سەرۆک مام جەلال سکرتێری ینک و کەسایەتی سیاسی هەموو قۆناخەکانی خەبات کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٠٣ ـ ١٠ ـ ٢٠١٧ سەرۆک مام جەلال سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی سەکتەی مێشکەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد.
دوا بە دوای ئەوە کە لە ڕێکەوتی ١٧ ـ ١٢ ـ ٢٠١٢ مام جەلال وەک سەرۆک کۆماری عێراق کەسی یەکەمی عێراق باری تەندرووستی تێکدەچێ، لە بە غداوە بۆ چارەسەری پزیشکی بەرەو ئاڵمان دەنێردرێ و پاش ماوەیەک چاوەدێری تووند و تۆکمەی پزیشکی بۆ ژیان دەگەرێتەوە کوردستان و لە شاری سولێمانی لە ماڵی خۆی دەخرێتە ژێر چاوەدێری پزیشکی و لەو ساتەوە بەداخەوە باری تەندرووستی مام جەلال باش نەبۆتەوە و دوای چەندین جار سەردان بۆ ئاڵمان و بۆ چارەسەری پزیشکی بەداخەوە ئەمرۆ سێی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ دڵە گەورەکەی لە لیدان کەوت و بۆ هەمیشە بە جەستە ئەویندارانی ئازادی کوردستان و بە تایبەت یەکێتیی نیشتمانی کوردستانی بە جێهێشت.
دوای ئەوە مام جەلال تووشی نەخۆشی بوو، باڵانسی سیاسی و باری ئارامی و ئاسایشی عێراق بە گشتی و کوردستان بە نیسبەت پێشووەوە بە تەواوی تێکچوو و هەنووکەش هیچ یەک لە سەرکردە سیاسی‌یە عێراقی و کوردستانی‌یەکان نەیانتوانیوە جێگای بۆشایی مام جەلال پڕ بکەنەوە و لەم قۆناخەش دا مام جەلال جێگای بە تەواوی دیارە و بۆشایی ئەو سەرکردە گەورەیە بە دەسەڵاتی کوردی و بە خەباتی نەتەوایەتی کوردەوە دیار دەبێ.
b_300_220_16777215_00_images_SIASI_mam_jalal1.jpgمام جەلال یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی مێژووی خەباتی سیاسی و چەکداری و مەدەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بوو، پراگماتیسم و سەرۆک و ڕێبەرێکی بە کردەوە بوو، خەباتکاری شاخ و ژێر خێمە و پێشمەرگەی سەنگەری مەردایەتی بوو ، سەرۆکێک کە لە نێو شیو و دۆڵە قوڵ و چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە ، سەربەرزانە بەرەو کۆشکی سەرۆک کۆماری هەنگاوی نابوو ، مام جەلال کەسایەتی‌یەکی جیهانی و نێونەتەوەیی هەبوو، لە سێ کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دا وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێردراوە، پێکهێنەر و ئەندازیاری سەرەکی بەرەی کوردستانی بووە، دوای ڕزگاری باشووری کوردستان و لە نیوەی دووهەمی ساڵانی نەوەد دا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سولێمانی بووە، لە مێژووی عێراقدا بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٥ دا کوردێک بوو بە سەرۆک کۆمار کە ئەویش بەرێز مام جەلال بوو، لە سەریەک مام جەلال دوو خول سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ بوو.
سەرۆک مام جەلال نووسەر ، وەرگێر ، ڕۆژنامەنووس ، سەرکردە و پێشمەرگەی شار و شاخ بوو، شارەزایی بە سەر چەند زمانی جۆراوجۆری جیهانی دا هەبوو ، دیپلۆماتێکی دیاری کورد بوو بۆ ناساندنی دۆخی کورد و مافەکانی کورد بە جیهانی دەرەوە، مرۆڤێکی تەژی لە نەبەزی و خۆراگری بوو، دووربین و پشوو درێژ و خەباتکاری هەموو قۆناخەکانی مێژووی سەدەی ڕابردوو و سەدەی ئێستا بوو، ساحەبی سەدان وتاری سیاسی و لێدوان و گوتاری پڕ نێوەرۆک بوو، خوێندەوار و ڕووناکبیر و شۆڕشگێر بوو، لە نێو کۆڕی هاوڕێ و هاوخەباتیانی دا، لە دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ خەڵک و مێدیاکان دا، مرۆڤێکی قسەخۆش، شارەزا بە سەر شێعر و ئەدەبیات دا بوو، کەسێکی تێکەڵ و کۆمەڵایەتی و بە مانای وشە خولیای سرووشت و جوانی و ژیانی خەڵک بوو، شارەزایی بە سەر مێژووی گەلان و بە تایبەت مێژووی گەلی کورد دا هەبوو.
مام جەلال لە ساڵی ١٩٧٠ ی زائیینی دا لەگەڵ خاتوو هێرۆ کچی کەسایەتی ناسراوی کورد ئیبراهیم ئەحمەد ژیانی هاوبەشی پێکهێنا بوو، دوو کوڕی بە ناوەکانی قوباد و پاڤێڵ لە دوای خۆی بە جێهێشتوون. بەداخەوە مام جەلال زیاتر نەژیا تا ئاواتی لە مێژینەی خۆی کە مافی چارەی خۆنووسین بوو لە کوردستان دا ببینێ و لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد ، بێ‌شک ناو و خەبات و تێکۆشانی نەمر مام جەلال بە درەوشاوەیی لە مێژووی کورد دا دەدرەوشێتەوە.
ماڵپەری گیارەنگ بە بۆنەی کۆچی دوایی مام جەلال لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ئەندامانی بنەماڵەکەی، هاورێ و هاوخەباتیانی لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و هەموو خەڵکی کوردستان بە گشتی و ئەویندارانی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بە تایبەتی دەکات و هیوا دەخوازین کە ئاواتی سەرەکی مام جەلال کە ئازادی و سەربەخۆێی و مافی چارەی خۆنووسین بوو بە هیممەتی هەموو لایەک وەدیبێ .
ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ و ڕێگای خەبات و تێکۆشانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان پڕ ڕێبوار و پڕ تێکۆشان بێ.
حەمەرەسووڵ کەریمی