ناکرێت هەتا دونیا بەدونیایە، کورد ژێردەستە و کۆیلەی عەرەب و فارس و تورك بێت! محەممەد سلێمانی

پاش ڕاپەرینی ١٩٩١ی زاینیی، کورد نە بودجەی هەبوو نە هێڵی ئاسمانی و ئینتێرنێت وشکانی. بەڵام خۆی ڕاگرت و بە ئیرادەی سیاسی و نەتەوەی دواجار هەمووی ئەوانەی وەك دەسکەوتی مێژووی بەدەست هێنان و بە باشیش توانی پەرەیانپێبدات و بیان پارێزێت. پاش ئەوەی گەلی کورد لە باشوور ریفراندۆمی بەرەو سەربەخۆی کوردستان ئەنجامدا، حکوومەتی ناوەندی عێراق کە دەسەڵاتی تاران بەدژی کورد هانیاندەدات و ئاڕاستەیاندەکات، بڕیاریداوە ڕێگا ئاسمانی و وشکانیەکانی ببەستێت و هەوڵی تەوقکردنی کوردی دەست پێکردوە کە ئەوەش بە پێچەوانەی دەستووری عێراق و جاڕیگەردوونی مافی مرۆڤە. لە ئێستادا ئەو دەسکەوتانەی بەدی هاتوون کە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی چەندین ساڵەی بزووتنەوەی سیاسی کوردە، دوژمنانی نەتەوەی کورد دەیان هەوێت بە هێز و گەلەکۆمەی نێو دەوڵەتی لە کوردی زەوت بکەن و بە ئاشکرا دژایەتی کورد دەکەن و دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بە زیان و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیان دەزانن. تاران و ئانکارا و بەغدا و دەمێشق بە هاوبەشی هەوڵی لەباربردن و هەراسانکردنی کوردیان دەستپێکردوە. زۆر گرینگە خەڵکی کوردستان بەگشتی و ڕەوەندی کوردی بەتایبەتی بە ڕیپێوانی ئارام و هێمنانەیان لە بەردەم کۆنسۆلخانە و بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکیەتی ئوروپا دا بۆ جارێکی تر پشتیووانی و کۆدەنگیان بۆ دونیا پێشانبدەنەوە و داوای هاوکاری و پشتگیری مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلی کورد بکرێت. بەڵام زۆر سەیرە ئەی کێ ئەو مافەی بە ئێوەداوە، ئێوە بێن و ئاسایشی سیاسی و نەتەوەی کورد بشێوێنن و زوڵم و ستەمی سیاسی و نەتەوەی بەسەردا بسەپێنن! بۆ پاراستن و درێژەدان بەرەوتی خەبات و تێکۆشان بەرەو سەربەخۆی کوردستان، کورد تەنیا نیازی بەیەکڕیزی و هاوپشتی نەتەوەیی هەیە و یەکتر شکاندن و ئینکاری پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان بەتەنیا خێر و قازانجی بۆ شۆڤێنیەکانی دژی کورد دەبێت. کورد هەر دەبێت ببێتە دەوڵەت و بڕیاری لە سەر شێوەی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیداوە و بەڕێژەی لە %92.73 لە گەڵ دەوڵەتی کوردیدان. کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی و هاوپەیمانان دەبێت ڕێز لە دەنگی بەڵیی خەڵکی کوردستان بگرن و لە ئێستاشدا کوردی باشووری نیازی بە هاوکاری و پشتیوانی هاوپەیمان و کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی هەیە و زۆر بێوەفای دەبێت ئەگەر بێت و وڵاتانی وەك ئەمریکا و بریتانیا و فەڕانسە و هتد ….. لە سەر هەڵوێستی خۆیان بەردەوامبن بەرامبەر بە ئیرادەی گەلی کوردستان و دژایەتی ئەو پڕۆسە دێمۆکراتیكە بکەن. دەوڵەتبوونی کوردستان زۆر نزیکە و دراوسێکانی دەبێت لە گەڵ بارودۆخەکەدا خۆیان ڕێکبخەن و ناکرێت هەتا دونیا بەدونیایە کورد هەر ژێردەستە و کۆیلەی عەرەب و فارس و تورك بێت. کوردیش لە ماوەی حوکمڕانی سیاسیدا ئەو ڕاستیەی سەلماندوە کە کولتوری بە دەوڵەتبوونی زۆر بەهێزە و بۆ ئەو مەبەستەش زەمینەکانی گوونجاون لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە . لە ئێستادا کورد بۆ ئەوەی لەو تاقیکردنەوەیەدا بەسەربەرزی بەرەولوتکەی سەرکووتن بڕوات، هەمووی بەیەکەوەیە و لازمە ئەو یەك دڵی و یەك هەڵوێستیە زۆر تر ڕەنگبداتەوە و هەموو جومگەکانی پێوەکارکردن بگرێتەوە. ئیدی ئێستا سنوورە دەستکردەکان بەلای کوردی بەشەکانەوە بوونی نەماوە و هەستی نەتەوەیی زۆر بەرز و درەوشاوەیە. خڕۆشانی گەلی کورد لە رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکووردا ئەو ڕاستیەی سەلماند کە ئێمە هەموومان کوردین و بۆ یەك ئامانج و نیشتیمان خەبات دەکەین کە وڵاتەکەمان داگیرکراوە و ئەو چوار وڵاتە ئێستاش دژایەتی ماف و ئازادیە سیاسی و نیشتیمانیەکانمان دەکەن. هەر چەندەی ئەو چوار وڵاتە و زلهێزەکان بیان هەوێت ئینکاری ئیرادەی گەلی کورد بکەن، بە دڵنیایەوە سەرناکەون و ئەو رٶژە گەلێك نزیکە کە کورد بەمافی خۆی بگات کە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە. کورد بەژمارە نەتەوەیەکی زۆر گەورە و کاریگەری ناوچەکەیە کە خاکەکەی داگیرکراوە و هەتا ئازادی سیاسی و خۆ بەڕێوەبەری پێڕەوا نابین. ئەو دژواری و بارودۆخەی کە پێك هاتووە بەخێرای دەگۆردرێ، پێویستە کورد پەیام و لێدوانەکانی دووربێت لە زمانی زبرو شەڕانگێزی. زمانی دیپلۆماسی و گفتووگۆی سیاسی زامنی چارەسەرکردنی هەموو تەنگژەکانە. بەڵام نابێت کورد لە داواکارییەکانی کە گەل بڕیاری لەسەرداوە پاشگەزبێتەوە. با چەند ساڵێك لە گەڵ دژواریەکاندا بژین. سەختی و جەورو ستەمی نەتەوەیی بەشێكبووە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کوردستان و بە درێژایی مێژووی داگیرکاریەکانی کوردستان، بەردەوام لە ژێر فشار و چەوساندنەوەدا ژیاوە و با ئەو ماوە کورتەش کە لە پێناوی ئامانجی گەورەی سیاسیدایە، لە گەڵیدا هەڵبکەین. ئەگەر بێت و کورد ئەو دەرفەتەی لە کیس خۆیبدات و پەیامی پاشگەزبوونەوە بدات، بۆ خاڵی زۆر لاواز و سفر دەگەرێتەوە. ڕێزدار مەسعوود بارزانی لە ئێستادا وەك ڕێبەرێكی دیار و نەتەوەیی سەیردەکرێ و هەموو لایەك چاویان بڕیوەتە هەوڵ و خەباتی بەرێزیان. بەو هیوای بە لێدوانەکانی ورە و ئیرادەی گەل بەرزتر بکاتەوە. دیارە خەڵکی کوردستان زۆر ژیرانە و کوردانە بڕیاریان لە سەر شکڵی چارەنووسی سیاسی خۆیانداوە بەئاڕاستەی دروستبوونی دەوڵەتد.

محەممەد سلێمانی