆشانی خۆی دێنێ. كه وابوو باشتر وایه سیاسه‌تێك ڕه‌چاو بكرێ كه پێش به دووپاتبوونه‌وه‌ی شه‌ڕه خۆكوژییه‌كانی ڕابردوو بگرێ.
ڕه‌نگه دروست كردنی به‌ره‌یه‌كی هه‌مه‌لاگر ئێستا مومكین نه‌بێ، به‌ڵام هاوكاری، هاوبه‌ندی و دروست كردنی پلاتفۆرمێكی هاوبه‌ش زۆر پێویسته. كه ئه‌و پلاتفۆرمه دروست بوو، باشترین بژاره ئه‌وه‌یه كه هێزی چه‌كداری بزووتنه‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ژێر یه‌ك فه‌رمانده‌یی یه‌كانه‌دا ڕێك بخرێ، ده‌نا ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو هێزه چه‌كداره یه‌ك نه‌گرتوه به بێ هاوئاهه‌نگی ڕوو له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردساتن بكه‌ن، كاره‌ساتێك ده‌خوڵقێ كه ڕه‌نگه قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی دژوار بێ.
٧- پێشمەرگە و خەباتی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان
پێشمه‌رگه ناوێكی پیرۆزه، ده‌بێ كارێك بكرێ كه ئه‌و پیرۆزییه بۆ هه‌میشه پارێزراو بێ. بۆ ڕاگرتنی ئه‌و پیرۆزییه په‌روه‌رده‌ی سیاسی زۆر گرینگه. جێگه و پێگه‌ی من ئه‌وه نیه كه له سه‌ر خه‌باتی چه‌كدارانه نه‌زه‌ر بده‌م، پێشم خۆش نیه له به‌ڕه‌ی خۆم زیاتر لاق ڕابكێشم. ئه‌وه‌ی لایه‌نگری خه‌باتی چه‌كدارییه، ده‌بێ بۆ خۆی ئاماده بێ كه ڕاسته‌وخۆ به‌شداری ئه‌و خه‌باته بێ.
٨- بایكۆتی هەڵبژاردنەکان لە ئێران؟
وه‌ك پڕه‌نسیپ، بایكۆت هه‌ڵوێستێكی نه‌گۆڕه و هه‌ر ئه‌وه‌ش له هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن چاوه‌ڕوان ده‌كرێ. به‌ڵام ده‌رفه‌تی بڕیاردان بۆ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان سنوورداره و ئه‌وان ناتوانن وه‌كوو پێویست، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له گه‌ڵیشی بن به ئه‌رێنی وه‌ڵامی بانگه‌وازی بایكۆت بده‌نه‌وه. بۆیه بایكۆتی هێزه سیاسیه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن كه‌مترین كاریگه‌ریی له سه‌ر ڕه‌وشی نێوخۆیی هه‌یه.
هه‌ڵبژاردنی شووڕاكان و ته‌نانه‌ت مه‌جلیسیش ده‌كرێ وه‌ك ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌شێك له داخوازییه‌كانی خه‌ڵك كه‌ڵكی لێ وه‌ربگیرێ. ئه‌وه به واتای هاندانی خه‌ڵك بۆ به‌شداریكردن یا خود مه‌شرووعییه‌ت دان به ڕێژیمێكی نامه‌شرووع نیه. به‌ڵام ناكرێ به هیوای ده‌رفه‌تێك كه دیار نیه كه‌نگێ ده‌ڕه‌خسێ، كۆمه‌ڵگای كوردی ڕۆژهه‌ڵات زیاتر له‌وه‌ی كه له په‌راوێز خراوه هان بدرێ كه بۆ خۆشی خۆی بخاته په‌راوێزه‌وه.
٩- وتووێژ و دانوستاندن؟
دانوستاندن له نێوان دوو دوژمن دا كارێكی ئاساییه، به‌و مه‌رجه‌ی ئامانجه‌كانی دانوستاندن دیار بن و هه‌ر لایه‌نه‌ی بۆخۆی كاناڵێكی جیاوازی دیالۆگ نه‌كاته‌وه. واتا ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی وتووێژ هه‌بێ، ده‌بێ هێزه سیاسیه‌كان به هاوئاهه‌نگی له گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ونه نێو به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌وتۆه‌وه.
١٠- خەباتی مەدەنی میكانیزم‌و میتۆده‌كانی خه‌باتی مه‌ده‌نی؟
نوسخه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی له ده‌ره‌وه ڕا ناپێچرێ. ئه‌ركی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی كاركردن بۆ به‌ره‌وپێش بردنی نرخه به‌رزه‌كانی مرۆڤایه‌تی وه‌ك دێمۆكراسی، مافی مرۆڤ، یه‌كسانی، مافی ژنان، پاراستنی ژینگه، مافی په‌روه‌رده، ته‌ندروستیه‌كی گشتگیر و هتدیه. كه باسی خه‌باتی مه‌ده‌نی ده‌كرێ، ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له بیر بێ كه خه‌باتی مه‌ده‌نی له نێو كۆمه‌ڵگا و به پێی هه‌لومه‌رجی زاڵ به سه‌ر كۆمه‌ڵگادا، له ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی زاڵدا، هه‌ر چه‌ند دیكتاتۆریش بێ ده‌كرێ. یه‌كه‌م مه‌رجی زه‌مینه‌سازی بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی ئه‌وه‌یه كه هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن ئاماده بن ڕیسك قبووڵ بكه‌ن، به تایبه‌ت ڕیسكی ئه‌وه‌ی كه هه‌موو هه‌ڵس و كه‌وت و چالاكیه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نی له خزمه‌ت ئه‌وان دا و به دڵی ئه‌وان نابێ.
خه‌باتی مه‌ده‌نی به واتای ئه‌وه‌یه كه كه‌سانێك به ڕێبازی ئاشتیانه ئه‌وه‌نده تیشك بخه‌نه سه‌ر گرفتێكی نێو
كۆمه‌ڵگا یا داخوازییه‌ك، و ئه‌وه‌نده پشتیوانیی بۆ كۆ بكه‌نه‌وه تا كاربه‌ده‌ستان ناچار ده‌بن جێ به جێی بكه‌ن. گرینگرتین مێتۆدی خه‌باتی مه‌ده‌نی دووره‌په‌رێزی له توندوتیژییه.
١١- تیرۆریزم بە گشتی و تیرۆزیزمی کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی رێبەرانی کورد)؟
تێرۆریزم به‌شێك له جه‌وهه‌ری كۆماری ئیسلامیه و به داخه‌وه زۆرترین زه‌ربه‌ی له بزووتنه‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوه. تێڕۆری ڕێبه‌رانی كورد خاڵێكی ڕه‌ش به نێوچاوانی كۆماری ئیسلامیه‌وه‌یه كه هه‌تا هه‌تایه شوێنه‌واره‌كانی ده‌مێنێته‌وه.
به بڕوای من یه‌كه‌م هه‌نگاوی تێڕۆریستی كۆماری ئیسلامی له دژی گه‌لی كورد، هێڕشی ڕێژیم بۆ سه‌ر شاری سنه بوو كه له‌و دا ڕێژیم به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو خه‌ڵكی شارێكی تێرۆریزه كرد. دواتر مۆته‌كه‌ی تێڕۆری كۆماری ئیسلامی هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی گرته‌وه و پریشكه‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات وه‌به‌ر ڕێبه‌رانی وه‌ك د. قاسملوو و شه‌ره‌فكه‌ندی كه‌وت.
١٢- هۆکاری جیابوونەوە و دابرانی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و میکانیزمی یەکگرتنەوە و تێکەڵبوونەوەیان؟
زۆر به كورتی كه‌م بوونی ئه‌زموونی دێمۆكراسی، شاره‌زا نه‌بوون له سه‌ر چۆنیه‌تی به كارهێنانی پیوانه‌كانی دێمۆكراتیك و شێوه‌ی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان، نه‌بوونی په‌روه‌رده‌ی دێمۆكراتیك، خۆ به ناوه‌ند زانین و نه‌بوونی فه‌رهه‌نگی دێمۆكراسی هۆكاری جیابوونه‌وه‌كانن. ڕێگای یه‌كگرتنه‌وه‌ش ته‌نیا په‌روه‌رده‌ی دێمۆكراسی و واز هێنان له خۆ به پاك و كه‌سی دیكه به پیس زانینه.
١٣- هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی ئێران تاچەندە لە بەرژەوەندیی كورد دایە؟
ئۆپۆزیسیۆنی ئێران وه‌ك ئه‌و هێزه‌ی له پۆزیسیۆندایه واتا هێزی ده‌سه‌ڵاتدار، خوازیاری ئێرانێكی ناوه‌ندی و یه‌كگرتوه و ئه‌وه‌ش له گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد ناگونجێ. هه‌م ده‌سه‌ڵات هه‌میش ئۆپۆزیسیۆن كاتێك حیساب بۆ بزووتنه‌وه‌ی كورد ده‌كه‌ن كه یه‌كگرتوویی و هێزی كورد ببینن.
١٤- سیاسەتەكانی ئێران لەناوخۆی عێراق دا چەندە لەسەر خەباتی سیاسیی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كاریگەریی هەبووە؟
ڕه‌نگه دروستتر ئه‌وه بێ بڵێین كه ده‌سه‌ڵاتی بێ ئه‌م لا و ئه‌و لای ئێران له عێراق دا، چونكه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی عێراق، ده‌سته درێژكراوه‌كه‌ی ئێرانه كه له ڕێگای ناوه‌ند و دامه‌زراوه مه‌زهه‌بی، سیاسی و له‌شكه‌رییه‌كانیه‌وه عێراق به ڕێوه ده‌با. ئه‌گه‌ر عێراق له باشووری كوردستان ده‌سه‌ڵاتێكی بوایه، چاره‌نووسی هێزه كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات كه دانیشتووی باشوورن له چاره‌نووسی موجاهیدین باشتر نه‌ده‌بوو، به‌ڵام به خۆشیه‌وه باشووری كوردستان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێراق و ئێران دا نیه.
ثا ئه‌و جێگایه‌ی كه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر نفووزی ئێران له باشووری كوردستان، پێم وایه وێڕای ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی كه له هێزه‌كانی باشوور ده‌گیرێ، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌شمان ئینساف هه‌بێ كه هاوكاری و ده‌ستگرتنی ئه‌وان ببینین. ده‌سه‌ڵاتی كورد له باشووری كوردستان په‌یمانی ڕێزگرتن له سه‌روه‌ریی جیرانیه‌تی له گه‌ڵ ئێران هه‌یه كه به پێی ئه‌و په‌یمانه نابێ هێزه‌كانی دژبه‌ری ئێران له ڕێگای باشووره‌وه بچن له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان چالاكی ئه‌نجام بده‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌و په‌یمانه‌ش، چالاكی هێزه‌كانی كوردی ڕۆژهه‌ڵات له باشوور، ئه‌گه‌ر هێندێك سنوورداریش كرابێ، به‌ڵام هه‌ر هه‌یه و ئێران نه‌یتوانیوه پێشی پێ بگرێ.
چەند پرسیاری گشتی:
١- گۆڕینی نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و پرسی نەتەوەی کورد لە گۆرانکاریانەدا؟
ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ئێستا له گه‌ڵ قه‌یرانێكی هاوشێوه‌ی قه‌یرانی پاش شه‌ڕی جیهانیی یه‌كه‌م ڕووبه‌ڕوویه. له‌و ڕه‌وشه‌دا ئه‌گه‌ری گۆڕینی خه‌ریته‌ی جۆگرافیایی ناوچه هه‌یه و كوردیش له‌و نێوه‌دا ئاكتۆرێكی چالاكه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌خشه‌ی جۆگرافیشی له ناوچه‌دا گۆڕانی به سه‌ردا نه‌یه، نه‌خشه‌ی سیاسی ناوچه گۆڕدراوه و زیاتریش ده‌گۆڕدڕێ. له‌و نێوه‌دا چاره‌نووسی كورد به‌ر له هه‌موو شتێك به یه‌كیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و هاوهه‌ڵوێستی گه‌لی كورد و هێزه سیاسیه‌كانیه‌وه به‌ستراوه.
٢- ئایا پرۆسەی دەوڵەت – نەتەوە لەو ناوچەیە شکستی خواردوە؟
له قه‌یرانی جیددی مه‌شرووعیه‌تدایه. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له سه‌ر بنه‌مای نرخه ئێتنیكیه‌كان كه هه‌ر چوار ده‌وڵه‌تی ئێران، توركیا، عێراق و سوورییه له سه‌ری دامه‌زراون، هه‌ڵاوه‌ردنی هه‌موو ئه‌و تاك و گرووپانه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه كه “خۆیی” نین. ئاڵته‌رناتیڤی ئه‌و سیسته‌مه دامه‌زراندنی سیستێمێكی هاوشێوه نیه كه له‌ودا ده‌سه‌ڵاتدار و ژێرده‌ست جێگۆڕكێ بكه‌ن. ئاڵته‌رناتیڤی ئه‌و سیستێمه ده‌سه‌ڵاتێكی سیڤیك ه كه له‌و دا مرۆڤه‌كان خاوه‌نی ماف و ئه‌ركی یه‌كسان بن، له هه‌موو شێوه هه‌ڵاواردنێك پارێزراوبن و ڕێز له هه‌موو به‌ها و نرخه‌كانیان بگیرێ. بۆیه باشترین مودێل بۆ قه‌واره‌ی سیاسی داهاتووی كوردستان سیستێمكی “سیڤیك” ه كه له هزری سه‌ره‌تایی نه‌ته‌وه‌په‌رستی به دوور بێ و مافه‌كانی هه‌موو نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی كوردستان به شێوه‌ی یه‌كسان مسۆگه‌ر ده‌كا، واتا دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تێكی كوردستانی نه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ته‌نیا كوردی.
٣- ئەرکی حیزب و رێکخراوە سیاسەیە کوردستانیەکان لەم هەڵومەرجە دا و ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای چارەسەری مەسەلەی کورد؟
یه‌كڕیزی، یه‌كده‌نگی و سیاسه‌تێكی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ، بزووتنه‌وه‌ی كورد دوباره ڕه‌نج به خه‌سار ده‌بێ. ئاسته‌نگی نێوخۆیی پرش و بڵاوی و نه‌بوونی یه‌كڕیزییه، ئاسته‌نگی ده‌ره‌وه‌یش هزری زێده‌خوازیی ده‌سه‌ڵاتدارانی جیرانه. هزرێك كه له سیسته‌می په‌روه‌رده‌یان دا خۆی ده‌نوێنێ و پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتداری وا په‌روه‌رده ده‌كا كه زۆر به ئاسایی خۆی له پێكهاته‌كانی دیكه به زیاتر و خاوه‌ن مافتر بزانێ. كاریگه‌ریی ئه‌و په‌روه‌رده‌یه وای كردوه كه به‌شێكی پێكهاته‌ی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش، هه‌بوون و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به نه‌بوو یا به بێ توانا بزانێ و به هه‌بوونی قه‌یووم یا ئه‌رباب ڕازی بێ. تێڕوانینی دوژمنكارانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران له دژی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان له‌و هزره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ.
٤- پێگەی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی کورد له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌چ ئاستێک دایه؟
ناڵێم زۆر ئاگادارم، به‌ڵام هه‌م به به‌شداریی ڕاسته‌وخۆ و و هه‌م له ڕێگای كاناڵه جێ بڕواكانی دیپلۆماتیكه‌وه له گه‌ڵ هێندێك ناوه‌ندی بڕیاردان، لابی كردن و داڕشتنی سیاسه‌ت پێوه‌ندیم بووه و هه‌یه. خاڵی هاوبه‌ش له‌و قسانه دا كه گوێم لێ ده‌بێ ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێن كورد شه‌ڕڤانی باشن، به‌ڵام ستراتێژ و سیاسه‌تڤانی خراپ. كێ هه‌یه نه‌زانێ كه پرش و بڵاوه‌یی نێوخۆیی ڕێگره له‌به‌رده‌م به‌هێزبوونی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان.
ئاڵۆگۆڕه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، كارتی سیاسیی له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردساتندا گۆڕیوه و زلهێزه‌كان ئێستا پێویستیان به هێزی كورده. بۆیه ئه‌گه‌ر سیاسه‌تێكی ژیرانه ڕه‌چاو بكرێ، له دیزاینی داهاتووی ناوچه‌دا كورد بێ به‌ش نابێ.
٥- پرسی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، ئاستەنگەکانی دەرەکی و ناوخۆی؟
ئاسته‌نگی نێوخۆیی، وه‌ك باسم كرد هه‌ر پرش و بڵاوه‌یی هێزه‌كانی كورده. ئه‌و هه‌وڵه‌ی كه ئێستا ده‌درێ به هۆی ناكۆكیی پارتی دێمۆكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه سه‌ر ناگرێ. چونكه ئه‌و دوو هێزه ئێستا له بزووتنه‌وه‌ی كوردستاندا جه‌مسه‌رن، باقی هێزه‌كانی ئه‌گه‌ر كاریگه‌ریشیان بێ، له چوارچێوه‌ی هاوهه‌ڵوێستی یا دژبه‌ری له گه‌ڵ یه‌كێك له‌و هێزانه‌دایه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی جیران له چه‌ند هه‌ڵوێستی هێزه‌كانی كوردستان كه‌ڵك وه‌رده‌گرن و به قووڵتركردنه‌وه‌ی كێشه نێوخۆییه‌كان ڕێگا ناده‌ن كه كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان شكڵ بگرێ.
٦- میکانیزمێکی یاسایی بۆ خەباتێکی ئاشتیخوازانە لەگەڵ داگیرکەران کوردستان؟
ته‌نیا شوێنێك كه بزووتنه‌وه‌ی كورد توانیویه‌تی تێدا خه‌باتێكی هه‌ر چه‌ند سنوورداری مه‌ده‌نی و ئاشتیخوازنه ڕێك بخا باكووری كوردستان و توركیا‌یه. به‌ڵام نرخی ئه‌و خه‌باته پتر له ده‌هه‌زار قوربانی بوو كه بزووتنه‌وه‌ی سیڤیلی كورد و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له ساڵه‌كانی ٩٠ ه‌وه تا ساڵی ٢٠٠٠ دایان. بۆیه باسی ساڵی ٢٠٠٠ ده‌كرێ چونكه له‌و كاته‌وه به‌رهه‌می خه‌باتی مه‌ده‌نی له باكووری كوردستان ورده ورده وه‌ده‌ركه‌وت. ئه‌زموونی ڕێكخستنی بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نی بۆ تێكۆشان له پێناو مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد له توركیا ئه‌وه نیشان ده‌دا كه به ڕێكخستن كردنی خه‌ڵك و ڕێفۆرم له چوارچێوه‌ی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتداریدا ده‌كرێ بزووتنه‌وه‌یه‌كی یاسایی ئاشتیخواز شكڵ پێ بدرێ كه هه‌مان ئامانجه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری له كاناڵه‌كانی دیكه‌وه به‌ره‌و پێش ببا. له بواری ڕێگادان به خه‌باتی مه‌ده‌نیه‌وه، سیسته‌می پارله‌مانی توركیا بێ كاریگه‌ری نه‌بووه. به‌ڵام له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌و ده‌رفه‌ته نه‌ڕه‌خساوه و سیسته‌می داخراوی زاڵ به سه‌ر ئێرانیش ئه‌و ده‌رفه‌ته نادا. وێڕای ئه‌وه‌ش ده‌بێ هێزه‌كانی خاوه‌ن كاریگه‌ری له بزووتنه‌وه‌ی كوردستان، بوێریی ئه‌وه‌یان بێ كه ڕێگا بده‌ن هه‌ر ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی ته‌نانه‌ت سنوورداریش بو وشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و ڕێك خستنی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به كار بهێندرێ، به بێ ئه‌وه‌ی ترسی ئه‌وه‌یان بێ كه ئه‌و شێوه كارانه ده‌بنه هۆی هه‌ره‌س هێنانی بزووتنه‌وه یا شه‌رعییه‌ت دان به ڕێژیمێكی نامه‌شرووع.
٧- چەپی کورد و ئاکامی خەباتی بێ‌وچانی چەپەکانە؟
چه‌پی كلاسیك له كوردستان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو مێژووی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان له ڕۆژهه‌ڵات وه‌به‌رچاو بگرین، ڕه‌هه‌ندێكی چه‌پی تێدا به‌دی ده‌كه‌ین. له داهاتوودا بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ ئه‌گه‌ر له سه‌ر هێڵی سۆسیالیزمی كلاسیك به‌رده‌وام بێ، كاریگه‌رییه‌كی سنوورداری له سه‌ر بزووتنه‌وه ده‌بێ. به‌ڵام ڕه‌هه‌ندێكی یه‌كسانیخواز و دێمۆكراتیكی چه‌پ ده‌توانێ داهاتوویه‌كی باشتر بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌سته‌به‌ر بكا.
٨- سۆسیالیزم کێشەی نەتەوەیی چارەسەر دەکا؟
نا. سۆسیالیسته‌كان زۆریان شانازی به سیاسه‌تی ستالین بۆ چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرد، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه ئه‌وه نه‌زانییه‌كی كاره‌ساتاوییه. ستالین جینایه‌تكارێكی بێ ڕوحم بوو كه زۆر كه‌مایه‌تی توانده‌وه. نموونه‌ی سه‌ركه‌وتووی دیكه‌ی مودێلی سۆسیالیستیی چاره‌سه‌ریی پرسی نه‌ته‌وه‌یی كه پێشتر باس ده‌كرا، به وته‌ی سۆسیالیسته‌كان مودێلی یوگوسلاوی بوو. ئه‌نجامی ئه‌و مودێله‌شمان بینی كه چ كاره‌ساتێكی لێ كه‌وته‌وه. دروشمه بریقه‌داره‌كانی سۆسیالیسته‌كان سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ریی پرسی نه‌ته‌وه‌یی له هیچ وه‌ڵاتێك دا ئه‌نجامیان نه‌بووه، نموونه‌ی چك و سلوڤاكی نه‌بێ كه ئه‌ویش پێوه‌ندیی به پلانی سۆسیالیسته‌كانه‌وه نه‌بوو.
٩- ڕێكخراوی ئینته‌رناسیۆنالی سۆسیالیست و پرسی کورد؟
ئه‌گه‌ر كورد بۆ خۆی هێز نه‌بێ و یه‌كگرتوویی دروست نه‌كا، هیچ هێزێكی ناونه‌ته‌وه‌یی هیچ كارێك بۆ كورد ناكا.
ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالیست و ڕێكخراوه هاوشێوه‌كان ته‌نیا ده‌توانن ببنه كاناڵی پێوه‌ندی گرتن نه‌ك كاناڵی چاره‌سه‌ری یا كۆكردنه‌وه‌ی پشتیوانی بۆ كورد.
١٠- ڕۆڵی توێژی رووناکبیری کورد لە هەلومەرجی ئێستای کوردستان؟
بۆ ئه‌وه‌ی ڕووناكبیر ده‌ور بگێڕێ، ده‌بێ كۆمه‌ڵگا زه‌رفییه‌تی وه‌رگرتنی په‌یامی ڕووناكبیری هه‌بێ. له كۆمه‌ڵگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، به كۆمه‌ڵگای كوردیشه‌وه جارێ هه‌ست و هێز و هاندان ده‌ور ده‌گێڕن تا عه‌قڵی سه‌لیم و كاری ڕووناكبیری.
١١- پرسی نه‌ته‌وه‌یی و ئەرکی لاوانی کورد؟
ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ته‌نیا، لانی كه‌م زۆربه‌ی هه‌ره زۆری قوربانیانی بزووتنه‌وه‌ی كورد لاون. كه وا بوو لاوان مۆتۆڕی جووڵێنه‌ری بزووتنه‌وی نه‌ته‌وه‌یین. هیوادارم لاوانی ئێستا له ڕابردوو ده‌رس وه‌ربگرن و ڕێبه‌رایه‌تیه‌كی ڕوو به داهاتوو پێ بگه‌یه‌نن. به داخم كه بڵێم زێهنیه‌تی زاڵ به سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كوردی دا زۆر لایه‌نی وێكچووی له گه‌ڵ دیوانی پیرانی یوونانی كۆن هه‌یه كه متمانه‌ی به شیانی بڕیاردان و به‌ڕێوه‌به‌ریی لاوان نه‌بوو. له گه‌ڵ ڕێزم بۆ ڕێبه‌رانی ئێستای بزووتنه‌وه‌ی كورد، به‌ڵام به ڕاستی لاوێكی ٢٥ ، ٣٠ ساڵه‌ش هه‌ر وه‌ك ئه‌وان ده‌توانێ به‌رپرسانه بجووڵێته‌وه و ڕێبه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه بكا. كه وابوو، ڕێگا بده‌ن لاوه‌كان ڕێبه‌رایه‌تی به‌ده‌سته‌وه بگرن.
١٢- رۆلی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جوتیارانی کوردستان؟
پێم وایه هه‌موو كۆمه‌ڵگای كورد له‌و توێژانه پێك دێ و هه‌ر ئه‌وانن كه ئه‌ركی بزووتنه‌وه‌یان له سه‌ر شانه.
١٣- ئەرکی ژنانی کوردستان؟
ڕێگام بده ئه‌و پرسیاره ڕاست كه‌مه‌وه و بیكه‌مه پرسیارێكی زیاتر گونجاو: ئه‌ركی پیاوان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵاواردنه‌ی كه ده‌رهه‌ق به ژنان ده‌كرێ چیه؟ ئه‌وه‌ی ڕوون و به‌رچاوه ئه‌وه‌یه كه له بزووتنه‌وه‌ی كوردستان دا لارییه‌ك سه‌باره‌ت به به‌شداریی ژنان له به‌ڕێوه‌به‌ری و داڕشتنی سیاسه‌ت دا هه‌یه. دروشمی یه‌كسانیخوازی و مافی به‌رامبه‌ر كه به ده‌یان ساڵه له لایه‌ن هێزه‌كانه‌وه به‌رز ده‌كرێته‌وه، ته‌نیا توانیویه‌تی پێگه‌ی ژن له مرۆڤی ڕیزی دووهه‌مه‌وه بگه‌یه‌نێته ڕیزی پاشكۆی پیاو. ئه‌وه لاوازییه‌كی جیددییه كه ده‌بێ قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه. پیاوه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هیچ زه‌ره‌رێك ناكه‌ن كه ده‌رگا بۆ به‌شداریی ژنان، وه‌ك مرۆڤی ئازاد و خاوه‌ن ئیڕاده‌ی سه‌ربه‌خۆ له سیاسه‌تدا بكه‌نه‌وه. هه‌ر ئه‌زموونی خودی كورد له ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان ئه‌وه‌مان پێ ده‌سه‌لمێنێ كه ژنی كورد توانایی سه‌ركردایه‌تی و گۆڕینی هه‌یه و نابێ به كه‌م بگیرێ. بۆیه ده‌بێ دان به‌و ڕاستیه‌دا بنێین كه به‌شداریی سه‌مبولیكی ژنان و ته‌نیا دروشم دان بۆ یه‌كسانی ناتوانێ به‌شداری و ده‌ورگێڕانی ژنان له بزووتنه‌وه‌دا مسۆگه‌ر بكا. حیزبه‌كان ده‌توانن ئه‌و فه‌رهه‌نگه زاڵه بگۆڕن كه هه‌ر كات ژنێك ڕووی له پێشمه‌رگایه‌تی كرد، ده پیاو بۆی له كه‌مین دا بن و پێشبركێی ئه‌وه‌یان بێ كه كێ زووتر ده‌ستی به سه‌ردا بگرێ و بۆ نێو چوارچێوه‌ی ماڵ ڕایبگوێزێ.
هیچمان نه‌گوتووه كاتێك ده‌گوترێ “ژن نیوه‌ی كۆمه‌ڵه”. ئه‌و دروشمه هه‌ر ئه‌وه‌نده بایه‌خی هه‌یه كه بڵێی “مرۆڤ دوو لاقی هه‌یه”. پێداچوونه‌وه به‌و لایه‌نانه‌ی فه‌رهه‌نگی كورده‌واریدا كه ڕێگره له سه‌ر به‌شداریی چالاكانه‌ی ژن وه‌ك تاكی سه‌ربه‌خۆله شۆڕش دا، ئه‌ركی هه‌موو مرۆڤێكه. نموونه‌ی تێڕوانینێك له شۆڕش دا كه ژن به پاشكۆی پیاو له قه‌ڵه‌م ده‌دا ئه‌وه‌یه كه كاتێك باسی ده‌وری ژن ده‌كرێ، ده‌ستبه جێ ڕۆڵی ژن وه‌ك دایكی پێشمه‌رگه، وه‌ك په‌روه‌رده‌كاری پێشمه‌رگه، وه‌ك هاوسه‌ر، خووشك و هتد به دوای دا ڕیز ده‌كرێته‌وه. من ئه‌وه به نموونه‌ی به یه‌ده‌ك له قه‌ڵه‌مدانی ژن سه‌یر ده‌كه‌م. ژن بۆ خۆی پێشمه‌رگه‌یه، شه‌ڕڤانه، گریلایه، تێكۆشه‌ر و خۆڕاگری نێو گرتووخانه‌یه و سه‌مبولی به‌رخوه‌دانه و هه‌ر ده‌بێ به‌و چاوه‌ش سه‌یری ڕۆڵی ژن له شۆڕشی كوردستاندا بكرێ.
كاتێكی زۆری ویست تا ده‌ركی ئه‌وه‌م كرد كه واز له ڕوانگه‌ی پیاوسالارانه له به‌رامبه‌ر ژن و مافی ژن دا بێنم. ناڵێم له‌و شه‌ڕه‌ی دژ به زێهنیه‌تی خۆم دا سه‌ركه‌وتوو بووم، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه كه‌وتوومه‌ته سه‌ر ڕێگای گۆڕان و ئێستا هه‌ست ده‌كه‌م ده‌بێ زیاتر كار بكه‌م تا بتوانم ببم به مرۆڤێكی یه‌كسانیخواز و هه‌ر ئه‌و مافه‌ی كه بۆ كوڕه‌كه‌م به ڕه‌وا ده‌زانم بۆ كچه‌كه‌كه‌شم به ڕه‌وا بزانم. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م تا بۆم بكرێ باسی ئه‌ركی ژنان نه‌كه‌م و زیاتر تیشك بخه‌مه سه‌ر مافی ژنان.
١٤- بۆچی جودایی دین لە دەوڵەت باشە؟
دین كه بوو به ئامرازی ده‌سه‌ڵاتداری و سیاسه‌ت كردن، له پێوه‌ندی مه‌عنه‌ویی نێوان مرۆڤ و بڕوای مرۆڤ تێپه‌ڕ ده‌بێ و ده‌بێته كاناڵێك بۆ گه‌یشتن به ده‌سته‌ڵاتی مادی. واتا تێكه‌ڵاوكردنی دین و سیاسه‌ت، دین له ناوه‌ڕۆكی مه‌عنه‌ویی واڵا ده‌كا و ده‌كاته ئامرازی پێشبڕكێی نێوان مرۆڤه‌كان بۆ گه‌یشتن به ئامانجێك كه دیاره، به‌رچاوه، ده‌كرێ هه‌ڵسه‌نگێندرێ، ده‌ستی لێ بدرێ، بگۆڕدڕێ، ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێ، دژبه‌ری بكرێ، فڕێ بدرێ و هتد. خوو ئه‌گه‌ر دین ئه‌وه‌نده نه‌رمی له خۆی نیشان دابا كه هه‌موو ئه‌و كاره‌ی به سیاسه‌ت و له گه‌ڵ سیاسه‌ت ده‌كرێ له گه‌ڵی بكرێ، هیچ قه‌یدی نه‌ده‌كرد كه دینیش له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تداری و سیاسه‌ت تێكه‌ڵ كرابا، به‌ڵام وا نیه. دین له سه‌ر بنه‌مای هێندێك دوگما ده‌ژی كه نه‌گۆڕن، له به‌ر چاو نین، هه‌ڵناسه‌نگێندرێن و ته‌نیا له ڕێگای “بڕوایه‌وه” ده‌پارێزرێن. كه وابوو دین و ده‌وڵه‌تداری یا سیاسه‌ت دوو دیارده‌ی به جه‌وهه‌ر له یه‌كتر جودان. ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی دینیشمان هه‌م له كۆماری ئیسلامیی ئێران، هه‌م له تاڵیبان و هه‌میش له ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق و شام (داعش) بینیوه. له مێژووش دا شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریی به‌رێوه‌به‌رانی سیاسیمان له سه‌ر بنه‌مای دین، جا هه‌ر دینێك بێ خوێندۆته‌وه كه هیچیان له ده‌سه‌ڵاتی داعش و كۆماری ئیسلامی باشتر نه‌بوون.
١٥- ئایین تا چه‌نده ده‌وری هەبووه له شوناسی نه‌ته‌وه‌یی دا؟
پرۆتستانیزم له كاتی ڕاپه‌ڕین له دژی ده‌سه‌ڵاتی كلیسای كاتۆلیكدا ده‌رفه‌تی گه‌شه‌كردنی بۆ دوو دیارده‌ی “شوناسی نه‌ته‌وه‌یی” و “گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری” ڕه‌خساند. ڕێگاخۆشكه‌ری شكڵ گرتنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی، ڕێگه‌پێدانی كلیسای پرۆتستان به دوعا و نوێژ به زمانه هه‌رێمیه‌كان بوو. كاتێك تێكسته ئاینیه‌كان له لاتینه‌وه وه‌رگێردارنه سه‌ر زمانه هه‌رێمیه‌كان و ده‌رفه‌تی گه‌شه‌كردنی زمانی به‌ڕێوه‌به‌ری و بازرگانیشی بۆ پێكهاته خۆجێییه‌كان ڕه‌خساند، شوناسی نوێ شكڵیان گرت. دواتر سیسته‌می په‌روه‌رده به زمانه ناوچه‌ییه‌كان ئه‌و شوناسه‌ی گه‌یانده قۆناغی به سیاسی بوون و دامه‌زراندنی شوناسی سه‌ربه‌خۆ.
له جیهانی ئیسلامدا، پاكستان نموونه‌ی وه‌ڵاتێكه كه دینی كرده هۆكارێك بۆ شكڵ پێدانی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆی. شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئێران و ئیسرائیلیش شوناسی دینین. به‌ڵام ئه‌و شوناسه بۆ كوردستان به به‌رهه‌م نه‌بووه و
ناتوانێ یارمه‌تیده‌ر بێ بۆ شكڵ پێدانی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی.
١٦- چۆنیەتیی دروستبوونی داعش؟
تێكهه‌ڵكێشێك له سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی پۆل بریمه‌ر، داخرانی ده‌رگای دێمۆكراسی، نه‌بوونی داموده‌زگای كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، زاڵ بوونی ده‌سه‌لاتی بنئاژۆیانه‌ی ئێران به سه‌ر عێراقدا و سیاسه‌تی هه‌ڵاواردنی سوننه‌كان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه‌ی سه‌ر به ئێرانه‌وه، كاردانه‌وه‌ی پاشڤه‌ڕۆیانه‌ی كۆمه‌ڵگای سوننه‌ی لێ كه‌وته‌وه. داعش دروست نه‌كرا، داعش له كۆمه‌ڵگایه‌كدا له دایك بوو كه هه‌ستی به دۆڕان، تێك‌شكان، بێ ده‌ره‌تانی و بێ داهاتوویی ده‌كرد. داعش كاردانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگای سوننه‌ی عه‌ره‌ب له به‌رامبه‌ر توندڕه‌ویی ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه‌دابوو. ئه‌وانه‌ی له قه‌فقاز، توركیه و ئه‌وڕووپاشه‌وه تێكه‌ڵ به “ڕه‌وه‌ی” داعش بوون، ئه‌و كه‌سانه‌بوون كه له په‌راوێزی كۆمه‌ڵگا سه‌ركه‌وتووه‌كاندا هه‌ستیان به دۆڕان و بێ هیوایی ده‌كرد. ئێستا ئه‌گه‌ر داعش تێكیش بشكێ، مادام توندڕه‌وی باڵی به سه‌ر ناوچه‌دا كێشاوه و واز له هه‌ڵاواردن ناهێنێ، دوور نیه كه ئاڵته‌رناتیڤی داعش‌یش هه‌ر كۆمه‌ڵێكی توندڕه‌وی دیكه بێ.
١٧- مرۆڤەکان مێژوو دروست دەکەن، یان رێکخراو و حیزبەکان؟
پرسیارێكه كه وه‌ڵامی نیه، به‌ڵام ده‌كرێ ڕوانگه‌ی جیاوازی له سه‌ر هه‌بێ. من له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌م كه ڕه‌وتی
مێژوو ده‌رفه‌ت ده‌ڕه‌خسێنێ و مرۆڤێكی ژیر و بلیمه‌ت سواری شه‌پۆلی ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌بێ و بڕگه‌یه‌كی نوێی مێژوویی ده‌خوڵقێنێ.
١٨- شانازى بە چییەوە دەکەی؟
به ئیڕاده‌ی ئه‌وه‌ی كه ڕاشكاوانه له به‌رامبه‌ر شتێك دا كه پێم هه‌ڵه‌یه ڕاوه‌ستم. ئه‌و ئیڕاده‌یه بوو كه كردمی به پێشمه‌رگه و شانازیی پێوه ده‌كه‌م. هه‌ر وه‌ها شانازی ده‌كه‌م كه وێڕای پێبه‌ندبوونم به كۆمه‌ڵێك نرخ و پیوانی به‌رز، هه‌میشه له گه‌ڕان و گۆڕان دام.
١٩- بەنیازى نووسینەوەى بیرەوەرییەکانت نیت؟
كاری به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌رفه‌تێكی زۆر كه‌مم بۆ ده‌هێڵێ كه بنووسم. جارێ به‌رنامه‌ی نووسینی بیره‌وه‌ریم نیه، به‌ڵام هێندێك لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیم به زمانی نۆڕوێژی هه‌ن كه ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تم بۆ هه‌ڵكه‌وێ به كوردی بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه. هاونووسه‌ر بووم بۆ كتێبی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ كه وه‌رگێردراوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی كوردی و له كوردستان بڵاو كراوه‌ته‌وه. ٣ جووت كتێبیشم بۆ په‌روه‌رده‌ی كوردی به زاراوه‌ی كرمانجی بۆ خوێندكارانی پۆلی ١ تا ٧ی سه‌ره‌تایی له خوێندنگاكانی نۆڕوێژ به هاوكاریی به‌ڕێوه‌به‌ریی په‌روه‌رده له نۆڕوێژ چاپ كردوه كه ئێستا له كتێب فرۆشیه‌كانی نۆڕوێژ وه‌ده‌ست ده‌كه‌ون. كه ده‌ڵێم ٣ جووت، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه ٣ كتێبی خوێندنن و بۆ هه‌ر كتێبه‌ی په‌رتووكێكی كار و تاقیكردنه‌وه‌ش ئاماده كراوه.
ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیم، كاركردنم له ڕادیۆ ده‌نگی كوردستانی ئێران و هێندێك ڕووداوی سه‌رده‌می دابه‌شبوونی نێو ڕیزه‌كانی حیزبی دێمۆكرات و دروستبوونی حدكا~ ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ ڕه‌نگه زۆر بێ جێ نه‌بێ كه تۆمار بكرێن، به‌ڵام ئه‌و كات من نه ده‌ورێكم له داڕشتنی سیاسه‌ت دا‌بوو و نه شاهیدی زۆر كار و چالاكیی پێشمه‌رگایه‌تی له ناوچه‌دا بووم. كادرێكی حیزبی دێمۆكرات بووم وه‌ك زۆر كادری دیكه. به‌ڵام دوای هاتنم بۆ ئه‌وڕووپا، چوونی زانكۆ و گه‌ڕانه‌وه‌ی دوباره‌م بۆ چالاكی سیاسی، هێندێك ڕووداو هه‌ن كه ڕه‌نگه بۆ ئه‌وه ببن باسیان بكرێ. وه‌ك به‌شدارێكی چالاك له ڕه‌وتی دروستبوونی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (KNK) له ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات ئاگام له زۆر ڕووداوی ئاشكرا و نائاشكرا هه‌یه. پاشان چۆنیه‌تی به‌شداری كردنم له كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی كۆنگره‌ی گه‌ل و دواتر قبووڵكردنی ئه‌ركی جێگیری سه‌رۆكی ئه‌و ڕێكخراوه، به‌رده‌وام بوونم وه‌ك ئه‌ندامی ڕێبه‌رایه‌تی كۆنگره‌ی گه‌ل، هۆكاری وازهێنانم و دووباره كاركردنه‌وه‌م له گه‌ل حیزبی دێمۆكرات و هتد بۆ باس كردن ده‌بن، به‌ڵام جارێ هیچ شتێك نانووسم.
٢٠- له‌و ماوه درێژه‌ی خه‌بات دا چ ده‌سكه‌وتێكی مێژووییتان وه‌ده‌ست هێناوه؟
ئێمه‌ی كورد له‌و ڕه‌وشه‌ی كه تێداین ناتوانین باسی ده‌ستكه‌وت بكه‌ین.
٢١- لەباری كۆمەڵایەتی و سیاسیی ژیانت دا، لەچ شتێك پەشیمانی؟
هه‌ڵه‌م زۆر بووه. له ڕاستیدا له هه‌ڵبژاردنه سیاسیه‌كانم په‌شیمان نیم، چونكه هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك به پێی كات و ڕه‌وشی خۆی و له گۆر تێگه‌یشتنی مرۆڤ له وه‌زع ده‌كرێ. ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تم ببوایه و له ده‌ستم هاتبا، هه‌موو هه‌وڵی خۆم ده‌دا تا جیابوونه‌وه‌ی حیزبی دێمۆكرات كه دروستبوونی حدكا- ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕی لێ كه‌وته‌وه سه‌ر نه‌گرێ. جیا بوونه‌وه‌ی نێو حیزب زه‌ره‌رێكی زۆریان له بزووتنه‌وه‌ی كوردستان داوه. هیچ كاتێكیش ئازاری گیان له به‌رێكم نه‌داوه كه ئێستا له به‌رامبه‌ری دا هه‌ست به شه‌رمه‌زاری بكه‌م. به‌ڵام له سه‌رده‌می لاوی دا منیش وه‌ك زۆر كه‌سی دیكه توندڕه‌ویم ده‌كرد و زمانی گرژم به كار ده‌هێنا، له‌وه په‌شیمانم و لانی كه‌م له‌و كاته‌وه كه هاتووم بۆ ئه‌وڕووپا (١٩٩٢) هه‌وڵم داوه كه یارمه‌تیده‌ر بم تا زمانی گرژ له سیاسه‌تی كوردیدا نه‌مێنێ و ڕێز گرتن له كه‌رامه‌تی مرۆڤ وه‌ك نرخێكی مرۆڤایه‌تی جێ بگرێ.
٢٢- سه‌مبۆل هێماکانی گەلی کوردستان لە دیدی جەنابتان کامانانە؟
سه‌مبول و هێماكان ده‌گۆڕدرێن. ئاڵای نیشتیمانی، سروودی نیشتیمانی، پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی، شه‌هیدان و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موویان هێمان و ڕێزیان لێ ده‌گرم. جێگای داخه كه ئه‌و هێما و سه‌مبولانه‌ش، بێجگه له سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئێستا دابه‌ش كراون.
٢٣- لێداوانت لەسەر ئەم کەسایەتانە چێیە: قازی محەممەد، شێخ سەعید پیران، سمکۆ شکاک، شێخ مەحموود، مستەفا بارزانی، د.قاسملوو، پیرە مێرد، عەبدوڵڵا گۆران، مامۆستا هێمن، عەبدوڵڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس و سوارە ئیلخانیزادە؟
قازی محه‌ممه‌د؛ سیمایه‌كی ئارام، دڵنه‌رم، خۆش باوه‌ر، مرۆڤدۆست و به ئیڕاده كه به شه‌هیدبوونی بوو به سه‌مبولی له خۆبوردوویی.
شێخ سه‌عید پیران؛ كه‌سایه‌تیه‌ك كه شێخایه‌تی و عیباده‌تی خسته خزمه‌ت نیشتیمانه‌كه‌ی و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی بۆ وه‌رێخستنی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به كار هێنا.
سمكۆ؛ ڕێبه‌ری به‌رینترین ڕاپه‌رینی مێژوویی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه غه‌دری لێكراوه و بێكه‌سه.
شێخ مه‌حموود؛ سه‌ركرده‌ی مه‌یدانی.
مسته‌فا بارزانی؛ سه‌مبولی خۆڕاگریی كورد له بڕگه‌یه‌كی دژواری مێژوویی‌دا.
د.قاسملوو؛ ڕووناكبیری سیاسی كه بوو به ڕێكخه‌ری به حیزب كردنی حیزبی دێمۆكرات و باسی دێمۆكراسی كرده چه‌مكی زاڵ.
پیره‌مێرد؛ ڕووناكبیری خاوه‌ن شوێنه‌وار له بیری نه‌ته‌وه‌یی و پیشه‌ی ڕۆژنامه‌وانی له كوردستان.
گۆران؛ ڕچه‌شكێنی نوێكاری له هه‌ڵبه‌ستی كوردی. گۆڕانخوازێكی به كرده‌وه.
مامۆستا هێمن؛ جوانی په‌رستی دڵشكاو كه بوو به هه‌نبانه‌ی خه‌م و ته‌م و هه‌ست و ئێش و ئازار.
عه‌بدوڵلا په‌شێو؛ شاعیری ڕووناكبیر كه نرخی وشه‌ی “هه‌ڵوێست”ی به‌رز كرده‌وه.
شێركۆ بێكه‌س؛ بلیمه‌ت له لێكهاڵاندنی سروشت، فه‌لسه‌فه و وێژه‌دا. كه‌سێك كه توانی هه‌ڵبه‌ست بكا به ڕووحی سه‌ركێشی سروشت.
سواره ئیلخانیزاده؛ شۆڕه‌سواری ئه‌وینداری به‌رزی و به‌رزایی هزر و ئیڕاده.
٢٤- پێشبینی و هەڵسەنگاندن بۆ داهاتووی کوردستان؟
ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوو بین، پێشه‌نگی ئاواكردنی داهاتوویه‌كی گه‌ش بۆ كورد و گه‌لانی ناوچه، ئه‌گه‌ر له سه‌ر پرش و بڵاوه‌یی ئێستا به‌رده‌وام بین …
٢٥- وەک کەسایەتی بەئەزموون چ لێدوان و پەیامێکت بۆ کچان و کوڕانی لاوی کورد هەیە؟
ئازادی، دێمۆكراسی و ڕێز گرتن له مافی مرۆڤ چ بۆ تاك و چ بۆ كۆی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگایه‌ك نرخی به‌رزی مرۆڤایه‌تین. مرۆڤ له هه‌ر ڕه‌نگ و مه‌زهه‌ب و ڕه‌گه‌زێك بێ شیاوی ڕێز لێ گرتنه و ده‌بێ كه‌رامه‌تی پارێزراو بێ. هه‌ر به‌و پێیه‌ش ده‌بێ مرۆڤ ڕێز له خۆی، كه‌رامه‌ت و ناسنامه‌ی خۆی بگرێ و ڕێگا نه‌دا ئه‌و نرخانه پێشێل بكرێن. كورد نه له هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌رزتره نه كه‌متر، بۆیه ده‌بێ هه‌ر لاوێكی كورد له هه‌ر جێگا و به‌رگێكدا ده‌بێ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی بپارێزێ و ببێ به سه‌فیرێكی ئه‌مه‌گداری دۆزی نه‌ته‌وه‌یی خۆی.
کۆتایی