ەنگدان بە” بەڵێ” بەرەو سەربەخۆی کوردستان، رەدکردنەوەی ستەمی نەتەوایەتیە! محەممەد سلێمانی
دەنگدان بە ” بەڵی” لە ڕۆژی ٢٥ی مانگدا، بە جێگەیاندنی ئەرکی سیاسی و نەتەوەیی هەر تاکێکی کوردستانە و بە ڕێگای بەشداریکردنی گشتپرسیدا و سەرخستنی پرسی سەربەخۆیدا، نیشانەی رەدکردنەوەی ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد دەگەیەنێت. هەر بۆ یە لە ڕۆژە گرینگ و مێژوویەکەی سبەیدا با هەموومان دەنگ بە بەڵێ بدەین هەتا روحی شەهیدان شاد بکەین و بزەی شادی بخەینە سەر لێوی ئەو دایك و باوکانەی ڕۆڵەکانیان لە پێناوی ڕۆژێکی وەك ٢٥ی مانگدا گیان بۆ ئازادی و سەربەستی کوردستان بەخشی. بێگوومان سبەی کوردی تێکۆشەر و ئازادیخواز و نیشتیمانی دەنگ بە نەخێر نادات و بیر لە نەهامەتی و ڕۆژە ڕەشەکان دەکاتەوە کە داگیرکەرانی کوردستان نزێك بە دە دەیە خەڵکی کوردستانیان لە پێناوی ئامانجی فاشیزمی خۆیاندا چەوساندۆتەوە و کیمیاباران و ئەنفال کرا. کورد هەرگیز وەك گەلانی بەختەوەری گێتی بڕیاری لەسەر چارەنووسی سیاسی و داهاتووی نەتەوەی خۆینەداوە و ئەزموونی حوکمڕانی هەڕیمی کوردستانیش کە خەڵك ڕەخنە و گلەیان لەسەر هەیە، خۆی لە چوارچێوەی حکوومەتی عێراقدا ئیدارەی خۆیکردوە و بەربەست و گیروگرفتی زۆری بۆ دروستکراوە و سیاسیەکانی ئەو وڵاتە وەك سەردەمی بەعس ویستیان دەسەڵاتی خۆیان بەکار بێنن. دەنگدان بە بەڵێ لە پێناوی نیشتیمانێکی ئازاد و دێمۆکراتیك و دادپەروەردا، هەنگاوێکە بەرەو سەربەخۆی کوردستان و لە گۆڕنانی ستەمی سیاسی و نەتەوایەتی بە دژی گەلی کورد. سەرەرای چاوسوورکردنەوەی وڵاتانی ئێران و تورکیە و بەڕادەیەکیش عێراق و پەکخستنی پرۆسەی نیشتیمانی ریفراندۆم، گەلی کورد لە باشووری کوردستان سبەی زۆر بە شانازی و سەربەرزییەوە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە دەنگی بەڵێیان، تەوقی کۆیلایەتی دەشکێنین. سبەی رۆژێکی گەورە و پڕشەنگدارە لە مێژووی نوێێ گەلەکەماندا و هەنگاوێکە بەرەو دروستکردنی ژینگەیەکی سیاسی و دێمۆکراتیك کە لە کوردستاندا هەموو پێك هاتە و کەمینەکان تێیدا هەست بە ئازادی و بوونی خۆیان وەك مرۆڤی سەربەست بکەن. کوردستان کاتێك بەتەواوی بەرەو گەشەکردن و دێمۆکراتیزەبوون دەچێت کە خاوەنی ئیرادەی سیاسی و نیشتیمانی خۆی بێت. زۆر بە خۆشحاڵیەوە بینیمان هێزە سیاسی و ئۆرگانە باڵاو بڕیاردەرەکان، ئەمڕۆ زۆر ئازایانە و کوردانە، سەرەرای هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە وڵاتانی دراو سێ، کورد سبەی بڕیار لە سەر داهاتوو و ئایندەی سیاسی خۆی دەدات. هەر وەك چاوەڕواندەکرێت، سبەی دەنگی بەڵێ کە دەربرینی ویستی خەڵکی تێکۆشەری کوردستانە لە پێناوی کوردستانێکی ئازاد و ئاوەدان و دادپەروەردا، بەڕێژەیەکی باش بەسەر جووڵانەوەی نەخێردا سەردەکەوێت.
بەداخەوە زۆر شەرمە بۆ کوردێك لە ڕۆژێکی وەها مێژوویدا بە ڕێگای دەنگانی نەخێردا خۆی بخاتە نێو ئەو سەنگەرەی دوژمن لە ناویەتی. خۆزگە ڕۆڵەکانی کورد ، ئەگەر تەنیا بۆ جارێکیش بووایە بە ڕێگای ئاشتی و کۆدەنگی نەتەوەیدا و هەموویان بە یەکەوە بەرەوپیری پرۆسەی رێفراندۆم چووبان. ئەو گلەیەی لە براکەتی دەکەی ، بەو شێوەیە لە داگیرکەری کوردستانی ناکەیت،چوونکی ئەو دوژمنی خاك و خەڵك و نیشتیمانەکەمانە و زۆر ئاسایە دژایەتی پرۆسەی دێمۆکراتیکی گشتپرسی کوردستان بکات، بەڵام کە کورد لە نێو خۆیدا لە ژێر ناوی جووڵانەوەی نەخێردا دژایەتی ریإراندۆم دەکا. بەڕاستی ئەوە کارەساتی سیاسی و نەتەوەیی کە لەو هەلومەرجە زێڕێنەدا بەرۆکی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گرتووە. کەسانێك زۆر هەرزەکارانە دژایەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان دەکەن و دەڵێن ئەگەر دەوڵەتی کوردی لەسەر دەستی ڕێزدار بارزانی ڕابگەیەندرێت، ئەوە شانازییەکەی بۆ ئەو دەبێت وەك قارەمان و ڕزگاریدەری نەتەوەی ناوی دەچێتە ناو پرتووکە مێژوویەکانەوە. زۆر بەداخەین بۆ ئەو جۆرە بیرکردنەوە تەسك و خۆویستانە. بنەماڵەی بارزانی زیاتر لە نیو سەدەیە لە پێناوی مافی سیاسی کورد دا خەبات دەکەن و ئەگەر ئەویش دەوڵەت ڕابگەیەنێت، شانازی گەورەیە بۆ هەموو کورد. بەو هیوای ئاکامی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆم بە دڵی ئەویندارانی سەربەخۆی کوردستان بێت.
محەممەد سلێمانی
24.09.2017